ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە تەموزى ساڵى 1968 دواى ئەوەى (حزبى بەعسى عەرەبى سۆشیالیست) بۆ جارى دووەم و لە ڕێگاى ئینقلابێکەوە دەسەڵاتى وەرگرت، بارودۆخى سیاسى لە عێراق و کوردستاندا هەژان و جوڵەیەکى تێکەوت، حزبمان لە دواى ئینقلابەکە چالاکى زیاد کرد، هەواڵ و بڵاوکراوەکانى حزب بە ڕێکوپێکى دەگەیشتن، ڕێگاى کوردستان و (تەریق ئەلشەعب) مانگانە دەردەچوون، چالاکى جەماوەرى فرەجۆر و لایەن بوو، لە مانگى ئەیلوولى هەمان ساڵدا حزب بڕیاریدا کە سکرتێرى لێژنەى مەحەلى هەولێر کە لە گوندى داربەسەرى دەشتى کۆیە دەژیا و، بارەگایەکى بچووکى لێژنەى مەحەلى لەم گوندە لە نزیک ماڵى شەهید (عەلى مەولوود) بوو، بۆ شارى هەولێر بگوازێتەوە، ئەو کاتە هاوڕێ (نوورى) یادى بەخێر سکرتێرى مەحەلى هەولێر بوو، هاوڕێ (مەلا بەکر)یش بەرپرسى لێژنەى شار بوو، هاوڕێ (مەلا بەکر) هاتە ناوشار و لە ماڵى هاوڕێ (محەمەد عەزیز ڕەواندزى) کە ماڵەکەى ماڵى حزبى بوو، خانوویەکى لە گەڕەکى تەیراوە بۆ بەکرێ گیرابوو، حزب کرێیەکەى دەدا، پاشان لە مانگى تشرینى یەکەم هاوڕێ (نوورى)ش لە گوندى داربەسەرەوە بۆ شارى هەولێر هات و لە ماڵە حزبییەکە لەگەڵ هاوڕێ (مەلا بەکر) دەژیان، هاوڕێ (نوورى) هاوڕێیەکى ڕووخۆش و نەرم و نییان بوو، خۆشەویستى لە دەم و چاوى دەبارى، هێشتا هاوسەرگیرى نەکردبوو، هەروا هاوڕێ (مەلا بەکر) لاوێکى چالاک و وریا بوو، ڕۆژانە بەناو شارى هەولێردا گوزەرى دەکرد، پەیوەندى بە هاوڕێیانەوە دەکرد، زۆرجار لە ماڵى هاوڕێیان دەمایەوە و نەدەگەڕایەوە بۆ ماڵە حزبییەکە، چونکە ئەرکى حزبى لە ناو شار بوو، بەڵام هاوڕێ (نوورى) زۆر بەکەمى لە ماڵ دەردەچوو، لە ماوەیەکى کورتدا هاوڕێ (مەلا بەکر) شارەزاى ماڵى هاوڕێیان بوو، بەتایبەتى ماڵى هاوڕێ (محەمەد شێروانى و محەمەد خەلیل و جەبار حەسەن و مەلا خدر و قادر مسکە و ناسح حەمەدئەمین و مام سەعید و سامیە چاوشلى و ئەکرەم عەبدوڵا و ماڵى ئێمەش) بەردەوام کارى حزبى تێدا ئەنجامدەدرا...

هاوڕێیانى شار هیچ کامێکیان هاموشۆى ماڵە حزبییەکەى نەدەکرد، ناوە ناوە بەندە دەچوومە لاى هاوڕێ (نوورى و مەلا بەکر) بۆ وەرگرتنى پۆستەى حزبى و دابەشکردنى، گەلێک جار هاوڕێ (نوورى) دەیگوت؛ ئەمڕۆ لەلاى ئێمە دەعوەتى خواردنێکى تایبەتمان هەیە و خۆم لێمناوە، هەموو کات خواردنەکەى کە هاوڕێ (نوورى) دروستى دەکرد بریتى بوو لە سى (سیپلک) بەبێ جەرگ(جگەر) بوو، چونکە سیپلک بەبێ جەرگ هەرزان بوو، هاوڕێ (نوورى)ش زۆرجار لە ناو ڕوون لەگەڵ پیاز سوورى دەکردەوە، خواردنێکى بە لەزەت و نایاب دەردەچوو.

