ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رەوشی عێراق ئەوەندە خراپە بەوە گەیشتوە كەس بەكەس رازی نییە، ئەوەی زۆرینەیەو هەتا كەمینەكانیش، كەشێكی وەهایان دروست كردیە بەخۆیان سەریان لەخۆیان دەرناچێت..هەتا خۆپیشاندەرانیش كە لەچەندین گروپی جیاواز پێكهاتینە، ئەوانیش بن خیوەتێكیان بەرنامەی ئەوی دیكە ناخوێنێتەوە، دەبێت وابێت؟ یان ئەمە گەمە‌و پیلانێكی سیاسیە؟

رەوشی عێراق ئەوەندەی لەژێر كاریگەری سیاسەتی دەرەكییدا دەگوزەرێ، كەمتر فاكتەرە ناخۆییەكان كاریگەریان هەیە، بۆیە لەباشترین باردا، شرۆڤەكاری سیاسی، ئەوەندەی لایەنە نێگەتیڤەكانی پێ دەستنیشان دەكرێت، ناتوانێت ئومێدی هەنگاوی پۆزەتیڤ لەخزمەتی گەلانی ناوچەكە باس بكات.

هەرچۆنێك بووبێ، لەژێر گوشاری خۆپیشاندەران، یاخود دەست لێكشاندنەوەی كوتلە شیعیەكانی پشتی كابینەكەی عەبدولمەهەدی بەهۆكاری دەرەكی و ناخۆیی بێت، وایان كرد حكومەت ئیستقالە بكات، لایەنەكانیش لەماوەی یاساییدا نەیانتوانی كەسێكی جێگرەوە دەستنیشان بكەن، ناچار لەدوای تێپەڕبوونی وادەی یاسایی، كەسێكی (نا)تەوافوقییان هێناوە گوایە ئەم كەسە دەتوانێت حكومەتێك بۆ ماوەی كاتی تاوەكو نزیكترین هەڵبژاردن سەرۆكایەتی بكات، بەگوێرەی خۆپیشاندەران بێت كەسیان پێی رازیی نین، بەگوێرەی كوتلەكانی شیعە بێت كەس بەئاشكرا پشتگیری ناكات، نە صەدر و نەعامری و مالیكی و نە حەكیم و هەموویشان واپیشان دەدات ، كەرێگری لێناكەن...ئەم گەمەیە چۆن بەڕێوە دەبێت؟

لایەنەكانی عارەبی سووننە، ئەوانیش لەژێر هەندێك دروشمداخۆیان مەڵاس داوە، باس لەسەروەری و گەڕاندنەوەی شكۆی تێكشكاوی عێراق دەكەن، كە ئەمە تەنها گەمەیەكی زمانەوانی‌و لێدوانی میدیاییە، چونكە بەبێ بەشدارییەكی موقنیع سونەش ناتوانێت دەنگ بەكابینەی نوێی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردراو بدات..

لایەنی كوردستانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشە نوێیەدا بكات؟، ئەمە پرسیارێكی جەوهەرییە لەكاتی دیدار لەگەڵ ئەم پیاوەی راسپێرداوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، چی لێداوا بكات‌و چی بۆ مسۆگەر بكات؟ تاچەند ئەم كەسە لەئاستی ئەوەدایە بەڵێنە سیاسەكانی بباتە سەر؟، چۆن زەمانەتی هەڵنەگەڕانەوە لەپەیمانەكانی دەكرێت؟ ئایا راستە ئەوەی لێقبول بكرێت، كەحكومەتی تەكنۆكرات پێكبهێنێت‌و خۆی ستافەكەی ئەندامانی كابینەكەی بەناوی (بێلایەنی) دەستینشان بكەن؟

لەپێشدا، ئەگەر بڕیارە عێراقی دوای 2003 ، عێراقی شەراكەت‌و دیموكراسیەتی تەوافوقییە، ئەوا، ئەو دروشمی (بێلایەن)ییە ئەم پیاوە هەڵی گرتوە، ئەم بنەمای تەوافوقییە هەڵدەوشێنێتەوە، كەواتە كەمینەی پێكهاتە لەناو عێراقدا، ئەگەر زۆرینەكەی شیعە بێت و زۆرینەی سیاسیش هەر شیعە بن، چۆن ئایندەی خۆیان مسۆگەر دەكەن؟.

لەوەها بارێكدا، پێویستە لایەنی كوردستانی وەكو هەنگاوی یەكەم، نابێت دەستبەرداری دموكراسیەتی تەوافوقی بێت، چونكە بەڕاستی یان بەشكڵی بێت لە2003ـەوە پەیڕەو دەكرێت، بەهەمووكەم‌وكوڕییەكانییەوە بەڵام رێچكەیەكی داڕشتوە، بۆیە نابێت لەهەركەسێكی قبول بكەن كە بەناوی تەكنوكرات یان هەر ناوێكی دیكە، حكومەت بێ راوێژو رێككەوتنی سیاسی لەسەر بەرنامەو بەشداری لەكابینەو دانانی وەزیرەكان و پشك‌و پۆستەكان پێك بهێنێت‌و پیشتگریی ئەم جۆرەحكومەت بكرێ...چونكە گەمەی سیاسی عێراق رۆژ بەرۆژ بەسیاسەتێكی ئاشكرای تایفەگەری، حكومەتی ئیتحادی بەرەو مەركەزیەت دەبەن و كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی شەراكەت لەعێراقی نوێدا‌و دەستبردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پایەكانی بونیادی دیموكراسیەتی تەوافوقی و هەمواری بنەمای یاسایی‌و دەستوری دەكەن، ئینجا هەرجارەی بەناونیشانێك، كەدواجار لەچوارچێوەی پرۆژەی هێنانەدی پرۆژەی زۆرینەی سیاسیە كەعینوانی ئێستای حكومەتی بێلایەنە شەقام داوای دەكات!!، لەسەر پەراوێزخستنی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە بەو ئەجێندایە رازی نابن، كار دەكەن.

وەكی پێویستە لایەنی كوردستانی لەسەر دوو ئاراستە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بكات، یەكەمیان حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بەرنامەی سیاسی‌و بەڵێن وەرگرتنی فەرمی بۆ داخوازییە رەواكانی خەڵك ، دووەمیان حزبە سیاسیەكان بەهاوپەیمانێتیەك گفتوگۆی راشكاوانەی لەگەڵدا بكەن، پێی رابگەیێنن كە رەنگە بۆ ئەوانی عارەب‌و عێراقی راستە بیرلەهەرجۆرە حكومەتێك لە بەغدا بكەنەوە، بەڵام بۆ ئێمە و خەڵكی دیكەش راست نییە، چونكە بەپێی دەستور و بنەمای تەوافوق، بەشداریمان لەپرۆسەی سیاسیدا كردوە، بێ بەشدارییەكی راستەقینە لەهەڕەمی دەسەڵاتدا، كەشێكی قبولكراو نییە، بۆ ئەم خاڵە نابێت لایەنی كوردستانی دڵسافانەو ساویلكانە گفتوگۆ بكات، دیسان نابێت بەكەرتوپەرتی بچێتە ناو دانوستاندنەوە. 

هیچ كاتێك حكومەت لەهەرجێگایەكی جیهان بێت بێلایەن نییە‌و لەهەمانكاتدا دابڕاو نییە لەكۆی پرۆسی سیاسی، هەتا ئەگەر لەژێرناوی كەفائەت‌و تەكنۆكراتیشدا دابێت، نابێت كەس بەم دوعایە بڵی ئامین.

  • 1