ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

گەورەکان تۆڵە لە بچووکەکان دەکەنەوە!

لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی عێراق ڕۆژی 24ی دیسەمبەری 2019 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەرانی شیعە و بەشێک لە سوونەکان و بەزۆرینەی دەنگ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێی عێراقی پەسند کرد.

یاساکە هەرچەند تا ئێستا لە ڕۆژنامەی وەقائعی عێراقی بڵاونەبۆتەوە و هێشتا کاری تێداماوە لەسەر شێوەی دابەشکردنی بازنەکان و هێشتا مشتومڕی لەسەرە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دواجار وا پێدەچێت لەژێر فشاری هەموو لایەکدا بەتایبەتی کە ئێستا مەرجەعی باڵا شیعەکان عەلی سیستانی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکانیش هاتوونە سەر خەت پێدەچێت دواجار سازانی لەسەر بکرێت و لەو ماوەیەدا تێپەڕ ببێت.

بەتێپەڕاندنی یاساکە ئیدی لایەنە جیاجیاکانی پڕۆسەکە هەر لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لەولاشەوە هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکان دەکەونە سەر هێڵی ململانێ. لەم باسەماندا تیشک دەخەینە سەر چەند ڕوویەکی یاسایەکە و ململانێ چاوەڕوانکراوەکان. کە بەپێی بڕیارەکەی موستەفا کازمی بڕیار وایە 6ی حوزەیرانی 2021 هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.

یەکەم: یاسای نوێی هەڵبژاردن

لەوەتەی گفتوگۆکانی سەر ڕەشنووسی یاساکە و تاوەکو ئەمڕۆ ململانێی زۆر لەسەر خودی یاساکە هەیە، چونکە بۆ یەکەم جارە ئەم شێوە هەڵبژاردنە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت کە بریتییە لە فرە بازنەیی لەشێوەی هەڵبژاردن، لەکاتێکدا لەوەتەی ساڵی 2003ەوە شێوەی یەک بازنەیی لە عێراقدا پەیڕەو دەکرا.

گۆڕینی یەک بازنەیی بۆ فرە بازنەیی جێگەی مشتومڕە لەسەر ئاستی جیهانیش. بێگومان لایەنگرانی ئەو شێوەیەی هەڵبژاردن داکۆکی لێدەکەن بەهۆی چەندین هۆکارەوە کە ئەمانەی لای خوارەوە گرنگترینیانن:

1-فرە بازنەیی ڕێگەدەدات کە هاووڵاتییان ڕاستەوخۆ لەسەر ئاستی بازنەی بچووکی هەڵبژاردن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن. لەکاتێکدا لەیەک بازنەیی ئەو مافەیان ڕاستەوخۆ بەدەست نەدەهێنا.

2-نوێنەرانی بازنەکانی هەڵبژاردن نوێنەرایەتی باشتری بازنەکانیان دەکەن و نوێنەری هەموو بازنەکان و ناوچەکان بوونیان دەبێت بەوەش ئەنجوومەنی نوێنەران باشتر نوێنەرایەتی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات.

3-هەژموونی پارتە سیاسییەکان دەشکێنێت و بۆی هەیە دەرفەتی باشتر هەبێت بۆ هاووڵاتییانی بێلایەن و دەرفەتی باشتریان بۆ بڕەخسێنێت لە فرە بازنەیی. بەتایبەتی لەوەتەی 2003ەوە لە عێراقدا چەند هێزێکی سیاسی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و بەو یاسایە دەکرێت بشکێندرێت.

4- بە نەمانی یەک بازنەیی شێوەی دابەشکردنی دەنگەکان بە شێوەی "سانت لیگۆ" کۆتایی پێدێت کە هێزە گەورەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنا، بەڵام نەیارانی فرە بازنەیی و لایەنگرانی یەک بازنەیی بەپێچەوانەوە چەندین پاساوی گرنگیان هەیە کە پێیان وایە فرە بازنەیی بۆ وڵاتێکی وەکوو عێراق چەندین زیان و مەترسی هەبێت. پاساوەکانی نەیارانی یەک بازنەیی پێکدێت لە؛

1-فرە بازنەیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزە بچووکەکان بوونیان نەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەنگەکانیان بفەوتێت و ئەنجوومەنەکە بێبەش بێت لەو دەنگانە و بەو شێوەیەش ئەنجوومەن نوێنەرایەتی هەموو لایەک نەکات.

2-لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری قەزا و ناحییەکان لەلایەن چەند هێزێکەوە کۆنترۆڵکراون و ناوچەی نفوز لە عێراقدا دابەش بووە، ئەوە ئەو هێزانە ئەو بازنانە بۆ خۆیان دەبەنەوە و ململانێ و کێبڕکێی یەکسان نابیندرێت.

