ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كە كازمی لە عێراق دەستی برد بۆ خاڵە سنوورییەكانی عێراق لەلایەن هێزە شیعییەكان و گروپە چەكدارەكان و بەشێك لەلایەنگرانی ئەو هێزانەوە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە و پێیان گوت ئەگەر دەوێریت بڕۆ دەست بۆ خاڵە سنوورییەكان ببە لە هەرێمی كوردستان!

كازمی هاتە كوردستان،لەوەتەی ساڵی 2003 وە یەكەم سەرۆك وەزیرانی عێراقە بێتە هەرێمی كوردستان تەراتێن بكات لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی و بچێتە خاڵە سنوورییەكان،بچێتە كەمپ و ئەو پارێزگا و ئەوی دی ،خەڵك ببینێت و حزب و بەرپرسی حكومی و حزبی ببینێت!بەوەش دای بەگوێی هێزە شیعەكان و هاوڵاتیانی عەرەبی عێراق كە من چۆنم بوێت وادەكەم! بەوەش عەرەبی شیعە و بەشێكی سوونەو هەموو ئەو كوردانەی كە لەدژی هێزی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لەهەرێم چارەسەر لە عێراق دەبینن خۆشحاڵ بوون!بەو سیاسەتەشیان بەرامبەر بە كازمی ،دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیان بچووكتر كردو،كازمیان قەبەكرد!

قەبەكردنی كازمی لە كوردستان سیاسەتێكە ماوەیەكی زۆرە چەندین هێزی هەرێم لە زۆنەجیاجیاكانی هەرێم كاری لەسەر دەكەن بە ئاشكرا و لەژێرپەردەشەوە!بەشێكیشە لەو سیاسەتە هەڵەیەی دەسەڵاتدارنی هەرێم لەدوای ریفراندۆمەوە پەیڕەوی دەكەن كە لە نێوان توركیا و بەغدادا سەریان لێشێواوە!دەگوترێت بەشێكیشە لە ملدانی دەسەڵأتدارانی هەرێم بۆ خواستەكانی ئەمریكا لە قەبەكردنی كازمی و بەدەسكەلاكردنی بۆ پەیڕەوكردنی سیاسەتەكانی ئەمریكا دژ بە ئێران،بەتایبەتی لەنیوەی دووهەمی ساڵی داهاتوو هەڵبژادنی پێشوەختەیە لە عێراق و دەگوترێت هەڵبژاردنێكی یەكلاكەرەوە دەبێت لەوەی دەسەڵاتی داهاتووی عێراق دووربخرێتەوە لەسیاسەتی ئێرانی!

گرفت لەوەدایە كورد لەوەتەی ساڵی 2003 وە هەمان سیاسەتی دووبارەدەكاتەوە و هەموو جارێكیش زیانی لێكردووە.هەر لە پشتگیری عەلاویەوە تا نووری مالكی و عەبادی لەسەرەتادا پشتگیری و دواتریش ململانێ.ئەو دەست لەسەرسنگیەی ئێستا بۆ كازمی دەكرێت لەئاستی فەرمی و نافەرمی ترسێكی گەورەی بەدواوەیە كە وامان لێبكات ئەوەندەشی كە لەبەردەستماندا ماوە تەسلیمی بكەین.هەر بۆیە گرنگە هێزو لایەن و كەسایەتییە نیشتمانی و جوڵانەوە مەدەنییەكان وریابن لەو سیاسەتە بێ پلان و بێ ئاكامە و نەخزێن بۆ سیاسەتی رۆژ و تەسلیمكردنی خەون و خەبات و تێكۆشانی سەدان ساڵە بە سەرۆك وەزیرانێك كە لە بێ پێگەیی خۆی لەعێراق دەیەوێت بە پەیژەی هەرێمدا بۆ بەرزترین لووتكەی دەسەڵات سەركەوێت و هەر سەركەوتنێكیشی لەسەر شانی كورد ،ئەزموونی تێكۆشانی گەلی كوردستان لەهەموو پارچەكانی سەلماندوویەتی ئەوەی بەسەر شانی كوردا سەركەوتووە یەكەم كاری شكاندنی شانی كورد بووە!

  • 1