ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
مرۆڤایەتی لە ئێوارەوەختەی ڕووبەڕووبونەوەیدا لەگەڵ مەترسییەکانی پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزی گواستنەوەدا تێپەڕدەبێت، کە سەرەتاکانی بۆ پێش پەیدابوونی ڤایرۆسەکە و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، دەگەرێتەوە. زیاتر لە ماوەی دوو دەیەی ڕابووردوودا کۆمەڵێک دیاردەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئاستی جیهاندا کەڵەکەبووە، و هەردەم ئەو دیاردانەش جێگای ناکۆکی و ململانێ بووە نێوان ئەو هێزە نێودەوڵەتانەی خاوەن هێز و هەژموونن بە هاریکاری لەگەڵ هێزی سیاسی لە ئاستی ناوخۆیی دەوڵەتانی دیکە، کە بە یەکەوە کاریان کردوە بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بەرەو سیاسەتی خۆکشانەوە و خۆپاراستنی گۆشەگیرانە و ململانێی شارستانییەکان، بڕۆات، دوور لە بەرپرسیاریی هاوبەش و مەسەلە چارەنوسسازەکان کە دووچاری مرۆڤایەتی دەبێتەوە وەک ڕووبەڕووبونەوەی هەژاری و مەترسی پیسی و پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی کێشەی پەناپەری، بەرامبەر ئەو هێزە نێودەوڵەتی و نیشتمانییانەی کە جەخت لە سەر بەرپرسیاری هاوبەشی جیهانی لە ڕووبەڕووبونەوەی مەترسی و ئاستەنگەکانی گەشەپێدانی مرۆیی، و چارەنووسی هاوبەش مرۆڤایەتی، دەکەنەوە.
ئاراستە سیاسییەکانی حزبی شیوعی چین و بەشداری تیۆریی و پراکتیکی سیاسی سەرۆک شی جین بینگ سەبارەت بە بنیاتنانی کۆمەڵگای چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و جەختکردنەوە لە سەر بردنەوەی هاوبەش و بنیاتنانی رێگای ئاوریشم، و جەختکردنەوە لەسەر چەمکی حوکمرانی باشی کۆمەڵگای نێودەولەتی لەسەرجەم بوارەکاندا، بەشێکە لەو هەوڵ و کۆششانەی کە دەدرێ لە پێناوی چارەسەرکردنی ناکۆکییە سەرەکییەکانی ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ئەو ئاستەنگانەی دووچاری گەشەپێدان دەبێتەوە.
لە هەلومەرجی ئێستادا بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە لەسەر مرۆڤایەتی پەردەی لەسەر ئەو هێزانەی دژ بە بەرپرسیاری هاوبەشی جیهانین، هەڵماڵی، و کارێکی وای کرد کە ناکۆکییە جیهانییەکان زەقتر لەبەردەم ڕای گشتی جیهان دەرکەوێت. ئەم ڕەوشە نوێیە وای کرد کە جیهان ئەو پرسیارە لە خۆی بکات کە بۆچی ئەو حکومەتانەی خۆیان و وڵاتەکەیان بە سەنتەری شارستانی جیهانی دادەنا، لەبەردەم ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسییانە پەککەوتەن، و خۆیان گۆشەگیر کردوەوە و توانای یارمەتیدانی هاووڵاتیانی خۆیان و وڵاتانی دیکەیان نییە، و دەسبەجێ کار و کردەوەی پێویستیان لە بواری تەندرووستیدا ئەنجام نەدا، و رێگای میکانیزمی ئابوری بازاڕی بەربەڕەڵایان گرتەبەر، و گوژمەی داریی پێویستیان پێش ڕوودانی کارەساتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، تەرخان نەکرد.
ئەو تابلۆ نوێیەی ناکۆکییەکان، هاندەرە بۆ گرتنەبەری رێگای توێژینەوەی زانستی قوڵ و بایەخپێدراو بۆ دەستنیشانکردنی بنەماکانی ئەو ڕەوشە و دەرهاوێشتەکانی، بە ئاراستە قۆناغێکی نوێی بیرکردنەوە کە هەڵبەتە لەوەی پێشتر دابڕاو نییە، بەڵام مەبەست لێی توێژینەوە و دەستنیشانکردنی ئەو هۆکارە نوێیانەیە کە کارتێکردنی خۆی بەسەر وێنە و ڕواڵەتە سەرەکییەکانی ململانێکان و دەستنیشانکردنی ئەرکی سەرشانی سەرجەم ئەو هێزانەی لە پێناوی گۆمەڵگای خۆش گوزەران و بردنەوەی هەمەلایەن و چارەنووسی هاوبەشی مرۆڤایەتی، خەبات دەکەن.
