ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

سوڵتان سوله‌یمانی یه‌كه‌م، ده‌یه‌م سوڵتانی عوسمانی بووه‌ و زۆرترین ماوه‌ له‌ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بووه، 46 ساڵ، به‌ ژماره‌ چوار ژنی هێناوه‌، تاڵانی و كه‌نیزه‌ك و ژنی دیكه‌ مه‌پرسه‌، له‌ 72 ساڵی ته‌مه‌نیدا چه‌ند ساڵێكی كه‌م نه‌بێت به‌رده‌وام له‌سه‌ر كورسی بووه‌ .

نامه‌كه‌ی بۆ سوڵتان ناردراوه‌، له‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سه‌ربازیه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێره‌وه،‌ ئه‌و به‌و جۆره‌ ده‌ستپێده‌كات :

" سوڵتانی گه‌وره‌، به‌رپرسی گه‌وره‌ی سێ‌ به‌شی جیهان و نێردراوی پیرۆزی خودا بۆ گه‌لانی بڕوادار، پایه‌داربن، 

ئێمه‌ له‌ شه‌ڕی خۆماندا زۆر بوێرانه‌ دوژمنه‌كانمان تێك و پێكشكاند، هه‌رچی هاته‌ به‌رده‌ستمان هاڕیمان و كه‌س خۆی له‌ به‌رماننه‌گرت، ناوی خودا و ناوی تۆ له‌ سه‌ر زمان و له‌ سه‌ر نوكی شمشێره‌كانمان بوو، ئێمه‌ بڕوامان به‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك چۆن فێرت كردووین، ده‌بێت له‌ پێناوی به‌رزی ناوی عوسمانی و ئێوه‌دا له‌ هیچ سڵ نه‌كه‌ینه‌وه ‌و به‌زه‌یی له‌ خۆماندا بكوژین، وڵاته‌كانمان ته‌خت و په‌خت كرد و ماڵ و سه‌روه‌تی دوژمنه‌كانمان سوتاند و كچ و كاڵاكانیانمان تاڵانكرد .

گه‌وره‌ی پایه‌دارم : 

سوپا ئازا و بڕنده‌كه‌ی تۆ چێژی بێپایانی له‌و كچ و ژنانه‌ بینی كه‌ ده‌ستیان كه‌وتن، جوانترین له‌ كچه‌كانیشمان بۆ ئێوه‌ دابوه‌ لاوه‌، كه‌ بریتی بوون له‌ 16 كیژۆڵه‌ی بژارده ‌و زۆر ده‌گمه‌ن، به‌ڵام پایه‌داری من یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كانی ئینكشاری له‌و ده‌سته ‌تایبه‌ته‌ی خۆت بڕیاری ناردنیانت دابوو له‌ ته‌ك سوپادا، گه‌وجی نواند و ده‌ستدرێژی كرده‌ سه‌ر ئه‌و تایبه‌ته‌ی بۆ ئێوه‌ دانرابوو، ئێمه‌ش به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سوپادا گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی بۆ هه‌میشه‌ ته‌مبێ‌ كردنی ئه‌وانه‌ی سنوری خۆیان نازانن، ئه‌و سه‌ربازه‌ پارچه‌ پارچه‌ بكه‌ین و هه‌رپارچه‌ی له‌ لایه‌ك فڕێبده‌ین و سه‌ریشی بنێرینه‌وه‌ بۆ سوڵتانی گه‌وره‌مان تا خۆی بڕیاری له‌ سه‌ر بدات، ئه‌و كچه‌شمان سه‌نگه‌سار كرد كه‌ به‌رگری له‌ خۆی نه‌كردبوو له‌ به‌رده‌م ئه‌و سه‌ربازه‌ گه‌مژه‌یه‌دا .

پایه‌دارم :

به‌و نزیكانه‌ كیژه‌ نازدار و ساف و لوسه‌كان و ئه‌و زێڕ و ده‌ستكه‌وته‌ تایبه‌تانه‌ت بۆ ڕه‌وان ده‌كه‌ینه‌وە، به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی خۆشترین كاتی خۆت له‌ ته‌ك ئه‌و كه‌نیشكه‌ جوانانه‌دا به‌ریته‌سه‌ر، پایه‌داری من كچی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستیان پیا بهێنرێت و جلی جوانیان له‌ به‌ر بكرێت له‌ جوانیدا بێوێنه‌ن و مرۆڤ خۆی له‌ به‌ریاندا ناگرێت .

زۆرێك له‌ سه‌ربازه‌كان باسی ئه‌و چێژ و له‌زه‌ته‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌وانیان وه‌رگرتووه ‌و هه‌ندێك چیرۆك و داستانی پێكه‌وه‌ بوون و جووت بوون ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ تازه‌یه ‌و هێشتا نه‌مانزانیوه‌، ئه‌وان به‌ ئاسانی خۆیان ڕاده‌ست ناكه‌ن و هه‌ندێك خۆیاخی ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی به‌ زه‌بر و زۆر كه‌وی كران، ئیدی مرۆڤ به‌سه‌ریانه‌وه‌ مه‌ست و حه‌یران ده‌بێت .

