ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەمانگی حوزەیرانی ساڵی 1963دا دوای ئەوەی ئاگر بەستی نێوان سەرکردایەتی پارتی دیمکراتی کوردستان و حکومەتی کودەتای بەعسی عەرەبی کەلە رۆژی 8 ی شوباتی هەمان ساڵا دەسەڵاتی گرتە دەست هەتا روژی 27 ی مانگی حوزەیران لە گفتوگۆو دانوساندن وچوون وگەڕانەوەی نێوان بەغداو بارەگای بەرزانیدا بوون . بەمەرجێک دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا لەناو شارە کوردستانیەکاندا هیچ گۆڕانێکیان بەسەرا نەهاتبوو. لە بەرە بەیانی لەرۆژی 27 ی حوزەیرانا دەسەڵاتی سەربازی بریاری قەدەغەکردنی هاتووچۆی راگەیاند هەتا دواین ئاگادارکردنەوە. هەر لەگەڵ بانگەوازەکەدا لەناو شاری سلێمانی تەقە دەستی پێکردو هەروەها هێرش کرا بۆ چیای ئەزمەر . هێزی سەربازی حکومەتیبە ناو شارا بڵاوبونەوە ماڵ بەماڵ ئەگەران لەو گەڕانەدا ژمارەیەک هاوڵاتی لەناوە ماڵەکانی خۆیانا کوژران و ژمارەیەکی زۆر زۆر لەپیاوان لەهەموو تەمەن وپلەو پایەیەکی وەزیفیدا دەستگیرکران وخرانە تەویلەی ئێسترەکانی سەربازگەی سلێمانیەوە لەگەڕەکی کانی ئاسکان لەناو ئەو بەندکراوانەدا ژمارەیەکیان دەرهێنایە دەرەوەو بەدەسترێژی فیشەک کۆتاییان بەژیانیان هێنا و لاشەکانیان کردن بەژێر خاکەوە. کودەتا چیەکانی بەغدا لە سەرجەم ناوچەکانی عیراق بەشارە کوردستانیەکانێشەو لەگرتن وکوشتن و راوەدونانی شیوعیودیمکراتەکان دەستی نەئەپاراست. هەروەها زوربەی ئەندامانی پارتی دیمکراتی کوردستان وچەکدارەکانیان لەناوچەی سلێمانی بەسووک تەماشاکردن و راوەدونان وبەندکردنی شیوعیەکان ولایەنگرەکانیان هیچ کەمتەر خەمیان نەئەکرد . لە سییەم رۆژی قەدەغەکردنەکەدا . لەناو شارا بۆ چەند کاتژمێرێک دەرفەتدرا بەهاتو چۆ. لەو ماوە کورتەدا دایکم خۆی گەیاندەچەندماڵیکی سەر بەحزبی شیوعی بۆ هەواڵ زانین وپرسیاری چۆنێتی لەشار دەرچوون. دوای ماوەیەکی کورت دایکم گەرایەوەو کۆمەڵێک هەواڵی بێبوو وتی ئەتوانین بگەینە ماڵێ رەیس لەتیف مەجید ماڵەکەیان لە نێوان مزگەوتی دارۆغاو سەدەتازەکەدابو کەێستا بەشەقامی برایم پاشا ناوئەبری . کاک لەتیف کەلە دوای کۆدەتاکەوە خۆی شاردۆتەوە. ئەو لەگەڵ زۆرێک لەهاورێیانی تر لەناو شارانەماون .هاوری ئەحمەد حەلاق لەماڵی ئێمە بەهاوری کەمال ئەناسرا و خەڵکی شاری هەولێرەو بۆ کاری حزب هاتۆتە سلێمانی هاوری ئەحمەد بەدایکمی ئەوت باجێ وتی باجی تۆ ئەو جڵانە لەگەڵ خۆت هەڵگرەو من وعەلی لەدواتەوە ئەرۆین تائەگەینە شوێنی مەبەست کەماڵی کاک لەتیف بوو. هاوری ئەحمەد دوای ئەوەی لە هەولێرەوە گەرایەوە بۆ سلێمانی بۆ ماوەیەک لەگەڵ خێزانێک شیوعی خەڵکی هەوڵیر ئەژیا کەبە ئەرکی حزبی هاتبونە سلێمانی . دوای ئەوەی ئەو خێزانە