ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە پایزى 1962 قوتابى ناوەندى بووم، زۆرجار دەچوومە دوکانى (زاهیر)ى برام کە لە شەقامى ئاشتى لە نزیکى چایخانەى قەرداران بوو، لەتەک دوکانى براکەم کۆگایەکى گەورە هەبوو، کەلوپەلى ناوماڵ و خێزانى دەفرۆشت، خاوەنەکەى پیاوێکى باڵا بەرزى لاواز بوو، کورتەک و شەرواڵى مرادخانى دەپۆشى و هەورى (شەدە)ى بەردەوام لەسەرى بوو، ئەوەندە لاواز بوو ڕەنگى ڕووى مەیلەو سپى بوو، چاوەکانى گەش و جوان بوون، هەر کاتێک کڕیار بچوو بوونایە کۆگاکەى، بەڕوویەکى خۆشەوە پێشوازى لێدەکردن، گەلێک بە هێمنى و لەسەرخۆ مامەڵەى لەگەڵ دەکردن، نرخى کەلوپەلەکانى کۆگاکەى دیاریکرابوون و کەم و زۆرى لە نرخەکاندا نەبوو، پاش ماوەیەک زانیم خاوەنى کۆگاکە ناوى (مامۆستا مەلا شەریف)ە. پاشان لە مامۆستا (عەبدولقادر مەلا بەکر و مامۆستا ڕەمزى لەتیف و چەند مامۆستایەکى تر) زانیم کە هاموشۆى دوکانى براکەمیان دەکرد، هەموویان شیوعى و پیاوى پێشکەوتنخواز بوون، کە مامۆستا (مەلا شەریف) یەکەم شیوعى کورد بووە لە سەردەمى هاوڕێ (فەهد) ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و ئەندامى یەکەمین کۆنگرەى حزبى شیوعى عێراق بووە و بەرپرسى لێژنەى لقى کوردستانى حزبى شیوعى بووە، دواى ئەوەى ئەم زانیارییانەم دەربارەى مامۆستا (مەلا شەریف) زانى، لەلاى خۆم گەلێک بەگەورەیى و ڕێزەوە سەیرى مامۆستام دەکرد و خۆشمویست، ئارەزووى زۆرم هەبوو لە نزیک مامۆستا دانیشم بۆ ئەوەى گوێبیستى ئاخاوتن و وتە و قسەکانى بم، بەڵام لەبەرئەوەی ئێواران بەردەوام میوانى هەبوو، جگە لە کڕیار، بۆیە بوارى من نەبوو بچم لە لاى مامۆستا دابنیشم، گەلێک جار لەبەر دەرگاى کۆگاکەى مامۆستا دادەنیشتم بۆ ئەوەى ئەگەر کارێکى هەبێت بۆى جێبەجێ بکەم، مامۆستا هەندێ جار میوانى دەهات، دەمزانى دەیەوێت چاو و ئاوى بۆ بانگ بکات، هەڵدەستام و لەبەرانبەر مامۆستا ڕادەوستام، دەیگوت بە کاک (عوسمان) بڵێ دوو چاو و هەندێ ئاومان بۆ بێنێ، کاک (عوسمان) خاوەنى چایخانەى قەرداران بوو، مامۆستا (مەلا شەریف) وەکو کوڕى خۆى مامەڵەى لەگەڵ دەکرم، بەهیچ جۆرێک بیرى بۆ ئەوە نەدەچوو کە من شیوعى بم، لەبەرئەوەى تەمەنم بچووک بوو، قوتابى ناوەندى بووم، مامۆستا بازاڕى زۆرباش بوو، دۆست و ناسیاو و برادەرى زۆرى هەبوو، بەگشتى کەلوپەلى خۆیان لاى مامۆستا بە قەرز دەکڕى و مانگانە پارەیان دەدایەوە مامۆستا .

