ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هیوا عومەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان

• ڕەوت: کوردستانی عێراق لە قەیرانێکی قووڵی هەمەلایەنەدایە، هەڵسەنگاندنی بەڕێزتان بۆ پەلکوتانی حکومەتی هەرێم و حزبە پێکهێنەرەکانی بۆ قوتاربوون لەم بارودۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هیوا عومەر: ڕاکێشانمان بۆ گفتوگۆ و بیرکردنەوەی هاوبەش لە بارەی هەلومەرجی هەنوکەیی کوردستان و چۆنیەتی سەر رێگا خستنی شەپۆلی نارەزایەتیە کۆمەڵایەتییەکان کارێکی شۆرشگێرانەیە و جێگای پێزانینە.

لە کاتێکا هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قووڵی گشتگیردایە، قەیرانێک کۆی مۆدێلی حوکومرانی گرتۆتەوە و گەیاندویەتی بەئەمرۆیەک لە بنبەست، بۆ دەستنیشانکردنی شوناسی قەیرانەکە دەبێت لە ریشەوە لە ئاستی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بۆی بگەرێن، لە ئاستی یەکەمدا دیموکراسی کورتکراوەتەوە لە دیموکراسیەتی سیاسی، دیموکراسیەتی سیاسیش لە چوارساڵ جارێک هەڵبژاردن قەتیسکراوە، هەڵبژاردنیش لەژێر دۆخی ترس و کرین و فرۆشتنی خەڵک بە رێگای پارەی نەوت و بەکارهێنانی دامودەزگاکانی ئەمن و حکومەت و دەستکاریکردنی ئەنجامەکان بووە و سەرنجام ئەو بەناو دیموکراسیە سیاسیەش لە (میکانزم و زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانیدا) گەمارۆدرا.

ئەگەر سەرەنج بدەین لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیوەی زیاتری خەڵکی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیانکرد، ئەمە بۆخۆی زلەیەکی گەورەبوو لەم مۆدێلە لە حوکومرانی و بەتاڵکردنەوەی بانگشەی شەرعیەتی ملی دەسەڵات بوو، ئەو زلەیەی ئەو کات و نارەزایەتییەکانی ئێستا ئەلقەیەکی نەپچراوە لە بەردەوامی شەپۆڵی نارەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان دژ بەم مۆدێلە لە حوکومرانی، واتە زۆرینەی خەڵک گەیشتۆتە ئەو باوەرەی لە دۆخی پەراوێزی دادەژین و مافی بەشداری سیاسی پێشێل و زەوتکراوە.

لەئاستی ئابوری و کۆمەڵایەتیدا لە دوای نەوەتەکان و بەتایبەتی لە ساڵی 2005 وە پرۆسەی گۆرینی پەیکەری ئابوری و کۆمەڵایەتی بەچری دەستی پێکرد بە جۆرێک ڕۆژانە هاوڵاتیان لەمسی لێکەوتەکانیان دەکرد لە وێرانکردنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی بە دەستیان هێنابوو لە ژیانی ئابوری و کۆمەڵایەتیمان کە لە پێشوو لە ئەنجامی تێکۆشانی کرێکارانی بیروبارزوو و هێزە چەپەکان لەسەر دەوڵەت فەرزکرابوو. پرۆسەی گۆرینەکە لە چوارچێوەی پرۆژەی نیولیبرالیزمی ئابوریدایە وەک پاکێجێک کە بینیمان چۆن دەسەڵات وازی هێنا لە ئەرکەکانی بەرامبەر کۆمەڵگا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هاوکات دانانی باج و سەرانە لەسەر هەمووشتێک بە خۆڵ و خاشاکی ماڵانیشەوە، ئەم نیولیبرالیزمە ئەگەر بۆ وڵاتانی خۆراوا و ئەمریکای لاتین جارێک زیانی هەبوو بێت بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە چەندین ئاستە، بەجۆرێک قەدەری ژیانیان نەک بە ئابوری بازار بەڵکو تەسلیمکرا بە ئابورییەکی بازار کە مافیای سیاسی ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی کردووە و چۆنی بوێت ئاوا بەکاری هێناوە لە دزینی سامان و کۆکردنەوەی هێز وەک هێزێکی بۆرژوازی مشەخۆری پاشماوەی خێڵەکی و پاشکۆی هێزە سەرمایەدارەکانی جیهانی.

