ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینی/ کاوە محمود

گەندەڵی یەکێکە لە دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارە جیهانییەکان کە ڕاستەوخۆ دووچاری سەرجەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆتەوە، و کارکردن بۆ قەڵاچوکردن و نەهێشتنی گەندەڵی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کاری حکومەت و ڕەوشی گشتی دەوڵەتەوە هەیە.

کۆمەڵگای چین بەشێکە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و جیهانی کە بە شێوازی جۆراجۆر و بە پێی پەرەسەندنی ڕەوشی ئەو وڵاتە دیاردەی گەندەڵی تیایدا هەبووە.

حزبی شیوعی چین هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە درکی بە مەترسی دیاردەی گەندەڵی کردوە، و پێی وابووە کە حزب و دیاردەکانی گەندەڵی دوو دوژمنی سەرسەختی یەکترن، وەک ئاگر و ئاو وان.

حزبی شیوعی چین لە پێنجەمین کۆنگرەی نیشتمانی خۆیدا دەزگای پشکنینی دیسپلین ـ لێژنەی چاودێری و پشکنینی ناوەندی ـ دامەزراند. ئەمەش یەکەمین هەنگاوی سەرەتایی بوو بە مەبەستی دانانی پێوەر بۆ چاودێری نێو حزب و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.

لە ئاکامی پەرەسەندنی ئەزمونی بنیاتنانی سۆشیالستی بە قۆناغە جۆراجۆرەکانییەوە، کارکردن بۆ دژایەتی کردنی گەندەڵی و هەنگاونان بۆ سەروەری دەستپاکی لە کاری حزب و دەوڵەتدا، بەردەوام بووە.

ئەگەر لە ئەزمونی هەندێ وڵاتی دیکە گەندەڵی تەنها بواری کاری حکومی و دەزگاکانی دەوڵەت بگرێتەوە، ئەوا لە ئەزمونی چیندا و بەو پێیەی کە حزبی شیوعی حزبی حوکمرانە و سەرکردایەتی دەوڵەت دەکات، ئەوا پێوەرەکانی قەڵاچوکردنی گەندەڵی کاری حزب و دەوڵەتی، گرتۆتەوە.

تانگ شیاو جیوی نوسەری کتێبی پێناسەکردنی حزبی شیوعی چین دەڵێت: لەگەڵ دامەزراندنی چینی نوێ لە ساڵی 1949دا و حوکمرانیکردنی حزبی شیوعی، کۆمیتەی ناوەندی بۆ پشکنینی دیسپلین درووست بوو. ئەم کۆمیتەیە سێ ئەرکی هەبوو. یەکەمیان: پشکنین لەو ڕەفتارانەی کە دژ بە دیسپلین لە رێکخراوە حزبییەکان و لە ڕەفتاری کادیر و ئەنداماندا هەبووە. دووەم: کارکردن بۆ جێبەجێکردنی سزای حزبی بە هۆی ئەو پێشێلکردنانە. سێیەم: چەسباندنی هۆشمەندی سەبارەت بە گرنگی دیسپبلین لە نێو حزبدا.

لەو سەردەمەدا حزب بە مەبەستی پاراستنی دەستپاکی لە کاری دەسەڵاتی نوێی گەل، قەڵاچوکردنی سێ بابەتی ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە قەڵاجۆکردنی گەندەڵی، و دەستبڵاوی، و بیروکراسی.

دوواتر حزب پێنج بابەتی دیکەی خستە ئەم لیستەوە، کە بریتیبوون لە نەهێشتنی بەرتیل و خۆدزینەوە لە باج، و دەستبردن بۆ ماڵومولکی گشتی، و گزیکردن لە پرۆژەکان، و دزینی هەواڵی ئابوری. لە سایەی ئەم ئاراستەیەدا هەڵمەتی دژایەتی کردنی گەندەڵی و گەندەڵکران کرا، و تا ڕادەیەکی باش شکۆمەندی بۆ روحی دادپەروەری و دەستپاکییەکی پێگەرد، پارێزرا.

