ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەسەد ڕۆژەی حکوومەتدا

دەمزەردکردن بەهەستان!

(1)

دەستە سەربەخۆ و ئەنجوومەنە تایبەتەکان بەهاتنی کابینەی نوێی حکوومەت ڕووبەڕووی هەراسان کردن بوونەتەوە. دەستبردن بۆ دۆسیەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و بەباکردنی کای کۆن، پەلاماردانی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، فشارخستنەسەر فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕاگرتنی تۆماری ئەلیکترۆنی، دەستوەردان لەکاروباری دادوەران و ناڕەزایی دەربڕینی ئەو کەرتە، هەموویان هەروا لەخۆڕانین، بەڵکو دووکەڵی ئاگرێکی نێو چێشتخانەی پێکهێنەرانی حکوومەتە و بەشێکە لە شێواندنی ئەو سیما گرنگانەی کە ساڵانێکە بناغەی دادەنرێن. ئەگەر کەموکوڕییەک لەو بوارەدا هەیە دەکرێت چاکبکرێن، نەک ئەو دەستکەوتانە ناشرین بکرێن و وەلابنرێن!

(2)

لەسایەی ئەم حکوومەتەشدا پرسی ئازادی رادەربڕین نەک هەروەک خۆی نییە، بەڵکو وا بەئاشکرا هەوڵ هەیە بۆ پاشەکشەکردن لێی، تەنانەت لەڕووی یاساییشەوە. دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و هەڕەشەکردن لێیان و ئەنجامدانی پێشێلکاری بەرانبەریان و ڕێگەنەدان بە خۆپیشاندان هەروەک خۆی ماوەتەوە. بەرتەسککردنەوەی پێدانی مۆڵەت بە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکان بەبێ بوونی هیچ یاسایەک هەروا ماوەتەوە. ئێستاش ئەو هەوڵەی کە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی باڵای میدیا دەکرێت جگە لە خنکاندنی ئەو ئازادییە کەمەی ماوە، هیچی دیکە نییە. باشترین نموونەش بۆ ئەو ئەنجوومەنە ئەوەیە کە لە عێراق هەیە و تا سەر ئێسک دژ بە ئازادی ڕادەربڕینە!

(3)

تازەترین ئاماژەش کە خەریکە لەپەنای ئەم کابینە تازەیە گەشە دەکات، فتوا و فتواکاری پیاوانی ئاینییە. لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئەنجوومەنی باڵای فتوای کوردستان لەدوو فتوادا بەتەواوی خۆیان لەکاروبار و ئازادییە کەسی و تایبەتەکان هەڵقورتاندووە. بەتایبەتی حەرامکردن و ناشیرینکردنی ئەو ئافرەتانەی کە بەتەنیا سواری تاکسی دەبن و لەولاشەوە ناشیرینکردنی شۆفێرانی تاکسی لە کوردستان کە ئەگەر تەماشایەکی ئەو داتا و زانیارییە فەرمییانە بکرێن کە تایبەتە بە توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان کەمترین حاڵەتی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان لە تاکسیدا ڕوویانداوە. تەنانەت خاوەن تاکسییەکان و ئەخلاقی کوردەواری و ڕەوشتی مرۆڤانەیان زۆر لەوە بەرزترە کە ڕووبەڕووی تۆمەتێکی لەو شێوەیە بکرێنەوە.

ئەو کارەش کە بەناوی فەتوا کراوە، نەک ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر دەروونی ئافرەتان، بەڵکو دەبێتە هۆی پشێوی کۆمەڵایەتی و کاریش دەکاتە سەر داهات و کارکردنی خودی شۆفێرەکان کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی هەرێم بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژانەیان کاری تەکسی دەکەن.

لە درێژەی ئەو کارانەشدا هەندێک کۆلکە مەلا دەمیان بەهەستان زەردکراوە و پەلاماری ژنان و ئازادی کاری ڕێکخراوەکانی ژنان دەدەن، کە لای هاووڵاتییان ئەو دەمزەردانە لەمێژە بە مەلای خزمەتکاری ئێوە دەناسرێن. تکایە دەمیان دابخەن با لەوە زیاتر دۆخەکە ناشرینتر نەکەن!

  • 1