هەر لەم ماوەیەدا هەستم دەکرد کە هاوڕێ (محەمەد عەزیز) کە ئەندامى لێژنەى شارى هەولێر بوو، بارى دەروونى باش نییە و بەردەوام گلەیى دەکرد، ڕۆژێکیان لێم پرسى بۆچى بەردەوام گلەیى دەکەیت و بارى دەروونیت باش نییە و لە کۆبوونەوەکاندا تووڕە و پەست دیارى و دوور لە گیانى هاوڕێیەتى قسە دەکەیت؟ لەوەڵامدا گوتى، هەست دەکەم حزب بایەخم پێنادات، هەندێک داوام هەبوو بۆیان جێبەجێ نەکردم، ناتوانم بەرگەى ئەو بارودۆخەى تێدامە بگرم، منیش لەلاى خۆمەوە هەندێ قسە و باسم لەگەڵیدا وروژاند، گوتم ئەو بارە لەگەڵ هاوڕێ (مەلا بەکر) باس دەکەم، لەیەکەم دیدارمدا لەگەڵ هاوڕێ (مەلا) بابەتى بارى دەروونى هاوڕێ (محەمەد عەزیز)م خستە بەرباس و وتووێژ لەگەڵ هاوڕێدا، لەم ڕایانەى باسم کردن، گوتم هاوڕێ (محەمەد) هاوڕێیەکى چاکە و دڵسۆز و چالاکە، باشە ئەگەر شتێک هەیە و لە توانادایە بۆ مەیسەر بکرێت، کارێکى باش دەبێت، داوام لە هاوڕێ (مەلا) کرد کە دیدارێکى لەگەڵدا ساز بدات، بابەتەکەى لەگەڵدا یەکلا بکاتەوە، لە وەڵامدا هاوڕێ (مەلا) گوتى حزب بایەخى زۆرى بەم هاوڕێیە داوە، جێگاى متمانەى حزبە، ماڵەکەى شوێنى حەوانەوەى ئێمەیە و هەموو نهێنییەکى حزب و کارەکانى لە ماڵى ئەم هاوڕێیە ئەنجام دەدرێ، هاوڕێ (نوورى) و هاوڕێیانى تریش ڕێزى تایبەتییان بۆى هەیە، منیش بەش بەحاڵى خۆم ئەم هاوڕێیەم زۆر خۆش دەوێ و هەست بە ماندووبوونى دەکەم و ڕێزى زۆریشم بۆ دایکى و ماڵەوەیان هەیە، بەڵام من حزبم لە (محەمەد عەزیز) خۆشتر دەوێت و ناتوانم بەرژەوەندى ئەو بخەمە پێش بەرژەوەندى حزبەوە، ئێمە هەوڵدەدەین ماڵێکى ترى حزبى دروست بکەین، هاوڕێ (محەمەد عەزیز) لەم ئەرکەى لە ئەستۆیەتى ئازادى دەکەین، ئەو ڕایەى هاوڕێ (مەلا بکر)م یەجگار لاباش و بەجێ بوو، بۆ من بووە وانەیەکى گرنگ لە ژیانى حزبیمدا، بەردەوام هاوڕێیانم خۆش ویستووە، هەندێ جار لەگەڵ هەندێ هاوڕێدا پەیوەندى هاوڕێیەتى و برادەریم تەژى لە خۆشەویستى و ڕێزگرتن لە یەکتر بووە، بەڵام بەردەوام حزبم لاخۆشەویستتر و گرنگتر بووە، لە پەیوەندى تاکەکەسى و هاوڕێیەتى تایبەت، ئەم برۆکەیە گرنگە کە تەواوى شیوعییەکان وەک پەند و عیبرەت تێیبڕوانن... دواى ساڵانێک (محەمەد عەزیز) خۆى لە دەرەوەى حزب دۆزییەوە، بەڵام هاوڕێ (مەلا بەکر) تاکو ئێستاکە لە تێکۆشاندا لە پێناوى گەل و نیشتماندا بەردەوامە.

ژیانێکى ئاسوودە و تەمەنێکى درێژ بۆ هاوڕێ مەلا بەکر.

  • 1