ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەسپێشخەری "پشتین و ڕێگا" وەک پەرەپێدانێکی نوێی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە لە چیندا

بەشی یەکەم-1

دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگا" بریتییە لە ئەنجامدانی بەشێکی سەرەکی و گرنگ لە پەرەپێدانی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە لە چیندا، و ئەم دەستپێشخەرییە لەوە زیاترە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی ئابووری دیاریکراودا دابنرێت، و ئەگەر بە وردی بنەماکانی ئەم دەستپێشخەرییە شیبکەینەوە، ئەوا پێویستە ئاماژە بە کۆمەڵێک ڕەهەندی گرنگ بکەین کە گرێدانیان بە یەکترەوە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئەم دەسپێشخەرییە گرنگە دەردەخات.

بەشێک لەو ڕەهەندانە بریتییە لە ئەنجامدانی گەشەپێدان لە تەواوی چین و گرێدانی سەرجەم ناوچەکانی وڵاتی چین لە بواری گەشەپێداندا بە یەکترەوە، و بنیاتنانی ئابوورییەکی جیهانی کارا و زیندوو و بەیەکەوە گرێدراو و سەرانسەری، و دامەزراندنی شەراکەت لە نێوان ئاسیا و ئۆقیانوسی ئارام، و شەراکەت لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، و گرنگیدان بە گەشەپێدان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و پەیڕەوکردنی گەشەپێدانی ئاشتییانە و چەسپاندنی هاوکاری و دەستکەوت و قازانجی هاوبەشی گەلان، بەتایبەتی ئەو گەلانەی کە دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگایی" پیایدا تێپەڕ دەبێت.

سەرەتای دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگا" بۆ ئەو پێشنیازەی سەرۆکی چین شی جین بینگ دەگەڕێتەوە کە لە پایزی 2013 لە وڵاتی کازاخستان و پاشان لە ئەندونیسیا خستیە ڕوو سەبارەت بە بنیاتنانی پشتینی ئابووری ڕێگای وشکایی ئاوریشم، و ڕێگای دەریایی ئاوریشم بۆ سەدەی بیست و یەکەم.

لە بواری پاشخانی مێژووییەوە ڕێگای وشکایی ئاوریشم بریتی بوو لە کۆمەڵێک ڕێگای وشکایی کە چین و ناوەڕاستی ئاسیای بە ناوچەی دەریای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستەوە، و مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆری هان لە چیندا لە ماوەی 220 پ.ز تا 206 پ.ز، دەگەڕێتەوە، کە ڕێگای گواستنەوەی ئاوریشم لە چینەوە بۆ وڵاتانی دەریای ناوەڕاست کارا بوو. ئەم ڕێگایە بە نیسبەت ئابووری چینەوە وەک ئابوورییەکی مەزنی جیهانی ئەو سەردەمە تا ساڵی 1820 گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئابووری چین و ئابووری جیهان هەبوو، و بەشێکی زۆری داهێنانەکان لە چینەوە بۆ ئەوروپا دەگوێزرایەوە، بەڵام ئەم ڕێگایە لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەوروپادا گرنگی خۆی لە دەستدا و دەسەڵاتی چین لە سەر ئابووری جیهان نەما و ئەوروپا دەسەڵاتی بەسەر ئابووری جیهاندا گرت. 

دوای ساڵێک لە ڕاگەیاندنی ئەم دەستپێشخەرییە و کاردانەوەی پۆزەتیڤانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سەرۆکی چین لە کۆنگرەی "گفتوگۆی هاوبەشەکانی چەسپاندنی پەیوەندی و بەردەوامبووونی" کە لە 8ی نۆڤەمبەری ساڵی 2014 بەسترا، وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە مەبەستی چەسپاندنی هاوکاری کۆمەڵێک پێشنیازی خستە بەردەم وڵاتانی ئامادەبوو لە کۆنگرەکەدا کە ئەم خاڵانەی گرتەوە:

1ـ وڵاتانی ئاسیا ئاراستە و بنەمای سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندی و بەردەوامبوون، و "دەستپێشخەری پشتین و ڕێگا" لە ئاسیاوە دەستپێدەکات و پشت بە ئاسیا دەبەستێت و دەستکەوتی بۆ ئاسیا دەبێت، و ئەم بابەتە مەسەلەیەکی هاوبەشی چین و وڵاتە دراوسێکانێتی لە ئاسیادا، بۆیە چین پەیوەندی دیپلۆماسی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە لەسەر بنەمای پەیوەندی دۆستایەتی و ڕاستگۆیی و قازانجی هاوبەش و لێبوردەیی دادەمەزرێنێت و سەرجەم ئەو وڵاتانە شوێنیان لە شەمەندنەفەری گەشەپێدانی چیندا هەیە.

2ـ کەناڵی ئابووری و بنیاتنانی چوارچێوەیەکی بنەڕەتی بۆ پەیوەندییەکان بناغەی بنیاتنانی دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگا"یە و پلانی ئەم دەستپێشخەرییەش دەستنیشانکردنی ڕێگای وشکانی و کەناڵی دەریایی هاوکارییە ئابوورییەکانە کە پێداویستی و داواکارییەکانی سەرجەم لایەنەکان مسۆگەر دەکات. بۆ ئەمەش چین لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان ئامادەی گفتوگۆیە.

