ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە مخابن(چل)رۆژ بەر لە ئێستا مامم(ئەحمەد کەریم خان)یارمجەیی لە تەمەنی(۹۳)ساڵیدا بە پەتای کڕۆنا بە دڵێکی پڕ لە حەسرەت و کۆمەڵێک خەم و ناسۆرەوە،چاوەکانی لێکنا و ژیان ئاوایی لێکردین،داخەکەم ژیان ئەوەندە بێتام بووە،شتەکان بونەتە گەڵتەجاڕ و فشارەکان بەسەر شانی مرۆڤەوە ئەوەندە زۆربوونە،کە مرۆڤ بە ئاسانی لێی دەرباز نابێت،ئەنجام لە گۆڕستانێکی غەریب سەری نایەوە،کە هیوادارم خزم و ئازیزان لەم نەهامەتیە بەدور بن،بەهۆی ئەم پەتا نەفرەتیەوە،دۆست و ئازیزانمان ناتوانن لە مەڕاسیمی بەخاکسپاردن و پرسەکەیدا بەشداربن،لەم یادە خەمناکەدا دەمەوێت کەمێک لە خەرمانێ ئەم کۆستەدا هەڵڕێژم.
مامی ڕەوان شادم بە درێژایی تەمەنی شەرەفمەندانە و سەربڵندانە ژیاوە و هەمیشە نموونە و سمبولی خۆڕاگری و خاکی بووە و بۆ هیچ کەس و لە هیچ بۆنەیەکدا سەری دانەنواندووە،سەرباری ئەوەی کە ژیان لەم وڵاتە وێرانە و پڕ ململانێ و کێشمەکێش و هەوراز و نشێوەدا ژیاوە و گوزەرانی تیاکردوە.
بیری منداڵی تیژە،چاک لە یادمە لە ساڵی۱۹٦۳ دا،ئەو رۆژگارە رەش و شومەی شاڵاوی(حەرەس قەومی)بۆسەر ناوچە و گوندەکانی کوردستان،زۆربەی دانیشتوانی گوندەکەمان و تەنانەت خەڵکی ناوچەکەشمان،ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتیان بە تاڵان براو خانو و ماڵەکانیان سووتێندران،لەو رۆژگارەدا باوکم و سەدان هاووڵاتی کورد بەر شاڵاوی رەشبگیریی رژێم کەوتبون بە تۆمەتی کوردبون و راپێچی زیندانەکانی(کوت و نوگرە سەلمان)کرابون،رەوان شاد بە هاوکاری هەردو برا گەورەکەم یادیان بەخێر،زیرەکانە ئەتوانن تەواوی مەڕ و ماڵات و وڵاخەکانی دی لەگەڵ کەل و پەلی ناوماڵدا رزگار بکەن و رەوانەی ناوچە دور لەدەستەڵاتی رژێم و تاڵانچییەکانی بکەن،هەروا لەگەڵ خۆرئاوابوندا نزیکەی دو کاتژمێر ئەکەوتە رێ تا تاریک دادەهات خۆی ئەگەیانە شیناییەکەمان ئەوەندەی بۆی بکرایە ئاوی دەدان بە(ناعور)،ئەو کارەش کارێکی تاقەت پڕوکێن بوو، هەر بەو شەوە دو هێستری لە سەوزەو میوە بار ئەکردو لەگەڵ ئاسۆی بەیاندا ماندونەناسانە خۆی دەگەیاندەوە ئەشکەوت و کونە شاخەکانی شێخ بزێنی دەو زێی بچووك کە سەدان ماڵ و خێزان لەوێ گیرسابونەوە و لە دۆخێکی دژواری ئاوارەیی و ئابووریدا بون،مامم لەو رۆژگارە سەختەدا ئەو تەماتە و سەوزەیەی دەبەخشیە ئەو خەڵکە لێقەوماوە،کە ئەوکارەش چەندە کارێکی خێرخوازی مرۆڤدۆستی گەورە بوو،ناوبراو نمونەی ئەو مرۆڤانە بوو کە هەمیشە جوامێرن،خەسڵەت و سروشتی شێرئاسا بوو،بە ڕەنج و ماندوبون و هێز و بازوی خۆی،خۆی و دەوروبەرەکەشی ژیاندو تا دوا هەناسەی دەستی لە کەس پان نەکردەوە،بگرە ئەوە ئەو بوو هەموو لایەك چاویان لە دەست و بەخشینی ئەو بوو،ئەویش لەو بوارە درێخی نەدەکرد،باوەڕناکەم لە