ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە تێڕوانینی یەکەمدا؛ کوشتنی قاسم سلێمانی ڕووداوێك نەبوو کە بەڕوونی لە لایەن چاودێرانی سیاسی جیهانی و لۆکەڵ پێشبینی کراو بووبێت، تەنانەت لەوەدەچێ خودی قاسم سلێمانی سەرەڕای ئەوەی لەلایەن هەودارانی بە "شەهیدە زیندووەکە" ناوی دەرکردبوو چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد لەم ئان و ساتەدا پەلاماری بدرێت، چونکە بە پێچەوانەی جم وجۆڵی ساڵانی رابردووی ئەم سەفەرەی ئەخیری ئەو "ڕیسك" و درزی ئەمنی قوڵی تێدابووە، لەوانە سەفەرکردنی بە فڕۆکەیەکی مەدەنی کە زانیاریەکانی هەموو کەشف بوو بۆ سیستەمی فڕۆکەوانی ناوچەکەو و سوریا و عێراق.

لە ١٠ ساڵی ڕابردوو ئێران و ئەمریکا جۆرە ڕێکەوتنێکی نەنوسراویان لە نێوان هەبوو لە بەڕێوەبردنی شانۆی سیاسی عێراق و سوریا، ڕێکەوتنێك کە زیاتر فەرزکردنی ئەمری واقیع و بووە، بە جۆرێك کە سەرەڕای گەرم بوونی بەرامبەرکێ ی هەردوو وولات لەهەندێ مەیداندا بەڵام بەشێك لە مەیدانەکان بەساردی دەمانەوە، یان وەك بڵێ ی تەئجیل کرابوون بۆ ئایندە.

دۆنالد ترامپ، لەبەرامبەر ئێراندا پێویستی بەوە بووە بە ماوەی جیاجیا توندڕەوی و هێرش بنوێنێت، هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی و زیاد کردنی گەمارۆ ئابوریەکان زنجیرەیەك ئیجرائاتی توندوهێرش بەرانەبوون بەرامبەر ئێران، وەڵامی ئێران لە زنجیرەیەك کردەوەدا توند بوون؛ چەشنی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ئەمریکا لە کەنداو، دروست کردنی مەترسی و هەڕەشە لەسەر جموجۆڵی کەشتیەکانی گواستنەوە لە کەنداو، دواتریش هێرش کردنە سەر پاڵاوگەی نەوت لە سعودیە، دوا هەنگاویش هێرش کردنە سەر سەفارەتی ئەمریکا لە عێراق ئەم زنجیرە ڕووداوانە ئەگەر بەیەك ببەسترێتەوە هێلکاری گەرم بوونی هەنگاو بە هەنگاوی بەرامبەرکێیەکە لەبەرچاومان دروست دەبێت بێ ئەوەی ئەمریکا یان ئێران ناوی لێنابێت جەنگ یان نزیك بوونەوەی لە جەنگ، هەر لەبەر ئەم کەشە بووە کە کوشتنی سلێمانی وەکو 'گریمانە" هەبووە بەڵام بۆ بەشێکی زۆر لە دەسەڵات بەدەستانی هەردوو ووڵاتیش گریمانەیەك بووە هێشتا سرەی نەهاتبوو، چونکە بریارەکەی ترامپ بازی داوە بەچەند پڕۆتۆکۆلێکی ئەمنی و ئیداری، واتا بڕیارێك بوو جۆرێك لە کتوپڕی و سرە بڕینی تیا هەبووە.

ئێران وەڵامێکی توند و سەرتاسەر بداتەوە وەکو " تۆڵە" یان وەڵام نەداتەوە لە هەردوو باردا بە زیانی گەورەی ئەو تەواو دەبێت ! ڕەنگە ئێران بتوانێ لە دووئاستدا مامەڵە لەگەڵ کوشتنی سلێمانی بکا، یەکێکیان دان بەخۆیدا بگرێت و سوود لە کات ببینێت بۆ گونجاو بوونی بارودۆخێك کە بتوانێت هێرشێك ئەنجام بدات بێ ئەوەی ئەم هێرشە زیانێک یان بوعدێکی سەربازی یان ستراتیژی هەبێت بۆ ئەمریکاو زیاتر " تۆڵەیەکی " ڕەمزی سیمبولیك بێت بتوانێ ڕوشانی هەژموونی خۆی پێ تیمار بکات. دووەمیان قۆستنەوەی ئەم ڕووداوە بێت، چەشنی وەبەرهێنان و کارکردن لەسەر ئەو ترسە ئیقلیمی و جیهانیەی کە لە ئەنجامەکانی کوشتنی سلێمانی هەیە کە ببێتە جەنگێکی تر لە ناوچەکە، ڕەنگە ئێران ئاراستەی ئەو ترسە بە ئاقاری وتوێژی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ببات لە گەڵ ئەمریکا بە ئاسانکاری ئەوروپا، هەردوو ئەم ئەگەرەش لە ژێر ڕەحمی ڕوونەدانی ڕووداوێکیتری "چاوەڕوان نەکراو" دایە !

  • 1