ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

(۱)

لەنێو هەموو ئەو ئازارانەشی کە هەیەتی ،بەڵام هێشتا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕۆحی ژیانکردن و هیوای بۆ ئایندە هەیە،هێشتا باوەشکردن بە بۆنە کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئاینی و مرۆییەکاندا لەگەشەکردندایە.تۆ تەماشای بۆنەکان بکە ئەوەی سەری ساڵی زاینی،ئەوەی سەری ساڵی کۆچی،لەسەرووی هەردووکیانیشەوە ئەوەی نەورۆزی سەری ساڵی کوردی دەبنە ڕۆژی خۆشی وشادی خەڵک.ئەو خەڵکەی کە لەوەتەی هەیە خۆی خۆشییەکانی خۆی دروست دەکات.سەرباری ئەو ناخۆشی وبەربەستانەی کە دەسەڵات و پێکهاتەکانی دروستی دەکەن بەدرێژایی مێژووی دەسەڵاتیان.یان ئەو گومان و تۆمەتە ئامادە بێ لێکدانەوانەی کە هەندێک گروپ بۆ ئەم بۆنەو ئەوی دی درووستی دەکەن،ئیسلامییە حزبییەکان بۆ سەری ساڵی زاینی و کوردی،هەندێک گرووپی عەلمانی بۆ سەری ساڵی کۆچی و کوردی و،هەندێکی دیکەش پەیدابوون دژ بە برۆکەی خۆشی هەموو ئەو بۆنانە!

(۲)

ئێستا دەسەڵات لە وڵاتی ئێمەدا لە بواری گەشتوگوزار بازرگانی دەکات،لەلایەک وەک هەر بازرگانێک بۆ قازانجی پارە لەولاشەوە بۆ دەستکەوتی سیاسی لەسەر ئاستی ناوچەکە،لەسەر ئاستی ململانێی ناوخۆش بۆ ململانێی حزبی و پارێزگا!

ئەو خەونەی دەسەڵاتی ئێمە دیارە کەشێکی لەباریشی هەیە،رەوشی خراپی عێراق و هەڵاتن لە دەسەڵاتی تایفی،هەبوونی هەزران ئاوارەی عێراق،هەزاران پەنابەری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان،لەتەک ئەوەش دەرفەتێکی لەباریشە بۆ خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ئازادییە سنووردارە کۆمەڵایەتییەی کە لە هەرێمدا هەیە!هەموو ئەوانە وادەکات کە هەر بۆنەیەکی شتی گەورەتر و قەرەباڵەغ تربکات.وەبەرهێنانی حکوومەتیش لەو بوارەدا کارەکە گەورەتر دەکات،داهاتەکەی زیاتر دەکات،لەڕووی سیاسیشەوە ئیدی لە ئاستی دەرەکی سلێمانی دەخاتە خانەی لەندەن و هەولێریش نیویۆرکە!

شادوومانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەو بۆنانە،شادوومانییەک نیە دەسەڵات بکەری بێت.دەسەڵات دەتوانێت ڕۆڵی گەورە لە شادوومانی هاوڵاتیانی درووست بکات لەڕێگەی،دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی(ئاو،کارەبا،ڕێگەوبان و...تد)کە هیچیان وەک پێویست نین لە لای ئێمە.دەتوانێت شادوومانی هاوڵاتیانی وەدی بهێنێت لەڕێگەی خزمەتگواری تەندروستی باش،خوێندنی سەردەم کە هەردووکیان لەئاستێکی خراپدان.دەتوانی بەشداربێت لە شادوومانی هاوڵاتیانی لەڕێگەی دانانی لانی کەمی مووچەی شایستە،ڕەخساندنی هەلی کار،کە هیچیان ناکات.دەتوانێ بەشداربێ لە ڕێگەی نەهێشتنی نەخوێندواری،نەهێشتنی ڕۆتینی فەرمانگەکان،سەروەرکردنی یاسا،دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان،بەڵام هیچیان ناکات!

ئیدی بەچی و چۆن دەسەڵات بەشدارە لە شادوومانی هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان؟ئەوەی لەبۆنەکان دەسەڵات و کارخانە میدیاییە زەبەلاحەکانی دەیکەن بەشێکە لە بازرگانی گەشتوگوزاریی و سیاسی نەک سیاسەتیک بۆ بەڕێوەبردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

  • 1