ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هیچ ڕۆشنگەریەک نیە کە لەسەر ڕەخنە گرتن لە عەقڵ ڕەخنەگرتن لە مۆڕاڵ، ڕەخنەگرتن لە دین ڕەخنە گرتن لە سیاسەت دانەمەزرێت. بەختیار علی- ئایدۆلۆژیست.

ئایدۆلۆژیست ڕێک ئەو گوتارەیە کە لەسەر بنچینەی ڕەهەندی فکری و ئەدەبی و فەلسەفی داڕێژڕاوە. ڕەخنەگرتن لە عەقڵ و دین وسیاسەت و نەریت و موتڵەقگەرایی پێشمەرج و بناغەی ئەو تێکستەن کە دەکرێت خوێنەر مانای زیاتری پێ بدات.

لە ساڵی 2018 کاتێک ڕەخنە لە عەقڵی فاشستیم خوێندەوە بڕوام وابوو بەختیار علی لەوە زیاتر نە گەڕێتەوە بۆ ڕەخنە گرتن لە بیری فاشیەت و ئایدۆلۆژیا و عەقڵی ترادسیۆنی. ئەوکات ڕام وابوو هەردوو کتێبی ڕەخنە لە عەقڵی فاشستی و ئیمان و جەنگاوەرانی بەس بێت وحەقی خۆی دابێت، بەڵام کتێبەکەی ئایدۆلۆژیست وای نیشاندا فاشیەت و فکری موقەدەسگەرایی و ئایدۆلۆژیا، پێویستی بە قسەکردن و دەستکاریکردنی بەردەوام هەیە .وەک میشێل فۆکۆ دەربارەی هەژموونی دەسەڵات دەڵێت ( دەسەڵات وەک تۆڕێکی بەرفراوان وایە شۆڕدەبێتەوە، ناڕاستەوخۆ ئامادەیە لە سێبەردا دەمێنێتەوە و وادەکات نەبیندرێت و دەڕژێتە هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی.س ئەخڵاق و بەرگری مەریوان وریا قانع .). بەم شێوەیە ئایدۆلۆژیست چۆتەناو هەموو شوێنێکەوە. وەک بەختیار علی دەڵێت" فاشیەت و ئایدۆلۆژیست هەمیشە خۆی تازە ئەکاتەوە".

کتێبی ئایدۆلۆژیست پڕە لە هەڵوەشاندنەوە، جۆرێکی تری ڕەخنەکاری، تێفکرینێکی تازە بۆ مانا و شوناسی ئایدۆلۆژیا و باسکردن لە لێکەوتەکانی لەسەر فکرو ژیان و بیرکردنەوە.

لێرەوە ئەم ڕەفتارو وەهمانەی ئایدۆژیست ئاشکرا ئەبن کە لە ژێرناوی دین و ناسیۆنالیستی شکستخواردوو لەبن پەردەی شۆڕش ڕەنگڕێژکراون. ئەو ڕەفتارانەی کە لە شێوەی هۆشیاریەکی سەپێندراو، دروستکراو وساختە خۆیان مانیفێست ئەکەن. وەک پێناسەی مارکس دەربارەی ئایدلۆژیا ( ئایدۆلۆژیا هۆشیاریەکی ساختەیە. بەتێگەیشتنی مارکس مرۆڤ لە مێژوو و حەقیقەتی مێژوو خۆی دوو دنیای جیاوازن، شت لەخۆیدا ماهیەت و بوونێکی هەیە و شتیش بۆ ئێمە واتا وێنەکەی لای ئێمە بوون و ماهیەتێکی جیاوازە، ئایدۆلۆژیا پڕۆسێسی لادانی وێنەی شتەکانە لە بوونە واقیقی و سروشتیەکەیان ل ۱۱- ۱۲ ئایدلۆژیست ) .

