لە رۆژێكی سەرەتای مانگی تەموزی ساڵی 1973 هاوڕێ (مەلا بكر) ئاگاداری كردم كە لە كاتژمێر پێنجی ئێوارە دەبێ بۆ ماڵی هاوڕێ (سامیە چاوشلی) كە لە گەرەكی شۆرش بوو بچم ، هەروا ووتی كۆبوونەوەیەك بۆ ئەو ئەندام مەحەلییانەی ئێستا كە لە ناو شاری هەولێرن گرێدەدرێت ، میوانێكمان هەیە و لە كۆبوونەوەكە ئامادە دەبێت ، بەڵام باسی میوانەكەی نەكرد ، كە كێیە و ئەركی چییە ، منیش پرسیارم نەكرد .. مانگی تەموز زۆر گەرم ، بەتایبەتی لەم ساڵەدا ئاو و هەوا گەرم بوو ، بارودۆخی سیاسی لە كوردستان و عێراق وەكو ئاو وهەواكەی مانگی تەموز گەرم بوو ، لەلایەن حكومەتی بەعسی دیكتاتۆر و شۆڤێنی بەردەوام بوو، لە پاشەكشە كردن لە جێبەجێ كردنی رێكەوتننامەی (11)ی ئادار و گیروگرفت دروستكردن بەتایبەتی لە پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی تری كوردستان وەكو شەنگال و خانەقین و ... هتد لە هەمانكاتدا نێوان حزبمان و پارتی نالەبار و دژوار بوو ، ئەو پەیوەندییە تێكۆشەرانەی لە نێواندابوو بەرەو كزی و لێكترازان دەچوو ، لە گەلێك ناوچەی كوردستان رێكخراوەكانی حزبمان و ئەندام و لایەنگران لەلایەن بەرپرس و پێشمەرگەكانی پارتی فشارییان دەخرایە سەر ، لەلایەكی ترەوە نێوانی حزبمان و حزبی بەعسی فەرمانڕەوا لێك نزیك بوونەوە و ئارامی هەستی پێدەكرا و مۆركردنی بەرەی (نیشتمانی و نەتەوایەتی پێشكەوتنخواز) لە نێوان حزبمان و بەعسی بابەتی قسە و باسی ئەندامانی حزب و جەماوەر بوو ، لەم بارودۆخەدا حزبمان هەوڵی دڵسزانەی دەدا كە نێوانی پارتی و بەعس ئاسایی بێت و، پارتیش بەشداری (جبهە) بكات ، بە بەشداری پارتی و شیوعی لە (جبهە) دەتواندرێ بەر لە توندرەوی بەعسی فەرمانرەوا بگیرێت ، بەڵام دەركەوت كە بەعس لەبنەرەتەوە بەهیچ جۆرێك بروای بە چارەسەری ئاشتیانەی قەزییەی گەلی كوردمان نەبووە و نیە ، لەم بارودۆخە ئاڵۆز و تەژی گیروگرفتی جۆراوجۆر لە بواری سیاسی و پەیوەندییەكان و (غروری) بەعس بەهۆی داهاتی زۆر و زەبەنی نەوت و فراوان بوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵا دەوڵەتان بەتایبەتی یەكیتی سۆڤیەتدا ..لەم بارودۆخەدا بەرەو ماڵی هاوڕێ (سامیە چاوشلی) چووم ، هاوڕێ (سامیە) لە دەرگای دەرەوە پێشوازی لێكردم و چوومە ژووری میوانان ، هاوڕێیان نەهاتبوون و دانیشتم ، هاوڕێیان یەك یەك پەیدا بوون ، ئەو ئەندام مەحەلییانە لەم كاتەدا لە ناو شار بوون هەموویان هاتن ، ئەم هاوڕێیانە ( عادل سلیم و مەلا بكر و نجم الدین مامۆ و سامیە چاوشلی و محمد شێروانی و محمد خلیل و جەبار حسن و بەندە) ئامادە بووین ، پاشان هاوڕێ (رەمۆ شێخۆ) ناسراو بە (ئەبو جەنگۆ) كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی سوری بوو ، بە ژوور كەوت و بەگەرمییەوە تۆقەی لەگەڵا یەكە یەكەمانی كردو ، هاوڕێی شەهید (عادل سلیم)یەكە یەكە هاوڕێیانی پێناساند ، هاوڕێی شەهید (عادل سلیم) بەناوی لێژنەی مەحەلی و هاوڕێیانەوە