ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەباشوری ئیسپانیا شارۆچکەیەکی بچوک ھەیە بەناوی " مارینالدا " ، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٨٠٠ کەسەو بە بەھەشتی کۆمۆنیستەکان ناسراوە، لەسەر بنەمایەکی ھاوبەشانە و شێوە کۆمۆنیستی دەبرێت بەڕێوە، مێژووی ئەم ھاوبەشایەتییە دەگەرێتەوە بۆ ٢٥ ساڵ لەمەوپێش، دیارە مێژووییەکی کۆنتریشی لە بەگژاچوونەوەی فاشیزم و دیکتاتۆری ھەیە. یەکێک لە سیماکانی ئەم شارە ئەوەیە کۆتاییان بە دڵەڕاوکێکانی ئابووری ھێناوەو ئاستی ژیان تێیدا بەرزە. مارینالدا لە ساڵی ١٩٩١ مافی ئۆتۆنۆمی بەدەستھێناوە لە رێگای ئەنجومەنێکی شارەوانی ١١ کەسییەوە دەبرێت بەرێوە. بەڵام ھیچ یەکێک لە ئەندامانی ئەو شورایە مەعاش و کرێیان نییە و بەڵکو ئەوانیش وەک کەسەکانی تر لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی شارەکە کار دەکەن، یان کاری ئەنجومەنەکەیان بەو کارە بۆ دادەنرێت. پێش ئەوەی مافی ئۆتۆنۆمی وەربگرن، زەوییەکان لەژێر دەستی کۆمەڵێک کەسی دیاریکراودا بوون، دوای خەباتێکی دوورودرێژو کۆبوونەوەی زۆربەی خەڵک و کرێکاران لە دەوری سەندیکای کرێکارانی زەوی، زەوییەکان کرانە موڵکی گشتی، کۆی ئەو زەویانە ١٢٠٠ ھیکتارە.

پرۆسەی دەستبەسەراگرتنی زەوییەکان زیاتر لە دەیەیەکی خایاندووە و دووبارەبوونەوەی دەستبەسەراگرتنەکان زیاتر لە ١٠٠ جار بووە، کە ھەموو جارێک لە رێگای ھێزی پۆلیسەوە لێیان دەسێنرایەوە، تا دواجار بووە ئەمری واقیع

سیستەمی کار و کرێ

لەکاتێکدا کە ئیسپانیا بەرەو رووی ھەژاری و بێکاری و ئەزمەی بەردەوامی ئابووری دەبێتەوە، مارینالدا ژیانێکی شیاوی ئینسانی دەگوزەرێنێت. کارکردن لەم شارەدا لەسەر بنەمای شەش سەعات و نیو کاری رۆژانە و کرێیەکی ٤٧ یۆرۆیی رێکخراوە، بۆ کارگە دەبێتە ھەشت سەعات، تەنانەت ئەو وەرزانەش کە کاری کشتوکاڵی ناکرێت کرێ بە بەردەوامی دەدرێت. بێکاری تێدان نییە یان زۆر کەمە. لەکاتێکدا، لە شوێنەکانی تری ئیسپانیا رێژەی بێکاری دەگاتە ٣٤% تا ٥٠% ، لەم شارۆچکەیە لە ٥% تێپەڕ نابێت. . خانووەکان بە کرێیەکی مانگانەی ١٥ یۆرۆیی (کە لەدەرەوەی ئەو شارۆچکەیە کرێی یەک مانگ نزیکەی ٣٠٠ یۆرۆیە) بۆ ماوەی ٧ ساڵ، کە دواتر خانووەکە دەبێتە موڵکی کەسەکە بێ ئەوەی مافی فرۆشتنی خانووەکەی ھەبێت بەڵام دەتوانێت دوای خۆی بیداتە منداڵەکانی، ھەر خانوویەک بینایەکی ١٠٠ مەتری و ١٠٠ مەتر حەوشە و سەوزایی پێکھاتووە. کرێی دایەنگەی منداڵ ١٥ یۆرۆیە بۆ مانگێک. لەم شارۆچکەیەدا رێگا بە بانکەکان نادرێت قەرز و سوی ئابوری بکەن.

دیموکراسی راستەوخۆ

بڕیارەکانی ئەو شارەوانییە، لە ھۆڵێکی گەورە کە لەسەری نوسراوە "دناییەکی تر مومکینە" لەسەر بنەمای دیموکراسی راستەوخۆ و بە دەنگدانی راستەوخۆی گشتی دەبێت، سەروەتی گشتی لە سندوقێک بەناوی "سندوقی ھاوکاری" کۆ دەکرێتەوە، کە لە کاروباری گشتی و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیدا بەکار دەھێنرێت. دیارە ھیچ خاوەندارێتییەکی تایبەت بوونی نییە و سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکان و شوێنە گشتییەکان و ماڵەکان موڵکی گشتیین. جیا لەو کرێیەی بەرامبەر بە کارکردن دەدرێتە ھەر کەسێک، ئەوا دەستکەوتەکانی تر، وەک دەستکەوتی گشتی دادەنرێت و بەگوێرەی بەرنامەیەک لەپێناوی چاکەی گشتی و خزمەتگوزارییە بێ بەرامبەر یان بەنرخی كەم بەکاردەھێنرێتەوە.

