ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ماوەیەکی درێژە باس لەچاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکرێت، باس لە بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی کە پێشتر باس لە ئابووری سەربەخۆ دەکرا.

هەنگاوەکانی چاکسازی و بەهێزکردنی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا بەپرۆژە یاسایەکی پڕ لەکێشە ناکرێت، هەرچەندە ئەگەر زۆرینەی پەرلەمانیش وەربگرێت، چونکە بنەمای چاکسازی جیاوازە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەردووکیشیان جیاوازن لە گەشەپێدان و بەهێزکردنی ئابووری.

یاسای چاکسازی تێکەڵکردنی کارتەکانە، نەک هەوڵدان بۆ هێنانەدی چاکسازی دروست و زانستی، چونکە تەنیا بە کەمکردنەوی خەرجی و هەندێک شێوە کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵە ئابووری بەهێز نابێت، ئەگەر پێداچوونەوە بەکۆی سیاسەتەکانی ئابووری پەیڕەوکراو نەکرێت، چونکە ئەو سیاسەتە ئابوورییانەی لەساڵانی ڕابردوو پەیڕەوکراون، ئەگەر هەمووشی نەبێت بەڵام زۆرینەی شکستی هێناوە، توانای خۆ لەسەرپێ ڕاگرتنی نییە، توانایەک نابەخشێتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی پلانی درێژخایەن جێبەجێ بکات و ئەنجامی دوای چەند ساڵی هەبێت، هەروەها بڕوا لای هاووڵاتییان دروست ناکات، تاوەکو (متمانە) بە هەنگاوە پەیڕەکراوەکان بکەن. 

(جۆن پێرکنز) لەکتێبی (کاولکردنی-تیرۆر_ی ئابووری نەتەوەکان)دا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن "ویلایەتە یەکگرتووەکان -چەتەکانی ئابووری- بەسەر وڵاتانی جیهانی تازە گەشەسەندوو هەروەها ئەوانەی بە جیهانی سێیەم دەناسرێن دەسەپێنێت و وایان لێدەکات لەفەلەکی ئەودا پاشکۆبن، لەبازنەیەکی بەتاڵدا بسوڕێنەوە و قەت لێی دەرنەچن، بەشێوەیەک ڕێژەی بێکاری و برسێتی و قەرزیان هەرزیاد بکات و سامانیان بەتاڵان دەبات، ئەم گەلانە لەپشتی شورەیەکیدا کە پڕە لە پێویستی و دەستپانکردنەوە و دواکەوتوویی و ململانێی و تیرۆرکردن کە کۆمپانیا ئەمریکایی و فرەرەگەزەکان دروستیان کردووە و هەرگیز ناتوانن لێی دەربازببن "کە هەرێمی کوردستانیش دواکەوتووی ئابووری سەرمایەدارە دواکەوتووەکانی وڵاتانی هەرێمایەتی و دواتر هەموویان بۆ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی-سەرمایەداری جیهانیین.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوو زۆر خشت بە چەوتی لەبناغەی سەرجەم سێکتەرەکانی حکوومەتایەتی دانراون، ڕاستکردنەوەییان پێویستی بەگەڕانەوەیە بۆ حکوومەتی دامەزراوەیی و گەڕان بەدوای چارەسەری درێژخایەن کە ببێتە هۆی هێنانەدی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن بۆ هاووڵاتییان و کارئاسانی بۆ حکوومەت و دامەزراوەکانی بکات تاوەکو بتوانێت ئامانجەکانی بهێنێتە دی.

