ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

خوێنەری کوشندە. بەختیار علی. کۆمەڵێک وتار. ۲۰۰٥

 یەکێکە لەو کتێبانەی بۆ زەمەنێک و پرسێکی ڕۆژ قسەناکەت تا لەگەڵ تێەڕبوونی کات و زەمەنیش لە ئاست پێشهاتەکان بێکاریگەر و بێ وڵام بمێنێتەوە، کاتێک نووسەر پتر خوێنەربوونی پێوەدیاربوو،هەمیشە دەتوانێت خوێنەریش تاوبدات و لەگەڵ خۆیدا پەلکێشی جیهانێکی تری پڕلە پرسیار و گومان و تێگەیشتی تری لە هزربینابکات. ئەگەر چەمکی ڕەخنە و هەڵوەشاندنەوە ژێرخانی بینای فیکر و نووسین بوو، خودی دەق و تێڕوانین و دونیابینینی نووسەریش بۆ هەموو زەمەنێک بەزیندوویی و پرسیاری گەورە دەمێنێتەوە.

چەند وتارێک،بەڵام گفوگۆیەکی قوڵ دەربارەی چەند پرسێک کە ئەمڕۆ و داهاتوش لەناو ئێمەدا پێویست بە گفتوگۆیە...

 

یەکەم وتار : کێشەی زۆرینە و کەمینە لە نێوان دیموکراسیەت و فاشیەتدا

وتارێکی گرنگە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە جۆری مل ملانێی سیاسی و باکگراوندی کلتوری ڕەتکردنەوەی ئەوانیدی و دەستبردنی حرب بۆهەموو بەهاکان لەپێناو مانەوە لە لوتکەی دەسەڵاتدا.

لەفەرهەنگی سیاسیەکانی باشور دابەزین و کەمایەتی یەکسانە بەمەرگی کۆتایی . ترسی حزبی باشور لە کەتن نیە، ئەوەندەی ترسە لە نەبوونی وزەی هەڵسانەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشو. لەهەناوی سیاسیەتی باشور هەمەڕەنگی مەترسیە، بۆمبێکی ئامادەکراوە کە هەمووکات دەکرێ لەبەردەمیان بتەقێتەوە. لە ستراتیژی ئەوان جیاوازی بزوێنی داهێنان نیە، بەڵکو تاک حزبی و تاک سەرکردەیی حەقیقەتی مێژووییە. زەمەنێکە حزبی باشور ناتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە. ژێرخانی دیموکراسی لەناو پڕۆژەی حزبی باشور بەڕادەیەک لاوازە،بەڵام هێشتا نەبۆتە چەکێکی گرنگی تاکی کورد بتوانێت سیماکانی کلتوری فاشی و دەنگەکانی دژە دیموکراسی لەگەڵ دیموکراسی جیابکاتەوە. لێرەوە هەست دەکەین حزب ئاسان توانیویەتی کلتوری توتالیتاریەتی و مێگەلگەرایی و ستایشکردن و خەفەکردنی ڕەخنە و جیاوازی تێکەڵ بە دیکۆڕێکی درۆزنانەی دیموکراسی بکەن. ناوەڕۆکی هەڵبژاردن و کۆنگرە لە وێستگەی گۆڕان و نوێبوونەوە و بەرەنگاری، دەستکاری کراوە بۆ چەکێکی بەهێزی مانەوە و سەرکوتکردن.