لە ئێستادا کاتێک ڕووبەڕووی پەتایەکی وا بەناوی کۆرۆنا دەبینەوە تێدەگەین چ ژێرخانێکی وێرانەی تەندروستی و ئابوریمان هەیە، ئەوەی تا ئێستا کرابێت بۆ خۆپارێزی لەسەر شانی هاڵاتیان بووە لە رێگای قەدەغەی هاتووچۆوە بەبێ ئەوەی حکومەت هیچ ئەرکێکی لە ئاستی ژیانی جڤاکی و ئابوریدا جێ بەجێ بکات، تەنانەت کار گەیشتووە بەوەی مووچەی کرێکارانی کەرتی گشتی (فەرمانبەرانیش) دابین ناکات، رێژەی هەژاری و بێکاری لە ئاستێکی مەترسیدایە بەجۆرێک هەندێک داتا ئاماژە بە ئاستی 40 % لە بێکاری دەکەن لە بەرامبەریشدا کەمینەک لەناو دەسەڵات و بازار تادێت دەوڵەمەندتر دەبن؟!

لەم دۆخەدا هیچ ڕوانگەیەکی چارەسەری لایئیئتیلافی حوکومڕاندانیە، تەنانەت ئامادە نین دان بە شوناسی قەیرانەکەشدا بنێن، ئەوان دۆخەکە وەک قەیرانێکی دارایی بۆ دابەزینی نرخی نەوت و ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەیگێرنەوە کە مەبەست لێی بۆ خۆدەربازکردنە لە بەرپرسیارەتی شکستییەکانیان و درێژەپێدانی سیاساتی ئابوری نیولیبرالیزم و بەرخۆی. ئەوەی باسیشی دەکرێت لە بارەی یاسای چاکسازی هیچ نییە جگە لە بەخشینی دەسەڵات لە رێگای پەرلەمانەوە بۆ نەهێشتنی پاڵپشتییەکانی حکومەت بۆ فەرمانبەران و لێبڕینی دەرماڵە و مووچەکانیان. پێشتر لە زنجیرەیەک وتار ئەوەمان بە درێژی ڕونکردووە کە ئەم پرۆژەیەی دەسەڵات بەشێکە لە دیدگای نیولیبرالیزمی و وازهێنانی حکومەتە لە ئەرکەکانی. ئەوەی لەم ماوەیە دەیبینین گرتنەبەری ئیجرائاتی ئەمنییە دژ بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانش کە خۆی لە خۆپیشاندان و ڕادەربرین و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی دەبینێتەوە، واتێگەیشتوون بەم ڕێگایە دەتوانن درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداریان بدەن و خۆیان لە قەیران و بەرپرسیارەتییەکانی دەربازبکەن؟!

• ڕەوت: خەڵکی ناڕازی و جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، بەبەردەوامی لە ماوەی ٢٩ ساڵی دەسەڵاتدارەتی بۆرژوا ناسیونالیست لە کوردستاندا ڕووبەڕووی بێمافی و بێکاری هەژاری بوونەتەوە و بەرەنگارییان کردووە، مانگرتن و خۆپێشاندانیان ئەنجامداوە، تایبەتمەندی ئەم جارەی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەی ئەم قۆناغەی ئێستا چیە و چۆن دەتوانین بەسەرکەوتنی بگەیەنین؟

هیوا عومەر: ئەم نارەزایەتیانەی هەیە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی وردو باتیانەهەیە، ئەگەر لە ڕوانگەی فکری مارکسیەوە جولانەوە کۆمەڵایەتییەکان ببینین لە میانەی تێگەیشتنی ماتریالیستی بۆ مێژوو، جولانەوە کۆمەڵایەتییەکان بنەمایەکی سەرەکین بۆ گۆرانکاری لە مەیدانی ململانێی چینایەتیدا، هەروەک مێژووی مرۆڤایەتی پەیوەست دەکات بە مڵملانێی چینەکان. نارەزایەتییەکانی کوردستان سەرەرای تایبەتمەندییەکانی ناتوانین دای ببڕین لەو نارەزایەتییە جیهانەی دژ بە سیستەمی سەرمایەداری هەیە، لە دوای کورتهێنانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانی لە ئاست پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێشبینی دەکرێت لە جیهاندا نارەزایەتییەکان لە ئاستی ستونی و ئاسۆییەوە زیاتر هەڵکشێت، هەڵبەتە ئەم نارەزایەتیانە بە شێوەی جیاواز و بەپێی کات و زەمەن و شوێن لە هەلومەرجی بابەتی و خودییەکان گۆڕانیان بەسەردادێت واتە ناتوانین بە فۆرمێکی جێگیر و نەگۆر بیبینین. ئەوەی ئەمرۆ لە یەککاتدا لە ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی وەک لوبنان و عێراق و پێشتریش لە ئێران هتد ... لە جەوهەردا رەتکردنەوەی سیستەمی باڵادەستە سەرەرای تایبەتمەندییەکانیان.

