ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی پێنجەم و کۆتایی

دوای ئەوەی کار و دیدارەکانم لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تەواو بوو، گەڕامەوە بۆ بارەگای حزبمان کە لە نۆکان بوو، بۆ لای هاوڕێ (ئەبو فارووق) چووم بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکە و زانیاری دەربارەی کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و دوا دیدارم لەگەڵ کاک (ئیدریس بارزانی و مەسعوود بارزانی) پێشکەش بکەم. دیاربوو هاوڕێ (ئەبو فارووق) پەرۆشی زانینی دەنگ و باسی ناوچەی شنۆ و ئەنجامی لێژنەی لێکۆڵینەوە بوو، پێشەکی بەزارەکی دەربارەی کارەکانی لێژنەکە و بۆچوونەکانی دەبارەی ڕووداوەکەی دەرهێنانی تەرمی (بارزانی) و هەوڵدان بۆ دزینی، خستە بەردیدی هاوڕێ (ئەبو فارووق) و هەڵوێستی حزبی دیموکرات دەربارەی هاوکاری لەگەڵ لێژنەکە و بەردەوامی لەسەر کارەکانی بە گرنگ و چاک دەزانن، بەڵام دەربارەی ئەوەی کە شێخ ڕەسوولی بابی گەورە و نۆ پێشمەرگەی تری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بەڕای سەرکردایەتی پارتی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، نوێنەری حزبی دیموکرات تۆمەتەکەی ڕەت کردەوە، دەربارەی داواکەی سەرکردایەتی پارتیش کە پێویستە شێخ ڕەسوولی بابی گەورە و هاوڕێیەکانی بدرێنە پارتی بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات، بەداوایەکی نادروستی زانی، بەڵام ئەوەی ڕاگەیاند کە لێژنەی لێکۆڵینەوە دەتوانێت دیدارییان لەگەڵدا بکات، بە مەرجێک پارتی زانیاری بداتە لێژنەکە، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەری حزبی دیموکرات پێی باش بوو، ئەم بابەتە لەگەڵ بەڕێز (د. قاسملۆ) باس بکەین، دەربارەی ئەو کەسەی سەرپەرشتی گۆڕی (بارزانی نەمر) بووە، باسەکەم خستە ڕوو بۆ هاوڕێ (ئەبو فارووق) هەروا هۆی نەنووسینی لە ڕاپۆرتەکەی لێژنەی لێکۆڵینەوە، ئەنجا ڕاوبۆچوونەکانی کاک (مەسعوود بارزانی)م بۆ باس کرد، بەتایبەتی دووپاتکردنەوەی بابەتی (شێخ ڕەسوولی بابی گەورە) و نۆ پێشمەرگەی حزبی دیموکرات و ڕادەستکردنیان بە پارتی بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، لە کۆتاییدا گوتم وا هەست دەکەم بارودۆخەکە بەرەو گرژی دەچێت، چارەسەرکردنی هەوڵ و کۆششێکی زۆر و هەمەلایەنەی پێویستە، هەرچەندە ماوەی بەسەردا بچیت بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، ڕژێمی عێراق و ئێرانیش دەست دەخەنە ناو بابەتەکە و لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاری دێنن. پاشان ڕاپۆرتی لێژنەی لێکۆڵینەوەم پێشکەش بە هاوڕێ (ئەبو فارووق) کرد. دوای خوێندنەوەی، هاوڕێ (ئەبو فارووق) پرسی باشە چی بکەین؟ لەوەڵامدا گوتم، بەباشی دەزانم ئەگەر کاتت هەبێت بچینە سەردانی بەڕێز (د. قاسملۆ) و هەموو لایەنەکانی بابەتەکەی بەڕوونی بۆ باس بکەیت، بەتایبەتی داوای سەرکردایەتی پارتی بۆ بەدەستەوەدانی (شێخ ڕەسوولی بابی گەورە) و هاوڕێیەکانی بە پارتی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، چونکە سەرکردایەتی پارتی ئەوان بە ئەنجامدەری کارەکە دەزانن، هەرچەندە هیچ زانیاریەکیان نەداوەتە لێژنەی لێکۆڵینەوە، ئەم بابەتە گرێکوێرە و کۆسپ و ئاستەنگی سەرەکییە لەبەردەم چارەسەرکردنی گرژی و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی ئەوەی کراوە ڕژێمی عێراق نەخشەی بۆ کێشاوە و پیلانی ئەوە، هەر ڕژێمی بەعسیشە لە ڕێگای بەکرێگیراوەکانی جۆرەها پڕوپاگەندە دژی حزبی دیموکرات بڵاو دەکەنەوە، بە ئامانجی ئەوەی پەیوەندی نێوان پارتی و حزبی دیموکرات ئاڵۆزتربێت و دووبەرەکی و شەڕوپێکدادان لەنێوان کوردان هەڵگیرسێنن، لەبەرژەوەندی هەردوو ڕژێمە کە پارتی و حزبی دیموکرات تووشی ناکۆکی و شەڕبن، هاوڕێ ئەبو فارووق گوتی بەیانی خۆت ئامادە بکە و دەچینە سەردانی حزبی دیموکرات. بەیانی ڕۆژی 14/7/1981 لە بارەگای حزب لە نۆکان من و دوو پێشمەرگە لەگەڵ هاوڕێ ئەبو فارووق بەرەو گوندی میراوە بەڕێکەوتین، لە گوندی میراوە بە ماشێن بەرەو دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆیشتین، تاکو ئەو جێگایەی کە ماشێنەکە ڕێگای ڕۆیشتنی هەبوو، پاشان بە پیادە بەرەو دەفتەری سیاسی حزبی دیموکرات چووین، کە گەیشتینە لای پێشمەرگە پاسەوانەکانی بارەگای دەفتەری سیاسی حزبی دیموکرات و خۆمان پێناساندن، بەبێ سێ و دوو گوتیان بەخێربێن و فەرموون، وەکو جاری پێشوو چەکیان نەکردین، بۆ بارەگای تایبەتی بەڕێز دکتۆر قاسملۆ چووین، دوای پشوویەکی کورت و هەواڵپرسین، کۆبوونەوە لە نێوان هاوڕێ ئەبو فارووق و د. قاسملۆ بە ئامادەبوونی بەڕێز د. سادق شەرەفکەندی و بەندە دەستی پێکرد، پێشەکی هاوڕێ ئەبو فارووق بەکورتی باسی وەزعی سیاسی و کارەکانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی کرد، پاشان ڕاوبۆچوونەکانی کاک مەسعوود بارزانی دەربارەی شێخ ڕەسوولی بابی گەورە و نۆ پێشمەرگەی خستە ڕوو، ئاماژەی بەوەشدا کە بارودۆخەکە ئاڵۆزە و بەرەو گرژی دەڕوات، ڕژێمی بەعسی عێراقیش بەردەوام لە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ژەهراوییە لە ڕێگای دامودەزگاکانی سیخوڕی و بەکرێگیراوانی خۆیان لە ناوچەکەدا، بەمەبەستی ئاڵۆزترکردنی بارودۆخەکە و دابڕان لە یەکتر و هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان پارتی و حزبی دیموکراتدا، هاوڕێ ئەبو فارووق دووپاتی ئەوەی کردەوە کە پێویستە لێژنەی لێکۆڵینەوە کارا بکرێ و بەردەوام بێت لە بەدواداچوونی کارەکان و بەباشی زانی کە لێژنەی