ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیموکراسی بەهۆی ئەوەی ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ئازادیەکان بەگشتی ،بۆیە تەنیا دیموکراسیە کە مرۆڤ لە تەواوی مافەکانی نزیک دەکاتەوە ، دیموکراسی ئەوەی بۆ گەلانی جیهان چەسپاند کە دیموکراسی تەنها ئاواتێک نیە بۆ هاوسەنگکردن لە بەرامبەر بەرژەوەندییە ئابووری و نیشتیمانییەکان،لەبەر ئەوەی سیستەمی حکومەتی دیموکرات هیچ هەڕەشەیەک دروست ناکات لەسەر بەرژەوەندی تاک یاخود کۆمەڵ بەڵکوـ بە پێچەوانەوە، هەموو ئەو ڕێگایانە دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە مافە ئابووری و سیاسی و نەتەوەیی و ئایدیا و جیاوازی بیروڕا و ئازادییەگشتییەکان،کە لە دواجاردا مرۆڤ دەبێتە سەنتەر.

دیموکراسی پێویستی بە ژینگەیەکی لەبارە کە تێگەیشتن بۆی بەڕادەیەک بێت لە گرنگی دیموکراسی بگات، وە ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ هەڵبژاردنی ئازادانە بێ دەستێوەردان تا هاوڵاتی و دەنگدەر بێ ترس نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت و هاوکات دادوەری و دادگاکان سەربەخۆبن و وابەستەبن بە یاساوە هیچ کاریگەرییەکی دەرەکی ئەو سەربەخۆییەیان لێ نەسەنێت و یاسای هاوسەنگکردنی هێزەکان لەناو داموودەزگاکاندا بەکاربهێنرێت و بەشێوازێک بێت کە لێیان بپرسرێتەوە لەلایەن گەلەوە، بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خاوەن بڕیار و داموودەزگایەکی حکومی شەفاف و کراوە،بەمەش هاوسەنگیەک دروست دەبێت لە نێوان داموودەزگا و حزبەکانی پەیوەست بە دیموکراسیەوە،لێرەدا بناغە و دەرفەتێکی دەستوری داڕێژراو دێتە کایەوە کە هەڵبژاردن دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە نێوان هێزە سیاسیەکان ،کە دواجار بە خێری گشتی و مرۆڤەکان بێ جیاوازی دەشکێتەوەو مرۆڤ دەبێتە سەنتەر.

دیموکراسی بۆ هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆن دروسترین ڕێگای گەیشتنە بە دەسەڵات بەجۆرێک کە لە ڕێگای ڕەخنەی بنیاتنەرەوە دەرگایەک بۆ ناساندنی خۆی وەک حکومەتێکی جێگرەوە خۆش دەکات تا لە هەڵبژاردندا متمانەی دەنگدەر بەدەست بێنێت،بەم شێوەیە فشارێک لەسەر دەسەڵات دروست دەبێت کە هانی دەدات بۆ چارەسەری کێشە گشتیەکان و داکۆکیکردن لێیان ،گرنگە پرەنسیپی کاری ئۆپۆزسیۆن گەشەپێدانی بۆچونە هاوبەشەکانی جەماوەر بێت بەشێوەیەکی مەدەنی و دور لە " ڕق و تۆڵە " تا هاندەربێت بۆ بەدەنگەوە هاتنی داموودەزگاکان، بەمەش ئەو دەربڕین و بیروڕا جیاوازەی ئۆپۆزسیۆن هاوکار دەبێت بۆ تێگەیشتن لە کێشەکان و چارەسەرکردنیان بە شێوازێکی باشتر، جیاوازی بیروڕا ئەبێتە هۆی دروستبونی بۆچونی نوێ یاخود چاکسازی نوێ و بەردەوام، کە پێویستیەکی بەڵگە نەویستە لە سیستەمی دیموکراسیدا بۆ ئەوەی سیستەمەکە کارا و گەشە بکات،بەم کارایی و گەشەکردنەی دیموکراسی لە پڕۆسەی سیاسیدا ، مرۆڤ نزیک دەکاتەوە لە سەنتەر و لە شکۆی مرۆڤ بوونی کە هێمایە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و مۆدێرن.

ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێکی سەرەکین لە پێکهاتەی دیموکراسیدا،چونکە تەنها لە سیستەمی دیموکراسیدا مرۆڤ دەبێتە سەنتەر ، و ڕێز لە بۆچون و ئازادیە تاکی و ئایدیایی و نەتەوەیی بیروڕاکانی دەگیرێت، بۆیە سیستەمی سیاسی و دیموکراسی سەرکەوتوو نابێت ئەگەر کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیری مەدەنی بەهێز پاڵپشتی و هاوکاری نەکات،لەهەمانکاتدا کۆمەڵگەیەک بێت کە جەماوەر پابەند بێت بەیاساوە و کاری لەسەر بکات ،و ئازادی تاک و ئازادی دەربڕینی بیروڕای جیاواز و دەسەڵاتی زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینەکان لەناو وڵاتدا کاری لەسەر بکرێت ، هاوکات کۆمەڵگەی مەدەنی کارا زۆر سەرچاوەی گرنگی تر دەگرێتە خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی دیموکراسی وەک " بەشداریکردن " و"پرسیارکردن" لە چاکسازی سیاسی بەردەوام ، هاوکات دەتوانێت مینبەرێک بێت بۆ دەنگی ئەوانەی مافیان پێشێلکراوە، بەمەش کاردانەوەی زیاتری دەبێت و مرۆڤ لە سەنتەر بوون نزیک دەکاتەوە ، کە یەکێ لە خواستەکانی سیستەمی دیموکراسی ئەوەیە مرۆڤ سەنتەر بێت،بەشێکی زۆر لە توێژەرانی سیستەمە سیاسیەکان لەسەر ئەو ڕایەن کە ئەگەر سیستەمە سیاسیەکە مرۆڤ تێدا سەنتەر نەبوو ، ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە دیموکراسی نیە و سەر بە فۆڕمێکی تری سیاسە لە حوکمڕانیدا.!

  • 1