ژیانیدا کەسی گەڕاندبێتەوە و نائومێدی کردبێ،ماوەتەوە بڵێم،ئەوەی کە زۆر جێگەی نیگەرانی و هەڵوێستە،ئەوەیە پاش نزیکەی بە(۳۰)ساڵ حوکومڕانی خۆماڵی تا ئەم چرکە ساتەش نەتوانرا سستەمی تەندروستی بە شێوازێك پەرەی پێبدرێت کە هەر کاتێك هاوڵاتیەك نەخۆش دەکەوێت و بە مەبەستی چارەسەر روو لە نەخۆشخانە حکومیە گشتیەکان دەکات و بڕیار لە سەر مانەوەی دەدرێت،نەخۆش هەست بە دڵنیایی و ئارامی لە مانەوەی بکات بۆ چارەسەرکردنی،نامەوێ هیچ کەس و لایەنێك بە کەمتەرخەم ئەژمار بکەم،بە پێچەوانەوە زۆر منەتباری ئەو پزیشك و پەرستار و کارمەندە بەڕێزانەم کە شەو و رۆژ بوێرانە و بێوچان خزمەت دەکەن لە پێناو چارەسەرکردنی نەخۆشەکاندا،بەڵام بەڕاستی گلەیم لەسەر چۆنیەتی سستەمی تەندروستی عێراق بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی هەیە،چونکە زۆر بەزەقی هەست بەو فەرامۆشییەی حکومەت دەکرێت و زۆریش بێباکە لەو بوارەدا،ئاخ مامەگیان زامی کۆچی تۆ برینێکی بێ هەتوانە،ئەی ئەوە نازانی بەم کۆچەت ئێمە هەمومان هەتیوکەوتین،من بە کۆچی دایك و باوکم هەتیو نەکەوتم،چونکە تۆ لە ژیاندا بووی و پشت و پەنای هەمومان بووی،سۆز و سێبەری چەتری تۆ دڵنەواییەکی پێدەبەخشین،هەمیشە بۆ من تەنیا قەڵا و ئارامگەیەکی پتەو بووی،بۆ هەر ئەگەرێك تۆ پشت و پەنا و داڵدەمان بووی،ئامۆژگاری و وتە زێڕینەکانت هەردەم بۆ من فێرگایەکی بە بەها و بە نرخن،بەو کۆچەت نە کوڕە تاقانەکەت و نە دوو کچەکەت هەتیو کەوتن،بەڵکو منی کەساس کەساستر و بێ کەس تر بوو،وای داخەکەم مامە شیرینەکەم تۆ تاقە مام و تاقە خاڵی هەموان بووی لە ژیاندا مابویەوە،بەو کۆچەت تەواوی خزمان بێ مام و بێ خاڵ مانەوە،مامە هەمیشە دەم بە خەندە و شیرینەکەم هەردەم بە بزە شیرینەکانت ناسۆریەکانی ژیانت لێ دەڕەواندینەوە،ئیدی لەکوێ کەسێکی وا بێنم؟غەم و ناخۆشیەکانمان لەبیربباتەوە،مامەگیان هەمو عەسرانێك لەگەڵ دایکی ژوان لە کاتی چای خواردنەوەماندا تاوێك ئەسرینت بۆ دەڕێژین،ئەو بۆ تاقە خاڵە کۆچکردوەکەی و منیش بۆ تاقە مامەکەم،تا کڵپەی ئاگری کڵ و کفتی دڵمان سارددەبێتەوە و ئوقرە دەگرێ،یادت دەکەینەوە،یادت بەخێر مامەگیان هەمیشە لە یادەوەریماندا بە زندوویی دەمێنیتەوە،ئاخ دەزانم کە چەندە بە زەحمەت و ئازار و هەناسەسواریەوە ئەو شەو و رۆژەت لە نەخۆشخانە گوزەراند،داخەکەم ئەم پەتا نەفرەتیە نەبوایە،کەی تۆ هی مردن بووی؟چبکەم لە رۆژگار کە سۆز و ئینسانیەت کاڵ بونەتەوە و نەماون،چونکە تۆ زۆر لە ئێمە مانان لەشساغ تر و بەگۆڕتر بووی، تەنانەت نەخۆشیەکانی شەکەرە و فشاری خوێنیشت نەبوون،بەڵام چی لە قەدەر و وەیشوومەی رۆژگار دەکەی؟بە ئومێدم بەر سۆزی خوای گەورە و دلۆڤان بکەویت و بە گوڵ و گوڵزاری بەهەشت شادببیت،یادت بەخێر مامەگیان.
بەکر تەیفور
۲۱ی سپتمبەر ۲۰۲۰
  • 1