ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 ئەبو کاروان/ ئیشکالیەتی دەوڵەت، یان نەبوونی دەوڵەتی دیموکراتی؟

لای ھەمووان ئاشکرایە و ئەوەی لە سیاسەتدا کاری کردبێت و مێژووی خۆیندبێتەوە، باش دەزانێ کە دەوڵەتی عێراقی چۆن دامەزرا، ئه‌وه‌ش ده‌زانرێ کە کوردستان چۆن دابەشکراوە بەسەر چوار دەوڵەتی دەوروبەردا، دوور لەخواستی خۆی لکێنراوە بەو دەوڵەتانەوە، ئه‌و دابه‌شكارییه‌ش له‌ ئه‌نجامی خواست و بەرنامەی ئیمپریالیزمی ئه‌وكاتە بوو. 

تا ئەمڕۆکەش ھەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی ھەریەکێک لەو بەشانەی کوردستان (باشوور، باکوور، ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا) تایبەتمەندی خۆیان ھەیە لە ڕووئیا و کارکردن و داخوازییەکانیان لەگەڵ ھەر یەکێک لەو دەوڵەتانەی پێیەوە لکێنراون (عێراق، سوریا، ئێران و توركیا).

مامەڵەکردنی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانە لە دەوڵەتێکەوە بۆ ئەوی تر و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر، دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی وەکو یەک نین، کردار و ڕەفتاریان جیاوازن لەھەمبەر پرسی کورد و مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان .

من لێرەدا دەمەوێ لە باشورەوە و لە ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ دەست پێبکەم و بپرسم ئایا کێشە و گرفتەکان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە کوردستان تەنیا پەیوەندی بە ئیشکالیەتی دەوڵەتی عێراقەوە هەیه؟ ئایا پەیوەندی بە نەتەوەی سەردەست و بن دەستەوە ھەیە؟ ئایا دەسەڵاتی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر، لە سەرۆکێکەوە بۆ ئەویتر جیاوازییان نەبووە و نییە لە عێراقدا؟ ئایا کورد بەتەواوی لە هه‌موو قۆناغەکاندا بەیەک ئاڕاستە مامەڵەی لەگەڵ كراوە و فه‌رامۆش كراوه و بەشدار نه‌بووه له حوكمڕانی و وەرگرتنی پلە و پۆستی گرنگ؟ ئایا بەپێی بەشبەشێنە کاریان کردووە لەگەڵ کورد؟ ئایا حزبە کوردستانییەکان و سەرکردەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان چەند بەرپرسیارێتیان لە ئەستۆییە و کاریگەری نێگەتیڤیان ھەبووە لە ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن و چارەسەر؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و گەڕانەوە بۆ مێژووی گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغەکانی و کێشە و گرفتەکانی ڕابردوو دەمەوێ ڕاوبۆچوونەکانم به‌م شێوه‌یەی لای خواره‌وه‌ بخه‌مه‌ ڕوو: 

لە حوکمی مەلەکیدا کە ئێمەی شیوعییەکان دوژمنی سەرسەختی بووین لەبەر ئەوەی ده‌ستكه‌لای بەریتانیا بوون و ھاوکاری داگیرکەر بوون، بەڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش چەندین پلە و پۆستی باڵا و کاریگەر (سه‌رۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری ... ھتد) بە دەستی کوردەوە بووه، دوور لە بەشبەشێنەی تایفیی و نەتەوەیی و حزبیی کە ئێستا له عێراقدا پەیڕەو دەکرێ، ئەو کەسایەتییانەش کە بەرپرسیارێتیان ھەبووە لە دەسەڵاتی مەلەکیدا کەسیش بە خیانەتکار لە قەڵەمی نەداون، تەنیا حزبی شیوعیى نەبێت کە چەند کەسێکی دیاریکراویان بە خیانەتکار دەستنیشانکردوون، بە پێچەوانەی حزبە نەتەوەییەکان و بەشێکی زۆری سیاسەتمەدار و مێژووناسانی کورد کە وەک ڕەمز و کەسایەتی خەباتگێڕ ناوزەندیان کردوون.

کاتێک شۆڕشی چواردەی تەمووز بەرپا بوو، سیسته‌می كۆماری دامه‌زرا، حکوومەتی ئەوکاتە دەرگای پێشوازییان لەسەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (بارزانی) یادی بەخێر، کردەوە، کە ساڵانێک لە یەکێتی سۆڤیەت ئاوارە بوو، لەکاتی گەڕانەوەیدا لە بەسڕەوە تاکو زاخۆ سەدان ھەزار کەس لە عه‌ره‌ب و کورد و تورکمان و کلدو ئاشور و سابیئەی مەندائی بەشداری ئاھەنگ و خۆپیشاندانی پشتگیرییان کرد لە گەڕانەوەی بارزانی کە حزبی شیوعى و لایەنگرانی قاسم سەرپەرشتیان دەکرد، ئەرێ ئەوکاتەیش دەوڵەت دەوڵەتی عێراق نه‌بوو؟ نەتەوەی عەرەب نەتەوەی زۆرینه‌ نەبوو؟ کەچی دەبینرا ئازادییەکان بۆ ھەمووان فەراھەم کرابوو، ئەمن و ئاسایش بۆ ھەمووان لە بەسڕەوە بۆ زاخۆ بەبێ جیاوازی دابین کرابوو، بەڵام دەبێ ئەوەیشمان لەبیر نەچێ لە بەرانبەر ئەو پشتگیرییە و دیاریکردنی شەریکایەتی کورد و عەرەب له دەستوردا و یاساى چاكسازى کشتوکاڵی، ھەڵگەڕانەوەی چەکداری لە کوردستان ڕوویدا و کۆمەڵێ کاری تێکدەرانە ئەنجامدرا، دواتریش بزووتنەوەی کوردایەتی پشتگیری خۆیان بۆ ئاغا و دەربەگەکان کە زەرەرمەند بوون لە یاسای چاکسازی ڕاگەیاند و دواتریش ناوی لێنرا شۆڕش، خودی سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە لەوبارەیەوە چەندین نووسین و بەڵگەنامەیان لەو ڕووەوە خستۆتە ڕوو، كه‌ تێدا تێبینی و سه‌رنجی جدییان ھەبووە لە‌سه‌ر بەرپاکردنی . 

