ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

+رۆژی جیهانی و هاپشتی كرێكاران له‌ ئێستای سه‌رده‌می كۆرۆنادا پرسێكی ئاڵۆز بێ چاره‌سه‌رییه‌ تاوه‌كو ئێستا.به‌پێی رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ئاژانسێكی گه‌وره‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌و مێژووی به‌ر له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ جیهاندا زیاتر له‌ 3 ملیار كرێكار له‌ جیهاندا بوونیان هه‌یه‌ و به‌ هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ زیاتر له‌ ملیارێكیان كاره‌كانیان راوه‌ستاوه‌و مه‌ترسی له‌سه‌ر 25% ئه‌و ملیاره‌ كرێكاره‌ هه‌یه‌ كه‌ كاره‌كانیان به‌ یه‌كجاری له‌ ده‌ستبده‌ن به‌هۆی كۆرۆناوه‌ لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی و قه‌یرانی ئابووری جیهانی و بچنه‌ ریزی بێكارانی جیهانه‌وه‌،رێژه‌ی بێكاری به‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار به‌رزببێته‌وه‌.

- له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بێكاربوونی سه‌رده‌می كۆرۆنادا به‌شێك له‌ وڵاتانی جیهان بۆ پاراستنی كارخانه‌ بچووك و مامناوه‌نده‌كان،پاراستنی كرێكاران بودجه‌یه‌كی تایبه‌تیان راگه‌یاند ،هه‌رچه‌نده‌ كه‌ كارێكی كاتییه‌و بۆی هه‌یه‌ به‌شێك له‌ كارخانه‌كان له‌ مایه‌پووچبوون بپارێزێت،بارسووكییه‌كی كاتی بۆ ئه‌و كرێكارانه‌ بكات كه‌ كاره‌كانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن،به‌ڵام بێگومان ئه‌وه‌یان چاره‌سه‌ری ریشه‌یی نیه‌.به‌ڵام گرفتی گه‌وره‌ له‌ وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی دواكه‌وتووه‌ كه‌ نه‌ پلانی پاراستنی كارخانه‌ و شوێنه‌كانی كاری هه‌یه‌،نه‌ پلانی پاراستنی و بارسووكیكردنی كرێكارانی هه‌یه‌ نه‌ش پلانی پرسی كارو كرێكاری هه‌یه‌ بۆ دوای سه‌رده‌می كۆرۆنا.ئێستا له‌م وڵاتانه‌دا كارخانه‌كان مایه‌پووچ ده‌بن،ده‌رگاكانیان داده‌خه‌ن،كرێكارانیان ده‌نێرنه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ و بێكارده‌بن.

+ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای ننێوده‌وڵه‌تیدا به‌تایبه‌تی رێككه‌وتنامه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌تایبه‌تی تر په‌یمانی مافه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان . هه‌روه‌ها رێككه‌وتنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی رێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی كه‌ به‌های ئیلزامی هه‌یه‌ بۆ وڵاتان به‌تایبه‌تی ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یانه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مافه‌كانی كرێكارن له‌ گرێبه‌ست ،بێ كاری، بیمه‌. هه‌موو ئه‌وانه‌ش چوارچێوه‌یه‌كی گشتیان هه‌یه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی كرێكاران له‌وه‌ها دۆخێكی ته‌ندروستی قورس و وه‌ها قه‌یرانێكی ئابووری دژوار كه‌ جیهانی پێیدا تێپه‌ڕده‌بێت.بنه‌مای ئه‌و مافه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌وه‌ی كه‌ :

یه‌كه‌م: ناكرێ كرێكاران زۆره‌ ملێیانه‌ له‌كاره‌كانیان دووربخرێنه‌وه‌.ئه‌گه‌ر شتێكی وه‌ها روویدا ده‌كرێ كرێكاران په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر دادگا و له‌وێوه‌ مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌.

دووه‌م: به‌هه‌ر هۆكارێك بێت كه‌ كرێكاران كاره‌كانیان له‌ده‌ستدا و بێكاربوون. ده‌بێ ده‌وڵه‌ت بیمه‌ی بێكاریان بۆ دابین بكات و ژیان و كه‌رامه‌تیان بپارێزێت.