ڕۆژگار هات و ڕۆژگار ڕۆیشت، گەلێک لە مامۆستا نزیک بوومەوە و هەندێ جار ئیشى ناو کۆگاکەم بۆ دەکرد، بارودۆخى ژیانى مامۆستا ئاسایى بوو، گیروگرفتى نەبوو، تا ئینقلابەکەى بەعسییەکان لە (8/شوباتى 1963) و کوشت و بڕى بێ سنورى شیوعییەکان و پێشکەوتنخوازان و تێکدانى هەموو دامەزراوەیەک کە نیشانەى ئاشتى و برایەتى و بەرهەمى شۆڕشى (14/تەموزى/1958) بوو، شەڕێکى دژوار و خوێناوییان دژى گەلى کوردمان بەرپا کرد... تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتا و کوردستان و عێراق بوونە زیندانێکى گەورەى تێکۆشەرانى هەموو چین و نەتەوەیەک. بازاڕ وەستا و بازرگانى کزبوو، کڕین و فرۆشتن بەجارێک لاواز بوو، هاموشۆ بۆ کۆگاى مامۆستا نەما یان تاکوتەرا ئەگەر دۆستێکى مامۆستا سەردانى بکردایە، کۆگاکەى مامۆستا چۆڵ بوو، ئەو شتانەى ئەگەر بیفرۆشتایە ڕۆژانە خەرجى دەکرد، کەلوپەلى تازەى بۆ کۆگاکە نەدەهێنا.

هەستم دەکرد مامۆستا مەترسى گرتنى هەبوو، چونکە ژمارەیەک خەڵکى هەولێر (حەرسى قەومى) بوون و ڕۆژانە بەناو شاردا دەسوڕانەوە، بۆیە مامۆستا کە دەهاتە کۆگاکە و دەرگاى دەکردەوە، دەچووە لاى (ئەسعەدى وتووچى) کە دوکانێکى بچووکى وتووکردنى دەستى هەبوو، مامۆستا تا دەگەڕایەوە ماڵەوە لە دوکانەکەى (ئەسعەد) دادەنیشت، منیش لەبەر دەرگاى کۆگاکە دەبووم، ئەگەر کڕیارێک بهاتایە پێداویستییەکى بکڕیبووایە من دەمفرۆشت، ڕۆژى وا هەبوو هیچ شتێک نەدەفرۆشرا، تا دەهات کۆگاکە پەڕپووت دەبوو، تۆز لە سەر کەلوپەلەکان دەنیشت و کڕیار ڕوویان تێنەدەکرد، بارى ئابوورى مامۆستا زۆر خراپ بوو.

بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بوو، تا لە ناکاو لە تەموزى 1963 لەلایەن (حەرسى قەومى)ەوە دەستگیرکرام، ئاگام لە مامۆستا نەما و دواى ماوەیەک لە نەخۆشخانەى (جمهورى) ڕامکرد و لە مامۆستا دوورکەوتمەوە و دابڕام. مامۆستا هەواڵى گرتنەکەمى زانى بوو، گەلێک دڵتەنگ ببوو، داواى کردبوو ئاگادارى خۆم بم و نەچمە بازاڕ و شەقامى ئاشتى. پاش ڕووخانى ڕژێمى بەعسى خوێنڕێژ چوومەوە شەقامى ئاشتى و لاى مامۆستا (مەلا شەریف)، مامۆستا بەدیتنم دڵخۆش بوو، منیش بە دیدارى مامۆستا گەلێک شاد بووم. کۆگاکەى مامۆستا هیچى تێدا نەمابوو، کڕیار ڕووى تێنەدەکرد، بەڵام ژمارەیەکى زۆر دۆست و برادەرى مامۆستا ئێواران سەردانیان دەکرد و هەندێکیان قەردیان دەدایەوە، مامۆستا بارى دارایى زۆر خراپ بوو، هەندێک لە قەردارەکان نەدەهاتن و پارەیان بۆ مامۆستا نەدەهێنا، بۆیە مامۆستا دەیگوت وەرە ئیشێکم هەیە و بۆم بکە و نامەیەک بۆ (.... ئەفەندى) دەنووسم بۆى ببە، کارمەندە لە