ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

ده‌یان هه‌زار ده‌رچووی زانكوو په‌یمانگاو ئاماده‌یی خاوه‌ن بروانامه‌ی دكتۆراو ماجیستێرو بكالۆریۆس وئاماده‌یی له‌ هه‌موو بواره‌كاندا حكومه‌ت ده‌رگای دامه‌زراندنی به‌ رویاندا داخستوه‌و  ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ده‌رگا واڵایه‌ له‌ دامه‌زراندنی راوێژكاری بێ بروانامه‌و بێ ئه‌زمون و نه‌خوێنده‌وار.

نه‌ ته‌نها سه‌رۆك هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت و په‌رله‌مان راوێژكار دائه‌مه‌زرێنن به‌ڵكو حزبه‌كانیش تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بوون و، له‌ناو خۆیاندا كێبركێ ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كامیان راوێژكاری زیاتر دائه‌مه‌زرێنێت به‌بێ گوێدان به‌ ته‌مه‌ن یان ئه‌زمونیان و،  هه‌موو ئه‌مانه‌ش مووچه‌ی قه‌به‌ له‌ سه‌ر پاره‌ی گشتی وه‌رئه‌گرن.

له‌ زوربه‌ی وڵاتانی جیهان ته‌مه‌نی خانه‌نشینی 65 ساڵه‌و له‌ پاش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ پێویسته‌ خانه‌نشینكراو پشوو بدات و دوور بكه‌وێته‌و له‌ ئیشكردن به‌ڵام له‌ هه‌مووی سه‌یرتر په‌رله‌مان كه‌ حێی یاسادانانه‌و له‌وێ خه‌ڵك  له‌ سه‌رووی 80 ساڵ بروانامه‌ی هه‌بێت یان نه‌بێت دائه‌مه‌زرێنێت و له‌ پاش چه‌ند مانگێك یان ساڵێك خانه‌نشین ئه‌كرێت.

له‌ كوردستان دامه‌زراندنی راوێژكار ئاسانه‌ بۆ نموونه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم یان سه‌رۆكی حكومه‌ت ئاره‌زوومه‌ندانه‌ راوێژكار دائه‌مه‌زرێنن چونكه‌ تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستوور بوونی نییه‌و، هه‌ر به‌و پێیه‌ش هه‌ر ئه‌ندامێك له‌ حزبێكی تر بازبدات و بچێته‌ده‌ره‌وه‌ ، واته‌ حزبه‌ كۆنه‌كه‌ی جێبهێلێت وبچێته‌ ناو حزبێكی تر له‌ حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌بێ یه‌ك و دوو ئه‌بێته‌ راوێژكارو خاوه‌ن موچه‌ی به‌رزو نووسینگه‌و ئۆتۆمبێل و خانوو كیڵگه‌ی په‌له‌وه‌ر كۆمپانیاو له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ پاره‌یه‌كی قه‌به‌ خانه‌نشن ئه‌كرێت.

هه‌موو حزبێك بۆی هه‌یه‌ ده‌یان و سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران راوێژكار ئه‌زمونیان هه‌بێت یان نه‌بێت وته‌مه‌نیان بچوك بێت یان گه‌وره‌و په‌ككه‌وته‌  دامه‌زرێنێت به مه‌رجێك موچه‌كه‌ی له‌ سه‌ر پاره‌و سامانی گشتی نه‌بێت و، پیویسته‌ حكومه‌ت سنوورێك بۆ ئه‌و حزب و جۆره‌ راوێژكارانه‌ دابنێت به‌تایبه‌تی به‌ نیازه‌‌ چاكسازی بكات.