3-فرە بازنەیی بۆ وڵاتێکی عەشایەری و چەکداری وەکوو عێراق کە نەخوێندەواری و گەندەڵی باڵی بەسەردا کێشاوە دەبێتە هۆی کڕین و فرۆشتنی دەنگ و کورسی و پارەدار و دەسەڵاتدارەکان نوێنەرانی خۆیان لە ڕێگەیەوە دەنێرنە پەرلەمان.

4- فرە بازنەیی بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکانی مادەی 140 گرفتێکە کە مەترسی هەیە لە ڕێگەیەوە دەنگی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەم بکرێت و ببێتە هۆی سەپاندنی گۆڕینی دیمۆگرافی لە ڕێگەی سندووقی دەنگدانەوە. کە ئەمەیان مەترسییەکی کوردە لەناوچە جێ ناکۆکەکان.

5-ئەو قەزا و ناحیانەی کە دەنگدەرانی لە 100 هەزار کەمترە لەگەڵ ناوچەیەکی دیکە تێکەڵ دەکرێت بەوەش بەشێکی زۆری قەزا و ناحییەکان جارێکی دیکە بێ نوێنەر دەبن لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا.

فرە بازنەیی یەکێک بوو لە داخوازییەکانی بەشێک لە خۆپیشاندەرانی عێراق، کە بەشی زۆری ئەو خۆپیشاندەرانە عەرەبی شیعە بوون و ئێستا فەرز دەکرێت بەسەر هەموو عێراقییەکانی دیکە کە نە ئەو داوایەیان هەبوو نە بەشێک بوون لەخۆپیشاندەران. تەنانەت بەشێکی کارای خۆپیشاندەرانیش لەگەڵ فرە بازنەیی نەبوون و پێیان وایە ڕێگە بۆ هەژموونی شیعە و بگرە ئێرانیش زیاتر خۆش دەکات و دەیکاتە ململانێی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا.

بەڵام لەلایەکی دیکەوە هەندێک لەشارەزایانی بواری هەڵبژاردن لەعێراقدا پێیان وایە کە هەڵبژاردن لە عێراق بەهەر شێوەیەک بکرێت چ یەک بازنەیی یاخود فرە بازنەیی هەر ناتوانێت هەڵبژاردنێکی شەفاف و بێگەرد و دیموکراسی بێت بەتایبەتی کە هێشتا زەمینەی لەبار بوونی نییە بۆ هەڵبژاردنی بێگەرد و دیموکراسی لەبەر ئەوەی:

1-کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق کە ئێستا نوێیە و لە دادوەران پێکهاتووە نە ئەزموونی هەڵبژاردنی دیکەیان هەیە، نە ئەوەندە بەدەسەڵاتن تا بتوانن زەمینەی لەبار بڕەخسێنن.

2-سەرژمێری دروست بوونی نییە لە عێراقدا و لیستی دەنگدەرانی عێراق دەیان گرفتی هەیە و هەزاران ناوی مردوو، دووبارە و وەهمی بوونی هەیە تیایدا.

3-گرفتی دادگای ئیتیحادی و هەژموونی حزبەکان بەسەریەوە یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی کە چارەنەکراوە بەو پێیەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن پەسند دەکەن.

4-نەبوونی دەرفەتی یەکسان لە ڕیکلام و پارەدارکردنی قەوارە و پاڵێوراوان و بەکارهێنانی موڵکی گشتی بۆ هەندێک قەوارە و بێبەش کردنی ئەوانی دیکە.

5- هەبوونی چەک و هەڕەشە و کوشتن و سزادانی دەنگدەر و پێدانی ئیمتیازات و ...تد.

6- گرفتی ململانێ لەسەر کۆتای کەمینەکان و ڕێگەدان بە هاووڵاتییانی دیکە بۆ دەنگدان بە کەمینەکان و نەبوونی نوێنەرایەتی بۆ هەندێک کەمینەی دیکە.

بە نەبوونی ئەو زەمینەسازییە بۆ هەڵبژاردن لە عێراقدا ناکرێت باس لەهەڵبژاردن بکەین بۆ گۆڕانکاری و بوونیادنانی دیموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات. بەڵکو تەماشای هەڵبژاردن دەکرێت کە ڕێگەیەک بۆ سەپاندنی زیاتر و هەژموونی زۆرتری تایفەیەک بەسەر ئەوانی دیکە و ئامرازێکە بۆ ململانێی زیاتری ئەمریکا و ئێران لە عێراقدا.

  • 1