ئه‌وانه‌ی بۆ ئێوه‌ی گه‌وره ‌و پایه‌به‌رزمان ناردوون، خه‌ڵكانی زۆر تایبه‌ت و ده‌گمه‌نن، ئه‌وان له‌ خه‌ڵكه‌ خانه‌دان و ده‌ست و پێ‌ سپییه‌كانن، له‌وانه‌ن كه‌ بۆ گوڵاوی بۆنخۆشترین گوڵی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ خۆیان ده‌شۆن و بۆ جوانی و ناسكی و شیرینی خۆیان له‌ هه‌نگوین هه‌ڵده‌كێشن، له‌ هیچ یه‌ك له‌و جه‌نگ و شه‌ڕ و شۆڵانه‌ی كه‌ كردوومن تووشی خه‌ڵكی له‌و جۆره‌ نه‌بوومه‌، ئه‌م دیارییانه‌ خوێنه‌وارن و زۆربه‌یان ده‌نگخۆش و شیعرزان و به‌ گفت و لفتن .

من نامه‌وێ‌ به‌ هه‌ڵنانی ئه‌وان و جوانی و شۆخ و شه‌نگیان ئێوه‌ سه‌رسام بكه‌م، من ئومێدی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ كه‌ خۆیان ده‌گه‌نه‌ ده‌ستت و ده‌یانبینی ئه‌وده‌م خۆت بڕیاری خۆت بده‌ی، ئه‌مانه‌ دانسقه ‌و بێوێنه‌ن، شاره‌زای زۆریان له‌ سه‌ما و ناز و خۆباداندا هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌رگیز له‌ به‌رده‌م پیاواندا ئه‌وه‌ ناكه‌ن، ئه‌وان له‌ ده‌م ڕووبار و سه‌ر كانی و ئاوه‌كان كاتێك چاوی پیاویان لێ‌ دیار نییه‌ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ خه‌ڵكمان له‌ سه‌ر دانان و هه‌موو ئه‌وانه‌مان به‌ وردی بینیوه‌ .

له‌و ژماره‌یه‌ كه‌ بۆ ئێوه‌ی ده‌نێرین سێیان كچی خانه‌دان و به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ موسوڵمانه‌ كورده‌كانن و ئه‌وانی دی هه‌موو ئێزدی و ئاشووری و ئه‌رمه‌نین، دڵنیام زۆر كه‌یفت پێیان دێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ ئافه‌رینمان ده‌كه‌یت... پاشماوه‌ی نامه‌كه‌ به‌ هۆی تێكچوونه‌وه‌ ناخوێنرێته‌وه‌ .

بایز و فاتیمه‌ په‌راوێزێكی بچووكیان بۆ ئه‌م نامه‌یه‌ نووسیوه‌، تێیدا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ كۆپی دووه‌می نامه‌كه‌ بێت و ئه‌و به‌شه‌ش كه‌ نه‌ماوه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌نقه‌ست نه‌مابێت، هۆیه‌كه‌شیان بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ قازی قوزاتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌سته‌نبوڵ زۆرێك له‌و جۆره‌ نامانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی یان له‌ ناوداوه‌ یان له‌ژێر یه‌كێ‌ له‌ گرده‌كانی ئه‌سته‌نبوڵدا له‌ شوێنی نادیار حه‌شاری داوه‌، تا هه‌رگیز ده‌ست كه‌س نه‌كه‌وێت و ئاینده‌ نه‌زانن كه‌ سوڵتانه‌كه‌ی موسوڵمانان ئه‌وه‌نده‌ شه‌هوانی و مێباز و له‌به‌رده‌م له‌شی ئافره‌تدا بچووك بووه‌.

ئه‌وان نووسیویانه؛ ‌"دیاره‌ ئه‌وه‌ش بۆ سوڵتان و قازی نه‌چووه‌ته‌ سه‌ر و ئه‌و جاسوس و ڕاپۆرده‌ره‌ ڕووسی و ئه‌وروپییانه‌ی ئه‌و ڕۆژگاره‌ له‌ ئه‌سته‌نبوڵ بوونه‌، هه‌موویان هه‌ر یه‌ك به‌جۆرێ‌ باسی ئه‌و لۆتی بازی و ئافره‌تبازییه‌ی نێو كۆشكیان كردووه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ دیرۆكی ئه‌و وڵاته‌، مێژوونووسان ده‌ڵێن خۆ ئه‌گه‌ر فه‌له‌یه‌ك یان ڕووسێك به‌ ڕقه‌وه‌ و به‌ درۆ له‌و باره‌یه‌وه‌ شتی نووسیبێت، ئه‌وه‌ چه‌ندین هه‌ن كه‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان هه‌میشه‌ ڕاستییه‌كه‌یان نووسیوه‌" .

من گومان ده‌كه‌م كه‌ مێژوونوسانی تورك و ئه‌وانی دیكه‌ش لێره ‌و له‌وێ‌ هه‌ندێك ڕاستیان له‌و باره‌یه‌وه‌ تۆمار كردووه‌، به‌ڵام وێده‌چێت ده‌ستی ئێمه ‌و مانانی پێنه‌گه‌یشتبێت، خۆ هیچ سوڵتانێكی عوسمانی یان خه‌لیفه‌یه‌كی عه‌باسی و ئه‌مه‌وی شك نابه‌یت به‌ دووی حه‌ز و چێژی خۆیدا ڕاینه‌كردبێت و هه‌رچی نه‌شیاوه‌ نه‌یكردبێت، ئه‌مه‌ قسه‌ی من نییه‌ قسه‌ی ئه‌و گه‌ڕیده ‌و مێژوونووس و شاعیر و ده‌ربارانه‌یه‌ كه‌ زۆر شتیان به‌ چاوی خۆیان بینیووه‌.

  • 1