هه‌زاران راوێژكار هه‌یه‌ به‌ڵام بێسوودن و خه‌رێكی خۆ رێكخستن و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنن و،  ناتوانن چاره‌سه‌رییه‌ك بۆ گیروگرفته‌كانی هه‌رێم له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بدۆزنه‌وه‌و، واز له‌ شاند ناردن بهێنن و، ئه‌ونده‌ شاندره‌وانه‌ی به‌غدا كرا تا وایلێهات حكومه‌تی ناوه‌ند زیاتر ده‌ستدابگرێت و داوای زیاتر بكات ، و، له‌ پێشدا ته‌نها نه‌وت بوو له‌ ئێستادا ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و فرۆكه‌خانه‌كانی هاته‌سه‌رو،  ئه‌گه‌ر كار به‌و شێوه‌یه‌ بروات ناوه‌ند هه‌موو شتێك له‌ هه‌رێم ئه‌كێشێته‌وه‌‌و قه‌واره‌كه‌ی لاواز ئه‌كات  و، ئه‌و كات ئه‌بێ به‌رپرسانی هه‌رێم ده‌ستی خۆیان بگه‌زن و، ئه‌وه‌ش خیانه‌تێكی ئابرومه‌ندانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك هه‌زاران شه‌هیدی له‌ پێناو ئازادی و پاراستنی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ داوه‌.

هه‌موو ئه‌زانین حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌ كابینه‌ی پێشوودا به‌ ته‌واوه‌تی شكستیخواردو هه‌رێمی كوردستانی دووچاری قه‌یرانێكی گه‌وره‌ كرد له‌ نه‌دانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رو مامۆستایان و برسیكردنی خه‌ڵكی هه‌ژاری بێ ده‌رامه‌ت و، له‌و كاته‌شه‌وه‌‌ مه‌سرور بارزانی له‌ حكومه‌تی نوێ  ده‌ست به‌كاربووه‌ قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌كراوه‌كان له‌ هه‌ڵكشانه‌و حكومه‌ته‌كه‌ی ئیفلیج بووه‌و پرۆژه‌كه‌ی به‌ناوی چاكسازی دادی نادات و ناتوانێت موچه‌ ته‌نانه‌ت به‌ داشكانی له‌ ــ 21% ــ  یش دابین بكات.

بۆ قوتاربوون له‌ قه‌یرانه‌كانی حكومه‌ت پێویسته‌ :

ــ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكه‌وتنامه‌ پر شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ی  به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێشكه‌شكردنی نه‌وتی گه‌لی كوردستان به‌ رژێمه‌ شۆڤه‌نیسته‌كه‌ی توركیاو ره‌حه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگانی تیرۆریست و، دادگایی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ ئه‌و رێكه‌وتنیان ئه‌نجامداوه‌و واژوویانكردووه‌.

ــ  نه‌هێشتن و بنبركردنی گه‌نده‌ڵی و، وازهێنان له‌ دزی و فزی وقاچاغچێتی و هاوردنی كاڵاو شتومه‌ك و پاشماوه‌ ئێكسپایه‌ره‌كانی بازاری وڵاتانی تر.

ــ  وازهێنان له‌ دزێنی نه‌وتی كوردستان ، ئه‌و نه‌وته‌ی كه‌ به‌ به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ فركان فركانی تانكه‌ره‌ بارهه‌ڵگه‌كان ئاودیوی به‌ندری ئێمام و شوێنه‌كانی تری ئێران ئه‌كرێت و، بۆئاگاداری ئه‌و تانكه‌رانه‌ له‌ كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆناو قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ له‌ نێوان شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان كه‌ به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ بوو هه‌ر له‌ كاردابوون و نه‌وتیان گواستووه‌ته‌وه‌.

ــ پیویسته‌ راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان داوا بكه‌ن په‌رله‌مان چاوێك به‌ چاكسازییه‌كه‌ی حكومه‌ت بخشنێت و جارێكی تر ‌ پرۆژه‌ی چاكسازییه‌كه‌ بخاته‌وه‌ به‌ر باس و گفتوگۆكردن و، په‌رله‌مانتاران وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵك ره‌فتار بكه‌ن نه‌وه‌ك گیرفان پركردن و بۆ چاكسازی له‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن و چیتر خۆڵ نه‌كه‌نه‌ چاوی خه‌ڵك.

سه‌ره‌رای دروستكردنی قه‌یران و نه‌دانی موچه‌و برسیكردنی خه‌ڵك ئه‌لێن حكومه‌ته‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی  ــ  27  ــ ملیار دۆلار قه‌رزاره‌ و، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌ دووجار له‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ند وه‌ریئگرێت زیاتره‌.‌.

23/9/2020

 

 

 

 

 

  • 1