ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆمبارانكردنی ناوچەی كونەماسی نزیك سلێمانی، روداوێكی سادە نیە، ئەو گۆمی خوێنەی لە سوریا هەبوو، هەرچی سەربازی زلهێزەكان‌و ئیقلیمی بوو لەوێ بوو..ئێستا گوازراوەتەوە بۆ لیبیا. گۆمی خوێن لەناو جەرگەی لیبیاوە دروست دەكەن، هەر لایەنە بە بیانویەك، توركیا‌و ئێران دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بە دەردی لیبیا ببەن، ناوچە سنورییە سەختە شاخاویەكانی كوردستان پڕ بكەن لە جڕوجانەوەری بەرەی نوصرەو شام‌و داعش‌و ئەو سەدان هەزار چەكدارەی لە ئیدلەب هەیە. روسیاو ئەمریكاش هیچ كاتێك لەبەر خاتری ئێمە جەنگی توركیاو ئێران ناكەن. بۆیە هەمان سیناریۆی لیبیایان هەیە بۆ هەرێمی كوردستان. گرنگە بیر لەهەندێ هەنگاو بكەینەوە:

یەكەم: پێویستە سەرۆكایەتی هەرێم دبلۆماسیەتی چڕ دەست پێ بكات، لەگەڵ ئەمریكا‌و روسیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق، بۆ ئەوەی ئەم جەنگە بوەستێ‌و تەشەنە نەكات.

دووەم: پەكەكە بەرگری رەواو سەختی خۆی بكات‌و بۆ هیچ جەنگێكی بەرەیی دەست پێشخەر نەبێت. هەتا دەكرێت لە شوێنی دیكە مەشغولیان بكات. 

سێیەم: شەقامی سیاسی‌و دبلۆماسی ئەوروپا بە رەوەندی كوردی گڕ بدرێت كە هەموو توانای فشاری خۆیان بخەنە گەڕ.

چوارەم: بەهەموو شێوەیەك شەڕی راگەیاندنی نێوان هێزە كوردیەكان بوەستێنرێت.

پێنجەم: كورد دەبێت خوێندنەوەی تازەی بۆ دەوڵەتانی ناوچەكە هەبێت، ئەوان بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، فڕۆكەی ئێف 16، تۆپ هاوێژی سنور بڕ، پەلاماری كورد دەدەن، بە كورتی شەڕی زەمینی لەگەڵ كورد ناكەن‌و سەركەوتووش نابن، بەڵام بە داخەوە شەڕی تەكنەلۆژی ئاسمانی ئەنجام دەدەن، كورد دەبێت رێگا‌و شوێنی ئەم بابەتە بدۆزێتەوەو چارەسەری بكات لەروی خۆ پارێزی‌و دەست كەوتنی چەكی مۆدێرن ئەگەر بە قاچاغیش بێت؟؟؟؟

شەشەم: كاتی یەك گوتاری نەتەوەیی‌و كوردستانیە. نازانم چەندە دەتوانین لەیەكتر تێبگەین.

  • 1