ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵانە لێژنەی مەحەلی هەولێری حزبمان، لەسەرەتای مانگی ئەیلوول هەموو ساڵێک لە ڕێگای کارتی چاپکراوەوە تەواوی ڕێکخراوەکانی بەشێوەیەکی فراوان لە شار و دێهاتەکان پیتاکییان لە دۆست و لایەنگرانی حزب کۆدەکردەوە، لەلادێیەکان بەزۆری گەنم و جۆیان لە جووتیارەکان وەکو یارمەتی ساڵانە وەردەگرت، ئێمەش لە لێژنەی شاری هەولێر لە مانگی ئەیلوولی 1969 کۆبووینەوە، ئەو کاتە هاوڕێ (مەلا بەکر) سکرتێری لێژنەی شاری هەولێر بوو، ئەندامەکانیش هاوڕێیان (محەمەد شێروانی و جەبار حەسەن و محەمەد ڕواندزی و مامۆستا عەباس و بەندە) بوون، لەم کۆبوونەوەیەدا باسی چۆنیەتی هەڵسان بە دابەشکردنی کارەکانی کۆکردنەوەی پیتاک و گەیاندنی زۆرترین کارتی پیتاک بە دۆست و لایەنگرانی حزب، دووپاتی ئەوە کرایەوە کە دەبێت هەموو هاوڕێیان لە ڕێکخستنەکانی لێژنەی شار بەبێ دواکەوتن بەشداربن، ئەرکی سەرەکیش دەکەوێتە ئەستۆی ئەندامانی لێژنەی شار، دەبێت ئامانجمان سەرخستنی ئەرکەکە بێت و زۆرترین کارت دەبێت لە لایەن ئەندامانی لێژنەی شارەوە دابەش بکرێت. هەر هاوڕێیەک بەشەکانی بۆ لێژنە و شانەکانی کە بەرپرسیان بوو لەگەڵ بەشی تایبەت بەخودی خۆی وەرگرت. منیش وەکو هاوڕێیان بەشە کارتم وەرگرت و بەخێرایی و بەبێ دواکەوتن بەسەر هاوڕێیانی لێژنەی بنکەیی و (اللجنە القاعدیە) و شانەکاندا دابەشم کرد. خۆشم ئەوکاتە قوتابی نەبووم و خوێندنم تەواو کردبوو، بێ کاری تایبەت بووم، هەموو کاتم بۆ کاری حزبی بوو. ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر و کەسایەتی شاری هەولێرم دەستنیشان کردن و بڕیارمدا یەکە یەکە سەردانیان بکەم و کارتی کۆکردنەوەی پیتاکیان بۆ ببەم. ڕۆژێک بۆ قوتابخانەی ئامادەیی هەولێر چووم، کە ئێستاکە کراوەتە شوێنی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، تازە دەوامی قوتابخانەکان دەستی پێکردبوو، مەبەستم بوو بۆ لای مامۆستای کۆچکردوو (جەلیل عەبدوڵا) بچم. کاتێک چوومە ناو قوتابخانە کاتی دەرس خوێندن بوو، واتە قوتابییەکان لەناو پۆلەکان بوون، لە بەڕێوەبەری قوتابخانەم پرسی مامۆستا (جەلیل عەبدوڵا) ئەمڕۆ هاتۆتە دەوام. جەنابی بەڕێوەبەر بەبێ ئەوەی سەیرم بکات، گوتی لە دەرسە لە پۆلی شەشەمی ئەلف، منیش بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی تەواوبوونی دەرسەکە بکەم، چوومە پۆلەکە و لە دەرگام دا، مامۆستا (جەلیل عەبدوڵا) دەرگاکەی کردەوە، گوتی فەرموو چیت دەوێت؟ منیش کارتەکەم پێدا و خوێندیەوە و گوتی زۆرباشە سەری مانگ وەرە و پارەکە ئامادە دەکەم، کارتەکە بە سێ دینار بوو. ئەوەندەی پێنەچوو زەنگی کۆتایی دەرس لێدرا و دەوام تەواو بوو، بەڵام من مەبەستم بوو بچمە لای مامۆستا (کەمال غەمبار) کە مامۆستای قوتابخانەکە بوو، چوومە بەر دەرگای دەرەوەی قوتابخانە و چاوەڕوانی مامۆستام کرد، بەڕێزییان هات و بەرەو چایخانەی بایز رۆیشت، منیش چوومە تەکییەوە و ڕۆژباشم لێکرد، بەوردی سەیری سەروگێلاکی کردم، گوتی فەرموون، منیش هەر لە ڕۆیشتن کارتێکی دوو دیناریم دایە دەستی، خوێندیەوە، دیسان سەرنجی لێگرتم، گوتی ئەوە کێ ئەم کارتەی بۆ من ناردووە؟ گوتم حزب، گوتی دەزانم کارتەکە هی حزبە، بەڵام کام هاوڕێ ناردوویەتی؟ گوتم ئەوە من بۆتم هێناوە و حزب ڕەوانەی کردووە...! من تێگەیشتم کە مامۆستا دەیەوێت ناوی هاوڕێیەکی ناسراوی پێبڵێم، بەڵام منیش تووشی لاملی بووم و ناوی کەسم پێنەگوت..! ئەویش گوتی تەبەروع نادەم، منیش گوتم کارتەکەم بدەوە و تۆ کەیفی خۆتە بیدەی یان نەیدەیت... مامۆستاش خۆی ڕزگار کرد، هەر ئەو کاتە لە نزیک چایخانەی بایز سواری پاسی (ئامانە)ی گەڕەکی ئازادی بووم و لە نزیک یاریگای هەولێر دابەزیم و چوومە ماڵی مامۆستا (دلشاد شێخ حوسێن) کە ماڵییان لە بەرانبەر یارگای هەولێر بوو، لە دەرگامدا و مامۆستا (دلشاد) خۆی دەرگای کردەوە، دوای هەواڵپرسین کارتەکەم پێدا، نرخەکەی پێنج دینار بوو، مامۆستا گوتی بەسەرچاو، سەری مانگ وەرە داوایەکەتان جێبەجێ دەبێ، دڵشێری برای مامۆستا دلشاد شیوعی بوو، لە یەکێتی گشتی قوتابیانیش کادیرێکی ئازا و دیار بوو. 