لە دوای یانزەهەمین کۆنگرەی حزب، و پاش تەواوبوونی قۆناغی شۆڕشی ڕۆشنبیری، لە ساڵی 1978 قۆناغی چاکسازی و کرانەوە لە چین دەستی پێکرد، و جەقی کارەکانی حزب و دەوڵەت بەروە بنیاتنانی ئابوری و جێبەجێکردنی چاکسازی و کرانەوە بە سەرکردایەتی تنگ شیاو بینغ، دەستیپێکرد. لەم قۆناغەدا کە سەرەتای باسکردنی چەمکی ئابوری بازاڕ بە تێگەیشتنی جینی بوو، کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و ڕاگرتنی تاوانی ئابوری مەترسیدار وەک قاچاخچیتی و بەرتیل وەرگرتن و دەسکەوتنی دراوی بیانی بە شێوەیکی نا شەرعییانە و دەستبردن بۆ موڵکوماڵی گشتی، کرا.

تانگ شیاو جیوی لە هەمان کتێبدا دەڵێت: هاوکات لە گەڵ هەنگاونان بۆ فراوانکردنی ئابوری بازاڕی سۆشیالستی، دیاردە و تاوانی گەندەڵی فراوان بوو. ئەمەش وای کرد کە حزبی شیوعی چین سێ بابەتی نوێ بۆ ڕووبەڕووبونەوی گەندەڵی بخاتە ڕوو. یەکەمیان: پێداگرتن لە سەر دەستپاکی کادیری سەرکردایەتی حزب و دیسپلینی زاتی. دووەمیان: لێکۆڵینەوە لە پێشێلکردنی قانون و دیسپلین، و سزادانی پێشێلکەران. سێیەمیان: ڕاستکردنەوە و چاکسازیکردن لە ئاراستەی هەڵەی دەزگاکان و کارە پیشەییەکان.

هاوکات لە گەڵ بریاردانی کۆمەڵێک یاسا بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، حزب جەختی لە سەر بابەتی پەروەردە و فێرکردن، و دانانی سیستمی قانونی بۆ زامنکردنی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، و نەهێشتنی زەمینەی گەندەڵی، لە رێگای فراوانکردنی بوارەکانی چاکسازی، کردەوە.

حزبی شیوعی چین لە میانەی سیاسەتی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵیدا کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی دەستنیشان کرد کە نیشانەی ئەوەیە دیاردەی گەندەڵی پەیوەندی بە سەرجەم بواری رێکخستنی کاری دەوڵەت و حزبەوە هەیە. ئەو خاڵانە کە لە زانیاری و بڵاوکراوەکانی دەوڵەتی چین سەبارەت بەم دیاردەیە هاتووە، دەکرێ بە کورتی بەم جۆرە ئاماژەیان پێ بکەین:

1ـ چاککردنی بنیاتی سیاسی لە دەوڵەت و لە سیستمی سیاسی چین و لە کاری حزبی شیوعی چین.

هەڵبەتە ئەم بابەتانە خۆی لە پەرپێدان و فراوانکردنی دیموکراسی سۆشیالستی، و پێگەیشتنی سیستمی یاسای سوشیالستی و کارکردن بە پێی یاسا، و ماوەنەدان بە هیج دەسکەوتێک کە لە دەستور و قانوندا ئاماژەی پێ نەکرابێت، بەدی دەکرێت، و لە هەمان کاتیشدا کار بۆ ئەوە بکرێت کە گەل بەسەر دەوڵەتدا سەروەر بێت. بەم جۆرە مەترسی گەندەڵکارانی نێو دەزگاکانی حزب و دەوڵەت کە دەیانەوێ لە سەر بەرژەوەندی گەل دەوڵەمەند بن، بنبڕ دەکرێت.

