ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 (بەشی دووەم)

کاتێک کاک (کۆسرەت) گوتی نا، نا وەکوو خۆت قسە بکە، لۆ چی بووە؟ سەیرێکی کابرای کرد، کە لەبەرانبەرمان لەسەر ڕۆخی قەنەفەکە دانیشتبوو، خۆی وێک هێنابووە و تەسحیبەکەشی لەدەست نەبوو، بەتەواوەتی بۆم دەرکەوت کە سەرۆکی حکوومەت ئەفەندی ناناسی و هیچ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵدا نییە، سەروسیمای دەرەوەی ئەفەندی دەربڕی ناوەڕۆکی باری دەروونی نەبوو، دیار بوو پیاوێکی مێشک وشک و کەللەپووتە، بێ شەرم و هەڵپەرست و خۆپەرست و پلە و پایە پەرستە، هەروا ماستاوچییەکی لێهاتووە، بەڵام کاک کۆسرەت کارێکی چاک و لێزانانەی ئەنجامدا، کاتێک کابرای ئەفەندی پشتگوێ خست و داوای لە ئێمە کرد باسی بارودۆخ و دەنگ و باسی ناو جەماوەر بکەین، گوتم کاک (کۆسرەت) بارودۆخەکە وەکوو خۆی کە هەیە دەخەمە بەردیدی ئێوە، بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی بدەن، بەردەوام بووم و گوتم، پارتی و یەکێتی بوونەتە دوو دیواری درێژ و بەرز لە چیمەنتۆ و شیش بەند دروست کراون و بۆ یەکتر دێن و لێک نزیک دەبنەوە، ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە نێوانیاندا پشوو تەنگ بوونە و ناتوانن هەناسە بدەن و بێزاری لێرە و لەوێ لە ناو خەڵک سەریهەڵداوە و ڕوو لە زیاد بوونە، نابێت ئێمەمانان بێزاربین، بەڵام خەریکە منیش بێزار دەبم، بەڕێز کاک (کۆسرەت) گوتی هاوڕێ (ڕەوەند) کوو ئێمە و پارتی وەکو یەکین، ئێمە یەکێتیین و پەیڕەو و بەرنامەمان جیایە و بەردەوام هەوڵدەدەین لە ناو جەماوەر بین، داکۆکی کاری بەردەوام بین لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، گوتم ڕاستە کاک (کۆسرەت) ئێوە دوو حزبی جیاوازن و هەریەکە و پەیڕەو و بەرنامەی خۆی هەیە و دەشزانم ئێوە یەکێتین و ئەوان پارتین، بەڵام لە فەرمانڕەوایی و بەشبەشێنە لە دابەشکردنی دەسەڵات هیچ جیاوازی نابینم، ئەوەتە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی وەزیران منداڵە یەکێتییەکان بەشی ئێوە دەپارێزن و جەنابیشت هەر یەکێتییەکان بەدواتەوەن و پارێزگاریت دەکەن، بەرپرسانی پارتیش لە سەرۆکایەتی وەزیران بەشی خۆیان وەرگرتووە و منداڵەکانی پارتییەکان دەیانپارێزن، لە وەزارەتەکانیش هەروایە، پارتی و یەکیتی وەکوو دوو برا هەموو دەسکەوتێک لە نێوان خۆیان دابەش دەکەن. ئەوە پۆلیس و ئاسایش و گومرگ هەمووی هەر بۆ ئێوەیە، ڕێگا بە منداڵی هیچ تێکۆشەرێک یان نیشتمانپەروەرێک و کوڕە شەهیدێک نادەن ... هتد لەم شوێنانە دامەزرێن لەبەر ئەوەی مووچەیان باشە و بەردەوامە. دامەزراندن لە هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی کوردستان تەنیا هەر بۆ ئێوەیە و برایانە لەگەڵ برایانی پارتی دابەشی دەکەن و بە پشتگیری (تەزکییە)ی ناوچەی پارتی و کۆمیتەی یەکیتی دادەمەزرێن، باشە ڕۆڵەکانی ئەو میللەتەی ئێمە ڕوو لە کێ بکەن؟ باشە ئەگەر یەکیتی جیاوازی لەگەڵ پارتیدا هەیە، بۆچی لەبەشی تایبەتی خۆی ژمارەیەک لە پۆلیس و ئاسایش و فەرمانبەری گومرگ بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان تەرخان ناکەن؟ بۆیە جەماوەر ناوی لە حکوومەتی کوردستان ناوە حکوومەتی (ففتی – ففتی)! کابرای ئەفەندیش لەولاوە هەر دەیگوت کاک (کۆسرەت) وەزعەکە باشە و خەڵک لەگەڵ یەکێتییە و تۆیان خۆشدەوێ .! قسەکانم تەواو کرد و بێدەنگ بووم. کاک (کۆسرەت) سەیرێکی کردم و پێکەنی و گوتی؛ هاوڕێ ڕەوەند بەخوا ئێمە لە یەکیتی وەزیرمان داناوە یەکێتی نییە، ئەوە مامۆستا (جەمال عەبدول) وەزیری ڕۆشنبیرییە و ئەندامی یەکێتی نییە. منیش گوتم ڕاستە، مامۆستا (جەمال عەبدول) مرۆڤێکی دڵسۆز و مامۆستایەکی پایە بەرزە و ڕۆڵی گرنگی لە زۆر بوار دیوە، کارێکی زۆرباشە مامۆستا وەزیری ڕۆشنبیری کوردستان بێت، بەڵام کاک کۆسرەت ئێوە حکوومەتێکی سەرتاسەری کوردستانتان پێکهێناوە و بە هەزاران فەرمانبەر و کارمەندی هەیە، تەنیا مامۆستا (جەمال) یەکێتی نییە و پارتیش نییە، ئەوە وەکوو ئەوە وایە خەڵکی هەولێر لە گەرمای هاوین ئاوییان نەبێت و تێنووبن، بێنە لای بەڕێزتان و داوای ئاو بکەن ئێوەش بیانبەنە سەر ڕووبارێکی پان و بەرین و سوور (سوێر) واتە ئاوەکە خێواوک بێت، بە خەڵکەکە دەڵێت بفەرموون بڕۆن لە ناوەڕاستی ئەم ڕووبارە کانییەکی ئاوی شیرین هەیە و بیدۆزنەوە و ئاو بخۆنەوە، جا کوڕ و کچی ئازام دەوێت ئاوی شیرین بدۆزێتەوە، ئەگەر جەنابی مامۆستا (جەمال عەبدول) کانییەکەی ئاوی شیرین بێت، لە ناو ئاوی ڕووباری سوێر بزر دەبێت، لە کۆتاییدا گوتم سوپاس کاتمان گرتی و باسی ئیشەکەی خۆمان نەکرد، لەبەر ئەوەی ئەم وتوێژە (17) خولەکی خایاند، سەرۆکی حکوومەتیش هەر ئەوەندە کاتی دەبێت، لەکاتی ڕۆیشتندا هاوڕێ (محەمەد حەلاق) گوتی کاک (کۆسرەت) بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت و حزبەکانیش خەڵکی تێکۆشەر و ناسراون و جەماوەر لە دڵەوە ڕێزییان دەگرێت، بەڵام مەترسی لەوەدایە دەور بدرێن بە خەڵکانی ماستاوچی و هەڵپەرست، چونکە ئێستاکە ئەم جۆرە کەسانە لێرە و لەوێ کەوتوونەتە جوڵە و هەوڵدەدەن خۆیان بخزێننە ناو حزبەکان بەتایبەتی ناو پارتی و یەکێتی لەبەر ئەوەی ئەم دوو حزبە لە کوردستاندا دەسەڵاتدارن، کاک (کۆسرەت) بەڕێز و ڕوویەکی خۆشەوە بەڕێیکردین، لە ڕێگای گەڕانەوەماندا هاوڕێ (محەمەد حەلاق) گوتی ئەگەر بارودۆخەکە وا بڕوات و بوار بدرێتە کەسانی هەلپەرست و ماستاوچی ، جێگای تێکۆشەران و خەڵکی زەحمەتکێش و نیشتمانپەروەر لەق و شلۆق دەبێت، ئەو خۆشەویستییەی لەنێوان جەماوەر و بەرپرسە باڵاکان و دامودەزگاکانی حکوومەت بەرەو کزی و لاوازی دەچێت و بەرپرسەکانیش لە جەماوەر دادەبڕێن .

ڕۆحت شاد هاوڕێ (حەمەی حەلاق)ی شەهید و خۆشەویست گوتەکانت ڕاست و دروست دەرچوون .

  • 1