تابلۆی نوێی ململانێکان ئەوە دەردەخەن کە هێزە پارێزەر و ڕاستڕەوەکان خۆیان لە بەرپرسیاری هاوبەش دەدزنەوە، و چارەنوسی مرۆڤایەتی بە میکانیزمەکانی لیبرالیزمی نوێ و ئابوری بازاڕی بەربەڕەڵا دەبەستنەوە، و تەنها پیادەی چەمکی "دەوڵەتی پاسەوان" دەکەن، و پێیان وایە چەمکی ئاسایش تەنها بواری سەربازی دوور لە ئاسایشی تەندرووستی و حوکمرانی باشی نێودەوڵەتی لەسەرجەم بوارەکاندا، دەگرێتەوە، و تاکو ئێستا هەمان بڕوبیانوی پوچی ڕابووردوو، و لۆجیکی تەمومژاۆی لە پێناوی درووستکردنی هۆشمەندییەکی کۆمەڵایەتی چەواشە، بەکار دێنن، و بۆ ئەم مەبەستەش دوو رێگا دەگرنەبەر. یەکەمیان: بەردەوامبون لە گوتاری ڕق و کینە کە بە ڕوونی لە بۆچونی ڕاگەیاندنی ئەم هێزانە دیار و ڕوونە، و لەسەرەتاوە کاریان بۆ ئەوە دەکرد کە ئاراستەیەکی جیهانی بۆ گۆشەگیردنی وڵاتی چین کە یەکەمین قوربانی ڤایرۆسەکە بوو، ئەنجام بدەن، و لەم ئاراستیەشدا بینرا کە چۆن ترامپ دەستەواژەی ڤایرۆسی چینی لە جیاتی کۆرۆنای نوێ یان کۆڤید 19ی بەکارهێنا، و ئەو هێزانەش چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد کە کارەساتێکی مرۆیی گەورە و کوشندە لە چین ڕووبدات، و سیستمی تەندرووستی تیایدا داڕمێت، و ئەو وڵاتە لە گەشەکردنی ئابوریدا پاشەکشە بکات، و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گۆشەگیر بێت. بەکارهێنانی گوتاری ڕق و کینە بواری بۆ بەکارهێنانی گوتاری ئاینی بەتایەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕستدا کردەوە، و ئەوە بوو گروپەکانی ئیسلامی سیاسی ووشە و دەسەواژەی ڕق و کینەیان دژ بە گەلی چین بەکارهێنا.
دووەمین رێگا بریتی بوو لە بەکارهێنانی گوتاری پۆپۆلیستی کە پاڵپشتی گوتاری ڕق و کینەی دەکرد، و لە رێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی دروو و چەواشەکار کە پشتیان بە "تیۆری پیلانگیری" دەبەست، رۆژانە بانگەشە و پرۆپاگندەی نادرووستیان دەکرد و مەبەستیان ئەوە بوو کە بڵێن حکومەتی چین ڕاستەخۆ لە بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرپرسیارە.
لە هەمان کاتیشدا ئەو هێزە ڕاستڕەوانە گەڕانەوە بۆ هەمان چەکە ئایدیۆلۆجییە کۆنە سواوەکانیان بۆ درووستکردنی مەترسی سەبارەت بە دەستێوەردانی دەوڵەت و ئەنجامدانی بەرپرسیاری خۆی بۆ پاراستنی تەندرووستی گشتی کە گوایە ئەو دەستێوەردانە و سەپاندنی ڕەوشی نائاسایی لە لایەن دەوڵەتەوە لەو ڕەوشەدا، مانای گەڕانەوە بۆ پیادەکردنی مۆدێلی "دەوڵەتی ڕەها"یە کە ئەمەش مەترسییە لەسەر مافەکانی مرۆڤ!
لەم بارودۆخەدا وا دەردەکەوێت کە هەڵسوکەوتی جیاوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ناکۆکییەکی ئاڵۆزی خستۆتە بەردەم جیهان، و هەڵبەتە ئەو ناکۆکیانەش پێَش 2020 لە ئارادا بوون، بەڵام لێکەوتووەکانی مامەڵەکردن و دەستنیشانکردنی بنەما و ڕواڵەتی ناکۆکییەکان، پرۆسیەکە بەردەوام لە نوێبوون و توێژینەوەدایە، و لەگەڵ کۆشش و هەوڵی مرۆڤایەتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆرۆنا بەردەوامە و پاش سەرکەوتن و قەڵاچوکردنی ئەم پەتایەش کۆمەڵیک پرسیاری دیکە دەخرێتە بەردەم مرۆڤایەتییەوە.
