ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کۆمەڵێک کردەی لاواز و نمایشی درۆزنانە، خەریکە جێگای هەڵوێستی ڕاستەقینە ئەگرنەوە. ئەم نمایشانە خۆدزینەوەی تەواوە لە هەڵوێست وەرگرتن . لەپشت ئەم نمایشانە مێگەلێک لە کەسی مەجازی، پاڕادۆکس ، گروپ و لایەنی پاسیڤ ، بێ پڕۆژە و بەتاڵ لە فکر و سیاسەت بوونیان هەیە. ئەوانە دەیانەوێت لە خزمەت سیستەم و ئاغاکانی دەسەڵات سروشتی هەڵوێستی ڕاستەقینە بگۆڕن. گۆڕینی هەڵوێست لە کردەیەکی بەرهەڵستکاری، بەرگرتن، ڕاشکاوی بوون، وەک ڕەخنە،وەک جۆرێکی تری بیرکردنەوە، وەک خستنەڕووی ئەلتەرناتیڤ، جۆرێکی تری تێڕوانین بۆ دنیا، وەک فشاری سەرشەقام و ڕەتکردنەوە، وەک دەربڕینێکی ڕاستگۆیی، بگۆڕن بۆ کردەیەکی لاواز و بێکاریگەر. نیازیانە هەموو هێز و بوون و ڕوحی هەڵوێست بە وڕێنە - ڕاگەیاندراوێکی شەرمنانە - پرێس کۆنفڕانسی شەرعیەت دان و پاساو هێنانەوە- گردبوونەوەی بێ ئامانج وشک بکەن . دەیانەوێت جۆرێک لە هەڵوێست وەرگرتن بکەنە مۆدێل کە دەسەڵات وئاغاکان پێی ڕازی بێت. مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات نەبێت. ئامادەنین هەڵوێستێک وەرگرن بە ئەندازەی بەرهەڵستکاری، بەتامی ڕەتکردنەوە.

ئەو نمایشانە کە بەناوی هەڵوێست دەرخواردەی خەڵک ئەدرێن لە جەوهەردا بریتیە لە شکاندنی قاچەکانی هەڵوێست و ناڕەزایی ڕاستەقینە. بەنجکردنی ئەو ناڕەزاییە جەماوەریانەن کە سەرچاوەکەی برسێتی و بێکاری و نادادپەروەریە. کوشنی وزەی ئەو ناڕەزاییانەن کە سەرچاوەکەی ناڕەزاییەدژی سەرکوتکردنی دەنگ و ڕەنگی جیاواز و گەندەڵی ئیداری.

یەکێک لەم لاوازی و نمایشانە ڕاگەیاندراوەکان و گردبوونەوەکان وەک دووکردەی پاسیڤ، کە لە هەناوی عەقڵێکی بێ ئومێد و ئۆپۆزسیۆنێکی پاسیڤ هاتونەتەدەر. ئۆپزسیۆنێکە لە پێناو گەیشتن بەدەسەڵات نەک وەک پڕۆژەیەک بۆگۆڕینی سیستەم و هەیکەلی دەسەڵات، ئۆپۆزسیۆنێک کە ئەوەندەی تینوی بوون بە دەسەڵاتە هێندە تامەزرۆی گۆڕینی دەسەڵات نیە. ئۆپۆزسیۆنێک دەیەوێت قاچێکی لەناو خەرمانەی دەسەڵات گیربکات و قاچەکەی تر بۆ شاردنەوەی چالاکیە بێ بایەخەکانی بجولێنێت. ئەیانەوێت بە بەیاننەمەیەک خۆیان لەگەڵ ئەو کەسانە یەکسان بکەنەوە کە خۆڕسک دێنە سەرشەقام و سڵ لە ئەشکەنجە و سوکایەتی پێکردنیان لەلایەن دەسەڵات ناکەنەوە.

لێرەوە ئاسەواری لاوازی و ڕووی درۆزنانەی بەناو هەڵوێستەکانیان دەردەکەوێت. لێرەوەدەزانین کەنمایشەکانیان بۆ داپۆشینی بێ هەڵوێستیە. ئەو عەقڵیەتە مەجازیە جۆرێک لە هەڵوێستی ڕواڵەتی ئەکەنە مۆدێل کە ئیش لەسەر بەنجکردنی ناڕەزایی جەماوەری و تاک ئەکەن. بەڵام مێژووی شۆڕش و ڕاپەرینی گەلانی هۆشیار پێمان ئەڵێت ئەو چالاکیانە وەک پەنچەرکردنی دەسەڵات وایە، لە هەمان ئەو هەوڵانەی دەسەڵات ئەچێت بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی جەماوەری و لە باربردنی ویستە شۆڕشگێریەکان. بێ بایەخکردنی ئەو دەنگانەن کە هەڵوەدای گۆڕانکاری و دابڕانن نەک بەردەوامیدان و سوڕانەوە لە چوارچێوەی واقیعی سەپێندراو.

شۆڕشەکانی جیهان کە لەپێناو یەکسانی ونەهێشتنی هەژموونی پیاوانی دین لەدەوڵەت، لەدژی دکتاتوریەت، لەدژی ئەمپڕیالیزم توانیان دنیا بگۆڕن. بەتایبەت شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەوڕووپا ودیارترینیان فەڕەنسا، چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین و شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 ئەم مێژووە پێمان ئەڵێت هیچ کاتێک ئەونمایشە درۆزنانەی ئێرە ناچێتە خانەی ناڕەزای و هەڵوێستی ڕاستەقینە.

ڕەتکردنەوە و بەشداری نەکردن لەم نمایشانە لەم بەناو هەڵوێستانە پێویستە و خۆی دروسترین هەڵوێستە!. ڕەتکردنەوەی ئەو ڕاگەیاندراوانەی تەنانەت پەنجە ناخەنە سەر کێشەکانی‌ خەڵک ، ڕەتکردنەوەی ئەو گردبوونەوانەی لە ژێر سێبەری دەسەڵات و بە ئەدای دەسەڵات هوتافی بێ دەنگ! لێ ئەدن، دروشمی بریقەدار بەرزئەکەنەوە کە دواجار هەموو ئەم بەناو هەڵوێست وەرگرتنە لەبڕی فشار و ملکەچکردن،بەڵکو دەبێتە فریاد ڕەس و بەخشینی وزە بەدەسەڵاتی تۆتالیتار.

لێرە بەڵێ و ستایش بۆ ئەم بێ هەڵوێستیە گرنگە . ڕەتکردنەوەی ئەو مۆدێلە لە هەڵوێست واتای گێڕانەوەی هێزە بۆ بەهێز بوون‌و هەڵستانەوەی هەڵوێستی ڕاستەقینە.

  • 1