ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەند ساڵێکە، کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لە سوێد، ئەم خەڵاتە دەبەخشێتە نەناسراوترین و پەراوێزترین نووسەرانی دنیا، کە هەندێکییان خۆیان دەڵێن لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوویانە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە. واتە هیچ کاتێک بیریان لەوە نەکردۆتەوە، بۆ ئەو خەڵاتە کاندید بکرێن، چونکە دەزانن نووسینەکانیان لەو ئاستەدا نییە. تەنانەت زۆرجار کاتێ ئەو بەرهەمانە بە زمانی کوردی دەخوێنینەوە، سەیرمان پێ دێت کە ئەو جۆرە نووسینە سادە و بێ ناوەڕۆکانە، ببنە براوەی ئەو خەڵاتە. ئەمساڵیش نۆبڵی ئەدەب، بەخشرایە نووسەری نەمسایی (پیتەر هاندکێ) کە وەک باس دەکرێت یەکێکە لە ڕاسیزمترین و شۆفێنیترین نووسەر. ئەمە وێڕای ئەوەی هاوڕێیەکی نزیکی سلۆڤۆدان میلۆسۆفیجی تاوانباری جەنگ و سەرکردەی سوپای سڕبی کۆمەڵکوژ بووە لەجەنگی بەلقان لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا. کە هەزاران موسڵمانی تێدا بوونە قوربانی. بێگومان لە ژیاندا بە ئەدەب و هونەریشەوە، هیچ شتێک بە بەهاتر نییە لە مرۆڤ. مرۆڤ گەورەترین سەرمایەی مینۆکی سەر ئەو زەویەیە. هەموو فەلسەفە و ئایدیا و ئاین و شۆڕشەکان، بۆ مرۆڤ و لە پێناو مرۆڤیش بووینە. ئەدەب وەک بەشێک لە نووسین، ڕەنگدانەوەی هزر و تێڕوانینی نووسەرە. هەڵگری پەیامێکە، کە مرۆڤ فێری جوانی و لێبوردەیی و ژیاندۆستی دەکات. ئەدەب تا ئەو ئەندازەیە مرۆڤ مرۆڤدۆست دەکات، کە دەبێتە بوونەوەرێکی دیکە. ئەدەب ئەو دەلاقەیە، کە وامان لێ دەکات بە شێوەیەکی دیکە دنیاببینین. نووسەران، دەبێ لە کەسانی دیکەی ئاسایی جیابن. ئەگەر نووسەرێک پشتگیری کۆمەڵکوژییەکی کرد، یاخود ڕەوایەتی دا بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤ کە خۆشی بەر لەوەی نووسەر بێت مرۆڤە، ئیدی نازانم چۆن شایستەی ئەوەیە بەهادارترین خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەدەبی پێ ببەخشرێت؟ مەگەر نووسینیش بۆ مرۆڤ و لە پێناو مرۆڤایەتی نییە؟ کەسانێک ئەگەر لەگەڵ سڕینەوەی ژیانی کەسێکی تر بن بە هەر پاساوێک و ڕەوایەتی بە ڕشتنی خوێنی مرۆڤ بدەن، چۆن دەتوانن لەڕێی نووسینەکانیانەوە ژیان جوانتر و مرۆڤ پیرۆزتر بکەن؟. لە مێژووی ئەو خەڵاتەدا، زۆرجار کەسانێک بوێردراون کە شایستەی خەڵاتەکە بووینە، بە پێچەوانەوەش بە کەسانێک دراوە، کە شایستە نەبوونە. مەگەر چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان (ئۆرهان پامۆک) و (یەشار کەمال) جگە لە تورکیبوون؟ ئێستا لە هەموو کات زیاتر، شوناس و ناوی کۆمیتەی خەڵاتی نۆبڵ لەژێر گومان و پرسیاردایە. تەنانەت ساڵی ڕابردووش ئەو خەڵاتە بە کەس نەدرا. لەبەر ئەو لادانە ڕەوشتی و کۆمەڵایەتییەی بەشێک لە ئەندامەکانی کۆمیتەی ئەو خەڵاتە هەیانبوو. دوو ساڵیش لەمەوبەر، هەمان ئەو خەڵاتە بە گیتارژەنێک بەخشرا. بەڵام دەبێ هەموومان بزانین، بەهای هیچ نووسین و دەقێک لە خەڵاتدا نییە. کەم نین ئەوانەی خەڵاتی یەکەمی دەقێک دەبەنەوە، کەچی دواتر هیچیان پێ نامێنێ بۆ گوتن و دەچنە پەراوێزی مێژوو، ناویان دەسڕێتەوە. نووسین پەیامێکە لە خزمەت مرۆڤ و مرۆڤایەتی، هیچ شتێک نییە گەورەتر بێت لە مرۆڤ مەگەر خاک و نیشتمان. بۆیە ئەوانەی خوێنی مرۆڤیان بەلاوە بێ بەهایە، یاخود لەگەڵ جینۆسایدکردن و کوشتنی خەڵکی تردان، نەک هەر نابێ خەڵاتیان پێ بدرێت، بەڵکو دەبێ بکەونە زبڵدانی مێژوو. گاندی کە هێمای ئاشتەواییە، ئەو خەڵاتەی پێ نەدراوە، مەگەر کەس هێندەی ئەو لە دنیادا لە خەمی لێبوردەیی و ئاشتەوایی دابووە؟ ئاخۆ مرۆڤایەتی دەتوانێت ماندێلا و گاندی و گیڤارا لە بیربکات؟ وەلێ کێ ئەوانەی بەبیرماوە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەو خەڵاتەیان پێدراوە؟ هەر بۆیە پێدانی نۆبڵی ئەدەب بە هاوڕێیەکی سلۆڤۆدان میلۆسۆڤێج کە هاوشێوەی سەدام هێمای کوشتن و خوێنە و تاوانباری نێودەوڵەتی جەنگە، خۆی لە خۆیدا بێ بەهاکردنی ئەدەبە. کە جگە لە جوانی و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی، شوێنی هیچی تری تێدا نابێتەوە.

 

  • 1