ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نانووسەر تا مۆڵەت لە سوپاسالار وەرنەگرێت، هەوڵی کوودەتا نادات. نانووسەر چونکە بۆ

بەرپرسەکەی دەنووسێت، بۆیە سەروەختی نووسین، ئیلهام لە قسەی وی وەردەگرێت، بەڵام هەر ترسی ئەوەیشی هەیە، غەزەبی لێ بگرێت. نانووسەر بەڵگەیە بۆ ئەوەی، لە دابەشکردنی گێلایەتیدا، هەم یەکسانی ڕەچاو کراوە، هەم دادپەروەری.

ئەمبێرتۆ ئێکۆ

دەڵێن، مارسیل پروست، ئەوی شاکاری (گەڕان لە دووی زەمەنی بەسەرچوو)ی نووسیوە، بەرتیلی داوە بە ڕەخنەگرێک تا دوژمنکارانە، لەبارەی بەرهەمەکانییەوە نەنووسێت. تی. ئێس. ئەلیەت دەڵێت: (لە شیعردا ئەو چێژەی لێی وەردەگرین بە پلەی یەکەم دێت، ئەرکی ڕەخنە ئەوەیە، کارێک بکات زیاتر چێژ لە شیعر وەربگرین.) بۆ شاعیر هیچ لەوە ناخۆشتر نییە، شیعری چێژبەخش بنووسێت و ڕەخنەگرێک پەیدا نەبێت، بە چاوی بایەخەوە، سەرنجی شیعری بدات، ئاخر ئەوسا نائومێد دەبێت و هەست بە بێهوودەییی ژیان دەکات.

وەرگێڕان، ئەمبێرتۆ ئێکۆ گوتەنی، ئەوەیە: (کوتومت هەمان شت بە زمانێکی دیکە بڵێین،) ئەوە نییە، تژی بێت لە هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمان و داڕشتن، ئەوەیە هەم بەرانبەر مانا دەستپاک بین و هەم لایەنی ئەدەبیی دەقەکەیش ڕەچاو بکەین. وەرگێڕان ئەوەیە، هەم دیوی دەرەوەی دەقەکە بگەیەنین و هەم دیوی ناوەوەی، تەنانەت سێبەرەکەیشی. پۆڵ ڕیکۆر گوتەنی: (هەر دوو زمانێک بگرین، زەخیرەی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە،) بۆیە وەرگێڕانی خراپ زادەی ئەوەیە، وەرگێڕ بایەخ بە توێکڵە زمانەوانییەکەی دەق دەدات، نەک بە کرۆکەکەی، ئیدی ئەو وەرگێڕانە خراپە، ڕەنگە دەقێکی باڵا بکوژێت. ناوەرگێڕ، زۆر جار ڕۆڵی سانسۆریش وازی دەکات، هەر چییەک لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا نەگونجا، فەرامۆشی دەکات.

نووسەر خەریکی ئەوەیە، دونیایەکی تایبەت بە خۆی بهێنێتە گۆڕێ، دونیایەک لە خەیاڵی بەپیت، لە تامەزرۆییی گەرموگوڕ و لە فیکری گەشی مرۆڤدۆستی. نووسەر کە لە واقیع نائومێد و بێزار دەبێت، هانا بۆ ڕامان دەبات و بۆشایییە ڕۆحییەکانی، لەڕێی خەون و خەیاڵەوە پڕ دەکاتەوە. ناکرێت نووسەر بیت و شەیدای سرووشت نەبێت، گوڵ، مەل، درەخت، مێرگ و چەمت خۆش نەوێن و نەکەوێتە دیالۆگەوە لەگەڵیاندا، ئاخر نووسەر کە هەست بە تەنیایی و غەریبی دەکات، ئەوە سرووشتە لێ ناگەڕێت هاوسەنگی لە دەست بدات و هەر سرووشتیشە بوار نادات زێی خەیاڵی لە خوڕە بکەوێت.