هەروەها ئەنگڵز دەڵێت ئایدۆلۆژیا ( پڕۆسێسێکە کەسی بیرکەرەوە هۆشیارانە ئەنجامی دەدات، بەڵام بە هۆشیاریەکی هەڵەوە. ل ۱۲ ئایدۆلۆژیست).

تێز و پێناسەکانی ئاڵتۆسێر،دۆڵۆز وفۆکۆ و هیگل و پێناسە گەورەکەی ژیژیک بۆ ئایدۆلۆژیا کە بە ختیارعلی بەقوڵی دەستکاری کردووە، پێویستی بە لێورد بوونەوەیە بۆ ناسینەوەی ئەو کردە و ڕەفتارانەی کە وەک کڕۆکی ئایدۆلۆژیست لە بێ ئاگایی ڕژاوەتە ناو ژیانی ئێمە.

لەپاڵ پێناسەی مارکس و ئەنگلز جوانتری و دروستین پێناسە، ژیژیک کە پێی وایە ئایدۆلۆژیا (لە بیرکردنەوەدانیە بەڵکو لە ڕەفتار دایە ل ۲۹). نموونەی ئەو ڕۆشنبیرە پاڕادۆکسانەی باشور کە لە بیرکردنەوە و دەربڕین جۆرێکن و لە پڕاکتیدا ئیشیان ماسکردنی نەشیرینیەکانی دەسەڵاتە. وەک میشێل فۆکۆ باس دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان دەکات کە لە ڕواڵەت و بانگەشەدا قسە لە ئازادی دەکات،بەڵام لە پڕاکتیکدا دەیان دەزگای پۆلیس و سەرکوتکردن دژی ئازادی دەخەنەکار(بەرگی دووەم مێژووی سێکسواڵیتە- ئەخڵاق و بەرگری مەریوان وریا).

وەک وێنایەکی زیندووتر بۆ کۆت و بەندەکانی ئایدۆلۆژیا کە ژیژیک بەنموونە دەهێنیتەوە( دۆخی مرۆڤە لە خۆرئاوادا کە بەردەوام چاودێری دەکرێت،کۆنتڕۆڵ دەکرێت، ئۆرگانیزە دەکرێت، ئاراستە دەکرێت، کەچی خۆشی بەئازاد دەزانێت. ل ۲۹ ئادلۆژیست ).

ئایدۆلۆژیا لای ژیژیک بۆتە( بەشێک لە شێوەی ئارەزووکردنمان بۆتە خۆفریودانێکی چێژدار، مرۆڤەکان چێژ لە ئایدلۆژیا دەبینن و هاوسەنگی خۆیانی پێڕادەگرن ل۳۰ ئایدۆلۆژیست).

ئەو دۆخە داڕماو و ڕزیوەی باشوری کوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نموونەیەکی بەجێیە بۆ تێگەیشتن لە ئایدلۆژیست. لەباشور چینی دەسەڵات- حکومڕان تاڵانترین و گەندەڵترینە، سەرچاوەی قەیران و وێرانیەکان ،بەڵام بەشێکی زۆری کۆمەڵگا دەهۆڵ بۆ دروشمە درۆزنەکانی چاکسازی و دادپەروەری و هەڵی کار دەکوتن، کەچی دەشزانن چاکسازی ڕاستەقینە لە فکر وبەرنامەی ئەو توێژە حکومڕانی مافیا ئاسا بوونی نیە .وەک ژیژیک دەڵێت (ئایدۆلۆژیا ئەوەیە فێڵەکان وەک ڕاستی وەردەگرین و قبولی دەکەین گەرچی دەشزانین کە دروست نین. ل ۳۰ ئایدۆلۆژیست). باشوری کوردستان ئەو شوێنەیە کە ئاسان فێڵ و تەڵەکەبازی دەسەڵات تێیدا قبول دەکرێت و دەبێتە ڕەفتاری وژیانی ڕۆژانە.