چاکسازی پەیوەندی بە بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە نییە، چونکە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان حزبایەتی و تەزکیە و خزمایەتی و عەشیرەتگەری بۆتە مۆتەکەی چەوتییەکان (سیستمەکە هەمووی چەوتە)، کە ئەوە وای کردووە هەتا حزبەکانی دەسەڵاتیش ناتوانن ماوەیەکی درێژتر بەم جۆرە حوکمڕانییە بەردەوام بن، ئۆپۆزسیۆنیش ناتوانێت ڕای زۆرینە دروست بکات، چونکە دەسەڵات بەپرۆژە شکلییەکان سەرقاڵی کردوون، بۆنموونە هەموو موزایەدە دەکات لەسەر ئەوەی لە پرۆژەی چاکسازییدا لانی کەمی مووچە پێویستە (500) هەزار بێت، لەبیریان دەچێت، ئەوە بۆ ئەوانەی کە فەرمانبەرن، باشە لەخۆیان ناپرسن ئەدی ئەو هەزاران گەنجەی لەزانکۆ و پەیمانگاکان دەردەچن و بێکارن یان کاری لاوەکیی دەکەن بەدوور لەئیختساس و توانای خۆیان، چ بازاڕێکی کار دەتوانێت لەخۆی بگرێت؟ باشە لەخۆیان ناپرسن کە سەرمایەداری مشەخۆری کوردستان ڕۆژانە بە ملیۆنان دۆلار لە کاڵای ئیستهلاکی هاوردە خەرج دەکات بێ ئەوەی ژێرخانی ئابووری ڕەچاو بکرێت و دەستی کاری ناوخۆ کار پێبکات؟ زۆر کەس لەسەر ئەم باسە لە من زیاتر زانیاریان هەیە، بەڵام خۆیان لەناو گێژاوی دەسەڵات و ڕاوێژ و سەرقاڵکردن و کڵاوی خۆت بگرە (با) نەیبا، لەوشوێنەی کە پێویستە قسە بکەن، بێ دەنگی لێدەکەن.

وەکوو (جۆن پێرکنز) دەڵێت، لەکەوتنە داوی پاشکۆیەتی ئابووری سەرمایەداری جیهانیدا، گەلان هەر بەدواکەوتوویی دەمێننەوە، بۆ ئەوەی ئەم دانپێدانەی پێرکنز بەهەند وەربگیرێت، چاکسازی بەگەشپێدانی هەمیشەیی گشتی دەکرێت، چەند ڕێگایەکی هاوسەنگ و هاوتەریب هەیە کە پێویستە هەموو بەیەکەوە ببەسترێتەوە، گرنگترینیان، "متمانەی هاووڵاتییانە بە حکوومەت"، چۆن ئەم متمانەیە دروست دەبێت؟ شارەزایان دەڵێن کاتێک حکوومەت پەیمانێک دەدات و لەوادەی خۆی جێبەجێی دەکات، بەبەردەوامی و دەبێتە سلوکێکی دووبارەبووەوە، ئەوکاتە حکوومەت بەشتە باش و خراپەکانی حکوومەتەکانیان بڕوا دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری جێبەجێکردنی پرۆژە ئابووری و گەشەپێدانەکان.

ڕێگایەکی دیکەی گرنگ، بۆ هەرێمی کوردستان کە پیشت بە ئابووری بەرخۆری(ریعی) داهاتی نەوت دەبەستێت، بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازییە، بۆنموونە، ئەگەر بە پلانێکی درێژخایەن بیر لەدامەزراندنی پرۆژەی لەقوتوونانی بەرهەمی ناوخۆ بکرێتەوە کە جێگای بێگانە بگرێت و بیر لەپرۆژەی قوماش و جلوبەرگ و پلاستیکی ناوخۆیی بکرێتەوە، بە چەندین هەزار دەستی کار لەخۆ دەگرێت و هاوردەکردن کەم دەبێتەوە، دەیان پڕۆژەی دیکەی هاوشێوە بە لیستێک(بەپلانی ئابووری و سەپاندنی بەسەر وەبەرهێنەراندا). 

کوالیتی پرۆژەکان و بەرهەمەکانیان، متمانە بە حکوومەت و ئابووری ناوخۆ دروست دەکات، دەبێتە ڕێگایەکی دیکە بۆ ئەوەی کەسایەتی تاکی کوردستانی بە مەسئولیەتەوە هەڵسوکەوت بکات، بەڵام ئەگەر هەر خەریکی وەزارەتی بێ پلان و پرۆژە یاسای بەناو چاکسازی بێ ژێرخانی ئابووری بین، ئەوا مەترسی لەداهاتوو زۆر گەورەترە لە لەرزۆرکی ژیان و گوزەرانی ئێستا.

(جۆن پێرکنز): زانای ئابووریی و سیاسەتوانی ئەمریکییە، کتێبەکەی بەناوی – داننپێنانی بکوژێکی ئابووری – بە عارەبی کراوەتە –تیرۆری ئابووری نەتەوەکان).