ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هیلارى کلینتنى وەزیرى دەرەوەى حکوومەتەکەى ئۆباما کاتى خۆى ڕای گەیاند؛ ئێمە داعشمان دروستکرد، بێگومان مەبەستى ئەمریکا بوو. مەبەستەکەیشى زۆر ئاشکرایە کە یەکێکە لە هەوڵەکانى ئیمپریالیەتى ئەمریکا بۆ دەست گرتن بە سەر سامان و بازاڕى پڕ لە دەستکەوت و داهات. لە ڕێگەى ڕووخاندن یان کەرت و پەرت کردنى هەردوو کۆمارى سوریا و عێراقەوە .

ئەوە بوو سەرەتاى ساڵى 2011 لە سوریاوە دەستى پێکرد لە ماوەى سێ ساڵدا ( داعش) و هاوکارانى لە تورکیا و قەتەر و سعودیە و بە پشتیوانى ئەمریکا ¾ى وڵاتى سوریاى داگیرکرد و لە عێراقیش لە پارێزگاى ئەنبارەوە هێرشى هێنا و  لە 10/6/2014 مووسڵیش داگیر کرا و (داعش) خۆى کوتا بۆ داگیرکردنى (هەولێر) بەپێى نەخشەى تورکیا کە دەیویست (ویلایەتى مووسڵى دەوڵەتى عوسمانى ) زیندوو بکاتەوە .

ئەمریکا و هاوکارانى ئەوەیان کردە بیانوو لە هەموو سووچێکى ئەوروپاوە خۆیان گەیاندە بەغدا بەناوى یارمەتیدانى حکوومەتى عێراقەوە. مەشقکردن و بەهێزکردنى چەکدارکردنى هێزە چەکدارەکانى عێراق و چەندەها بنکە و پێگەى سەربازییان لەم وڵاتەدا بە کوردستانیشەوە دامەزراند .

مووسڵ و دەوروبەرى دواى وێرانکردنى تەواوى شارەکە و دەیان هەزار کوژراو و کەمئەندام لە 29/6/2017دا لە چنگى خوێناوى داعش ڕزگار کرا.

ڕووسیایش لە بەر مەرام و مەبەستى خۆى بووە یارمەتیدەرى سوریا و بە هاوکارى ئێران و بەرە بەرە سوریاى زیندوو کردەوە. ئەمریکا بەهۆیەوە قورسایى سەربازى و سیاسى  نوێى گواستەوە بۆ عێراق، گوایە بۆ ئەوەى ئەڵقەى (کەوانەى شیعە ) واتە (ئێران، عێراق، سوریا، لوبنان و فەلەستین)یش لە عێراقدا بپسێنێ .

پاش ڕزگارکردنى مووسڵ و زۆربەى ناوچە داگیرکراوەکانى عێراق بیانوو بۆ مانەوەى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە عێراق دا بەرە بەرە لە کزبووندا بوو. لەبەرئەوە لەگەڵ تورکیادا ڕێککەوت دژى کوردى سوریا کە وەک کوردى عێراق ڕۆڵى دلێرانەیان هەبوو دژى داعش، بەرى بۆ سوپاى تورکیا بەرەڵا کرد و لە 9/1/2019دا بەشێک لە کوردستانى ڕۆژئاوا داگیرکرا و لەم کەین و بەینە دروستکراوەدا بەهەزاران داعش کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە دیل کرا بوون، دەربازکران و ڕەوانەى عێراق کران و بەدزى و بە ئاشکرا ئەو ڕەوانەکردنەى داعش بۆ عێراق هەتا ئەمڕۆیش هەر بەردەوامە. لەو کاتەوە مەفرەزە چەکدارەکانى داعش بەشێوەیەکى بەرچاو لە پارێزگاکانى (مووسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین و دیالە و تەنانەت لە دەوروبەرى بەغدایش لەشەرى (پارتیزانى)دان پەلامار بەو دەربازبە) و هەراسیان بەهێزە چەکدارەکانى عێراق هەڵگرتووە! ماندوویان کردووە و بووە بە مایەى ترس و نیگەرانى خەڵکى عێراق "

گوتارى کاربەدەستانى ئەمریکا و ناتۆ میدیاکانیان بەتایبەت هاوار و بانگ بڵاو دەکەنەوە (داعش) لە عێراقدا خەریکە خۆى ڕێک دەخاتەوە و ئامادەکارى دەکات بۆ پەلاماردانەوەى شارەکانى عێراق .

دواى کوشتنى (قاسم سلێمانی) و هاوڕێکانى لەلایەن ئەمریکاوە سەرلەبەیانى 3/1/2020 پەرلەمانى عێراق بڕیارى دا کە هەرچى هێزە چەکدارە بیانییەکانی لە عێراقدا هەن بە ئەمریکایشەوە دەبێ بچنە دەرەوە، کردى بە ئەرک بەسەر حکوومەتەوە .

ئەم بڕیارە (دۆناڵ ترەمپ)ی زۆر نیگەران و سەغڵەت کرد بەڕادەیەک هەڕەشەى سەپاندنى سزاى ئابوورى لە عێراق کرد و لەوکاتەوە هەموو هەوڵەکان پروپاگەندەکان گوتارى کاربەدەستان تەنانەت لە (کۆڕبەندى داڤۆس)یش چڕکراوەتەوە لە سەر ئەوەى ئەگەر یارمەتى و هاوکارى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى نەبێ ئەوا بەم زووانە داعش دەست بە هێرش دەکاتەوە و بارودۆخى عێراق وەک ساڵى 2014 و 2015 دەشێوێت بەواتایەکى تر دەیانەوێ (داعش) بکەنەوە بیانوو بۆ مانەوە و خۆچەسپاندنیان، واتە شەریکە دز و ڕەفیقى قافڵە .

 

                                                                                                                                                                                                               

 

  • 1