ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

               جیا لە سەری ساڵەکانیتر ، رۆژهەڵاتی ناوین هەر لە هەفتەی یەکەمیدا 2020 لە لێواری تەقینەوەیەکی ترسناکدابوو ، ناوچەیەکی پڕا و ڕ لە کێشمە کێش و ئاڵۆز و ململانێ ، بەرمیلە باروودەکە خەریکی گڕگرتنبوو لە رووبەڕوو بوونەوەی ئەمریکا و ئێران ، بەڵام هەر لە پاش وتارەکەی ترەمپ ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 2020 / 1 / 8 توانرا بە شێوەیەکی کاتی هێور بێتەوە کە تەرخانکرابوو بۆ دەستنیشانکردنی هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی موشەکبارانکردنی دوو بنکەی سەربازی ئەمریکی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ تۆڵە سەندنەوەی کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی لەشکری قودس لە سوپای پاسداران و ( أبو مهدی المهندس ) جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە عیراق . گرنگی وتارەکە وەك چاودێرانی سیاسی خوێندنەوەی بۆ دەکەن ، زیاتر بۆ هێور بوونەوە و سارد کردنەوەی بار و دۆخە شلەژاوەکە بوو ،  بۆ ئەوەی تاران دانبەخۆدا بگری و پەرچە کرداری نەبێت و ژیرانە هەڵس و کەوتبکا ، ئەوەش پرسیارێك بە دوایخۆیدا دەهێنێت کە وابەستە بە سیناریۆی لە پێناو کەمترین تێچووی گرژیەکان لە نێوان هەردولا ، بۆیە گفت و گۆ کاتیەتی ؟ داهاتووش چی لە هەناویدا ئاخنیوە ؟ ئایا دەسپێکی قۆناخێکی نوێیە لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوین لە ژێر چەتری ئاشتی ئەمریکی _ ئێرانی و دابەشکردنی کێکەکە ؟ یا بەرمیلە باروودەکە دەتەقێتەوە تا تەڕ و وشك بە یەکەوە بسووتێنی ؟                     هەر لە سەرەتای هاتنی ترەمب بۆ دەسەڵات ، پەیوەندیەکان گرژی تێکەوتەوە و روو لە هەڵچوونبوو ، کشانەوەی ئەمریکا لە رێکەوتنە ئەتۆمیەکە لە 2018 / May گڕەکەی جۆشدا و رۆژ لە دوای رۆژ روەو هەڵچووندەچو و زنجیرە رووداوێکی بەدوایخۆیداهێنا ، لە پەلاماردانی کەشتیەکانی بواری نەوت ، بەرامبەر کەنارەکانی ئیمارات لە 2019 /  May / 12 ، دوو کەشتیتر لە کەنداوی عومان لە 2019 / June /13 ، خستنە خوارەوەی درونزی ئەمریکی لە 2019 / June / 20 ، مووشەکبارانکردنی دامەزراوە نەوتیەکانی کۆمپانیای ( ئارامکۆ ) ی سعودی لە ( بقیق ) و ( هجرە خریص ) رۆژی 2019 / Sep / 18 . گرژیەکان بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراو بەرز بوونەوە و گوێزرایەوە ناو خاکی عیراق و گەیشتە پۆپە بە زنجیرە رووداوێك ، مووشەکبارانکردنی  بنکەی سەربازی ئەمریکی لە ( K 1 ) لە کەرکوك شەممەی 2019 / 28 / Dec ، ئەوەش کاردانەوەی پێنج هێڕشی ئەمریکی بە دوایخۆیدا هێنا ، لە یەکشەممە 2019 / Dec / 29 مووشەکبارانکردنی بنکەکانی ( حزب اللە ) لە رۆژئاوای عیراق و رۆژهەڵاتی سوریا ، گرژیەکان بەرەو هەڵکشان دەچوون بە پەلاماردانی خۆپیشاندەرانی سەر بە ( حزب اللە ) دووشەممەی 2019 / Dec / 31 بۆ سەر  سەر بالیۆزخانەی ئەمریکا کە خەریکبوو نزیکبێتەوە لە سیناریۆی دەستبەسەراگرتنی بالوێزخانەی ئەمریکی لە تاران رۆژی 1979 / 4 / Nov پاش شۆڕشی ئێرانی ، دواتر ئەنجامدانی مووشەکبارانکردنی کەژاوەی قاسم سلێمانی و کوشتنی رۆژی 2020 / 2 / Jan ، دواتر بەرپەچدانەوەی ئێران بە مووشەکبانکردنی هەردوو بنکەی سەربازی ئەمریکی لە ( عین اڵاسد ) و ( هەریر ) بەبێ ئەوەی زیانی گیانی هەبێ  لە رۆژی چوارشەممە 2020 / 7 / Jan . لە وتارەکەیدا بۆ گەلی ئەمریکا ترەمپ هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبە بە ئێران بە روونی و راشکاوانە خستە روو ، هەر وەك شارەزایان بۆیدەچن ، خۆی لە سێ تەوەری سەرەکی