3ـ ئاکامی سەرەتایی پەیوەندییەکان و بەردەوامبونیان پشت بە بوونی ژێرخانی ڕێگاکانی هاتوچۆ دەبەستێت. ڕێگای ئاوریشم مانای ئاسانکارییە بۆ بوونی ڕێگایەک بۆ هاموشۆ و جموجۆڵی کاڵاکان. چین بایەخ بە بوونی هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای گشتی نێوان چین و پاکستان و بەنگلادیش و میانمار و لاوس و کەمبۆدیا و مونگۆلیا و تاجیکستان و وڵاتانی دراوسێ، دەدات. ئەمەش سەرەتای بوونی ئەم دەستپێشخەرییەیە.

4ـ دەبێ کار بۆ شکاندنی دەمی بوتڵە شوشەی داخراوی پەیوەندییەکان لە ڕێگای بنیاتنانی دەزگایەک کە کلیلی مسۆگەرکردنی داهاتی پێویست بۆ دەستپێشخەرییەکە بێت. زۆربەی وڵاتانی ئاسیا هەژارن و بە گشتی داهاتی پێویستیان بۆ بنیاتنان نییە. کلیلی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە بزواندنی گوژمە داراییەکان بە شێوازێکی دانایانە دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستە چین چل ملیار دۆلار بۆ دامەزراندنی سندووقی ڕێگای ئاوریشم تەرخان دەکات و ئەمەش بە مەبەستی پشتگیریکردنی سەرجەم ئەو پرۆژانەی پەیوەندییان بە هاوکاری بواری داهات و پیشەسازی و داراییەوە بە درێژایی سەرجەم وڵاتانی پشتین و ڕێگاوە هەیە.

5ـ بەهێزکردنی بنەمای کۆمەڵایەتی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئاسیا، و جەختکردن لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندی مرۆیانە و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی کەلتووری نێوان سەرجەم وڵاتانی پشتین و ڕێگا، و کارکردن بۆ ئەوەی کەلەپوری گەلانی ئەم ڕێگایە بچێتە لیستی کەلەپوری کەلتووری جیهانی یۆنسکۆ. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە بایەخ بە بواری گەشتوگوزار لە ڕێگای ئاوریشم هەیە. هاوکاری بواری گەشتوگوزار پێویستی بە کادیری لێهاتوو هەیە، و بۆ ئەم مەبەستە چین 20 هەزار فرسەتی مەشق پێکردن لەم بوارەدا بۆ وڵاتانی ڕێگای ئاوریشم واڵا دەکات.

لە 28ی ئاداری 2015 چین تێڕوانینی خۆی و شێوازی کاری بنیاتنانی هاوبەشی پشتینەی ئابووری ڕێگای ئاوریشم و ڕێگای دەریایی ئاوریشم بۆ سەدەی بیست و یەکەم ڕاگەیاند. 

لە 25ی دیسەمبەری 2015 دامەزراوەیەکی فرەلایەنی دارایی نوێ کە چین پێشنیازی کردبوو، دامەزرا.

دوابەدوای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین و لە کۆبوونەوەی توێژینەوەی بە کۆمەڵی مەکتەبی سیاسی حزب، ئەمینداری گشتی حزب لە ڕێککەوتی 29ی نیسانی 2016 ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگا" کاردانەوەکی پۆزەتیڤانەی بەهێزی لە دەرەوەی وڵات هەبووە، و هۆکاری ئەمەش بۆ چەند خاڵێک دەگەڕێتەوە، یەکەمیان: ئەم دەستپێشخەرییە لەگەڵ داواکارییەکانی سەردەم و ئارەزووی وڵاتان بۆ گەشەپێدان دەگونجێت، و دووەمیان: ئەم دەستپێشخەرییە ڕەگێکی قوڵ و بناغەیەکی مرۆییانەی هەیە، و سێیەمیان: ئەم دەستپێشخەرییە لەگەڵ داواکارییە پێویستەکانی گەشەپێدانی وڵاتەکەمان، و گەشەپێدانی ناوچە سنورییەکانی چین کە کەمەنەتەوایەتییەکانی تیایدا دەژین دەگونجێت... و لەم هەلومەرجە مێژووییەدا گەشەپێدانی وڵاتی ئێمە بە گەشەپێدانی سەرجەم وڵاتانی ڕێگای ئاوریشم دەبەستێتەوە، و ڕێگای ئاوریشم لە یەک کاتدا دەبێتە ڕێگای بازرگانی و ڕێگای دۆستایەتی گەلان.

بەرەوپێشبردنی بنیاتنانی "پشتین و ڕێگا" پێویستی بە مامەڵەی چاک و گونجاوی نێوان بەرژەوەندی وڵاتمان و بەرژەوەندی وڵاتەکانی دیکەی ئەو ڕێگایە هەیە. لە هەمان کاتدا وا پێویست دەکات پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و بازاڕ و کۆمەڵگا، و پەیوەندی هاوکاری ئابووری و بازرگانی و ئاڵوگۆڕی مرۆیی، و پەیوەندییەکانی نێوان کرانەوە بەرانبەر دەرەوە، و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ئاراستەکردنی ڕای گشتی، و پەیوەندی نێوان ئامانجی نیشتمانی گشتی و ئامانجی ناوچە لۆکاڵییە دیاریکراوەکان، مسۆگەر بکات.

بەرەوپێش بردنی بنیاتنانی "پشتین و ڕێگا" پێویستی بە ڕۆڵی حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاراستە و نەخشەی گشتگیر و هەماهەنگی هەیە. بێگومان میکانیزمی بازاڕ ڕۆڵی خۆی دەبینی، بەڵام گرنگە حکوومەت پڕوپاگەندە و هەماهەنگی و دامەزراندنی میکانیزمی گونجاو ئامادە بکات.

 

  • 1