-له‌چوارچێوه‌ی یاساكانی عێراق و كوردستاندا روانین بۆ پاراستنی مافه‌كانی كرێكاران هه‌رچه‌ند له‌ چوارچێوه‌ی گشتیدا روونه‌ بۆ وه‌ها دۆخێكی قه‌یراناوی ،به‌ڵام له‌ جێبه‌جێكردندا دژواریی هه‌یه‌. ده‌ستووری عێراق پاراستنی كار بۆ عێراقییه‌كان به‌ ڕه‌وا ده‌زانێت و به‌ ئه‌ركی ده‌وڵه‌تی ده‌زانێت كه‌ بیمه‌ی بێكاری و ته‌ندروستی بۆ بێكاران دابین بكات له‌ چوارچێوه‌ی یاسایه‌كدا هه‌رچه‌ند دوای پانزه‌ ساڵ تاوه‌كو ئێستا ئه‌و یاسایه‌ ده‌رنه‌كراوه‌.ئه‌وه‌ش به‌ پێی بڕگه‌ی دووه‌می مادده‌ی 30ی ده‌ستووره‌كه‌.له‌ یاسای كاری عێراقی ژماره‌ 37ی ساڵی 2015 دا جارێكی دیكه‌ جه‌خت له‌ پرسی بیمه‌ كراوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام بۆ وه‌ها ره‌وشێكی قه‌یراناوه‌ی (قه‌یرانی ته‌ندروستی و قه‌یرانی ئابووری) ده‌كرێ زیاتر كار به‌ مادده‌ی 72ی یاساكه‌ بكرێ كه‌ له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌میدا جه‌خت له‌ راگرتنی كار به‌هۆی باری له‌ناكاو ده‌كات خاوه‌ن كار ده‌بێ پاره‌ی یه‌ك مانگ بدات به‌ كرێكاره‌كه‌ی و بۆی هه‌یه‌ دواتر كاری زیاده‌ به‌ كرێكاره‌كه‌ بكات به‌ پێی چه‌ند رێوشوێنێك.به‌ڵام له‌ بڕگه‌یه‌ دووهه‌مدا ئه‌گه‌ر راگرتنه‌كه‌ به‌هۆی خاوه‌ن كاره‌كه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ ده‌بێ كرێی هه‌موو ماوه‌ی راگرتنه‌كه‌ بكات.جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێی هه‌مان یاسا چه‌ندین رێوشوێنی دیكه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر كارخانه‌كه‌ مایه‌پووچ بوو ئه‌وه‌ ده‌كرێ كرێكاره‌كه‌ مافه‌كانی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت.له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ تاوه‌كو ئێستا یاسای كاری عێراقی ژماره‌ 71ی ساڵی 1987ی سه‌رده‌می به‌عس جێبه‌جێ ده‌بێت له‌ مادده‌ی 65 دا له‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌میدا خاون كار په‌یوه‌ست ده‌كات كه‌ بۆ ماوه‌ی شه‌ست رۆژ كرێی كرێكاران بدات له‌ كاتی راگرتنی كار.له‌ بڕگه‌ی دووهه‌می هه‌مان مادده‌شدا ئه‌گه‌ر راگرتنه‌كه‌ به‌ هۆی خاوه‌ن كاره‌وه‌ بێت،خاوه‌ن كار ده‌بێت كرێی هه‌موو ماوه‌ی راگرتنه‌كه‌ بدات به‌ كرێكارانی.هه‌ر بۆیه‌ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو یاسا له‌ عێراق و كوردستان ده‌یكات چاره‌ی كاتییه‌ له‌ دوو مانگ تێپه‌ڕ ناكات.

به‌گشتی پرسی كارو كرێكاری له‌ سه‌رده‌می كۆرۆنا و ئاسۆكانی دوای كۆرۆنا له‌ عێراق و كوردستان پێمان ده‌ڵێت:

یه‌كه‌م: هیچ پلانێكی تایبه‌ت له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و كوردستانه‌وه‌ تایبه‌ت به‌ كارخانه‌ و شوێنه‌كانی كار و كرێكارانه‌وه‌ بوونی نیه‌ یان رانه‌گه‌یندراوه‌.