ئەوە گرینگ نییە، لەبارەی چییەوە دەنووسین، بەڵام هەمیشە ئەوە جێی بایەخە، خوێنەر چێژ لە نووسینمان وەربگرێت، ئاخر نووسینی بێ چێژ، جەستەیەکە بێ گیان. نووسین سەر بە هەر ژانرێک بێت، خەیاڵ ڕۆڵێکی گرینگی تێدا دەبینێت،چونکە بەبێ ئازادکردنی مەلی خەیاڵ، چێژ بەرهەم نایەت. نووسین ئەو تاقە هێزەیە کە لەسەر ئاستی دونیا، کۆت و زنجیری دوورەپەرێزی و تەنیایی تێکدەشکێنیت، چونکە ئەوە نووسینە بوارمان بۆ دەڕەخسێنێت، لەگەڵ ئەوانی دیکەدا، لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا بن، بکەوینە دیالۆگەوە. نووسینی پڕ لە چێژ نەبووایە، ڕۆحمان تووشی بەبیابانبوون دەهات، هەر بۆیە (فرانز کافکا)یش دەڵێت: (کتێب ئەو تەورەیە، بەستەڵەکی ناخمان دەشکێنێت.)

نووسین: ئایین و ئایدۆلۆجیا و ئامانجی نووسەرە، ئەوەی وا بیر نەکاتەوە و خۆیشی بە نووسینەوە سەرقاڵ بکات، هەر چییەکی لێ دەربچێت، نووسەری لێ دەرناچێت. نووسەر بە هۆی نووسینەوە، ناسنامەی خۆی دەدۆزێتەوە و وابەستەییی خۆی بە نیشتمان و بە مرۆڤایەتییەوە دەسەلمێنێت. نووسەر بە هۆی نووسینەوە، پارچەکانی گۆزەی شکاوی دڵی و ڕۆحی لەتلەتبووی پێکەوە دەنووسێنێتەوە. نووسەرێک توانای نووسین لە دەست بدات، ئەگەر لە گۆمی خەمۆکیشدا نەخنکێت، ئەوا تەنیایی لە لێواری مەرگی نزیک دەکاتەوە.

کە لەناکاو ئەم یان ئەو نووسەر، تووشی ئەم یان ئەو گرێی دەروونی دەبێت، زادەی ئەوەیە، بە کەویکردنی مەحاڵەوە سەرقاڵە و بەخت یاوەری نابێت. نووسەر لە ناخەوە ئارام نابێت، ئەگەر بە گژ دونیای زاڵمی دەرەوەدا نەچێتەوە، (ڕاستگۆ و ڕاشکاو مەبە، با ڕقیان لێت نەبێت! بە درۆ ستایشیان بکە، با خٶشیان بوێیت!) نووسەر گوێ لەو مۆچیارییە ناگرێت. نووسەر وەک چۆن کەس بە مامۆستای خۆی نازانێت، ئەوە مافەیش بە خۆی ڕەوا نابینێت، ڕۆڵی مامۆستا وازی بکات، وەک چۆن ملکەچی باوەڕ و نەریتی کۆن نابێت، (ملکەچی)یش بەرهەم ناهێنێت.

نووسەر بەوە قایل نابێت، بزر بڕیار لەسەر چارەنووسی حازر بدات و جڵەوی زیندوو، بە دەست مردووەوە بێت. ئایا لە چواردە سەدەی ڕابردوودا، عەقڵ هیچ پێشکەوتنێکی بە خۆیەوە نەدیوە، تا هەر ملکەچی عەقڵی دێرین بین؟ وەک چۆن شیعر گیاندارێکی کێوییە، بە کێش و سەروا ماڵیی ناکرێت، نووسەریش مل بۆ ئەو ڕێسا و یاسایانە کەچ ناکات، کە بە تێپەڕبوونی زەمان، سەردەمیان بەسەر چووە. نووسەر ڕووی دەمی هەم لە بژاردەیە و هەم لە زۆرینەیش، ئاخر نوێنەری هەموو ئەوانەیشە کە بۆیان نەڕەخساوە قسەی دڵیان بکەن، ئاخر زۆر جار پەیڤین بە زمانی زۆرینە، گەرموگوڕییەکی تێدایە، وەک مەحاڵ وایە، لە زمانی دەستەبژێردا هەبێت.