هەروەک بەختیار علی پێی وایە ( لە دنیای ئێمەدا ئاسان دەتوانین ئەو پەیامە ئایدلۆژیە شاراوانە بدۆزینەوە کە دەکەوێتە پشت بانگەشەکانی کوردایەتی ونشتیمان پەروەریەوە ، بەڵام پەیامی ئایدلۆلۆژی پشت ئەو بانگەشە ڕاستەوخۆیانە شتێکی ترە و پێچەوانە دەبێتەوە .ل ۳۱) .

ئایدۆلۆژیست خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژی گرنگە بۆ گومان کردن و پرسیارکردن لەو دەمامکسازیە بەر بڵاوەی ئایدۆلۆژیست لە دروستکردنی مرۆڤێکی لە قالب دراو مرۆڤێک بەدەر لە پرسیار و گومان، مرۆڤێکی داڕێژراو. وەک بەختیاردەڵێت سوبێکتی ئایدۆلۆژی بیر لێکراو کە سنوری بیرکردنەوە و زانینی لە سنوری ئایدۆلۆژیست زیاترنەبێت.

تەنانەت لێکۆڵینەوەکەی لەسەر چەند دەقێکی شیعری و زمان، هەنگاوێکی گەورەیە بەومانایەی نووسەر بۆ ئاشکراکردنی پەلهاوێژیەکانی ئایدۆلۆژیا، تەنیا لەسنوری سیاسەت و سیستەم ناگیرسێتەوە. هەموو ئەو شوێنانە دەستکاری ئەکات کە ئایدۆلۆژیا کۆڵۆنیاڵی کردووە . بەشێکی ئایدۆلۆژیست لێکۆڵینەوەیە لەسەر شعیری کوردی و زمان کە بەڕوونی کاریگەری مۆری پەیام و ئاراستە و بزوێنی سیاسی و ئایدۆلۆژی پێوەدیارە.

ئەو تێکستە ئەوەی داهێنا کە قسەکردن لەسەرئایدۆلۆژیا تەنها بەکەرستەی ئایدۆلۆژی بەس نیە. دوای خوێندنەوەی ئەم تێکستە خوێنەری هۆشیار هێڵێکی تر بۆقسەکردنی فراوانتر بۆ هەر چەمک و بابەتێک دەدۆزێتەوە.واتا هەر قسەکردنێکی فراوان و ورد دەربارەی واقیع و سیاسەت قسەکردنێکی دووبارە و بێکاریگەرە ئەگەر کەرستەکانی ئەو گوتارە

تەنیا لە کەرستەی سیاسی وئایدۆلۆژی قەتیسکرابێت. وەک ئەو بەناو ڕەخنەگرە ئایدۆلۆژیانەی ڕەخنە لە مەعریفەیەکی گەورە بچوک ئەکەنەوە لە خزمەت ئایدۆلۆژیا و سیستەم. وەک ئەو تێکستە کروچ و کاڵانەی بەهاش و هوش دەرئەکەون و دواتردەبنە خۆراکی بەهێزبوونی ستەم و تۆتالیتاریەت. ئەو تێکستکانەی دوورونزیک ئاشنانین بەفیکر بۆیە لە دواجار بەئارستەی خزمەتکردن بە سیستەم لار ئەبنەوە. ( دابڕان لە فیکر واتا دابڕان لە واقیع . هەرەسهێنانی بیرکردنەوە واتا هەرەسهێنانی سیستەمی نزیک بوونەوە لە واقیع . لە جێگایەکدا سیستەمی بیرکردنەوە هەرەسی هێنابێت هیچ جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ واقیع دروست نابێت . واقیع شتێکە بەبێ بوونی فیکریش بوونی هەیە، بەڵام تێگەیشتنیش لە واقیع بەبێ بوونی فیکر بوونی نیە. هەوڵی چاککردنی واقیع بە کەرستەی سیاسی واتا باوڕهێنان بەوەی واقیع بەبێ فیکر باش دەکرێت بەختیار علی - ئایدۆلۆژیست لە ).

Image may contain: text

  • 1