لێکۆڵینەوە دیدار لەگەڵ هەر کەسێک بکات کە ناوی دێت و پاشان ڕاپۆرتی تەواو بدەنە حزبەکان و ئەگەر پێویستی کرد، دادگایەک لەچەند دادوەرێک پێک بێنین بۆ دادگاییکردنی هەر تۆمەتبارێک کە گومانی لێبکرێت، دوای ئەوەی هاورێ ئەبو فارووق هەموو لایەکانی بابەتەکەی ڕوونکردەوە، ئینجا بەڕێز د. قاسملۆ هاتە ئاخافتن و گوتی؛ (پێشەکی لەڕووی سیاسی و مەترسییەکانەوە دەربارەی دەستبردن بۆ تەرمی پیرۆزی بارزانی ئێمە هەمان تێڕوانینمان هەیە، حزبی دیموکرات بەتەواوی ئامادەیە هەموو هاوکارییەکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بکات و یارمەتییان بدات، دەربارەی هێنانی ناوی شێخ ڕەسوولی بابی گەورە، ئێمە لاریمان نییە با بچنە بەردەم لێژنەی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێ، هەروا ئەو نۆ پێشمەرگەیەی کە دەڵێن لەگەڵ شێخ ڕەسووڵن با ئەوانیش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، هەروا ئەگەر بە پێویست زاندرا با لە دادگایەک کە حزبەکان پێکیبێنن دادگایی بکرێن، بەڵام ئەم هاوڕێیانە بدەینە دەست پارتی و بەبێ ئاگاداری هیچ لایەنێک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات، ئەوە کارێکی نەگونجاو و داوایەکی گرانە جێبەجێکردنی، پاشان د. قاسملۆ ڕووی قسەی لەمن کرد و گوتی، دەچیتە سەردانی ئیدریس و مەسعوود بارزانی، بەناوی من ئاگادارییان بکەوە، کە من د. قاسملۆ ڕێگا بە خۆم و بەهیچ کەسێک لە حزبی دیموکرات نادەم دەست بۆ تەرمی بارزانی نەمر درێژ بکەن، ئەوە لەبەر خاتری ئیدریس و مەسعوود بارزانی نییە، بەڵکو بەهۆی ئەوەیە کە من مەلا مستەفا بارزانیم بە سەرکردەیەکی گەورەی ناوداری کورد زانیوە و دەزانم، هەروا بارزانی سەکردایەتی گەورەترین شۆڕشی کوردی کردووە، کوردی بە دنیا ناساندووە، کەس ناتوانێت گەورەیی بارزانی لەبەرچاو نەگرێت، ئەم قسەیەی من وەکو خۆی بۆ ئیدریس و مەسعوود نەقڵ بکە، لەوەڵامی داوایەکەی بەڕێز د. قاسملۆ گوتم؛ دڵنیابە گوتەکانت دەقاودەق بۆ بەڕێز کاک ئیدریس و مەسعوود بارزانی دەگوازمەوە، کۆبوونەوەکە کۆتایی هات، لەتەک هاوڕێ ئەبو فارووق بۆ بارەگای حزب لە نۆکان گەڕاینەوە، هاورێ ئەبو فارووق داوای لێکرم کە بۆ بەیانی بەرەو ڕاژان بچم و ڕاوبۆچونەکانی بەڕێز د. قاسملۆ بە کاک مەسعوود بارزانی و ئیدریس بارزانی ڕابگەیەنم، هەوڵبدەم لێژنەی لێکۆڵینەوە دەست بەکار بکاتەوە، بۆ ڕۆژی دواتر بەرەو گوندی میراوە بەڕێکەوتم و لەوێوە بۆ شاری ورمێ ڕۆیشتم، شەو لە ورمێ مامەوە و بۆ بەیانی بۆ ڕاژان چووم، ڕاستەوخۆ چومە لای بەڕێز کاک ئیدریس بارزانی، دوای ئەوەی کاک ئیدریس بارزانی هەواڵی هاوڕێیان و بەتایبەتی لە تەندورستی هاوڕێ ئەبو فارووقی پرسی، ئینجا گوتی لەگەڵ حزبی دیموکرات چیتان کردووە، لەوەڵامدا گوتم، هاوڕێ ئەبو فارووق خۆی بەباشی زانی سەردانی د. قاسملۆ بکات و منیش لەگەڵدا بووم، هاوڕێ ئەبو فارووق بە درێژیی باسی لایەنەکانی بابەتەکەی بۆ د. قاسملۆ خستە ڕوو، هەروها باسی لەمەترسییەکانیش کرد و ڕاوبۆچوونەکانی کاک مەسعوودیشی باس کرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە شێخ ڕەسووڵی بابی گەورە و نۆ پێشمەرگەی حزبی دیموکرات و تۆمەتبارکردنیان لە لایەن پارتییەوە هەیە، هەروا باسی بۆچوونەکانی بەڕێز د. قاسملۆم خستە بەردیدی کاک ئیدریس بارزانی، پاشان باسی داوایەکەی د. قاسملۆم بۆ کاک ئیدریس بارزانی کرد، کە هەڵوێستی لە بەرانبەر بارزانی نەمر چۆنە، بەڕێز ئیدریس بارزانی زۆر بە بایەخەوە هەستی لە قسەکانم ڕاگرتبوو، لە کۆتاییدا گوتم، داوا دەکەم لێژنەکەی لێکۆڵینەوە دەست بەکارەکانی بکاتەوە، بەباشی دەزانم پارتی نوێنەرێکی خۆی بۆ لێژنەکە ڕەوانە بکات، ئینجا بەڕێز ئیدریس دەربارەی بابەتەکان دوا و گوتی، دەزانی مانای شەیتانی بزورگ چییە؟ هەرخۆی بەردەوام بوو، گوتی، شەیتانی بزورگ، یەعنی شەیتانی گەورە، ئەوە ئیمام خومەینی وا بە ئەمریکا دەڵێت، ئینجا ئەگەر قاسملۆ شەیتانی بزورگ بێت، من لەو بزورگترم، ئەو ناتوانێت فێڵ لە من بکات، ئەگەر دوێنێ لێرە بووایە، هەشت ژنە بارزانی ئەوانەی وا لەگوندی زێوەن لەبەر گەرمای ئەو ڕۆژە گەرمەدا دەژین، ئاوی خواردەنەوەیان نییە، لێرە دانیشتبوون، بەمنیان گوت؛ ئیدریس ئەگەر خۆت و مەسعوود ناتوانن تۆڵەی بابی خۆتان بکەنەوە، تفەنگەکانتان بدەنە ئێمە تۆڵەی بارزانی دەکەینەوە!! بەردەوام بوو، گوتی؛ من ئەگەر شەڕ بکەم لەبەر ئەوانە شەڕ دەکەم! هەر لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی ئاغایەک، سەرۆک عەشیرەتێک لە کوردستانی تورکیا نامەیەکی بۆ ناردووم و دەڵێت، ئەگەر پێویستتان بە یارمەتییە من 200- 300، سوارەت یەعنی چەکدارت بۆ ڕەوانە دەکەم، من بەم ئاغایە ناڵێم بیاننێرە یان مەیاننێرە، ئەم ئاغایە دەیەوێت چاکەیەک لەگەڵماندا بکات، چونکە لەسەردەمی باپیرەم عەشیرەتی ئەم ئاغایە تووشی گیروگرفت و شەڕ دەبن و بەرگە ناگرن و بۆ بارزان دێن، باپیرم داڵدەیان دەدات و یارمەتیان دەدات و لە بارزان دەحەوێنەوە، تاکو گیروگرفتەکەیان چارە دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئێستاکە لەبەرانبەری ئەو چاکەیەی باپیرم ئەم ئاغایە ئەو نامەیەی بۆم ناردووە. پاشان کاک ئیدریس بارزانی گوتی من دەزانم بۆچوونەکانی حزبی شیوعی لە ڕووی سیاسییەوە ڕاستن و لای ئێمە هەوڵەکانیشی بەهەند وەردەگرین، ڕێزی زۆریشم بۆ ماندوبوونی تۆش هەیە، کە بەردەوام لەنێوان بارەگاکانی حزبەکان دێیت و دەچیت، دەربارەی لێکۆڵینەوە و بەردەوامبوون و ناردنی نوێنەری پارتی ئەم بابەتە لای کاک مەسعوود و باشە لەگەڵ ئەودا باسی بکەیت.

  • 1