نارەزایەتییەکانی فەرمانبەران و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بەشێکە لە تێکۆشان دژ بە سیستەمی چینایەتی لە چوارچێوەی داواکردنی مافی کار و مووچە و عەدالەتی کۆمەڵایەتی. چەند تێبینیەک بەگرنگ دەزانم لە مرۆدا وەک مەترسییەک لەسەر ئاڕاستە و ئەنجامی نارەزایەتییەکان.

یەکەم: لەلایەک ئەم نارەزایەتیە لە کاتێکدایە هێزە ڕاستڕەوەکانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات هەوڵی بەکارهێنان و قۆرغکردن و بەلارێدابردنی دەدەن بەپێی ئەجندای تەسکی بەرژەوەندی و ناکۆکییەکانی خۆیان واتە تەنانەت شەقامیش دوورنیە لە کارلێکردن و ناکۆکی و نارەزایەتی بۆرژوازی نابێت بە چاوێکی موقەدەسەوە سەیری شەقام بکرێت، ئەوە بەمانی ئەوەنییە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە نارەزایەتی و خۆپیشاندانی شەقام بەشێک نەبێت لە ململانێی چینایەتی، بەبێ دوودڵی پێویستە پاڵپشتی بکرێت و وەک ئومێدێک بۆ گۆرانکاری سەیری بکرێت.

دووەم: لە لایەکی تر مەترسی دیاردەی پۆپۆلیزمە، لە ڕابردوو چەند هێزێکی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات بەکاریان هێنا، کاریگەری مەترسیەکانی هێشتا بەردەوامە لەسەر ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە لە بڵاوبونەوەی بێ هودەیی لە ئەنجامدانی تێکۆشانی جەماوەری بۆ گۆرانکاری. لەم ساتەوەختەدا جارێکی تر ئەم دیاردەیە لە رێگای سەرۆک و میدیای پۆپۆلیستەوە خەریکی تەلقیندانی خەڵکن بەوەی سەرۆکی پۆپۆلیستی ڕاستڕەوی ناو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەک فریادرەس و ڕزگارکەر نیشاندەدرێن کە خاڵی جەوهەری ئەوان تەنیا ڕازیکردنی خەڵکە بۆ گەیشتن یا مانەوە لە دەسەڵات وەک ئەوانی پێشوو بەبێ هیچ پرۆژەیەکی لە ناوەرۆکدا جیاواز بۆ گۆرانکاری لە سیستەمی سیاسی و ئابوری لە خزمەتی کرێکاران و خەڵکی کوردستان ئەنجامیدا و ئێستاش بونەتە بەشێک لە دەسەڵات.

تێبینی سێیەم: نارەزایەتی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی گۆڕانکاری بەڵام ئەوە بەبێ خۆڕێکخستنی ناڕازیبوان و یەکگرتوویی یا کاری بەیەکەوەیی لەناوچەپەکان و لەگەڵ جەماوەر و کرێکاران و فەرمانبەران لە چوارچێوەی خستنەڕووی بەرنامەی بەدیل بەدی نایەت، ئەزمونی وڵاتانی عەرەبی و ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووی عێراق دواین ئەزمونن شایانی وانەن بۆ ئێمە، واتە یەکگرتوویی خەڵکی زەحمەتکێش و لەگەڵ بەیەکەوە کارکردنی چەپەکان لە تێکۆشانی جەماوەری و بونی ڕوئایەکی ڕوون وەک بەدیل لەم دۆخە فاکتەری سەکی سەرخستنی نارەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەران و خەڵکی بەشمەینەتە، ئەمەش دەبێت وەک پرۆسەیەک بیبینین لە ئەنجامی کەڵەکە بوونی دەگات بە ئەنجام و گۆرانکاری ڕاستەقینە لە خزمەتی زۆرینەی کۆمەڵگا.

  • 1