بەخێرهاتنی كرد ، ووتی دەرفەتێكی باشە لە نزیكەوە هاوڕێیان لە رێگای تۆوە هەواڵ و دەنگ و باسی حزبی شیوعی سوری برا و هاوڕێیان بزانن ، ئەنجا بەردەوام بوو ، ووتی رێكخراوەكانی حزبمان لە پارێزگای هەولێر فراوانە و لە شار و شارۆچكەكان و لادێیەكان رێكخراو وئەندام و دۆستی حزبمان هەیە ، هەر لە قەزای مەخمورەوە تادەگاتە كۆیە و چۆمان و رەواندوز و شەقڵاوە ، شاری هەولێر فراوانترین و جەماوەرترین رێكخستنەكانی حزبمان لە خۆدەگرێت ، جگە لەوە حزبمان لە نەقابەی كرێكاران و یەكیتی جوتیاران ئەندام و دۆست و لایەنگری بەرچاوی هەیە ، لە هەمان كاتدا یەكیتی گشتی قوتابیان و یەكیتی لاوانی دیموكراتی و كۆمەڵەی ئافرەتانمان لە پارێزگای هەولێر رێكخراوی جەماوەری و دیموكراتی و پیشەیی فراوانن ، هەروا لە یەكیتی مامۆستایان و لە رێزی هونەرمەندان و رۆشنبیرانی پارێزگای هەولێر ئەندام و دۆست و لایەنگری باشمان هەیە ، بە كورتی رێكخراوەكانی حزبمان لە پارێزگای هەولێر جەماوەرین ، ئەندام و رێكخراوەكانی حزب رۆژنامە دەگەیننە دۆست و لایەنگرانی حزبمان ، جگە لەوەی رۆژنامەكانی حزب لە مەكتەبەكانی ناوشار دەفرۆشرێن ، لە بواری وەرزشیش هاوڕێیانمان دەورێكی بەرچاوییان هەیە و ژمارەیەك تیپی وەرزشی میللیمان لە گەرەكەكان هەیە و یانەی وەرزشیمان هەیە بەڵام لەلایەكی ترەوە گیروگرفتی زۆرمان لە بواری پەیوەندی سیاسی لەگەڵا برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە و ، دوو بۆ چوونی جیاوازمان لەبەرامبەر بەعسی فەرمانرەوا هەیە ، حزب لەوە نزیك بۆتەوە كە (جبهە) لەگەڵا بەعس واژوبكات ، لێرەو لەوێ گرژی و توندوتیژی روودەدات و رێكخراوەكانمان فشارییان لەسەرە ، چەند جارێك وەفدی حزبمان بەسەرۆكایەتی هاوڕێ (عزیز محمد) سەردانی سەركردایەتی شۆرشیان كردوە ، بەتایبەتی چوونەتەلای بەڕێز (مستەفا بارزانی) ، بەڵام پرسەكانی نێوانمان چارەنەكراون ، ئێمە بەردەوام هەوڵدەدەین لەگەڵا برادەرانی پارتی رێكبكەوین و، چارەسەری ناكۆكییەكان بكەین ، دووبارە بەناوی هاوڕێیانەوە بەخێرهاتنتان بۆ كوردستان و هەولێر دەكەم ، هیوادارم ئاسودەبن ، ئەنجا هاوڕێ (رەمۆ شێخۆ) هاتە گۆو ، ووتی زۆر سوپاس بۆ ئەم پێشوازییە هاوڕێیانەیە و ، شادمانم بەدیداری هاوڕێیان و گەلێك دڵخۆش بووم بەو زانیارییانەی هاوڕێ (ئەبو شوان) پێشكەشی كرد ، هاوڕێیانتان و رێكخراوەكانتان جەماوەری و چالاكن و دەنگی حزبتان بەفراوان دەگاتە شەقام و زەحمەتكێشان ، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم ... رێگام بدەن بە كورتی هەندێ زانیاریتان دەربارەی حزبمان بخەمە بەردیدتان ... حزبمان بەشێوەیەكی یاسایی و ئاشكرا ئەركەكانی خۆی رادەپەڕێنی و پەیوەندیمان لەگەڵا حزبی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست باشە و بەیەكەوە لەبەرە داین و ، لەبەربەرەكانی توندداین لەبەرامبەر ئیسرائیلی داگیركەر و ئیمپریالیزمی ئەمریكا و هاوپەیمانانی ... حزبمان رۆڵی لە ناوجەماوەر باشە و بەردەوام لە تێكۆشانداین لە پێناوی فراوانكردنی پەیوەندیمان بە جەماوەرەوە ، بەڵام لە ماوەی رابوردودا رووداوێكی نەخوازراو و نائاسایی و نادروست لەناو حزبمان روویداوە ، ئەویش چوونە دەرەوەی (یوسف فیصل) و جەماعەتەكەی بوو لە رێزی حزب و كەرتكردنی حزب و رێكخراوەكانی ئەنجامدا ، هەروا یوسف فیصل كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بوو ، ئێستاكە حزبێكی بەهەمان ناوی حزبەوە دروست كردوە ، ئەمە زیانێكی گەورە و زۆری بە حزبمان گەیاندووە ، یوسف فیصل ئەم كارەی ئەنجامدا ، لەبەر ئەوەی كاریگەری بیری (عروبەی) لەسەر بوو ، هەروا لە روانگەی هەوڵدان بۆ ئەوەی ببێتە كەسی یەكەم لەناو حزبدا ، كە بەرێگای ئاسایی و یاسایی و پەیرەوی ناوخۆی حزب ئەو حەزەی نەهاتەدی ، ئەو كردەوە تێكدەرانەی ئەنجامدا ، بەشێكی بەرچاو لە هاوڕێیانی حزب لەگەڵا (یوسف فیصل) رۆیشتوون ، لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵا ئەو هاوڕێیانەی چوونەتە دەرەوەی حزب بۆ ئەوەی بگەرێنەوە بۆ ناو حزبی خۆیان ، هەروا ژمارەیەكیش لە هاوڕێیان لەئەنجامی لەت بوونی حزب دانیشتوون و وازییان لە كاری حزبی هێناوە ... بۆ ئاگاداریتان پەیوەندییەكانی نێونەتەوەیی حزبمان لەگەڵا حزبە شیوعییە براكانمان بەردەوامە و تێكرای حزبە براكانمان سەركۆنەی كردەوە تێكدەرانەكەی (یوسف فیصل)یان كردوە و پشتیوانی و هاوكاری حزبمانن ، دارایی حزبیش لە دەستێكی ئەمیندایە و نەیان توانیوە دەستی بەسەر دابگرن ... هەروا هۆیەكانی راگەیاندنی حزب لە ژێر دەستی حزبدایە ، هاوڕێ (رەمۆ شێخۆ) بەردەوام بوو ووتی لەم رۆژانە سەردانی سەركردایەتی شۆرشی كوردستان دەكەم و چاوم بە سەرۆك بارزانی دەكەوێت ، ئەگەر هەر بۆ چوون و پێشنیارێكتان هەبێت بۆ سەركردایەتی شۆرش ئەوە وەكو ئەركی سەرشانم دەگەیەنمە شوێنی مەبەست ، ئەگەر هاوڕێیانیش هەر پرسیارێكیان هەبێت سەبارەت بە بارودۆخی حزبمان و سوریا دەكرێت قسەی لەسەر بكەین ...
هاوڕێ (عادل سلیم) بەناوی هاوڕێیانەوە سوپاسی هاوڕێ (رەمۆ شێخۆ)ی كردو ، هەروا سەركۆنەی كردەوە لەتكردنەكەی حزبی لە لایەن (یوسف فیصل)وەكرد ... سەبارەت بە سەردانیشی بۆلای بەڕێز (مستەفا بارزانی) ووتی هیوادرین سەركەوتووبن ، پەیوەندی حزبمان بەسەركردایەتی شۆرشەوە بەردەوامە و بەر لە ماوەیەك وەفدی حزبمان بەسەرۆكایەتی هاوڕێ (عزیز محمد) سەردانی سەرۆك بارزانی كردوە و هەوڵەكان بەردەوامن لە پێناو چارەسەركردنی گیروگرفتەكان ، ئێمە وەكو حزبی شیوعی عێراق ، بارزانی بەسەركردەیەكی پایەبەرز و ناوداری گەلەكەمان دەزانین و هەڵوێستیشی لەبەرامبەر حزبمان لە ساڵی 1963 بەرچاوە و لەیادی ناكەین .
مەبەستمانە پەیوەندی دێرین و تێكۆشەرانەی حزبمان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام بێ و بەهێز و توانای هەردوولامان هەوڵی جێبەجێكردنی بەیاننامەی 11ی ئاداری ساڵی 1970 بدەین .