ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کاتێک شیعر ببووە سمبولى تێکۆشان و لە پاڵیشیدا تەواوى ژانرەکانى دى لە خۆیدا کۆکردبۆوە، ئەوکاتانەى شیعر پێشڕەوایەتى شۆڕش و سەردێڕى سیاسەتى تازە پێگەیشتووى کوردستان بوو، بەتایبەتیش کە زۆرینەى هەرە زۆرى خوێندەوارەکانى حوجرە و قوتابخانەکان لەڕێگەى شیعرەوە پانتاییەکانى ئەدەبی  شۆڕشگێڕیان ناسى، زۆرینەى هەرە زۆرى سیاسى و سەرکردەکانى نیشتمان شیعریان کردبووە دروشمى پارتەکانیان، لە هەگبەى هەر تێکۆشەرێکى نیشتماندا چەندین دیوانە شیعر هەبوو، لە ڕادیۆ و ڕاگەیاندنەکانیاندا هەر بە شیعر دەستى پێدەکرد و بە ئەی ڕەقیبیش کۆتایى دەهات، بە شیعر بەسەر گیانى شەهیدانیاندا هەڵدەگوت و بە سروود کڵپەیان لە هەناوى پێشمەرگە هەڵدەستاند، ژیاننامەى شەهیدان دەچۆڕایە نێو شیعرەوە و هەر بەشیعر ڕمبەیان لە مۆڵگەکانى دوژمن دەهێنا، ئەوکاتەى کە شاعیرێک لەنێو کۆبوونەوەیەکى سیاسیبا هەمووان چاویان لە دەمى ئەو بوو لە مەجلیسێکى عەشایەریبا کەس قسەى بۆ نەدەهات، لەبەردەم مایکرۆفۆنبا هەمووان گوێیان دەگرت و خۆ ئەگەر تەواویش دەبوو یەکپارچە هۆڵەکان دەبوونە چەپڵە، ئەوکاتانەى شیعر لەنێو دیوەخان و شەوانى بەرئاگردان و تەنانەت زمانى منداڵەکانى پێدەپژا، هەر لە لایلایەى دایک و تا پەند و ئیدیۆمە کوردییەکان، ئاخر ئەوکاتانە شیعر بارى زۆر گرانبوو جگە لەلایەنى شۆڕشگێڕییەکەى داستان و بەیت و چیرۆک و چامەى پێدەنووسرایەوە، واتە شیعر کاراکتەرێکى سەرەکى نێو لاپەڕە مێژووییەکانى باپیرانمان بووە و ڕۆڵى لە هەموو بوارەکاندا دەگێڕا، شاعیران جگە لە شیعر کە ئەویش بە چەندین کێش و سەرواى قورسدا تێدەپەڕى و کەرستەى بەردەستى شاعیرەکانیش کە وشە بوو هێندە دەوڵەمەند نەبوو تا عاسێ نەبن بۆیە ناچار چەندین وشەى بیانیان دەهێنایە نێو دەقەکانیانەوە و شیعرە کلاسیکە ناودارەکانیان پێدەنووسى.

ئەوکاتانە بوو دڵزارى شاعیر لەنێو کەشێکى شیعرى لەشارێکى شیعرى کە خاوەنى حاجى قادر و چەندین شاعیرى ناودارى ئەو سەردەم بوو زمانى هاتە پشکوتن و هەر لە سەرەتاکانى خوێندنییەوە شیعر بووە نزیکترین هاوڕێى و دواتر خۆى لەنێو دنیاى ئەدەبدا دۆزیەوە و لە هەمووشى گرنگتر دەرگاى تێکۆشانى بۆ کرایەوە کە دەبوو لەپاڵ کێش و عەرووزى جواندا لەپاڵ ئەو هەموو شاعیرە بە ئەزموونەى لەپێش ئەودا شیعریان کردبووە سومبول ئەویش یەکێک بێت لە ڕیزى ئەوان و ئەگەر تێشیان نەپەڕێنێ نابێت لە کاروانەکە دواکەوێ، ئەوکاتانە بوو کە لەسەر شیعرێکى نیشتمانى دەرگاى زیندانەکانت بۆ دەکرایەوە و بەڵام نەشدەبوو نەنووسى، دڵزار لەم سەردەمەدا بوو دەستى دایە خامە و نەترسانە هەم ڕێبازى تەفر و توناکردنى چینایەتى لە کۆڵنا و هەم شیعرى کردە قەڵغانى بەرەنگاربوونەوەى دوژمنەکانى کورد، ئەوکاتانە بوو دڵزار هاتە گۆڕەپانەکەوە و چەندین چامەى جوانى نووسى کە دواتر بوونە سروود و گۆرانى و دەماودەم دەڕۆیشتن و دەگوترانەوە، ئەو لەم سەردەمەدا بووە ناو، ئەرکى هەڵگرتنى ناویش بۆ شاعیرێکى نیشتمانى قورس بوو بۆیە دەبوو بەردەوام بێت هەم لە تێکۆشان و هەم لە نووسین، ئەگەرچى چەندین جار زیندانى کراو لەسەر شیعر و هەڵوێستەکانى بەچەندین شێوە هەڕەشەى لێدەکرا و سزا دەدرا، بەڵام ئەو  وەک بەڵێنى بەخۆى و شارەکە و نیشتمان و خانەوادەکەى دابوو بەردەوام بوو، بەردەوامى لەو قۆناغە سەختانەدا گەورەیى شاعیر نیشاندەدا بەتایبەتى تاوەکو ئێستا لەسەر هەمان ڕێچکە خەریکى نووسینە و ئەگەرچى تەمەن هەندێ جار ڕێگر بووە لەسەر داهێنانەکانى بەڵام مانەوەى لەسەر هەمان ڕێباز و نەگۆڕانى لەنێو ئەم بارودۆخە سیاسییە ئاڵۆزەى بەدرێژایى سەد ساڵ تەمەن، پتەوى و خۆڕاگرى و ئاسنینى ئەم پیاوە پیشاندەدا کە بەڕاستى دەبێ خۆشخاڵبین کە نەوەى نوێ لەسەردەمێکدا دەژى دڵزاریشى تێدایە، دەکرێ ئەو ببێتە نموونەى ئەو تێکۆشەرە ناودارانەى کە هەرگیز توندوتیژییەکان و گۆڕانى ئایدیۆلۆژییەکان و سەردەمەکان نەیانتوانیوە بیانگۆڕن.