 (بەخیارعلی : جیاوازی سەرەکی نێوان حزبی دیموکراسی و حزبی فاشی لەوەدایە هەڵبەت لەنێو کۆمەڵێک جیاوازی گرنگی دیکەدا .حیزبی دیموکراسی ئامادەیە خۆی وەک کەمینەیەکی سیاسی ببینێت،بەڵام حزبێکی فاشی ژیان و مردنی خۆی بەوەگرێدەدات کە زۆرینەنە بێت. حزبی دیموکراسی دەتوانێت دان بەوە بنێت کە دەکرێت ببێتە کەمایەتی، لێرەوە ئامادەگی خۆی بۆ بوونە کەمایەتی پاڵی پێوەبنێت، بەرگریکردن لە کەمایەتی ببێتە بەشێک لەدیدی ئەوبۆ دونیا، ببێتە بەشێک لەئەجێنداکانی بۆ تەفسیرکردنی پێکهاتی سیاسی و دەستوری وڵات. بەڵام حیزبی فاشی ناتوانێت خۆی وەک کەمایەتیەکی سیاسی و دەستوری وڵات ببینێت، فاشیەت هەرئەوەنیە کە هێزێکی سیاسی نایەوێت خۆی بەکەمینە تەماشابکات. بەڵکو لەهەمانکاتدا ستراتیژی لەناوبردنی هەموو کەمینەیە و جیاوزیەکانیش دەگرێتەبەر، هەمیشە پاڵ بە کلتوری کۆکردنەوەی جەماوەر و چەپڵەلێدان و ستایش کردن دەنێت.لە عێراق سیاسەتمەدارانی کورد بەر ئەو حەقیقەتە مێژووییەکەوتن کە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ڕاستیە ببنەوە کە ئەوانیش لە شوێنێکی تر دەبنە کەمینە و بەناچاری و بۆساتێکیش بێت بەعەقلیەت و دید و چاوی کەمینەوە لەدونیا بڕوانن. بۆ قبولکردنتان وەک کەمینە لەعێراق ئەوەندە ئاسانە؟ بەڵام لەکوردستان قبولکردنی هێندە سەختە؟ پێتان وایە لەعێراق زۆرینە چەکێکەبۆ بەگژداچوونەوە و لەناوبردنی کەمینە، پێشێلکردنی مافی کەمینە. بەڵام پرسیار لە شێوەی مامەڵەی خۆیان بەرامبەر کەمایەتی و پێکهاتەکانی کوردستان ناکەن).

 گەرنەتەوێت غەریبێک بیت وەک نالی.

ئەوەی زۆر دەگوترێت شعری نالی لەتاراوگەشدا تارمایی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆخاک و نیشتیمان بەسەرەوەیە. نیشتیمان بوونێکی هەمیشەییە لە شعر و فکری نالی لەتاراوگەشدا دەستبەردای خەمی خاک و نیشتیمان دۆستی نەبووە.

بەڵام خوێندنەوەیەکی جیاواتر کە نووسین وقسەکردنێکی قوڵە سەبارەت بە پەیوەندی تاراوگە بە مەعریف و فیکرەوە. تاراوگە ئەزموون و جوگرافیا و شوێنێکی ترە بۆ قوڵبوونەوە لە دنیا. تاراوگە گواستنەوەیەکی عەقڵیە لە شێوەیەکی بیرکردنەوە بۆ شێوەیەکیدی. نووسەر ڕووخسارێکی تر بە نێوانی تاراوگە بە فکر و مەعریفە ئەدات کە تاراوگە تەنیا شوێنی بەرهەمێنانی غەریبایەتی و دادو بێدا و فرمێسک ڕشتنی بەردەوام نیە بۆ ئەو شوێنەی کەناوی نیشتیمانە و جێی هێشتووە.بەڵکو تاراوگە دەکرت شوێنێک بێت بۆ حەقیقەتی تێگەیشتن وڕامان لە جەوهەری نشتیمان. تاراوگە دەکرێت شوێنێک بێت بۆبیرکردنەوە لە نشتیمان نەک بۆ بەرهەمێنانی عاتیفە و بیرکردنی نیشتیمان.تاراوگە دەکرێت شوێنگە و بزواندنێکی گەورەی نوێ بوونەوە و داهێنان و ئەزموونێکی جیاوازتربێت.نەک خۆشەویستی بۆنشتیمان بتگەینێتە ئەندازەی کوشتنی رەخنە و توانای ڕەخنەگرتن . لەتاراوگە عاتیفە و هاشوهوشی سیاسیەکان ونسکۆ و دروشمی حزب و نووزە نوزی سەرکردەکان نەبێتەکەرستەی بیرکردنەوەی کەسی تاراوگەیی بۆ نشتیمان. پەرۆشی و خەمی نشتیمان، بەمانای فرمێسک ڕشتن و عاتیف و چەپلەلێدان بۆ سیاسیەکان نایەت، خەمی نشتیمان دەربازکردنی نشتیمانە لەچنگی ئەوانەی بازرگانی بە نشتیمان و خاک و ڕۆڵەکانی ئەکەن. خۆشەویستی نشتیمان کۆششکردنە بۆ ڕاماڵینی ئەوپندانەی کە لە هەناوی دیین و ناسیۆنالستی شکستخواردوو گوازراوەتەوە بۆ ناو جەستەی نشتیمان. خەمی نشتیمان قوڵبوونەوەیە لە شێوەی حکومڕانی و پارێزگاری لە کەڕامەت و ژیانی هاونشتیمانیەکانی.

