ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

خوێندنەوە باشترین دەرمانە (چیرۆکە تەکسی)

خوێندنەوە باشترین دەرمانە (چیرۆکە تەکسی)

جەلال قادر

لە هەورازەكەی كۆڕنیش سەردەكەوتم، موسافرێك دەستی بەرزكردەوە. تەكسییەكەم هێواش كردەوە. موسافرەكەم خێرا دەرگەی پشتەوەی كردەوە و لەسەر كورسییەكە لێی ڕاكشا.

- بۆ كوێ ...؟

+ تۆ جارێ لێخووڕە، پاشان پێتدەڵێم…...

سەیرێكی ڕووخسارییم كرد، سەروگوێڵاكیم بەدڵ نەبوو، هەر بە شێت دەچوو.

مرۆڤێكی تەمەن شەست ساڵ، درێژ و باریك و ڕەقیتە. پێدەچوو ڕدێنی تازە تاشی بێت، چونكە سێ چوار شوخت بە ڕوومەتییەوە بوون.

لەپڕ هاتەوە یادم، كە ئەمە (ڕەزە شێتە) شوفێرەكانی بێزار كردووە. وەك دەڵێن، هەركە سواری تەكسی بوو، ئیتر بەتۆپزیش دانابەزێت.

چ ڕۆژێكی شوومە تووشمان بە تووشی موسافرێك بووە، كەڵە ڕەق و شەڕانی و شێت.

لەدڵی خۆمدا گوتم: هەر چۆنێك بێت، دەبێت هەوڵدەم بە قسەی خۆش لە شوێنێكدا قەناعەتی پێ بهێنم و دایبەزێنم.

لە گەڕەكی (شۆراو) تێپەڕین بەرەو بازگەكە. پێمگوت: ڕەزە گیان... خەریكە لەشار دەردەچین، تكایە پێمبڵێ بۆ كوێ دەتەوێت بچیت؟

+ من حەز بەوبەر ناكەم، خێرا بگەڕێوە ناوشار.

ناچار پێچمدایەوە. دووبارە بەرەو كۆڕنیش، لە پردەكەی خاسە پەڕیمەوە و دووبارە لەشار دوورکەوتمەوە.

- ڕەزە گیان ... تكایە ماشێنەكەم بەنزینی تێ نەماوە، ئەوە گەیشتینە بازگەكەی (قەرە هەنجیر) پێمبڵێ بۆ كوێ دەچیت؟

+ نا نا.. من حەز بەوبەرش ناكەم. .. بگەڕێوە!.

+ ئەگەر بتگەڕێنمەوە ناوشار بەڵێنم پێدەدەیت دابەزیت؟

+ نەخێر...من حەز بەم شارەش ناكەم!.

-حەز بەوبەرو ئەمبەر ناكەیت، حەز بە ئێرە ناكەیت، ئەی حەز بەچی دەکەیت؟!

+ من حەزدەکەم هەرچی زووە بمرم.

- بۆ حەزدەكەیت ئاوا زوو بمریت؟

+ ئاخر، من ئێرەم تاقی كردۆتەوە هیچ خۆش نییە.

- ڕەزە گیان، بۆ سەفەر ناكەیت بۆ ئەوروپا ؟

+ ئەوێشم تاقیكردۆتەوە. هیچ خۆش نییە. ڕاستی من حەز دەکەم بمرم و بچم بۆ ئەوسەر دنیا.

_ بەڵام، تا ئێستا كەس لەوسەر دنیا نەگەڕاوەتەوە، چۆنچۆنی دڵنیابین كە ئەوێ هەیە؟

+ گرنگ نییە هەیە یان نییە، گرنگ ئەوەیە من دەزانم لێرە خۆشترە !.

- بە چ بەڵگەیەك؟

+ لەبەرئەوەی ئەوێ دایک و باوکمی لێیە!

بەم وتەیەی حەپەسام، تا چەند خوولەکێک سەرسام و بێدەنگ بووم. بیرم لە چارەسەرێک دەکردەوە.

لەئاوێنەکەوە سەیری ڕەزەم کرد، خەواڵووبوو. گوێم لە دەنگی بوو، لەبەرخۆیەوە دەیگوت: ئای کە بێزار و ماندووم.

دەستم برد، لەناو دەشبووڵی ئۆتۆمبێلەکە، یەک دوو کتێبم دەرهێنا و دامە دەستی و گوتم: ڕەزەگیان...بۆ ئەوەی بێزار نەبیت لەژیان، خوێندنەوە باشترین دەرمانە بۆ تۆ.

کتێبەکانی لەدەستم وەرگرت و تەماشایەکی بەرگەکەی کرد و گوتی: خێرا ماشێنەکە ڕاگرە و دەمەوێت ئەم کتێبانە بخوێنمەوە.

  • 1