ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکە جۆراوجۆرەکان لەحکومەت وحزب وهەرێم وتاد....،لەسەر کورسییە زێڕینەکانیانەوە...لەکۆشکە ڕازاوەکانیانەوە....بەگیرفانە پڕەکانیانەوە....بە ڕیزە ئوتۆمبێلە دوامۆدێلەکانیانەوە...بە سفرە ڕازاوە پڕ لە خواردنە نایابەکانیانەوە....بە بەڵێنەهەمیشەییەکانیانەوە....بە و بە و بە و بە و بەو بە بە بەکانیانەوە.

بەبۆنەی جەژنەوە، پیرۆزباییان لە گەلەکەیان کردو سوپاسی خۆڕاگرییان کردن ،کە بەرگەی ئەو بارە ناهەموارە دەگرن ،وهەروەک جارانیش ،لە پەیامەکانیاندا هیوا بە خەڵک دەدەن کە ئەو نەبوونی ونەداری وبێ مووچەیی و هەژاری و نادادی وبێ یاسایی و بێ مافی وخراپی ڕەوشی تەندروستی....وسەدان ب ....ێ ....ی ترەوە، چاوەڕوان بن،ئەوان لە داهاتوودا هەر وەک جاران بەڵێنیان ئەدا هەموو ئەو کێشەو ئاریشانە چارەسەر دەکەن،وبارو گوزەرانی خەڵک باشتر دەکەن.

هەموو ئەو پیرۆزبایی و هیوا و بەڵێنانە، نە سکی برسییەک تێر دەکەن، نە سفرەی ماڵە هەژارێک پڕ دەکەن، نە جلێکی جوان لەبەر مناڵە بێباوکەکان دەکەن، نە باوکە شەهیدێکی بەرگری لە کورسی و عەرشی ئەوان دەگەڕێننەوە، نە لانەیەک بۆ بێ لانەیەک دروست دەکەن ،نە قەرزی خانەنشینێک دەبژێرنەوە،نە ڕەنج وخەباتی پێشمەرگەو تێکۆشەرێک قەرەبوو دەکەنەوە ونە هەناسەیەکی پڕ ئۆکسجین بۆ نەخۆشانی کۆرۆنای نەخۆشخانەکانی هەرێم، نە ونە نە ونە و دەیان نە ی تر بۆ کەس دروست ناکەن. ئێوە لەبری جەژنە پیرۆزە ،و خەڵک بەدیار هیواوە کوشتن، یان چاوگێڕانەوەیەکی خێرا بە خۆتان و سیستەم، وشێوازی کار وبیرکردنەوەتاندا بهێنن ،وئەم ووڵاتە بەرەو ئەو زۆنە ئارام و خۆشگوزەرانە ببەن، کە لاوانی ئەم ووڵاتە تەمەن و بەنرخترین سەرمایەیان کەژیانیان بوو پێیان بەخشی،و ئێوەی لە هەندەران وپایتەختەکانی جیهان و دراوسێکانەوە هێنایە سەر کورسی حوکمڕانی ، یان دەسەڵاتەکە بدەنەوە بەو کەسانەی کە دڵسۆزی گەلەکەیانن و خەڵک خۆی ڕایان دەسپێرێت،بۆ بەڕێوە بردنی ووڵات.لە هەڵبژاردنێکی ئازاد وپاک ودیموکراسیانەدا. وچیتر نە پیرۆزبایی ونە بەڵێن وهیوای بئ بنەما جێی باوەڕ نین.

  • 1