ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ

دواجار بەرپرسێکی گەورە و کاریگەری سیاسی، سەربازی و ھەواڵگری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە کوژرا، بەرپرسێک کە بەرپرس بوو لە پەرەپێدانی باڵادەستی و ھەژموونی ئێران لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی ناڤیندا.

ئێران بە لەدەستدانی قاسم سولەیمانی ناڕووخێت، بەڵام دەکرێ کاریگەری لەسەر ئەو ھەژموونگەرییەی ئێران ھەبێت کە پێشتر لە ناوچەکەدا ھەیبووە.

بێگومان لەناوبردنی سولەیمانیش بە مانای سەرکەوتنی یەکجارەکی ئەمریکا نییە بەسەر ئێران دا، بەڵام بەشێوەیەک لەشێوەکان، ئەمریکا داشێکی کاریگەر و حیساب بۆ کراوی ئێرانی لە ناوچەکەدا لەناوبردووە.

بەرپرسانی ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکەنەوە، گوایە ئەو تۆڵەیەش لەئاست گەورەیی قاسم سولەیمانی دادەبێت، بەڵام ھێشتا ڕوون نییە میکانیزمی ئەو تۆڵە کردنەوەیە چۆن دەبێت.

ئایا ئەو تۆڵەکردنەوەیە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە جێبەجێ دەکرێ یان ئێران پلانەکەی دادەڕێژێ و لەلایەن گرووپ و ڕێکخراوە جیھادی و چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت؟

کۆمەڵێک فاکتەر لەو نێوەدا ڕۆڵ دەگێڕن کە ئێران نەتوانێ ڕاستەوخۆ بچێتە شەڕێکی دژ بە ئەمریکاوە کە بەزیانی خۆی دەشکێتەوە.

لەلایەک دۆست و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا زیاترن لە دۆست و ھاوپەیمانەکانی ئێران.

لەلایەکیش توانا سەربازی، ھەواڵگری، ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا و ئێران چونیەک نییە، ئێران خۆیشی ئەو ڕاستییە دەزانێت، بۆیە بەرپرسانی ئێران خۆیان لەھەر ئەگەرێکی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەپارێزن.

ھەربۆیە، ئەمن پێم وایە، ئێران ئەگەر ناچار بێت پەرچەکردارێک لەبەرانبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی بگرێتەبەر، بەکارھێنانی گرووپ و ھێزە چەکدارەکانی نزیک لەخۆیەتی لە وڵاتانی ناوچەکەدا. بۆ نموونە: حزبوڵای لوبنانی، حەشدی شەعبی لە عێراق، حوسییەکانی یەمەن، بزووتنەوە چەکدارییەکانی فەڵەستین و سوریا و ...هتد.

لە باشترین حاڵەتیشدا، دەکرێ پەرچەکردارەکان خۆی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری لە عێراق و گەمارۆدانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق بگرێتەوە، یان پەلاماردانی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا بێت لە عێراق و تەنانەت لە کوردستانیش و یان ھەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە کە بنکە و بارەگای سەربازی ئەمریکای لێ بێت.

ھەندێک زانیاری ھەواڵگری لە میدیاکانەوە دزەی کردووە کە ئەگەری پەلاماردانی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاوە گەرمەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەگەرێکی بەھێز بێت، یان بە ئامانجگرتنی ئیسڕائیل یەکێک لە بژاردەکان بێت، بەڵام ھەموو ئەمانە تەنیا لەچوارچێوەی ئەگەردا دەخوێندرێنەوە و ھێشتا ڕوون نییە دژە کردەوەکانی ئێران چۆن دەبێت.

بە بۆچوونی من، ئەگەر ئێران چ ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ھەنگاوی پڕاکتیکی لەدژی ئەمریکا بگرێتەبەر، بێگومان لەوەھا دۆخێکدا گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ڕوویەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێ و لە شەڕی بە "وەکالەت"ەوە دەبێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، ئەمەش بە زیانی ئێرانە و ئەمریکاش سودەکانی دەچنێتەوە.

خۆ ئەگەریش ئێران سیاسەتی بێدەنگی ھەڵبژێرێ و ھەڕەشەکانی لە قسەوە نەکاتە کردار، بێگومان ئەوەش سەرەتای داڕمان و لەبەریەک ھەڵوەشانەوەی سیاسەتە ھەژموونگەراکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا، ھەمان سیاسەتی ھەژموونگەرایی کە چەندین ساڵە ئێران کاری لەسەر دەکات و بە ملیارەھا دۆلاریشی لەو پێناوە خەرج کردووە و "قاسم سولەیمانی"ش سەرقافڵەی ئەو پلان و سیاسەتانە بووە.

ئەوەی ئەمن لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە دەیبینم، ئەوەیە کە ئێران لەدوای ساڵی ١٩٧٩وە، ھەرگیز ھێندەی بە ئەندازەی کوشتنی قاسم سولەیمانی تووشی شۆک نەبووە، چونکە پێی وابووە وڵاتێکی تەواو تۆکمە و دامەزاراوەیە لەڕووی ھەواڵگری و سەربازییەوە، بەڵام کوشتنی قاسم ئەو بیرکردنەوەیەی ئێرانی گۆڕی، بۆیشی دەرکەوت کە نیزامی ئێستای ئێران کون و کەلەبەری زۆر لە جەستەیدا ھەیە، ئێران ئەو وڵاتە نییە بتوانێ بەربەرەکانی سیاسەتە عەسکەرتاری و پاوانخوازییەکانی ئەمریکا بکات، بۆیشی ڕوون بۆتەوە لە داھاتوودا ناتوانێ بەپێی حەز و ئارەزووی خۆی بەرپەرچی ئەمریکا بداتەوە.

کوشتنی قاسم سولەیمانی دوو پەیامی گرنگی بۆ ئێران ھەبوو:

یەکەم: توانای سەربازی و ھەواڵگری ئەمریکا

دووەم: لاوازی ئێران لە سیاسەتی خۆپارێزی و بواری ھەواڵگری و توانا سەربازییەکانی ئەمریکا.

بێگومان ئێرانیش پێم وایە کەمێک "عاقڵانە" مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات، ھەروەها ئەمریکاش وڵاتێکی گەورەیە و دەزانێ چی کردووە و چۆنیش بەرگری لەخۆی دەکات.