دەوێنی : 1 - سەپاندنی سزای زیاتری ئابوورێ نوێ کە تاکە بژاردەیە لەو قۆناخە و ئاماژە بە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەکراوە . 2 - گەڕان بەدوای رێکەوتنێکی ئەتۆمی نوێ و رێکەوتنەکە ی سەردەمی ئۆبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکای بە ( رێکەوتنێکی گەمژانە ) ی ناوزەدکرد ، داوای لە ئێران و هێزە نێو دەوڵەتیەکانی ( فەڕەنسا ، روسیا ، چین ، بەریتانیا ، ئەڵمانیا ) کرد لەو رێکەوتنە بێنە دەرەوە و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ رێکەوتنێکی نوێ و ئاشتی لە گەل ئێران . ئەوەش دەستپێشخەریەکی گرنگە لە واڵاکردنی دەرگای وتووێژ و هاتنە پێشەوەی رەوشی ئاشتی ، واتە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێرانە و هەڵوێستی نەرێنی ، واتە سەرەتای قۆناخێکی نوێ ، بەڵام گوێپێنەدانی ئێران و بەردەوامبوونی خۆ بە کەنارکردن ، ناتوانرێ شیمانە لە سەر داهاتوو بکرێ . 3 - ئەگەر وڵاتانی هاو پەیمانی ناتۆ رۆڵی بەرپرسانە لەرۆژهەڵاتی ناوین ببینن ، ئەوا ئەمریکا پێوستی بە رۆژهەڵاتی ناوین نیە ، بەتایبەتی بوەتە وڵاتێکی گەورەی بەرهەمهێن لە نەوت و گاز لە جیهان ، واتە کەمتر دەستبخاتە ناو کار و باری ناوچە و ئەوانیتر بەرپرسیارێتی ئاسایش لە ئەستۆ بگرن .               بەرزبوونەوەی ئاستی توندو تیژیەکانی ئەو دواییە ، شەپۆڵێکی ناڕەزایی و دڵە راوکێی هەرێمی و جیهانی بە دوایخۆیدا هێنا لە ئایندەیەکی نادیار و پێشبیننەکراو لە رۆژهەڵاتی ناوین ، لێدوانە هەڕەشە ئامێزەکان و مەترسیەکانی تۆڵە سەندنەوە ، بوە بەشێك لە بەدوا داچوون و دیمانە و ...... لە راگەیاندنەکان . هەر چەندە سیناریۆی نەبردنی دۆخەکە بۆ بنبەست و گرژی لە لایەن ئێرانەوە ، کۆتاییهاتنی شانۆگەریەکە بە شیمانەی  رەخساندنی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و ملدان بۆ راستیەکان کە لە ژێر باریکی قوڕسدایە و جەنگی بێبەرامبەری تەکنۆلۆجیای نەوەی سێیەم خۆ کوشتنە و وڵاتانی دنیاش نایانەوێ رەوشەکە لە دەستدەرچێت . تا ئێستاش نازانرێت گفتوگۆ کەی و چۆن دەستپێدەکا ، بەڵام ئەمریکا کۆمەڵێ بژاردە و بەرنامەی کاری لە بەر دەستدایە لەوانە : بەرنامەی ئەتۆمی ، بەرنامەی مووشەکی بالیستی ، دەستهەڵگرتن لە سیاسەتە هەژموونگەراکەی لە ناوچەکەدا و رۆڵی لە نانەوەی بشێوی و نا سەقامگیری . نازانرێ تا چ ئاستێك سەرکەوتن وەدەستدێنێ بە پێی خواستەکان لە دیدی ئێران . بە گشتی کەش و هەواکە لە بارە بۆ ئەمریکاش بۆ بەرژەوەندیەکانی لەگەل ئێران کە پێویستی پێیەتی بۆ قۆناخی داهاتووی سەپاندنی سزا بەسەر چین و تەنگهەڵچنین بە سەر رێگای ئاوریشم . هەڵوێستی ئەمریکا راشکاوانە و روونە ، بەڵام ئێران ناروونە و دوو دڵە لە قۆستنەوەی ئەو هەلە . لە کۆتاییدا هەفتەی یەکەمی گرژییەکانی ساڵی نوێی 2020 لە وانەیە دەرگا بخاتە سەرپشت بۆ دیمەنێکی نوێ و گۆڕانکاری نوێ و لە دایکبوونی نوێ رێگە بە کشانەوەی لە سەرەخۆی ئەمریکا بدا لە ناوچەکە .

  • 1