ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەپێناو ڕاستیدا

(2)

لەکۆتایی ساڵی 1996 و سەرەتای 1997 شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی کە پێی دەگوترا شەڕی براکوژی و، کوردکوژی و، خۆکوژی لە لوتکەدا بوو، وتاری ڕق و قینە و توندوتیژی و چاندنی تۆی دوژمنکاری لەنێوان رۆڵەکانی گەلەکەمان بەردەوام لەهەڵکشاندا بوو، کۆمەڵگای کوردەواری بەتەواوی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دابەش کرابوو، هەر حزب و لایەنێک و کەسایەتییەک ئەگەر لەگەڵ ئەم لای شەڕ یان ئەولا نەبووایە بەچاوی ناحەز و دوژمن لە قەڵەم دەدرا، ئیتر پروشکی ئاگری شەڕی ناوخۆی کوردستان بەر هەموو لایەک دەکەوت، گرنگ ئەوە بوو، حزب یان لایەنێکی سیاسی کوردستانی خۆڕاگربێت و نەبێتە بەشێک لەشەڕی خۆکوژی، لەم بارودۆخە ئاڵۆز و تەژی گرژی و ناکۆکی و لێکترازان و گرتن و ڕاونانی لایەنگرانی هەردوو بەرەی بەشەڕهاتوو ڕۆژانە ئەنجام دەدرا و، ئەندام و لایەنگرانی حزب و لایەنەکانی تریش یان کەسانی بێلایەنیش تووشی گرتن و ڕاوەدوونان دەبوون.

لەئێوارەی ڕۆژی 9/2/1997 نامەیەکی بەپەلە لەهاوڕێ (بەکر جۆلا) ئەندامی ناوەندی سەرکردایەتی پارتی کاری سەربەخۆی کوردستان و بەرپرسی ناوەندی حزب لە ناوچەی کۆیە گەیشتە بیرۆی سیاسی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان و، تێدا هاتبوو (ئیمڕۆ لە شار و شارۆچکەی تەقتەق هەر یەک لە هاوڕێیان (ئیسماعیل تەقتەقی و) (یاسین)ی برای و (هێمن جۆلا)ی کوڕی هاوڕێ (بەکر جۆلا) گیراون، هۆی گیرانیان لەبەرئەوە بووە کە شەوی ڕابردوو نارنجۆکێک فڕێدراوەتە بەر دەرگای کۆمیتەی یەکێتی لە تەقتەق و تەقیوەتەوە و زیانی نەبووە، هاوڕێیەکانیان بردۆتە کۆیە و هەواڵیان نازانین، داواکارین هاوڕێیان بێنە کۆیە و کاک (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی) ببینن و هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێیان بدەن.

لە بیرۆی سیاسی پارتی کار بڕیاردرا کە بەیانی زوو من بەرەو کۆیە بچم و هەوڵی ئازادکردنی هاوڕێیەکان بدەم، ڕۆژی 10/2/1997 کاتژمێر 10ی بەیانی لەگەڵ هاوڕێ کامەرانی لێخوڕی ئۆتۆمبێلەکە گەیشتینە کۆیە و ڕاستەوخۆ چووینە بارەگای بەڕێز (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی) کە لە باڵەخانەی (ئیخساری توتن)ی کۆیە بوو، کاک (کۆسرەت) بەتەنیا لەژووری کارکردنیدا بوو، دوای ڕۆژباش کردن و هەواڵپرسینی تەندروستی کاک (کۆسرەت) و پشوودانێکی پێویست، ئەویش هەواڵی هاوڕێیانی پرسی و، ئینجا هاتمە سەر بابەتی گیرانی هاوڕێیەکان و باسی ئەوەم کرد کە ئەم هاوڕێیانە گەنجن و چەکدارنین و بەتەمەنیش گەورە نین، پاشان ئەم کارەی کراوە ئێمە دژینە و بەهیچ جۆرێک نەلێرە و نە لە شوێنانی تر ئەم کردەوانە ناکەین و دژی شەڕی براکوژیین، داواکارم لە بەڕێزتان فەرمانی ئازادکردنیان بدەن، کاک (کۆسرەت) بە ڕوویەکی خۆشەوە گوتی: لەشەڕدا هەموو شتێکی خراپ ڕوودەدات و چاوەڕوانی کرداری چاک و نەرمونیان مەکەن، ئازاد دەکرێن و خەمت نەبێت، سوپاسی بەڕێزیانم کرد و بابەتەکەم گۆڕی و گوتم: کاک (کۆسرەت) بارودۆخی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان زۆر خراپە و لەوپەڕی ناهەمواری و نالەباریدا ژیان بەسەر دەبەن، شەڕی براکوژی یان شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی کۆتایی دیار نییە و نە ئێوە وەکو یەکێتی دەتوانن پارتی لەناوبەرن، نە پارتیش دەتوانێ یەکێتی لەناوببات، ئەم شەڕە لەبنچینەدا درێژەی شەڕی نێوان (جەلالی و مەلایی) جارانە، باشە ئێوە نەوەی دووەمی ئەم شەڕەن، تاکەی لەشەڕکردن بەردەوام دەبن و کوڕی هەژارانی کوردستان دەکەنە قوربانی و سوتەمەنی شەڕی براکوژی، من بەباشی دەزانم ئێوە دەستپێشخەری بکەن و هەوڵی خاوکردنەوە و هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدەن و ئەگەر سەرەتا شتێکی کەمیش لەم ڕووەوە بکرێت کاریگەری چاکی لەسەر بارودۆخەکە دەبێت. بەڕێز کاک(کۆسرەت)یش هەندێ تێبینی و ڕوونکردنەوەی دا و بەکورتی گوتی: شەڕێکی خۆکوژییە و کەس سەرکەوتوو نابێت و دوژمنانی گەلەکەمان تەنیا سودمەند دەبن.