2ـ بڵاوکردنەوەی هۆشمەندییەکی بۆخت بۆ بەربەرکانی گەندەڵی، لە رێگای جەختکردن لە سەر بنیاتنانی ئایدیۆلۆجی، وبڵاوکردنی هزری حزب، و رۆشنبیرکردنی کادیرەکانی حزب و دەوڵەت بە گرنگی تێکۆشان دژ بە گەندەڵی، و بەکارهێنانی ڕاگەیاندن و دەزگاکانی ئێزگە و تەلەفزیۆن بۆ ریسواکردنی گەندەڵکاران و ئاماژەکردن بە ناویان و بە سزاکانیان، و هوشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە نەریتەکانی دەستپیاکی و ڕوونی، و بەکارنەهێنانی دەسەڵات لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەت.

3ـ نەهێشتنی گەندەڵی بە پێی یاسا.

سەبارەت بەم بابەتەش لەگەڵ هەنگاونان بۆ ئابوری بازاڕی سۆشیالستی، و بە مەبەستی ئاراستەکردنی کاری کادیرانی حزب و دەوڵەت، کۆمەڵێک یاسا بریاردرا بۆ ئەوەی کارەکان بە شەفافیەت و دەستپاکی بەرێوە بڕوات، و لە ئاستی کاری حزبیشدا بریاری کۆمەڵێک ریسا درا بۆ نەهێشتنی دەستبڵاوی و سوود وەرگرتن لە پلە و پایەی حزبی، و زیادەڕۆیی لە خەرجی سەفەرکردنی و ئاهەنگ رێکخستن و... هتد. بۆ ئەم مەبەستەش لە نێو کاری حزبیدا دوو هەزار رێنمایی بۆ رێکخستنی ئەم بوارە بریار دراوە.

4ـ چاودێری کردنی کادیری سەرکردایەتی حزب و سەرجەم بەرپرسە گەورەکانی فەرمانگە حزبی و حکومییەکان.

5ـ ناردنی لێژنەی بینین و لێکۆلینەوە و پشکنین بۆ چاودێری کردنی کاری سەرکردایەتی و کادیری حزبی و حکومی، و ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەبارەت بە پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی هێڵی گشتی سیاسەتی حزب و دەوڵەت.

6ـ دانانی لێژنەی دیسپلین لە سەر ئاستە جیاوازەکانی کاری حزبی بە مەبەستی بەدوواداچونی کاری ئەو ئەندام و کادیرە سەرکردایەتییانەی کار و ئاخافتنیان یەک نییە، و لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا، کار دەکەن.

7ـ دانانی سیستمی بەرپرسی ئابوری بە مەبەستی وردبینی ژمێریاری بۆ خەرجی کادیرە سەرکردایەتییەکان لە ئاستی پارێزگاکاندا، و چۆنێنی خەرجکردنی دارای گشتی لە کاتی سەفەرکردن و مانەوە و ئەنجامدانی ئەرکدا.

8ـ وەرگرتنی ڕا و ڕاپۆرتی لێژنەکانی دیسپلین لە کاتی پێشخستن و دەستنیشانکردنی کادیری سەرکردایەتی لە ناوچە و فەرمانگەکاندا.

9ـ بەکارهێنانی سیستمی پێدانی زانیاری بۆ جەماوەر لە چۆنێنی کار بەرێوەبردن وەک رێگایەک بۆ بوونی چاودێری جەماوەر بە سەر کارەکانی حزب و حکومەتدا. لە هەندێ شوێنیشدا سوود لە تەکنەلۆجیای سەردەم و ئەنتەرنێت بۆ بابەتی چاودێری و پێدانی زانیاری بە جەماوەر، پیادە کرا.

10ـ بەکارهێنانی شێوازی ڕاپۆرت پێشەکەشکردن لە سەرکردایەتی شوێنەکانەوە بۆ کۆنگرەکانی نوێنەرانی کرێکاران و فەرمانبەران، بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە دەستپاکی و دیسپلینی زاتییەوە هەیە. ئەم شێوازە لە پاش حەڤدەهەمین کۆنگرەی حزب فراوان بوو.