ئەم ڕەوشە نوێیە کە مرۆڤایەتی پێیدا تێپەر دەبێت، ئەرکی نوێ دەخاتە بەردەم حزبە چەپ و پێشکەونتخواز و سەرجەم ئەو کۆمەڵانەی باوەڕیان بە چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی هەیە، بە جۆرێک کاری داهێنەرانە و رێوشوێنی لەبار لە چوارچێوەی وڵاتەکانی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان و بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە سوودوەرگرتن لە ئەزمونی چین ئەنجام بدەن، و ئەزمونی خۆیان و تاقیکردنەوە سەرکەوتووەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی لێکەوتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستا، لە سەر ئاستی لۆکاڵی و نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ئاڵوگۆر بکەن.
هاوکات ئەم ڕەوشە نوێییە پێداویستی کاری بە کۆمەڵی ئەو هێزانە دەخوازێت کە توێژینەوەی قوڵ سەبارەت بەم خاڵانەی خوارەوە بە گەڵاڵەکردنی ئاراستەکانی پەرەسەندنی ڕەوشی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، بکەن:
ــ ناکۆییەکانی ئێستای جیهان ڕەنگدانەوەی ئاڵۆزی و قوڵبونەوەی سەرمایەداری هاوچەرخ و قەیرانە یەک لە دووا یەکەکانێتی. لێرەشدا پرسیار سەبارەت بە چارەنوسی مۆدێرنەی سەرمایەداری و ئەو بێهودەیی و نەهلیستییەیە کە لە ئاراستەکردنی پۆست مۆدێرنەدا هەیە، دەکرێت. هەڵبەتە ڕەوشی ئێستا کۆتایی مێژوو نییە، و سەرمایەداری بە تەرزە نیولیبراڵەکەیەوە توانای خۆ نوێکردنەوەی نییە. ئەمەش دەبێ هاندەرمان بێت بۆ هەوڵی تیۆری و پراکتیکی بەمەبەستی داڕشتنی ناوەڕۆکێکی نوێ بۆ چەمکی مۆدێرنە کە لەگەڵ دەسکەوتە مێژووییەکانی مۆدێرنە، دابڕاو نەبێت، بەڵام بتوانێ قەیرانی مۆدیرنە چارەسەر بکات بە پشت بەستن بەداڕشتنی مۆدێرنەی سۆشیالستی کە پشت بە نوێکردنەوی بەردەوامی شێوازی کارکردن ببەستێت لە پێناوی وەدیهێنانی ژیانی خۆشگوزەران و قازانجی هەمەلایەن و چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی و خستنەڕووی وەڵامی گونجاو بۆ ئەو پرسیارە ئاڵۆزانەی ژیان دەیخاتە ڕوو بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە پاراستنی ژینگە و چارەسەرکردنی گرفتی هەژاری و بێکاری و ئاوارەبوون و پەناهەندەیی، هەیە.
ــ لە ڕەوشی ئەمرۆدا پرسیار سەبارەت بە کارابوون و پێداویستی بوونی ئەم جۆرە سیستمە نوێیەی جیهان و دەزگا نیودەوڵەتییە هاوچەرخەکان، دەکرێت. لە ئێستادا کەموکوڕییەکی گەورە لە هاوسەنگی نێودەوڵەتیدا هەیە. ئەم کەموکوڕِییە پێش بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئارادا بووە، بەڵام ئەو پەتایە و لێکەوتەکانی وای کرد ئەو ناهاوسەنگی و کەموکوڕییەوە بە زەقی روونتر بێتەوە، و باس لە شکستی سیستمی تاکە جەمسەری (ئەمەریکا ـ ئۆروپا) لە سەرکردایەتی جیهان لەسەر بنەمای سەنتەڕاڵیزمی ئۆروپایی بکرێت. بۆیە ئێستا بابەتی بنیاتنانی سیستمێکی نوێی جیهانی و درووستبوونی نموونەی نوێی ئاسایشی هاوبەش و دابینکردنی شێوازی نوێی هاوکاری هاوبەش دەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و دەبێ لە پێناوی جیهانێکی دەوڵەمەند و ئازاد کراوەتر، کار بۆ داڕشتنی بکرێت.