بارەگای کاک (کۆسرەت)م جێهێشت و بەرەو شارۆچکەی تەقتەق بەڕێکەوتین و چووینە ماڵی هاوڕێ (بەکر جۆڵا) و کوڕەکانیش ئازادکرابوون، هەموومان شاد و دڵخۆش بووین، بڕیارماندا بۆ هەولێر بگەڕێینەوە، لەم کاتەدا نێردراوێک لەلایەن کاک (کۆسرەت)ەوە هات و ئاگاداری کردم کە کاک کۆسرەت داوا دەکات بەر لە گەڕانەوەت سەردانی بکەیت. چوومە بارەگای بەڕێزیان و بەیەکەوە دانیشتین، کاک (کۆسرەت) هاتەگۆ و گوتی هاوڕێ (ڕەوەند) من نامەیەکی زارەکی بۆ کاک (مەسعوود بارزانی) لەڕێگای تۆوە دەنێرم، داواکارم لەڕێگای بەڕێز (فازڵ میرانی) بگاتە کاک (مەسعوود بارزانی)، نامەکە بەم شێوەیە بوو؛ (بەڕێز کاک مەسعوود بارزانی هیوادارم تەندروستیت باش بێ، بەڕێزتان چاک دەزانن کە ئەم شەڕە براکوژییە لەماڵوێرانی بەملاوە هیچی تری بەدواوە نییە، نە یەکێتی نە پارتی لەناو ناچن، من پێم باشە کار بکەین بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە، بۆ ئەم مەبەستە من ئامادەم لەگەڵ (نێچیروان بارزانی) کۆببمەوە لەهەر جێگایەک کە ئێوە دیاری بکەن، با ئێمە سەرەتا ئاڵوگۆڕی هەندێ بیروڕا بکەین، و پاشان ڕێگا خۆش دەکرێت بۆ کۆبوونەوە و دیدارێکی فراوانتر. من پێم وایە کات لە بەرژەوەندی تۆدایە، بۆیە داواکارم لەبەڕێزتان نەرمی بنوێنن و دەستپێشخەری بکەن بەمەبەستی دامرکاندنەوەی هەستی دوژمنکاری نێوان پارتی و یەکێتی، هەنگاونان بەرەو کۆتایی هێنان بەم شەڕە".

دوای گەڕانەوەم لەکۆیە ئاگاداری بەڕێز (فازڵ میرانی)م کرد کە بۆ کارێکی پێویست دەمەوێت کاتێکم بۆ دیاری بکەیت بۆ ئەوەی چاوم بە ئێوە بکەوێت، کاک (فازڵ میرانی) کاتژمێر 10ی بەیانی ڕۆژی هەینی لەماڵی خۆی لە هاوینەهەواری پیرمام کاتەکەی دیاریکرد، لەکاتی دیاریکراودا چوومە ماڵی کاک (فازڵ میرانی) و دوای هەندێ قسەوباسی ئاسایی هاتمە سەر بابەتەکە و بەوردی باسی بۆچوونەکانی کاک (کۆسرەت)م کرد و، پاشان نامە زارەکییەکەم خستە بەردەم کاک (فازڵ میرانی) و گوتم: کاک کۆسرەت خۆی داوای کردووە کە نامەکەی لە ڕێگای ئێوەوە بە کاک مەسعوود بارزانی بگات.

کاک فازڵ میرانی لەسەر ئەو بڕگەیەی نامەکەی کاک (کۆسرەت ڕەسول عەلی) کە دیاریم کردووە لێکدانەوە و بیڕورای خۆی خستە ڕوو.

لەکۆتاییدا گوتی: سوپاس بۆ ئێوە، نامەکە دەگات و ئاڵوگۆڕی نامەش کارێکی باشە.

  • 1