لە هەولێر مامۆستایەکی عەرەب بەناوی (عەبدولڕەحمان ئەلتباغ) هەبوو، مامۆستای وەرزش بوو لە قوتابخانەی ناوەندی چیمەن، بە شیوعی ناسراو بوو، ئێوارەیەک بۆ قوتابخانەی چیمەن و بۆ لای مامۆستا لە ژوورەکەی خۆی چووم. دانیشتم، بە عەرەبی قسەمان دەکرد، هەندێ باسی وەرزشم لەگەڵدا کرد، پاشان هاتینە سەرباسی سیاسی ئەوکات و سەردەم، دوای ئەوە گوتم من شیوعیم و ئەم کارتەی (تەبەروع)م بۆت هێناوە، کارتەکەی خوێندەوە و سەیرێکی کردم و پێکەنی، گوتی من زۆر ڕێزم بۆ تۆ هەیە، کە بەم لاوێتییەت ئەم کارە پیرۆزە ئەنجامدەدەی، هیوادارم سەرکەوتوو بیت، لە دڵەوە ئارەزوو دەکەم یارمەتیت بدەم، بەڵام لەبەرئەوەی من لەلایەکەی تری حزبم، واتە لە (قیادەی مەرکەزیم) بۆیە داوای لێبوردنت لێدەکەم، بەڵام بەردەوامبە و هەمووکات لەوە دڵنیابە سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە، یەکجار زۆر شاد و دڵخۆش بووم و خۆم بە کەسایەتییەکی گرنگ هاتە بەرچاو، بەردەوام بووم لە دابەشکردنی کارتی پیتاک کۆکردنەوە، بەبێ ڕاوەستان بەناو شاری هەولێردا دەسوڕامەوە، ڕۆژێکیان بۆ نەخۆشخانەی سینگ کە دەکەوێتە تەنیشت مانگی سوور لە سێتاقان بۆ لای مامۆستای ناودار و شاعیری ناسراوی گەلەکەمان بەڕێز (مەدحەت بێخەو) چووم، کە فەرمانبەری نەخۆشخانەکە بوو. لە ژوورەکەی لەسەر کورسییەک دانیشتم و مامۆستا بەڕێزەوە بەخێرهاتنی لێکردم، خۆم پێناساند و گوتم من شیوعیم و ئەم کارتەی حزبم بۆ بەڕێزتان هێناوە، کارتەکەی خوێندەوە، گوتی بەخێر بێیت بە سەرچاوم، بەڵام پێش تۆ کارتێکیان بۆ هێناوم و یارمەتیم داوە، گوتم کام هاوڕێ ئەم کارتەی بۆتان هێناوە؟ گوتی هاوڕێ مهندیس (جەلال خۆشناو). مامۆستا (جەلال خۆشناو) مهەندس بوو، ماڵی لە شۆڕش بوو، منداڵەکانی لە یەکێتی گشتی قوتابیان ئەندام بوون.

مامۆستا (مەدحەت بێخەو) فەرمووی ئەگەر پێویستە یارمەتی تر بدەم کارتەکە بەجێبێڵە و یارمەتییەکە دەدەم، گوتم زۆر سوپاس مامۆستا، دەستت خۆش و تەمەنتان درێژبێت... یارمەتیم لە کەسانی وا وەرگرتووە کە ڕۆژانەکەی 500 فلس بووە، 250 فلسی داوەتە حزب، هاوڕێیانمان لە ڕێکخستنەکانی ناو شاری هەولێر لە جەژن و یادەکانی وەکو نەورۆز و یەکی ئایار و یادی دامەزراندنی حزب بڕیاریان دەدا هەر لێژنە و شانەکانی گەڕەکەکان هەڵسن بە یارمەتی کۆکردنەوە، وەکو گۆشت و برنج و ڕوون لە قەسابەکان و بەقالەکان و مەلەکانی دۆستی حزب کە لە ڕووی داراییەوە هەبوو بوون، پاشان بەسەرماڵی هاوڕێیانی گیراوی سیاسی و پێشمەرگەکاندا دابەش دەکرا. ئەو سەردەمە دۆستان و لایەنگرانی حزب بەردەوام لە هەموو ڕوویەکەوە پشت و پەنای حزب بوون، لە پێناوی بەردەوامی و گەشەکردندا .

ڕۆحیان شادبێت ئەوانەی کۆچییان کردووە، تەندروستی چاک بۆ ئەو هاوڕێ و دۆستانەی لە ژیان ماون.