حزبی شیوعی چین کۆمەڵێک ئەزمونی دەوڵەمەندی لە بواری نەهێشتنی گەندەڵی پەیدا کرد. فەرمانگە بەرپرسەکانی دژ بە گەندەڵی لە نێو حزب و حکومەتی چین لە سێ بواردا کارەکانیان جێبەجێ دەکرد:

ـــ پاراستنی دەستپاکی و دیسپلینی زاتی کادیرە سەرکردایەتییەکان.

ـــ پشکنین و ماوەنەدان بە پێشێلکردنی رێسا و یاساکان.

ـــ خستنە ڕووی رەفتاری نابەجێی و خراپی فەرمانگە و کەرتەکان.

هاوکات لە گەل ئەم خاڵانەدا، حزب لە دژایەتیکردنی بۆ گەندەڵی جەختی لەسەر گرنگی بواری ڕەوشتی ئایدیۆلۆجی، و دیسپلینی حزب، و پابەندبوون بە یاسای دەوڵەت، دەکردەوە.

شایانی باسە پێش ئەنجامدانی نوزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین، دەستەی نەهێشتنی گەندەڵی لە حزبدا ڕایگەیاند کە یەک ملیون وسێسەد و چل و سێ کەس لە دووای هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبەوە تا پێش کۆنگرەی نوزدەهەم، واتە لە ساڵی 2012 تا 2017 لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون. ئەوانەی کە سزادراون 648 هەزار لێپرسراوە لە سەر ئاستی گوند و شارەوانییەکان، و 38 هەزار لە بەرپرسانی نێو وەزارەت و فەرمانگە حکومییەکان، و لەهەمان کاتدا یەک ملیون و سێسەد هەزار سکاڵا سەبارەت بە بەرتیل وەرگرتن تۆمار کراوە.

ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین کە لە ساڵی 2017 بەسترا ئاماژە بۆ ئەوە دەکا کە سەرکەوتنێکی بەرچاو لە چیندا لە قەڵاچۆکردنی گەندەڵی وەدەس هاتووە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە جەماوەری گەڵ بە تەواوی قینیان لە دیاردەکانی گەندەڵییە، کە گەورەترین مەترسییە دوچاری حزبمان دەبێتەوە. حزب ناتوانێ یاسای خولی حەتمیەتی مێژووی خۆی تەواو بکات، و سەقامگیری سیاسی بەردەوام بۆ حزب و دەوڵەت مسۆگەر بکات تەنها بەجەخت کردن و بەردەوامبوون لەسەر کاروانی نەهێشتنی گەندەڵی نەبێت، بەجۆرێک چارەسەری لق و پۆپەکان و چارەسەری بنبڕی گەندەڵی لە هەمان کاتدا، بکات، کە ئەمەش ڕاستوڕەوانی کادیران و دەستپاکی حکومەت، و ڕوونی و شەفافیەت لە سیاسەتدا، دەپارێزیت.

هەر لە راپۆڕتی کۆنگرەدا هاتووە کە: تا ئێستا ڕەوشی نەهێشتنی گەندەڵی ئالۆز و مەترسیدارە، و دەبێ هەڵوێستی یەکلاکەرەوە بۆ وەدسهێنانی سەرکەوتنمان، هەبێت... دەبێ لە کارەکانمان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی بەردەوام بین، و هیچ ناوچەیەک نەبێت لە دەرەوی ئەم کارانەمان بێت، و ناکرێ بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە گەندەڵی بکەین... دەبێ گەندەڵکاران بگرین و بیاندەینە دادگا، و ڕێڕەوی یاسای نیشتمانی دژ بە گەندەڵی بەرەو پێشەوە بەرین، و دەوڵەمەندی کەین، بە جۆرێک کەس نەوێریت کاری گەندەڵی بکات.

