ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای ئه‌وه‌ی 2020/8/7 له‌ گوندی سرێشمه‌ی دۆڵی رۆستێ سه‌ردانی گۆڕی شه‌هید (ئاسۆ)م كرد و پۆستێكم له‌ فه‌یسبووكه‌كه‌م كرد، پێشمه‌رگه‌ی دێرین (فارس په‌ترۆس) ناسراو به‌ هاوڕی (گۆران) له‌ ئوسترالیا په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و داوای لێكردم گۆڕه‌كه‌ی شه‌هید (ئاسۆ) نۆژه‌ن بكه‌ینه‌وه‌و خۆشی تێچوی نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ له‌ ڕووی داراییه‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێ.

ئه‌وه‌بوو دوای پرسین له‌ گوژمه‌ی تێچوونی، هاوڕی (گۆران) پاره‌كه‌ی بۆ ناردین و منیش ده‌ستم به‌كاره‌كان كردو (كێل)م به‌كردن دا و دوای ئاماده‌بوونی گواستمانه‌وه‌ بۆ گۆڕستانی گونده‌كه‌. 

دوێنێ رۆژی هه‌ینیش رێكه‌وتی  2020/8/7 له‌گه‌ڵ گروپی شاخه‌وانی سه‌ردانی زنجیره‌ چیای حه‌سارۆستمان كرد و به‌ كوێستانی (سه‌ری به‌ردی) هه‌ڵگه‌ڕاین و تا گه‌یشتینه‌ كانیه‌ سازگاره‌كه‌ی (زه‌نگه‌كه‌). له‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ گوندی (سرێشمه‌) به‌هاوكاری گروپه‌كه‌ و به‌ ئاماده‌بون و هاوكاری هاوڕێ (ئه‌بوو زینه‌) له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی حیزبی شیوعی عێراقی، ده‌ستمانكرد به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چاكردنی ئارامگاكه‌ی شه‌هید (ئاسۆ)و له‌ كاتژمێرێكی كاری هه‌ره‌وه‌زی پڕ له‌ ماندووبونی ته‌واوی ئه‌ندامانی گروپ، كاره‌كه‌مان به‌ جوانی جێبه‌جێ كرد. 

لێره‌وه‌ به‌ناوی خۆم و بنه‌ماڵه‌ و خوشكی شه‌هید ئاسۆ، "نه‌رمین" سوپاسی بێ پایانمان بۆ هاوڕێ گۆران و ئه‌ندامانی گروپی شاخڕه‌وی دووپاد ده‌كه‌ینه‌وه‌و هیوادارم نمونه‌یان زۆر بێ و گیانی شه‌هید (ئاسۆ)ی جوانه‌مه‌رگیش شادو ئارام..

* گوندی سرێشمه‌: گوندێكی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تییه،‌ ده‌كه‌وێته‌ دۆڵی رۆست و له‌ دامێنی زنجیره‌ چیای حه‌سارۆست، له‌ كۆتایی حه‌فتاكان رژێم خه‌ڵكه‌كه‌ی راگواسته‌وه‌ بۆ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكان و له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان كه‌مكه‌مه‌ به‌ بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ و گونده‌كه‌یان ئاوه‌دان كرده‌وه و سریه‌یه‌كی هێزی حزبی شیوعی عیراقیش باره‌گایان له‌ گونده‌كه‌ دروست كرد، "كه‌ شه‌هید خدر كاكیل سه‌رپه‌رشتی ده‌كرد".

* شه‌هید ئاسۆ : پێشمه‌رگه‌ (قاره‌مان خدر نه‌جمه‌د‌دین) قوتابی قۆناغی چواره‌می زانكۆی سه‌لاحه‌ددین به‌شی ئه‌ندازه‌ی مه‌ده‌نی بوو، به‌هۆی چاڵاكی سیاسی دڕنده‌یی رژێمی به‌عسی فاشی، زانكۆ جێ دێڵێ و چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كاته‌ شان و له‌ نه‌به‌ردیه‌كه‌ی رەبیەی زڕوان ی سه‌ر رێگاى هاملتۆن لە ساڵی  ١٩٨٢  گیانی ده‌به‌خشێته‌ خاك و وڵات و ده‌چێته‌ كاروانی نه‌مران..

 

 

  • 1