ــ ئەو ڕەوشە نوێیەی کە لە ئاکامی گۆێنەدان و بەهانا نەهاتنی یەکێتی ئۆروپا بە ڕوشی تەندرووستی کە لە ئاکامی پەتای کۆرۆنا لە ئیتاڵیا ڕووی دا، و پێشتریش دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیتی ئۆروپا و لاوازی هەڵوێستەکانی ئەم یەکێتییە سەبارەت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرسیار دەربارەی چارەنوس و مانەوەی یەکێتی ئۆروپا دەکات.
ــ بە هۆی لاوازی توانای بەرهەمهێنانی ئابوری و پەیکەری هێزە ئابورییەکانی جیهان، و ڕاوەستانی پرۆسەی پیشەسازی جیهانی و بازرگانی نێودەوڵەتی، و دابەزینی نرخی پترۆل لە بازاڕەکانی جیهاندا، چاوەڕێی قەیرانێکی ئابوری قورس و دژوارتر لە قەیرانی دارایی جیهانی ساڵی 2008، دەکرێت. ئەم قەیرانە ئابورییە کارتێکردنی نەگەتیفانەی زۆری لەسەر چینی کرێکار و سەرجەم ڕەنجدەران و بەتایبەتیش توێژە پەراوێزخراوەکان لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان، دەبێت. بەم هۆیەوە دووا بە دووای کۆتایهاتنی مەترسی ئەم پەتایە، لە جیهاندا چاوەڕوانی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی بزوتنەوە ناڕەزاییەکانی جەماوەری توێژە پەراوێزخراوەکان دژ بە سەرمایەداری هاوچەرخ، دەکرێت.
ــ پێشبینی ئەوە دەکرێت کە تێکۆشانی ئەو هێزانەی بانگەشە بۆ جیهانگیرییەکی پشتبەستو بە چارەنوسی هاوبەشی مرۆڤایەتی دەکەن گەشە بکات بەتایبەتی ئەو هێزانەی کە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی کۆمەلگای خۆشگوزەران و قازانجی هاوبەش و بەرپاکردنی حوکمرانی نێودەوڵەتی باش لە سەرجەم بوارەکاندا و بەتایبەتی لە بواری تەندرووستی، دوای شکستخواردنی سیاسەتی تەندرووستی لە دەوڵەتەکانی یەکێتی ئۆروپا کە پشتیان بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاری بەربەڕڵایان دەبەست، دژ بەو هێزانەی کە بانگەشە بۆ گۆشەگیری و خۆپارێزگاری دەکەن و خۆیان لەو بابەت و کێشە نێودەوڵەتیانەی پەیوەندیان بە پاراستنی ژینگە و چارەکردنی کێشەی پەنابەران، و بەرپرسیاری نێودەوڵەتی لە پاراستنی تەندرووستی مرۆیی هەیە، دەدزنەوە.
ــ گرنگی پیادەکردنی سیاسەتی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام لە ئاستی دەوڵەتی نیشتمانیدا بە جۆرێک کە چەمکی "دەوڵەتی پاسەوان" وەلاوە بنرێت، و دەوڵەت ئەرکی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی لە بورای دۆزینەوەی فرسەتی کار و وەبەرهێنان و دژایەتی هەژاری، و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی گشتی بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کارەسات و پەتاکان، و گەشە بە تەندرووستی گشتی، ئەنجام بدات. جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەی دەوڵەت ئاستەنگێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتە شکستخواردووەکان کە دووچاری قەیرانی بنیاتگەری دەوڵەت بونەتەوە، و لەوانەش دەوڵەتی عێراق کە پشت بە ئابوری بەرخۆر دەبەستێت لە بارودۆخێکدا کە نرخی پترۆل بەردەوام لە دابەزیندایە.
دەرئەنجام... ئێمە لە ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتیدا لە بەردەم قۆناغێکی نوێی ناکۆکی و ململانێداین، و تا ئێستا کەڵەکەبووە چەندایەتییەکان کە لە سەرەتاوە ئاماژەمان پێکردون، نەبۆتە هۆی درووست بوونی گۆڕانکاری چلۆنایەتی. بەڵام دەکرێ هێزی چەپ و پێشکەونتخواز لە رێگای کاراکردنی تێکۆشانی نیشتمانی و نێَونەتەوەیی گەشە بە هێز و توانستی مرۆڤایەتی بدەن لە ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان سەرکەوتوو بن، و کارکردن بۆ جیهانێکی دەوڵەمەند و ئازاد و کراوەتر لە توانادایە.
  • 1