دڵزارى شاعیر چەندین دەیەى شیعرى تێپەڕاندووە واتە هەر لەسەردەمى کلاسیکەوە تا دەگاتە گۆران و ڕوانگە و شاعیرە نوێخوازەکان، کەچى لە هەموو ئەو قۆناغانەدا ئەو توانیویەتى خۆى بگونجێنێ و لەکاروانەکە دوانەکەوێ، ئەوە جگەلەوەى لەگەڵ پێشکەوتنەکانى زمان و ڕستە و وێنە جۆراجۆرەکانى شیعر ئەویش بەردەوامى بە داماڵینى کۆتوبەندەکانى شیعر داوە و توانیویەتى سەرکەوتووانە ئەو بارە قورسەى لە شیعر نرابوو کەمێک سووکى بکا و ئەرکى ڕاستەقینەى شیعر لە دەقەکانیدا ڕەنگ بداتەوە، هەروەک ئەوەى لەشیعرەکانى دواى هەشتایەکانیدا بەدى دەکرا، ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ئەو پیاوە زۆرینەى ژیانى لەسەردەمى داگیرکارى نیشتماندا بەسەربردووە و لە دواى بە هەرێم بوونى کوردستانى باشووریش ئەو بەردەوام بووە لە نووسین، هەمیشە و لە هەموو سەردەمەکانیشدا داکۆکیکارێکى سەرسەختى چینى هەژاران بووە، هەروا دڵزارى شاعیر لەنێو ڕەزى هەنارانى کۆیەدا کە سروشتێکى تایبەتى هەیە چاوى هەڵێناوە لەنێو خانەوادەیەک کە هەمیشە گیانى شۆڕشگێڕیەتى و ئەدەبیان لێدەتکا، لەپاڵ شاعیر و سیاسەتمەدارانى وێ دلزارى جواننووس بیرى کردەوە وشەکانى ئەزبەر کردن و دواتر ڕژاندنییە سەر ئەو پەڕاوانەى کە هەمووان چێژمان لێبینى.

ئێستا کە ئێمە لەسەردەمى ئەوداین و بیر لە ڕابردووى دەکەینەوە گەورەییەک دەبینین کە ناتوانین تەنیا بە وشە ژیانى ئەدەبى و سیاسى تۆمار بکەین، ناچارین لە پەراوێزى ئەودا چەند وشەیەک بکەینە دیارى تا هەمووان دڵزارى شاعیر وەکو خۆى بناسن و بزانن کە لەسەردەمە سەخت و دژوارەکاندا شاعیرانێک بەخوێنى خۆیان شیعریان بۆ ئێرە هێناوە و کەلتوور و وشەى کوردى و ئەدەب بەگشتى لەسەر دەستى ئەوانە پارێزراوە، تا بزانن ئەو زمانە شیرینەى ئێستا پێى دەنووسین لە دۆزینەوەکانى ئەوانە و زیندووبوونى نەتەوە و کەلتوورەکەمان لە هەگبەى تێکۆشانى ئەواندا ماونەتەوە، تا بزانین دڵزارى شاعیر یەکێک بووە لە سوارچاکەکانى شیعر و تا ئێرەى بۆ هێناوین و ئەرکى پاراستن و بەردەوامیدانیش لە ئەستۆى نەوەى نوێیە.

  • 1