دووه‌م:هیچ پاره‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پاراستنی كارخانه‌ بچووك و مام ناوه‌نده‌كان رانه‌گه‌یه‌ندرا له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێره‌وه‌. له‌ عێراق شتێك به‌ناوی هاوكاری 30 هه‌زار دیناری بۆ مانگێك راگه‌یه‌ندرا بۆ ئه‌وانه‌ی كاریان له‌ده‌ستداوه‌ ، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌بووه‌. له‌هه‌رێمیش شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ روون نیه‌.هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كاری عێراق و كوردستانیش هێڵێكی گه‌رمیان بۆ وه‌رگرتنی كێشه‌و گرفتی كرێكارانیان راگه‌یاندووه‌.

سێیه‌م: یاسای بیمه‌ بێكاری له‌ عێراق و كوردستان بوونیان نیه‌.ژماره‌ی بێكاران به‌ هه‌زاران له‌سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان زیاد ده‌كات. كرێكاران له‌ كاره‌كانیان ده‌رده‌كرێن له‌ كارخانه‌ و كۆمپانیاكانی نه‌وت و..تد. كرێكارانی كه‌رته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان،كرێكارانی كه‌رتی رێكنه‌خراو...تد هه‌موو راوه‌ستاون و بێكاربوون.

چواره‌م: دۆسییه‌ی كرێكارانی بیانی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌كه‌رتی خزمه‌تگوزاری كارده‌كه‌ن له‌ ره‌وشێكی خراپدایه‌.نه‌ ده‌توانن مافه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنن،نه‌ ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانیان له‌ ئێستادا،ناردنه‌وه‌ی پاره‌ش بۆ وڵاته‌كانیان له‌ ئێستادا بار قورسییه‌كی دیكه‌یه‌.

پێنجه‌م: نه‌بوونی ده‌نگێكی یه‌كگرتووی ئازاد و بڵندی سه‌ندیكایی له‌ عێراق و كوردستان بۆ داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی كرێكاران بۆ پاراستنی مافه‌كانی كرێكاران. له‌هه‌رێم به‌ پێی یاسا دامه‌زراندنی فره‌ سه‌ندیكایی یاساغه‌.له‌ عێراق دۆخه‌كه‌ شێاوه‌ له‌ هه‌ندێك یاسا رێگه‌ به‌ فره‌یی ده‌دات و له‌ هه‌ندێك یاساغه‌.نووسراوه‌كه‌ی رۆژی 27ی نیسانی 2020ی وه‌زاره‌تی كاری عێراق جه‌رگبڕه‌ بۆ فره‌ سه‌ندیكایی و رێگه‌ له‌ كاری فره‌یی ده‌گرێت.

+ بۆ ده‌ربازبوون له‌ دۆخی ئێستای قه‌یرانی (ته‌ندروستی ،ئابووری)،بۆ قۆناغی پۆست كۆرۆنا پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ له‌ كوردستان و عێراقدا ئه‌مانه‌ بكرێن وه‌ك سه‌ر لیستی كاری ئێستایی:

یه‌كه‌م: په‌له‌كردن له‌ دانانی پلانی رزگاری كارخانه‌ وپڕۆژه‌ بچووك و مام ناوه‌نده‌كان.قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانی كرێكارن .

دووه‌م: په‌له‌كردن له‌ ده‌ركردنی یاسای بیمه‌ی بێكاری له‌ كوردستان و عێراق و جێبه‌جێكردنی بۆ پاراستنی بێكاران.

سێیه‌م تۆكمه‌ كردنی چوارچێوه‌ی یاسایی تایبه‌ت به‌ كارو ئازادی كاری سه‌ندیكایی به‌ پشت به‌ستن به‌ پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تایبه‌ت به‌ بواری كارو ئازادی كاری سه‌ندیكایی.ئه‌و یاسایانه‌ی له‌و بواره‌دا هه‌ن زۆر كۆنن و مافه‌كان ده‌سته‌به‌ر ناكه‌ن.

چواره‌م: گرنگی دان به‌ دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ و كارخانه‌ و به‌رهه‌می نیشتمانی و بڕیاردان به‌ پلانێكی نیشتمانی له‌و بواره‌ و به‌گڕخستنی كرێكاری نیشتمانی و بوونی پلانی روون بۆ هێنانی كرێكاری بیانی به‌ پێی پلانی نیشتمانی له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ئه‌و بواره‌.

  • 1