ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئێستا لە هەمووكاتێكدا زیاتر ئەوە روون دەبێتەوە هەرێمی كوردستان رووبەرووی قەیرانی بەرێوەبردن دەبێتەوە، یا بە قەیرانی بەرێوەبردن گوزەردەكات. قەیرانێك دەمێكە سەری هەڵداوە، ئاماژەكانی ئەم قەیرانە لە ئاستی سیاسی، ئابوری ، كۆمەڵایەتی و كلتوری، بەروونی دەبینرێت. بینین و هەست پێكردنی هەلومەرجی ئەمرۆمان، پێویستی بە دیقەتی زۆر نییە، هەمووكەسێك ئەوە دەبینێت كە چی لەم هەرێمە دەگوزەرێت. ئەوە بە باشی دەبینێت لە هەرێم شتێك نییە بەناوی بوونی راستەقینەی (دەسەڵاتی دامەزاوەیی) ئەوەی هەیە ( دەسەڵاتی هێزە). بۆ خستەرووی جیاوازی لە نێوان بەرێوەبردنی دامەزاوەیی و بەرێوەبردن لە رێگای هێزەوە، پێویست بە شەرحی زۆر ناكات .

بیركردنەوەو گفتوگۆی زۆرینەی خەڵك لە ئاستی فەزای گشتیدا، لەناو میدیاوە بۆ شوێنەگشتییەكان، بۆ گفتوگۆی خێزان و شوێنی كار و حیكایەتی ناو چین وتوێژە كۆمەڵایەتیەكان، هەریەكە، بەپێی ئاست و تێگەیشتنی خۆی نارازییە و شەرح و گفتوگۆی دیوەكانی ئەم قەیرانە دەكات، لە ئاستی سیاسی ، ئابوری ،كۆمەڵایەتی و كلتوریدا .

لێكەوتەكانی قەیرانی بەرێوەبردن زۆرن و رۆژانە بەر هەموومان دەكەوێت. لە ئاستی سیاسیدا، غیابی بەشداری سیاسی و نەبوونی زەمانەتی ئازادی و فرەیی سیاسی و هاوڵاتی كارای كوردستانییە . بەمانایەكی ترخۆی لە ئیحتیكاركردنی دەسەڵات دەبینێتەوە لە لایەن چەند خێزان و كەمینەیەك، دەسەڵات بۆئەو كەمینەیە وەك غەنیمەت و موڵكی كەسی و خێزانییە، كە دواجار هیچ مانایەك بۆ بەشداری سیاسی و پلۆرالیزمی سیاسی نامێنێتەوە . 

بەردەوامی قەیرانی ئابوری و دارایی، بەرزبونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری، سەرەنجام هەڵكشانی جیاوازییە چینایەتیەكان و چربوونەوەی، سێكوچكەی ( پارە و سامان و هێز ) لە دەستی كەمینەیەك، دیوێكی تری لێكەوتەی ئەزموونی قەیرانی بەرێوەبردنە لە ئاستی سیاساتی ئابوریدا. هاوكات بونی (ئابورییەكی ریعی، بەرخۆری نەوتی) و زەهنیەتی مامڵە و ئامانجی دەسەڵات، بۆتە سەرچاوەك بۆ ئەوەی نەوت لە نیعمەتەوە ببێت بە نقمەت و بەڵا. لە بڕی بەكارهێنانی ئەو داهاتە لە گشەپێدانی ئابوری و مرۆییەوە، بە پێچەوانەوە لە خزمەتی دروستكردن و قەبەكردنی دەسەڵاتێكی بەهێزی پۆلیسی و ئەمنی دایە.

دواین رووداو، ئاشكرابوونی ئیحتیكاركردنی غازبوو لە نێوان چەند كۆمپانیایەكی حزبی، كە دواجار قەیرانی غازی لێكەوتەوە. ئەم رووداوە بەشێكی بچوكە لە چیرۆكێكی گەورەی ئحتیكاركردنی بازارو بازرگانی و ئابوری لە لایەن كۆمپانیاكانی دەسەڵاتەوە. دۆخەكە گەیشتۆتە ئاستێك لە ناكۆكی نێوان هێزە جلەونەكراوەكان، تەنانەت رازی نین بە بە بەشێكی داهات و سامان بەڵكو تەماحێكی گەورەتریان هەیە و هاوڵاتی دەبێت رۆژانە باجی ئەو دەستدرێژیانەیان بدات . 

لە ئاستی كلتوری و كۆمەڵایەتیشدا، گەرانەوەی زیاتر بۆ كلتوری كۆنەپارێزی و نەبوونی بەرنامەیەكی روون بۆ گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی، ئەنجامی غیابی دونیابینی ئەم جۆرە لە بەرێوەبردنە نیشان دەدات ، كە رۆژانە مافەكانی ژنان و بەهاكانی ئازادی و مەدەنییەتی تیا پێشێل دەكات . 

پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە، ئایە ئەم مۆدێلە لە حكومرانی توانای بەردەوامی هەیە؟ ئایە ناسنامەی وردی ئەم دەسەڵاتە چینایەتییە پێویستی بە خوێدنەوەیەكی ورترنییە بۆ حالی بوون لە واقعیەكە ؟ ئایا دەتوانین ئیتلافی حكومران وەك بۆرژوایەكی نیشتمانی ببینین بۆگۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و تەواوكردنی قۆناغی رزگاری نیشتمانی؟ یا وەك بۆرژوازییەكی مشەخۆرو ستەمكار تەنها تەماحی كۆنترۆڵ و ئحتیكاری هەمووشتێكی هەیە . ؟

 

 

  • 1