شی جین بینگ لەو وتارەی کە لە دووەمین کۆبونەوەی تەواوی کۆمیتەی ناوەندی پشکنینی دیسپلینی حزبی دووای هەژدەهەین کۆنگرەی حزب پێشکەشی کرد باس لەوە دەکات کە تا ئێستا ڕەوشی تایبەت بە نەهێشتن و دژایەتیکردنی گەندەڵی دژوار و قورسە، و مەسەلەی پەرەپێدانی کاری حزب و بنیاتنانی دەستپاکی و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی ئەرکێکی ئاڵۆز و پیرۆز و درێژخایەنە... و پێویستی بە وریابوونی بەردەوام هەیە، و کلیلی ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی دوو وشەیە، (بەردەوامبوون و درێژەپێدان). بۆیە دەبێ بە ورەیەکی توندو تۆڵ هەرچییەک ڕوو بدات، بەردەوام بەرەنگاری گەندەڵکار ببینەوە، و لە هەر شوێنێکدا بێت سزا بدرێن، و ئەو زەمینەیە کە ئاسانکاری بۆ گەندەڵی دەکات، نەهێڵین.

شی جین بینگ لەو وتاریەدا ئاماژە بە ئەرکەکانی ئەندامانی حزب دەکات کە دەبێت ئەو بابەت و شتە نەگەتیفانەی ئەندامی حزب داوا دەکات خەڵکی نەیکات، دەبێ پێشتر ئەندامی حزب خۆی نەیکات... بۆیە دەبێ لە خەرجیدا دەسبڵاو نەبێت، و بیر لە هەڵپەکردن بۆ جێژوەرگرتن و خولیای زێدەڕۆیی لە خەرجی، نەکاتەوە.

لە چوارچێوەی ئەم هەلوێستە توند و یەکلاکەرەوە و مەبدەئییانە دژ بە گەندەڵی، شی جین بینگ جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە هەڵمەتی دژ بە گەندەڵی نابێ بە سەری پلنگ دەست پێبکەین و بە کلکی مار کۆتای بە کارەکانمان بهێنین، و مەبەستی لەم پەندە چینییەش ئەوەیە کە ناکرێ بە گۆژم دەست پێبکەین و دووایی سارد بینەوە. بۆیە لەو وتارەیدا ئاماژە بە گرنگی ڕاوکردنی پڵنگ و مێش و مەگەزیش، دەکات، بەو مانایەی لە دژایەتی کردنی گەندەڵیدا نابێ دەس لە کەس بپارێزین و دەبێ سەران و گەورە گەندەڵەکان و گەندەڵە بچوکەکانیش لە بازنەی چاودێری و سزاداندا بن.

لە کۆبونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی حزب لە 19ی نیسانی 2013 شی جین بینگ دەستنیشانی سێ خاڵی گرنگ لە کارکردن بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەکات. یەکەمیان ئەو ئەزمونەیە کە حزب لە میانەی کارکردنی دژ بە گەندەڵی و بۆ دەستپاکی، وەدەستی هێناوە. دووەمیان کەلتوری دەستپاکی کە لە مێژووی وڵاتدا هەبووە. سێیەمیان توێژینەوەی دەسکەوت و سەرکەوتنەکان و شیکردنەوەی کەموکوڕییەکان.

هەر لەو وتارەدا ئەمینداری گشتی حزب پێی وایە تێکۆشان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی مەسەلەی ژیان و مردنە بە نسیبەت حزبەوە، و هەر بۆیە لە سەرجەم بابەت و تارەکانی سەبارەت بە نەهێشتنی گەندەڵی جەخت لەسەر دیسپلینی حزبی و پوختی کاری ئایدیۆلۆجی، و سەروەری گەل بە سەر دەسەڵات، ودەستپاکی لە کاری حزبی و حکومی، دەکاتەوە.

  • 1