ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا
لە دوای مۆرکردنی پەیماننامەی وستفالیا لە ساڵی 1648 کە کۆتایی بە شەڕی سی ساڵەی ئاینی لە ئەوروپا هێنا، کۆمەڵێک پرەنسیپی نوێی نێودەوڵەتی کە خۆی لە پرەنسیپی سەروەری ئەو وڵاتانە و دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر، بنیات نرا، بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا مەسەلەی هەناردە و هاوردەکردنی نموونەکانی بنیاتنانی دەوڵەتە لە جیهاندا، دەرکەوت، بە جۆرێک هەندێ زانایان و بیرمەندانی بواری سۆسیۆلۆجی لەوانەش سۆسیۆلۆجستی فەرەنسی بیرتراند بادی دەستەواژەی "دەوڵەتی هاوردە"ی بەکارهێنا کە شێوازێکە لە بەڕۆژئاوایی کردنی نموونەی بنیاتنانی دەوڵەت و گشتاندنی.
نموونەی دەوڵەتی هاوردە پێویستی بە دوو لایەن هەیە. لایەنی یەکەم وڵاتە زلهێزەکانی کەنارەکانی باکوری ئەتڵەسی و ئەوروپای ڕۆژئاوا وەک بەریتانیا و فەرنسا لە دوای یەکەمین شەڕی جیهانیدا و دواتریش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە نموونەکانیان بۆ دەوڵەت دەنێرن یان ڕاستتر ئەوەیە بڵێین دایدەسەپێنن و لە چوارچێوەی پاشخانی سیاسەتی کۆلۆنیالزمی کۆن و نوێ و پەیڕەوکردنی پراکتیکی سیاسی بەپشتبەستن بە بەرژەوەندییە زیندووەکانیان لە جیهاندا کار بۆ کۆنترۆڵکردنی نموونەکان و شێوازەکانی دەوڵەت لە دەرەوەی خۆیاندا دەکەن. لایەنی دووەم ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانە و ئەو پێکهاتەیە کە بەرژەوەندیان یان بەرژەوەندی تاقمی دەسەڵاتدار تیایاندا لە هاوردەکردنی ئەو نموونانەدایە.
کاتێک لە واقیعدا دەڕوانینە نموونەی ئەو دەوڵەتانەی بەو شێوازە دروستبوون، ئەوا کۆمەڵێک دیاردەی گرێدراو پێیان ڕەچاو دەکرێن، وەک نەبوونی سەقامگیری و سەروەری، و بوونی وابەستەیی، و شکستخواردنی پرۆسەی گەشەپێدان تیایاندا.
گرفتەکانی دیاردەی دەوڵەتی هاوردە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاراستەکانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەیە. پرۆسەیەک کە زیاتر لە پانزە ساڵە دەستیپێکردووە، و هەرچەندە بوونی کۆسپەکان و سەرنەکەوتنی ئەم پرۆسەیە و نەبوونی ئاسۆیەک بۆی دەخرێتە هۆکاری ئاڵۆزی قۆناغی گواستنەوە کە زۆر لە پسپۆڕ و سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاویی و ناوەندەکانی توێژینەوە ئەم هۆکارە بە بیانوو دەهێننەوە، بەڵام پێم وایە بابەتی کێشە و قەیرانەکان و هۆکارەکانی لە بابەتی قۆناغی گواستنەوە ئاڵۆز و فراوان ترە، و ئەو ناوەندانەی کە زیاتر هۆکارەکانی قۆناغی گواستنەوە بۆ شکستی و قەیرانەکانی دەوڵەت بەکاردێنن، زیاتر بیر لە فاکتەری کات دەکەنەوە وەک ڕێگایەک بۆ سەپاندنی نموونەی دەوڵەتی هەناردەکراو، و هێز و پێکهاتە سوودمەندەکانیش لە هاوردەکردنی ئەو نموونانە دیسانەوە دەیانەوێ سوود لە فاکتری کات وەرگرن بۆ سەپاندنی هەمان نموونە، لە کاتێکدا واقیعی بەرجەستەکراو لەو دەوڵەتانە کە لە بازنەی دەوڵەتی هاوردە و بەرهەمی هەناردەی سەنتراڵیزمی ئەوروپایین لەوانەش دەوڵەتی عێراق، کێشە و ناسەقامگیری و بەردەوامبوونی چاوگی بارگرژی، و شەڕی ناوخۆیی، و گەندەڵی و نەبوونی سەروەری دەوڵەت و شکستخواردنی پرۆسەی گەشەپێدان، و گرفتی شوناس، بە خۆوە دەبینن. دەوڵەتی عێراق نموونەیەکە لە دووفاقەی دەوڵەتی هەناردە ــ هاوردە، و ئەو پروپاگەندە چەواشەکارییە ناوخۆییەی کە دەکرێ کە گوایە عێراق تەمەنی زیاتر لە حەوت هەزار ساڵە، و بە هاوبەشی بانگەشەکردن کە گڵۆبالیزم گرەنتییە بۆ سەپاندنی نموونەی ڕۆژئاویی دەوڵەت، نەک قەیرانی دەوڵەتی عێراق و ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای سایکس پیکو دروست کران، چارەسەر نەکردووە، و ناکات، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتری کردووە.