(غەریبی ئێمە هێندەی بیری نشتیمان دەکات بیرلە نشتیمان ناکاتەوە).

 خوێنەری کوشندە . گەڕان بەدوای جێگرەکانی خوێنەردا لە ڕۆشنبیری کوردیدا زۆرن ئەو بەناو ڕۆشنبیر و نووسەرە چکۆڵانەی کە ئایدۆلۆژیا بەرچاوی لێل کردوون ، نووسینەکانیشیان کرچ وکاڵ و کورت بین و کەم بینن. لە پڕێکدا دووچاری چەقبەستووی و تێکەوتن دەبنەوە. ئەونووسەرانە کە مۆری حزبیان پێوەیە لەجیاتی قوڵبوونەوە لە مەعریفە و ڕەخنەکردنی ژیانی سیاسی و حکومڕانی، پیشەیان ماسکردنی ڕوو 

 ناشیرینی دەسەڵاتە، بە شێوەی جیا جیا هەموو بوارەکانی ژیان و ئەدەب و فکر بە ئاراستەی بەرژەوەندی حزب لار دەکەنەوە . وەزیفەیان ڕاکێشانی سۆزی جەماوەرە بۆ حزب و سەرکردەکانی. ئەو ڕۆشنبیرە جلەوکراوانە بەناوی جیاجیا دەیان دەزگای میدیایی و پارەیەکی خەیاڵی بەکاردێنن لەپێناو ڕێگا خۆشکردن بۆ هەنگاونانی حزب بۆ مۆنۆپۆلکردن و بێ بایەخکردنی بەرهەم و داهێنانی کۆمەڵێک نووسەر کە تائەمڕۆش دەرگیری تەلەی سیاسیەکان نەبوون. لەشکرێک لە ڕۆشنبیری حزب هەرجارێ و بەمۆدێلی جیا جیا لە جولەدان لەگەڵ خۆشیاندا کۆمەڵێک خوێنەری فێلباز و دژەکتێب و تێکست کوژ بەرهەم دێنن. خوێنەرێک تێنەگەیشتنیان لە تێکست ئەخەنە ئەستۆری نووسەر. خوێنەرێک لە جیاتی ڕاڤەکردن و مانابەخشین و ڕەخنەکردنی تێکست ئیشیان زەلیل کردنی تێکستە.خوێنەرێک دەیانەوێت نووسەر لە خوار هۆشیاری و بیرکردنەوەی ئەوان بێت. خوێنەرێک لەجیاتی هەڵسەنگاندن بۆتێکست پەلاماری ژیانی نووسەرئەدەن. خوێنەری کوشندە ئەوانەن بەبێ خوێندنەوەی تێکست چەپلەڕێزانی نووسەر ئەکەن. بەبێ خوێندنەوەی تێکست نووسەر ڕەت دەکەنەوە. 

