ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 سەلام عومەر/ لە ئـــــازاردا

وتیان هەناسەساردەكانی ئەنفال لەوكاتەدا گەرم بۆوە كەڕاپەڕین بڵێسەیدا، شار‌وگوندەكانی ئێرە كاول ببوون‌و ئازادی هەناسەی وەبەرنایەوە, دەڵێن ئەورۆژەی رانیە ئازاد كرا شەهیدانی هەڵەبجە‌و قەڵادزێ‌‌وتەواوی كوردستان هەستانەوە سەرپێ‌‌و هۆیهایان لە سوپاكانی بەعس دەكرد, ئەنفالەكان لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆش تەزووی هەڵپەڕین بە گیانیاندا رەتدەبێ‌‌و لێناگەڕێن شێلوكردنی پێكهاتەكان‌و گۆڕینی ئاراستەكان‌و دووبارە بوونەوەی تراژیدیاكان, ئەوانەی لێرەو لەوێ‌ ئەنجام دراون هەناسەكانیان ساردكاتەوە‌و بەردەوام سروود لەسەر وەتەرە خێراو ناسكەكان دەچڕن.

دەڵێن هێشتاكە كەركوك هەموو نەورۆزێك بە بەرگی كوردییەوە سنوورەكاندەبڕێ‌ و خێراترە لەو پلانانەی دووبارەبوونەوەی هەیە, پێی وایە ئایندەی دەبێت هەر ئەو نیشتمانەبێت كەلەبیابان نەبێت لەهەمووشتێكیتردەچێت.

دەڵێن مانگی ئادار لە نوێبونەوەدایە, پێشهاتەكانی خۆش دەوێ‌‌و بەڵێنی داوە ئەو تەقە‌و هات‌و هاوارەی لە91 دا دروستی كرد دووبارە نەبێتەوە, نایەوێ‌ منداڵانی ئەمڕۆ بۆنی باروت بكەن‌و قەوان بناسن, ئەو چیاكان رەنگاورەنگدەكات‌و وەبیرمان دەهێنێتەوە كە ئەوێمان هەبوو, لەوێوە مێرخاسەكان دەهاتن ‌و بەناو شاردا رەتدەبوون, هەر ئەوێ‌ بوو تاكە سەرچاوەی ترس بۆ ئەوانەی وێرانیان دەكردین دەیاخنكاندین‌و ئەنفالیان دەكردین,

ئادار دەڵێ‌ : من بووم لە خەوێكی درێژخایەندا وەئاگام هێنان‌و ئەمڕۆم بۆ دروستكردن, وەرن بەنێو پێدەشتە كاكیبەكاكییەكاندا بگەڕێن‌و بزانن چ بەهارێكتان دەدەمێ‌, لێنەگەڕێن لەم مانگەدا زنجیروەشێنەكان , توركە شۆفینیەكان یا ئیسلامیە بەعسییەكان بێن‌و لە كانیاوەكانم بخۆنەوە, گەردەنتان ئازاناكەم كە لە گەورەیم نەڕوانن‌و چیرۆكەكانم بۆ نەوە نوێكان نەخوێننەوە, چونكە ئەوان لەماندووبوونی من تێناگەن, شەقاری زامە سووتاوەكانی منیان نەدیوەو نازانن سەردەمانێك وێرانەیەك بووم,

ئەودەڵێ‌ : ئەمن ئاداری راپەڕین‌و نوێبوونەوەم, چیرۆكی منداڵی ئەو شەهیدانەم كەلەرۆژەكانی مندابوو باوانیان خۆیان بۆ ئێوە شەهیدكرد, داستانی ئەو پەنجانەم كە گوللەكانیان بەهەدەر نەدەداو بەرگە زەیتونییەكانیان دەپێكا, هێشتاكە هەموو سرودەكانم زیندوون, سەرەتای هەموو

بەهارێكم و دەستكەوتەكان لێرەوە هاتن‌و بۆئێوە بوون, ئێوەپاشماوەی جەنگەكانن، لەنێو جەنگدا گەورەبوون‌و هەر لە خۆتانەوە ماون, لە بریتان بێت منتان هەم‌و لێنەگەڕێن زنجیر وەشێنەكان یائیسلامییە بەعسییەكان بێن‌و لەكانیاوەكانم بخۆنەوە, نا لێنەگەڕێن پلانە ژەهراویەكانیان بە بڕینی نان هەرەس بەسەروەریتان بێنێ‌، من ئازارم‌و بەنێوئاگرداهاتووم هەمیشە بێداربن و با چیدی جیوازیەكان زەقتر نەبنەوە دەنا هەڵدەستمەوەو كەس ناناسم.

  • 1