ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پوتین: نا نا گفتوگۆی ناکەین، چارەسەر چییە؟

سەرۆکی ڕووسیا ڤڵادمێر پوتین لەکۆبوونەوەیەکدا، لە ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی بۆ کاروباری نەتەوەکان بە بەرچاوی کامیراکانەوە بەوەزیری زانست و خوێندنی باڵای گوت؛ "نا نا بەگفتوگۆ نا، چارەسەر چییە"، مەبەبستی پوتین ئەوەیە بڵێ کاتی گفتۆگۆ بەسەرچووە، ئێستا چارەسەرتان چییە؟ پێویستە چارەسەرێک بدۆزنەوە؟!

لەوە تێدەگەم کە ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی (ئاڕتی –ڕووسی) کاتێک ئەم هەواڵە بڵاودەکاتەوە، مەبەستی ئەوەیە بە هاووڵاتییان بڵێ ئەوە سەرۆکە فشاری لەسەر بەرپرسانە و یەک یەک بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکات و چارەسەریشی بۆ دەدۆزێتەوە.

مەبەست لە بەستنەوەی قسەی سەرۆک پوتین بە وتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی 100 ڕۆژەی کابینەی نۆیەم، ئایا دەتوانین ئاسۆی چاکسازی و گۆڕانکاری و چارەسەری مسۆگەر بۆ کێشەکانی بەردەوامی سیاسی و ئابووری بەدی بکەین؟

لایەنە سیاسییەکان، بە بەرەی ناو دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزسیۆن، پێویستە بەدواداچوون بۆ کاری کابینەی نۆیەم و ئەدای گشتی سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی بکەن، لایەنی پۆزەتیڤ بۆ بەرەی دەسەڵات قازانجە و لایەنەکانی هیچ بەدەست نەهاتووش بۆ ئۆپۆزسیۆن کارتی فشار و ڕەخنەگرتنە، ئەگەر بەم عەقڵیەتە ئیدارەی پرۆسەی سیاسی کوردستان بدرێت، ئەوا هەنگاوی خۆڕێکخستنەوەی دامەزراوەی ڕێگای ڕاستی دەبێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەکەی هەر کێیەک بێت، ناتوانێت بەماوەی 100 ڕۆژ خێل و خواری 28 ساڵ ڕاست بکاتەوە، ئینجا بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، پێش هەموو شتێک پێویستی بەگێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییانە بە حکوومەتەکەیان، ئەمەش تەنیا لەڕێگای ڕاگەیاندنەوە ناکرێت، چونکە سیاسەتە پەیڕەوکراوەکانی بواری ئابووری لەڕابردوودا شکستی هێناوە، پێویستە سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە، بەشێوەیەک کە "هەموو ئاستێک و هەموو بوارێک و بەشێوەیەکی بەردەوام" بگرێتەوە.

هاووڵاتییانی کوردستان، شایانی خزمەتکردنی زیاترن، بەچاوی خۆشیان ناعەدالەتی لەداهات و مافدا دەبینن، لەهەندێک باردا، مافە کەسییەکان پێشێل دەکرێن و زەوت دەکرێن، ئایا کابینەی نۆیەم هەنگاوی وەهای هەیە کە ئەم ناعەدالەتییە نەهێڵێت؟ بۆنموونە "تەزکیەی حزبی لە دابەشکردنی پۆست و پلەی حکومی" و "خراپ سوود وەرگرتن لەیاسای وەبەرهێنان و قازانجی خێرا لەسەر حسابی دارایی گشتی لەوەبەرهێناندا و خۆبەستنەوە بە بازاڕی بەناو ئازاد". لەبابەتی دەستوەردانی دەستی حزب لە هێنان و گواستنەوەی مامۆستا و دامەزراندنی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان، کە قوتابخانە و بواری پەروەردە، گرنگترین بواری دەوڵەتدارییە کە نەوەی داهاتوو پێدەگەێنێت و هەروەها لەهەموو کەرتەکانی دیکەشدا، ئایا چاوەڕێ دەکرێت ئەم دەستێوەردانی حزبییە نەهێڵدرێت و ڕاژەی خزمەت و پسپۆڕی و داهێنان ببێتە پێوەری سەرەکی؟، کە باسی گەندەڵی و شەفافیەت دەکرێت، لەمیدیادا تەنیا کەیسی بچووک پیشان دەدرێت، یان تاوانباری بچووک، ئەی کەیس و تۆمەتبارە گەورەکان، لەگەڵ هاووڵاتییان بەگشتی ئەوە لەم کابینەیەدا چاوەڕێ دەکەین، بەم ڕژدیەی هەیەتی لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هێنانەدی شەفافیەتدا، لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەنگاوی جدی بهاوێت، بوارنەدات تانە لە هەنگاوەکانی بدرێن، دەی ئەمە کاری جدی و بوێرانەی دەوێت؟.

بێگومان مسۆگەرکردنی مافی گەلی کوردستان لە بودجەی 2020 گرنگە بۆ سەقامگیری ئابووری و ژیانی هاووڵاتییان، بەڵام ئایا چ حکوومەتێک دەتوانێت لەسەر ئەم ناسەقامگیرییەی کە لە عێراق دا هەیە و بەم عەقڵیەتە دواکەوتووە نادیموکراسییەی لەبەغدا هەیە و بە سیاسەتی ساڵ بەساڵ، سیاسەتی دارایی و ئابووری درێژخایەن بەڕێوەببات؟ بتوانێت پلانی بوژاندنەوەی درێژخایەن دابڕێژێت؟ 

حکوومەتی هەرێم پێویستە ساڵانە یاسای بوجەی خۆی دابڕێژێت و حیساباتی کۆتاییشی هەبێت، با بەکورتهێنانی گەورەشەوە بێت، چونکە ئەگەر پارە لەبەغدا نەیەت، ئەوا بە یاسا کە زەمانەتی دەستووری هەیە، بەغدا قەرزارە، بەپێچەوانەوە، بێ بوونی یاسای بودجە، قسەکردن لەسەر شەفافیەت و لەسەر تۆمەتبارکردنی بەغدا، بەوەی قەرزی لایە، لە قسەی میدیایی و نافەرمی زێدەتر نییە، چونکە ئەوە بۆ کارتی فشار و ڕەوشی سیاسی دەمێنێتەوە، یان ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ئیتحادییە دۆستمانە یان دوژمنانە مامەڵەمان لەگەڵ دەکات، ئەگەر بەهێزبوویت دەسەپێت و بەپێچەوانەوشەوە دەدۆڕێیت. بۆیە باشترین کارتی فشارمان چییە و لە چ کاتێک لەقازانجی تۆدایە پێویستە بەکاربێت، نەک سیاسەت بەسۆزی ناسیاسییانە بکرێت.

کەواتە لەدوای 100 ڕۆژدا، کابینەی نۆیەم، پێویستە بەدوای میکانیزمی بەهێزکردنەوەی متمانەی نێوان هاووڵاتی و حکوومەتدا بگەڕێت، کەخۆی لەنەهێشتنی ناعەدالەتی و سەقامگیری ژیان و گوزەران و بازاڕ و بوژاندنەوە دەبینێتەوە، بۆ ئەوەش قسەکەی سەرۆک پوتین، گرنگە کە هەموو بەرپسانی وڵات لەخۆیان و لەخوارتری خۆیانی بپرسن، کاتی زۆرمان لەدەستچووە و کاتی گفتوگۆ نییە، چارەسەرەکان کامانەن؟ با ئەوە بکەین.

 

  • 1