بە پێویستی دەزانم لایەنە سیاسییەکانی ئەم دەوڵەتانە و ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهانی و تەنانەت دەوڵەتانی کۆلۆنیالزمی کۆن و نوێ پرسی شکستخواردنی نموونەی ئەو دەوڵەتانە بە بایەخەوە بابەتی توێژینەوەیان بێت، چونکە بەردەوامبوونی ڕەوشی ئەو دەوڵەتانە بەم جۆرەی هەیە، جگە لە شکستخواردنی بواری گەشەپێدان تیایاندا، بوونەتە چاوگی شەڕی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، و مەترسی لە سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان پێک دەهێنن.
ئەزموونی مێژووی دەوڵەت بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەی سەلماندووە کە دەوڵەت لە چوارچێوەی دووفاقەی هەناردە و هاوردەکردنی نموونە بنیات نانرێت، و ناکرێ نموونەکان لەسەر بنەمای بیرۆکەی سەنتەڕالیزمی ئەوروپایی و لە بازنەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی کەنارەکانی ئەتڵەسی، سەربگرێت.
بۆ زیاتر لێکدانەوەی هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ئەم ئاراستەیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سۆسیۆلۆجیای مارکسیستی هەرچەندە خودی مارکس لە جیاتی دەستەواژەی سۆسیۆلۆجیا، ماتریالزمی مێژوویی بەکاردەهێنا.
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ماتریالزمی مێژوویی بابەتی ژێرخان و سەرخان، و پەیوەندی نێوان ئەم دوو چەمکەیە. شێواز و هێز و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بنیاتی ژێرخان پێکدەهێنن، و مارکس ئاماژە بۆ تێکڕای پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەکات کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان پێک دەهێنێت و لە قۆناغێکی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیدا شوناس و مۆرکی تایبەتی پێدەبەخشێت. ئەم شوناسەی کۆمەڵگا لەو قۆناغەی پەرەسەندنیدا کە پشت بە هێز و شێواز و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دەبەستێت، سەرخانی کۆمەڵگا بنیات دەنێت. ئەو سەرخانە بریتییە لە پەیوەندی ئایدیۆلۆجی و دامەزراوەکان کە بەشێوەیکی ئۆرگانی پەیوەندی بە ژێرخانەوە هەیە. لینین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێتە دوو بەشەوە. بەشی یەکەم پەیوەندییە ماتریالزمەکانە و بەشی دووەمی بابەتی ئایدیۆلۆجییە کە سەرخانە و پشت بە بەشی یەکەم دەبەستێت.
سەرخان بریتییە لە دامەزراو و ڕێکخراو و دەوڵەت و دەزگای یاسایی و کەنیسە، و ڕێکخراوی ئاینی، و بەشێکە لە هۆشمەندی خەڵک و لەنێو چوار دیواردا دروست نابێت.
ئەم هۆشمەندییە پەیوەندی بەکەڵەکەبوونی ئەزموونی خودی جەماوەر و نەریتەکانی ژیانی ڕۆژانە و بواری کارکردن و کەلەپوور و کەلتوورەوە هەیە.
نموونەکانی دەوڵەتی هاوردە، ڕەنگدانەوەی ژێرخانێکە کە تەرزی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دروستی کردووە و زێدەی بنیاتی دەوڵەتە لە ئەزموونی ئەوروپا. گرفتەکەش لەوە دەستپێدەکات کە عەقڵیەتی سەنتڕالیزمی ئەوروپایی ئەو نموونەیە کە سەرخانە هەناردەی ژێرخانێکی جیاوازی دەکات و دەیەوێت بەسەریدا بیسەپێنێت بێ ئەوەی زەمینەکەی لەباربێت یان لەگەڵ هۆشمەندی ئەو کۆمەڵگایانە بگونجێت. بۆیە دەبینین ئەو جۆرە دەوڵەتە لە ژێرخانی تەرزی بەرهەمهێنانی ئاسیەوەی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە مارکس ئاماژەی پێداوە سەقامگیر نابێت.
لە نموونەی دەوڵەتی هاوردە لە عێراقدا، کۆمەڵگاکان لە لایەک و دەوڵەتیش لە لایەکی دیکەیە.

  • 1