(کۆمەڵێک سەرەنجی جوانی بەختیار لە وتاری خوێنەری کوشندە: هەرکاتێک نووسەر بۆ خوێنەرێکی ئاست نزم شتی نووسی وەک نووسەر کۆتایی هاتووە، نووسەر ئەوکەسەنیە دابەزێت بو لای خوێنەر،بەڵکو کەسێکە خوێنەر ناچاردەکات سەرکەوێت بۆ لای ئەو.

کۆمەڵێک دەزگای سیاسی کە جۆرێک لەخوێنەری سەرلێشێواو دروست ئەکەن، خۆیان جۆرێکن لە خوێنەری کوشندە، جۆرە خوێنەرێکی دیکە پەروەردە دەکەن، کە ئەوانیش وەک خۆیان لە خزمەتی مەرگی فەرهەنگ وداهێناندان. ئەوەی ئەم دەزگایانە و خوێنەرەکانیان ناتوانن بیشێوێنن، ئەوەی خۆیان لە ژیانی ڕۆشنبیری و فکری ئێمەدا ناتوانن بیکوژن، بەجۆرە خوێنەرێکی جاهیل دەیکوژن کە پێشتر لە کارخانەکانی ڕاگەیاندنی حزبی و ڕۆشنبیری تەقلیدیدا گەورەبووە. ئاستی چەشە و ڕۆشنبیری ئەم خوێنەرە بە ئەندازەی ئاستی چەشە و ڕۆشنبیریی ئەو تاقمە بلیمەتەیە کە ئەمڕۆ ژیانی ڕۆشنبیری ئێمە دەبەن بەڕێوە. ئەم جۆرە خوێنەرەی ئەوانە دروستیان کردووە لە هیچ خوێنەرێک ناچێت لە خۆی نەبێت، کەسێکە بەدوای تێکستەکاندا ناگەڕێت، تێکستیش بۆ جوانیە نهێنیەکانی ناخوێنێتەوە ، تێکستی بۆ ماناکانی ناوێت، بەڵکودیخوێنێتەوە تا ئەوشتانە ببەستێتەوە کە خۆی دەیەوێت . هەرکاتێک گەڕا بۆ شتی نادیار ناگڕێت، هێزی پشکنینی نیە. بەڵکو هەر ئەوشتانەی دەوێت کە دەیان زانێت، دونیا لای ئەم جۆرە خوێنەرە لەگەڵ تێکستدا دەست پێناکات، بەڵکو دونیا لەخەیاڵی ئەم خوێنەرەدا گەیشتۆتە دوافۆڕم و دوا شێوەی خۆی، ئیدی وەزیفەی نووسین لای ئەو سەرلەنوێ بوونیادنانەوەی جیهان نیە، سەرلەنوێ نیگارکردنەوەی نیە.بەڵکو وێنەکردنەوەی هەمان ئەوتابلۆیانەیە کە هەیە. دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو ئاوازانەیە، دووبارە کردنەوەی ئەو ئاوازانەیە کە گوتراوە، ڕسمکردنەوەی ئەو نەخشانەی کە نەخشێندراون.ئەم جۆرە خوێنەرە تەنیا بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. تێکستێکی ناوێ ئازارەکانی ئەو نیشان بداتەوە، بەڵکو تێکستێکی دەوێت لە ئاستی عەقڵی ئەو دابێت).

  وتارەکانی کتێبی خوێنەری کوشندە

۱ کێشەی زۆرینە و کەمینە لە نێوان دیموکراسیەت و فاشیەتدا.

۲گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەک نالی.
۳ خوێنەری کۆشندە گەڕان بەدوای جێگرەکانی خوێنەردا لە ڕۆشنبیری کوردیدا.
٤ هەڵەبجە و چەند سەرەنجێک لە ماناکانی قودرەت وسەرکەوتن لای بەعس.
٥ دەربارەی ناسیۆنالیزم و دیموکراسیەت.
٦ گوناهه لە مۆدێرنەدا، خوێندنەوەیەکی ئەدەبی.
۷ دۆزەخ لەناوماندا.

 

  • 1