نووسەر ڕەخنەگرانە مێژوو دەخوێنێتەوە، ئاخر ئەوە ئیشی ئەو نییە، مێژوو پیرۆز پیشان بدات. ئەوانەی دیرۆک پیرۆز پیشان دەدەن، مەبەستیان ئەوەیە دەست بەسەر ئێستا و داهاتوودا بگرن. لە ڕوانگەی نووسەری ڕەخنەگرەوە، کەلەپوور تەلارێک نییە پڕ لە چارەسەر، کەلاوەیەکە تژی لە کێشە، بۆیە ئەگەر پڕکێشیی ئەوە نەکەین، ڕەخنە لە ڕابردوومان بگرین، با بە ئومێدی داهاتوویەکی گەش نەبین. گەلێک مێتۆد هەن بۆ ئەوەی ڕەخنەیان پێ لە مێژوومان بگرین، بەڵام مێتۆدێکیان کە نائومێدمان ناکات، مێتۆدی مەتەریالیزمی دیرۆکییە. کارڵ پۆپەر گوتوویەتی: (عەقڵیش وەکوو چەتر وایە، تا نەیکەینەوە، سوودی لێ وەرناگرین.) بۆچی گەلانی وەڵاتانی ئیسلام، دیلی دەستی دیرۆکن؟ چونکە عەقڵی ئیسلامی، عەقڵێکە داخراو، چواردەوری بە شوورەی بڵند و دیواری ئەستوور گیراوە، هەر لەم سۆنگەیەشەوە، هێشتا کەلەپووری ئیسلام، نە دابڕانیکی یەکلاییکەرەوەی بە خۆیەوە بینیوە، نە خراوەتە بەر لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینەوە.

کە مرۆڤایەتی یادگەیەکی هاوبەشی هەیە، ئەوە زادەی ئەو نووسین و کتێبانەیە، ڕەخنەگرانە سەیری کەلەپوور دەکەن، چێژ دەبەخشن، بە گژ تاکڕەویدا دەچنەوە و ستران بۆ باڵای ئینساندۆستی دەچڕن. لە هەر جێیەک بەهایەک بە ناوی (فرەیی)یەوە هەبێت، ئەوە بە هۆی ڕۆمانەوە سەری هەڵداوە و جێپێی پتەو بووە، ئاخر ئەوە ڕۆمانە ددان بە جیاوازییەکاندا دەنێت، ئەوە بۆیە لە هەر کوێیەک ڕۆمان هەبێت، دیموکراتییش هەیە.

ئایینێک با میلیاردێک شوێنکەوتوویشی هەبێت، نەک هەر هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە گرێ نادات، بەڵکوو دەشێت، هەوێنی خۆشکردنی ئاگری شەڕیش بێت، لەگەڵ خەڵکانی سەر بە ئایینەکانی دیکەدا، بەڵام ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بە تایبەتی، ئەو داوە پتەوەیە، مرۆڤایەتی بەچاوپۆشین لە جیاوازییەکانیان، وەک موورووەکانی ملوانکەیەک پێکەوە کۆ دەکاتەوە. شەڕ چونکە زادەی تەقینەوەی ئەو ڕقەیە کە لە دەروونی ئینساندا کۆ دەبێتەوە، قەت نابێتە هەوێنی چاکتربوونی ئینسان، شەڕ هەمیشە ئینسان خراپتر دەکات. (ئینسان کە باڵاترین بەهایە، حەیفە لە مەکینەی حیزبدا، ببێتە بورغوویەک و حەیفە لەپێناوی قازانجی بازرگانانی شەڕدا، بە کوشت بچێت.) ئەوە یەکێکە لە پەیامەکانی خاتوونە نووسەری بێلاڕووسیایی، سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ کە ٢٠١٥ نۆبێڵی لە ئەدەبدا وەرگرت.

*١) محمد سبیلا، التراپ بین النقد والتبجیل ٥ مایو ٢٠١٦ الإتحاد الپقافی، دبی.

(٢) محمد الحرز، المنقژ من التصحر الإنسانی ٢مایو ٢٠١٦ الإتحاد الپقافی، دبی.

 

 

  • 1