لە دوای ئەوەی شەڕ بەرپابوو لە نێوان قاسم و ئەم بزووتنەوەیە، بەسەرپەرشتی حزبی شیوعى و کەسانی ئازادیخواز ھەزاران كەس هاتنه سەر جاده له بەغدا و پارێزگاکان (زۆربەی زۆریان لە نەتەوەى عه‌رەب بوون)، دژى ھێرشەکانی حكوومەتى عێراق وەستانەوه به دروشمى (ئاشتى بۆ كوردستان) ده‌یان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، كه واتا نە ئیشکالیەتی دەوڵەت و نە شەڕی کورد و عەرەب بوو . 

لێرەدا گەر دەمانەوێ کێشەی ئەم ساڵانەی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا ببەستینەوە تەنیا بە نەبوونی دەوڵەت لە کاتێکدا کورد و سەرکردەکانی ھەرێمی کوردستان بەشداری کاریگەریان ھەبووە و ھەیە لە عێراقی ئەمڕۆدا، ئەوا تووشی ھەڵەی کوشندە دەبین لە شرۆڤە و بیرکردنەوەماندا، خۆ ئەگەریش سەرچاوەی ئەو بۆچوونانەمان دەستووری عێراق بێت کە لایەنی کوردستانی بەشداری کاریگەریان ھەبوو لە داڕشتن و بڕیاردان و دەنگدان لە سەری، ئەوا دیسان دەکەوینە ھەڵەوە، چونکە ئەو دەستورە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ و دەیان بەرکەوتن و ناکۆکی تێدایە، جگە لەوەی زیاتر لە پەنجا مادەی پێویستی بەوە ھەیە بە یاسا ڕێکبخرێت، ئه‌و دەستورە ھەر لایەنێک بۆ خۆی و لەخزمەتی خۆی تەفسیری بۆ دەکات، نموونەش زۆرە کە ھەردوو لایەنی ناکۆک (هه‌رێم و بەغدا) لەیەکێک لە قۆناغەکاندا بۆ بەرژەوەندیی خۆیان لێكدانەوەیان بۆ کردووە، لەوانە کاتێک ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا و ناوچە کوردستانییەکانیان کۆنترۆڵ کرد سەرکردەکانی ھەرێم لێدوانیان دەدا کە مادەی (١٤٠)ی دەستور جێبەجێکرا، لە کاتێکدا باش دەیانزانی و ئاگاداربوون کە تەنیا بە ڕزگارکردنی ناوچەکە ئەو مادەیە جێبەجێ ناکرێت و جێبەجێکردنی پەیوەستە بە قۆناغەکانی (ئاسایکردنەوە، سەرژمێری، ڕاپرسی)، ھەر بەھەمان شێوە دەسەڵاتی بەغدا بەپشت بەستن بە دەستور و لە وەڵامدانەوەی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان دا ھێرشی سته‌مكارانه‌یان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و لە بەرنامەیاندا بوو کە ھەموو کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن ئەگەر ھەندێ ھۆکاری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ڕێگر نەبووایە، ئەرێ ئێمە بەرپرس نین کە ساڵانیک کەرکووک و خانەقین و ئەو ناوچانە تێکۆشانی بۆ دەکەین و دەستبەرداری بووین و خستمانە بەر ڕەحمەتی دەستور و قایل بووین لە ڕێگای مادەی (١٤٠)ەوه چارەسەری کێشەی ئەو ناوچانە بکەین و گومانمان بۆ کوردستانییەتی ئەو ناوچانە دروست کرد؟.

بەڵی و بە بۆچوونی من، سازان (تەوافق)ی نێوان ھەرێم و بەغدا بەردەوامە و پێویستە واقعییانه بۆچوونەکانمان دەربڕین، گەر نەماوە و بە زۆرینە و کەمینە مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، چۆن لایەنی کوردستانی بە پەنجا و ھەشت پەرلەمانتار دەبینە خاوەنی سەرکۆمار؟ جێگری سەرۆکی پەرلەمان؟ و وەزیر ... ھتد.

له کۆتاییدا دەڵێم پێویستە وەک گەلی کوردستان و ئێمەی شیوعییەكانیش سەرچاوەی بیرکردنەوەمان مرۆڤدۆستانە بێت و لە چەمکی ھاووڵاتی بوون و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سۆشیالیزمەوە سەرچاوە بگرێت، چەوسانەوە ھەر چەوسانەوەیە گەر ھەر دەوڵەت و نەتەوەییەک بیکات، عەرەب بێت فارس یان تورک یان کورد بێت ھەر چەوسانەوەیە، باشترە ئەوەشمان لە بیرنەچێت لە قۆناغی شیوعییەتدا دەوڵەت نامێنێ و ھەموو مروڤەکان یەکسان دەبن، کەواتە ئیشکالیەت ئیشکالیەتی دەوڵەت نابێت و حوکمڕانی و شێوازی بیرکردنەوە سەرچاوەی کێشەکانە.

  • 1