ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەم کابینەی "نـۆ " یەی حکومەتی هەرێمی کوردستان خراپترین کابینەبووە لە مێژووی هەرێم و تەواوی جیهان ، تەواوی مێژووی حکومەتداری جیهان شەن و کەو بکەیت ، حکومەتێکی وەک ئەمەی لەمەی مەڕ کورد خرابتر نابینی ،پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: "ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بەپار " کوردی خێر لەخۆنەدیویش بەدەست ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و " زڕ "ەوە دەبێت بڵێت : " کابینە بە کابینە خۆزگە بە کابینەی پێشتر " چونکە بە درێژایی مێژووی حکومەتداری حکومەتێک نابیـنـتەوە لەماوەی ساڵێکی کابینەکەیدا پێنج مووچەی فەرمانبەرەکانی لە قۆریەکەی عەلادیندا پاشەکەوت بکات ،و سێ مووچەش بە لێبڕینەوە بدات ، کە درووستر وایە بگوترێت لێدزین نەک لێبڕین .

ڕاستی ئێستای هەرێمی کوردستانی باشوور ئەوەیە کە ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخ و گوزەرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی هاونیشتیمانی کورد لەم هەرێمەدا بەرەو خراپتر دەچێت لەکاتێکدا کە دەرئەنجامەکانی خراپبوونی باری ئابووری فشاری کارەساتباری خستۆتە سەر زۆربەی خەڵک و بەتایبەتیش کرێکاران و فەرمانبەران و چینی خوارەوە، بە پێی ئامارەکان لە ئێستادا ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن لە سایەی کابینەی" نۆ " هەژاری لە بەرزترین ئاستیدایە لە سایەی کابینەی نۆ !

بەڵام دەستەبژێری دەسەڵاتدار لە بنەماڵەکانی حیزبی دەسەڵاتدار وەزیر و گوزیریان ژیانێکی شاهانەیان هەیە ، و هەموو رۆژێ سامانەکەیان زیاتر دەبێت لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی بەگەڕیان خستووە لە گەندەڵی و دزی و قاچاخچێتی بە سیستەم کراوەکەیان،لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی کە بە نائەخلاقی پێگە سیاسیەکەیان بەکادێنن ، ئێستا کۆمەڵگەی کوردی لەم هەرێمەدا لە هەلومەرجێکی دژواردا دەژی کەلێنی چینایەتی و نادادی هەردێ و زیاد دەکات ، لەژێر سێبەری دەسەڵاتی" بەناو " شۆڕش گێڕەکانی ڕزگاری کوردستان و حکومەتداریەکەیان !

ئێستا ئەو هەلومەرجە سەختەی دەستەبژێری سیاسی کابینەی نۆی حکومەتی هەریم و بنەماڵەی دەسەڵاتدار سەپاندویانە ،لە نادادپەروەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەر هاوڵاتی ئەم هەرێمەدا ، بەڕادەیەکە قۆرغکاریەکەیان هاوڵاتی و فەرمانبەر لە خنکانی یەکجارەکی نزیک کردۆتەوە .

هاوکات ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن لەژێر سانسۆرێکی زۆری ئەم بەناو دەسەڵاتدان و هەناسەیان لێ بڕیووە مامۆستا و فەرمانبەری مووچە دزراو نوزەکەشی خنکێنراوە ، و ئێستا کرۆناشی هاتۆتە سەر و ڕۆژانە مەرگی دەیان ئازیزمان دەکێشێت ،دەسەڵات و سیستەمی تەندروستی لە خەوێکی قوڵی بێ باکیدان ، ئەوەی بەر چاو و گوێیە بەشێکی زۆری خەڵک لەم هەرێمە متمانەیان بەم کابینەی" نۆ "یە وحکومەت و پەڕلەمان و فراکسوێنە سیاسیە پێکهێنەرەکانی دەسەڵات لە دەستداوە و بێ هیوا بوون و پێیان وایە چاوەڕوانی دابینکردنی بژێوی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەم دەسەڵاتی بنەماڵە خۆسەپێنە خەونی زڕە !

ئەوەی درک کراوە لە ئێستادا ،ژمارەیەکی زۆر لە چین و توێژی کۆمەڵایەتی لەژێر فشاری ئابووری و باری گرانی ژیان تێکشکێنراون، تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە باش درکی بەوە کردووە ،ئەم نەهامەتی و هەژاری و چەشتنی تاڵی ژیانە بەهۆی ئەم دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە گەندەڵەوەیە.

بەدرێژایی مێژوو حکومەتێکی ئاوا هیچ لەبارا نەبوو نادۆزیتەوە ، لە کاتێکا خاوەنی زیاتر لە ملیارن بەرمیل نەوتی یەدەگ و سەدان ترلیۆن پێ سێجا غاز بێت و لە پاڵیا خاوەنی دەشتە بەپیتەکەی بیتوێن و خاکە بە بەرکەتەکەی شارەزوور و هەولێری بێت و توور و تەماتە و سڵق و بیبەر و ماست و دۆی لە تورکیا و ئێرانەوە بۆ بێت ، گەلەکەشی ڕسوا و بێکار و بێ ئیشبن و زایاتر لە چارەکە سەدەیک حکومەتداری بکات و ساڵ بە ساڵ خرابتر حکوم بکات.

نابێ بێڵین لەمە ڕسواترمان بکەن سەرانی دەسەڵات و کابینەی نۆ،نابێ لەمە زیاتر جێگای قبوڵ بێت ، دەبێ بەس بێت ، دۆخی بێدەنگی و برسیەتی گەل، ئەبێ هەموو گەل پـڕ بە گەروو هاوار بکات بڕۆن یەخەمان بەردەن جێی بهێڵن، بۆ کەسانی دڵسۆزترو پسپۆڕتر ئەوانەی یاسامان بۆ سەروەر دەکەن و خەمی خاک و خەڵک و کولتوری نەتەوەکەمانیان لاگرنگترە، لە پلە و پۆست و ململانێی تەسکی حیزبی خێڵ و بەرژەوەندی شەخسی و بنەماڵەیی،هەمووان دەبێ بزانن کە لەماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک دەسەڵاتداری بەناو خۆماڵی دا دەکرا دەیان دەستکەوتی مەزن و هەلی بەدەوڵەت بوون وشارستانیانە وپێشکەوتن وجێبەجێکردنی دەستور و خزمەتی چەند بەرامبەری هاوڵاتیان بکرایە بەڵام بەهۆی ململانێ و بەرژەوەندی ‌ سیاسی و حیزبیانەیان کە هۆکاری تەواوی ناهەمواری و ناعەدالەتی و نائومێدی بوون ، چاره‌نوسی ئه‌م میلله‌ته‌یان گەیاندووە بەم دۆخە خراپەی ئێستا ، ئەگەر هەروا لە دۆخی بێ دەنگی و متبوونا بین دەبێت چاوەڕوانی ڕسوایی زیاتر بین لەسایەی ئەم دەسەڵاتە هیچ لەبارا نەبووە. !

  • 1