پۆلیس و قەشەیان نییە

لەو شارۆچکەیەدا ھیچ پۆلیسێک نابینرێت و پێویستی بەو سیستەمە نییە، ئەمە بوجەیەکی ٣٥٠ ھەزار دۆلاری ساڵانە دەگێڕێتەوە بۆ شارۆچکەکە، لەکاتی روودانی کێشەیەکدا ئەنجومەنی شارەوانییەکە سەردانی کەس و خێزانەکان دەکەن و بە گفتوگۆ و راگۆڕینەوە چارەسەری دەکەن. ئاشتی ھاوکاری و کاری خۆبەخشانە بە جۆرێکە "یەک شەممەی سور" بەرێدەخەن و زۆربەی خەڵک خۆبەخشانە لە چالاکییەکانی ئەو رۆژەدا بەشداری دەکەن بێ ئەوەی چاوەروانی ھیچ جۆرە پاداشتێکی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی بن. لەم رۆژانەدا کاری پاکردنەوەی شارۆچکەکە و ئامادەکردنی خواردنێکی گەورەی بەیانیان بۆ منداڵ دەکەن.

قەشەی نییە، بەڵام ئایین و چالاکییە ئایینەکان رێگاپێدراوە و ئاساییە. سیستەمی بەڕێوەبەری شارۆچکەکە دیموکراسی راستەوخۆیە و لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا بڕیار لەسەر بابەتەکانی تایبەت بە خۆیان دەدەن.

تەلەفزیۆن بکوژێنەوە و مێشکت دابگیرسێنە

لەو شارۆچکەیەدا شەبەکەیەکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ھەیە، کە بەشێک لە چالاکییەکانی دژی ئەو پروپاگەندەو درۆکانی دامەزراوە ئابوورییە گەورەکانە. شەممانە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە لە رێگای تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکەوە وەڵامی پرسیاری ھاوڵاتیان دەداتەوە. لەبەرامبەر دیواری بینای شەبەکەی تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکە ئەم شیعارەیان نوسیوە " تەلەفزیۆن بکوژێنەوە و مێشکت دابگیرسێنە".

سیستەمێکی ئابووری پارێزراو

کاتێک ئیسپانیا لە ساڵی ٢٠٠٨ دا کەوتە ناو ئەزمەی ئابووری سەرتاپاگیری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئەو شارە ھیچ کاریگەرییەکی ئەو ئەزمەیەی وەرنەگرت و ژیان بەھەمان شێوەی خۆی دەچو بەڕێوە و دوور بوو لە ئەزمەکە. سەرکەوتنی ئەم نمونەیە ھانی ھاوڵاتیانی شارۆچکەیەکی ولایەتی کوردویای دا بزووتنەوەیەکی ھاوشێوە بۆ بەدەستھێنانی مافی ئۆتۆنۆمی بەڕێبخەن و شارۆچکەکەیان لەسەر ئەو بەدیلە رێکبخەنەوە، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە ئەو بزووتنەوەیە رێگری لێکرا. بەشێوەیەکی گشتی سەرکەوتنی ئابووری و دووربوونی لە ئەزمە ئابوورییەکان وایکردووە، کە ئەو شارە ببێتە جێی سەرنج و گرنگی پێبدرێت.

بەڕێوەبەری کارگێڕی شورای ئەو شارە ناوی "سانچز گوردیلو"ە، کەسێکە خۆی وەک کۆمۆنیستێکی لیبرال دەناسێنێت، ئەو بە ئاشکرا رایدەگەیەنێت کە سەرچاوەی ئەزمەکانی ئابووری ئەوروپا سیستەمی سەرمایەدارییە. گوردیلو ئەندامی ئەنجومەنی ویلایەتی ئەندەلوسی ئیسپانیایە، تا ئێستا خاوەنی سەیارەی تایبەتی خۆی نییە و بە پاس ھاتوچۆ دەکات، خۆ ئەگەر کاتێک بیەوێت سەفەر بکات، لەسەر شەقامەکان کەمێک دەنگی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت کێ ئەتوانێت ھاوکاریم بکات و بگەیەنێتە وێستگەی شەمەندەر و بەم شێوەیە کێشەی ھاتوچۆی خۆی چارەسەر دەکات.

سەرۆکی شارەوانی " مانوئل سانچز گوردیو" پیاوێک لە سیمایەکی تێکەڵاوی مارکس و کاسترۆ، بە جامانەیەکی فەلەستینی لەمل و بە رۆحێکی گیڤارانە، دەردەکەوێت، بەڵام ئەمە تەنیا رووی دەرەوە و رواڵەتی ئەو نییە، ئەو بەراستی کەسێکە لە ناخیشەوە وایە. ھەندێک جاریش رۆژنامەکان بە رۆبین ھود ناوی دەبەن، چونکە چەندان جار پەلاماری سۆپەرمارکێت و مەخزنەکانی داوە و دابەشی کردووە بەسەر خەڵکی ھەژاردا.

لە راستیدا ئەم کارە ھەروا بە ئاسانی ناچێت بەڕێوە، ئەگەر یەکگرتوویی و ھاوپشتی ناوخۆیی نەبوایە نەیاندەتوانی بەرامبەر ئەو ھەموو ھێرشانەی کراوەتە سەریان خۆیان رابگرن، بەردەوامیش بەتۆمەتی "دەستبەسەراگرتنی موڵکی خەڵک" دادگا بانگیان دەکات و دەگیرێن، بەڵام گرتنی گوردیو ئاسان نییە چونکە نوێنەرایەتی پەرلەمانی ناوچەکە دەکات وەک ھەر ئەندام پەرلەمانێکی تر حەێانەی ھەیە و بەم ھۆیەوە وەڵامی بانگکردنەکانی دادگا ناداتەوە، دوو جاریش بەرەو رووی ھەوڵی تیرۆرکردن بوەتەوە.

 

  • 1