دائیرەى مەعاریف یان ئیشغال یان دەگوت ئەفەندییە واتە (مامۆستایە) لە قوتابخانەى ..... نامەکەى بۆ ببە، قەردارە، بەڵکو دینارێک دوو دینارمان بداتێ، هیچمان نییە. پاشان مامۆستا دەیگوت ئەگەر (50 فلسیش) بنێرێ هەر باشە و لێیوەربگرە، بەسەرچاو مامۆستا نامەکە بنووسە و دەچم، مامۆستا بە خەتێکى خۆش نامەکەى دەنووسى و منیش بۆ ئەفەندیم دەبرد، ئەفەندى دواى خوێندنەوەى نامەکە دەیگوت بەخێرهاتى، زۆر سڵاو لە مامۆستا (مەلا شەریف) بکە، بڵێ سەرى مانگ دێم، دەمگوت باشە، ئەفەندى شتێکم بدەرێ، ئەگەر 500 فلسیش بێت هەر باشە، ئەفەندى دەیگوت 500 فلس چۆن دەبێ، سەرى مانگ خۆم دێم، مانگانە دەچوومە لاى دوو سێ ئەفەندى، بەڵام هیچ پارەم دەستنەدەکەوت، جارێکییان بە مامۆستام گوت بۆچى سەرى مانگان نامەیان بۆ نەبەم، گوتى ئێستاکە باشترە نامەیان بۆ ببەیت، بۆ ئەوەى ئەفەندى کە ڕاتبى وەرگرت ئێمەى لە بیربێت، تا مامۆستا کۆگاکەى داخست، هەر کاتێک بچووبامە شەقامى ئاشتى و لەبەر دەرگاى کۆگاکەى مامۆستا دادەنیشتم، هەر کارێکى هەبووایە بۆم ئەنجامدەدا، بەتایبەتى هێنانى ئاو و چا لەلاى کاک (عوسمان) خاوەنى چایخانەى قەرداران، مامۆستا پیاوێکى هێمن و لەسەرخۆ بوو، هیچ ڕۆژێک بە توڕەییم نەدیتووە، زمانى تورکى و عەرەبى و فرەنسى و ئینگلیزى دەزانى، هەولێرییە بە تەمەنەکانى شارى هەولێر بە مامۆستایان دەگوت (مەلا عروس) واتە مامۆستا سەر بە ڕووسیایە، هەولێرییەکان لە نێوان خۆیان ئەم ناوەیان بەکار دەبرد، پاشان مامۆستا لە چاپخانەى شارەوانى وەکو فەرمانبەر دامەزراو و دەستبەکار بوو. جێگاى خۆیەتى ئاماژە بەوە بدەم کە لە دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعس هەر جارێک ڕۆژنامەى (تەریق ئەلشەعب)م وەربگرتایە بۆ مامۆستام دەبرد، مامۆستا سەیرێکى ناونیشانى بابەتەکانى دەکرد و پاشان سەروتارەکەى دەخوێندەوە و (تەریق ئەلشەعب)کەى دەدامەوە و هیچ قسەیەکى نەدەکرد. ئێستاکەش کە ناوى مامۆستا (مەلا شەریفى ڕەنگەڕێژانى) لەسەر دوا لاپەڕەى ڕێگاى کوردستان دەبینم، ژیانى پڕ ئێش و ئازار و نەبوونى و تەژى مەینەتى مامۆستام دێتەوە یاد، بەتایبەتى لە ساڵى 1963 و 1964، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستا تا کۆچى دوایى، دیمەنى کاریگەر بوو، بە هیچ شێوەیەک باڵاى بەرزى نەچەمانەوە و هەردەم ڕوو لە ئاسۆ بوو، بڕواى بە سەرکەوتنى گەلەکەى پتەوبوو، دەستپێشخەرییەکەى دەستەى نووسەرانى (ڕێگاى کوردستان) بەدانانى ناوى مامۆستا (مەلا شەریف ڕەنگەڕێژانى) لەسەر لاپەڕەى (ڕێگاى کوردستان) جێگاى ڕێز و دەستخۆشییە، ڕۆحت شادبێت مامۆستاى ناودار و پایەبەرز.

  • 1