بۆ شاری هەوڵێر گەڕانەوە ئەو لەگەڵ ئێمە ئەژیا. ناجیەخانی خیزانی کاک لەتیف ومناڵەکانی لەماڵەوەبوون ومیوانی تری لێبوو کە ئەوانیش هاورێی خۆمانبوون لەناو ئەو کەسانەدا کەلەیادم ماون کاک شێخ جەعفەری شێخ عەبدوڵکەریم بوو(محافز) کەلەترسی گرتن خۆی شاردبوەوە ئەو سەردەمە فەرمانبەری کارەبای دبس بو لەسلێمانی. بەو ئێستگەی کارەبایەی بەرامبەر نادی ئەندازیارانیان ئەوت کارەبای دبس چونکە هێلاکانەی لە ئێستگەی کەهرەئاویەکەی دبسەوە گەێنرابوە شاری سلێمانی، دایکم ئێمەی بەجێهشت وگەرایەوە بۆ ماڵەوە. ماڵەکەمان لای دەرگای مزگەوتی مەڵکەندیەوە بو لەتەنیشت ماڵی حاجی کەریم. لەگەل تاریک داهات ملی رێگامان بەرەو چیای گۆیژە گرتەبەر. ئەم قەدەغە کردنی هاتوچۆو گەمارۆ دان و پشکنین ڕەشەکژیە بە فەرماندەی ئەفسەرێک عەرەب بوو ناوی سدیق بوو .بەپلەی زەعیم بەرلەوەی ماڵەکان و رەبایەی سەربازەکان بەجێبهێڵین کەسانێک وەک رێ نێشاندەر چاوساغیان ئەکردین(ئەیان وت رەبایەکە کڕاوە) ترستان نەبێت، بۆوین بەکۆمەڵێکی زۆر وبەبێ ئەوەی گوێ بدەینە رێگای کاروانچیەکانوچایخانەکەی گۆیژە ولەنەشارەزایشەوە بەچیاکا سەرکەوتین . ئێمەو هەندێک لەو خەڵکانە خۆمان گەیاندبووە ناوەراستی چیاکە. لەدوامانەوە دەنگی تەقەی تۆپەکانی حکومەت ئەهات. گەیشتینە چایخانەکەی بناویلە خەڵکێکی زۆری لێبوو. هەروەها برادەرانی ئێمەشی زۆر لێبوو. من لەگەڵ هاوری ئەحمەد و ئێمە کۆمەڵێک هاورێی تر بەرەو چیای کەتو بەرێکەوتین بۆ دێی چنگیان ماوەیەک لەناو باخەکانا ماینەوە هاورێەک هات ئەو هاورێە کاک کەریم عەبدوڵا چنگیانی بوو .لەگەڵ هاورێ ئەحمەد قسەیان کرد، دوای ئەوە دەستمان کرد بەرۆشتن بەرەو دێی ئاڵەسیاو.یەکێکە لەدێکانی شیخ لەتیفی شیخ مەحمودی حەفید. کۆمەڵیکی زۆر لەهاورێان کەزوربەیان هاورێیانی گەرەکی مەلکەندی وسابونکەران و کانی ئاسکان بوون . بەرۆژ ئەچوینە دەرەوەی دێکەو بەشەو ئەگەڕاینەوە ناو دێکە هەموومان لەماڵێکابوین. ئەو هاورێیانەی لەناو شار نانەوە بوون نانیان ئەکرد . ژەمەکانی خواردنمان نان و دۆ یان نان وچابوو. ئەو هاوری نانەوایانەی لەیادم ناچنەوە هەردوو برا عەبدوڵا میرزا و ساڵحی برای کەلە ساڵی 1967 لەناوشار شەهید کران و هاوری وەستا محمەدی خاگوڵێ کەلە ساڵی 2019 لە وڵات سوید مرد. نابێ ئەوەش لەیاد بکەم هاورێیانی دیی قرگە دۆ و هەندی پێویستی تریان بۆ ئەهێناین لە ناویانا کاکە حەمەو کاک تاهیری برای . دوای سێ رۆژ هاورێیان بەرپرس نامەیەکیان دابەمن وهاوریەکی تر ناوی حەسەنە رەش بوو کەبچین بۆ گوندی سیرەمێرگ بۆڵای کاک عەلی عەسکەری هەتا نامەیەکمان بداتی لەرێگای چوونمانا بۆ هەلەبجە کەس بەرهەڵستیمان نەکات. من لەوهاوینەدا پۆلی سیی ئامادەی كشتوکالم تەواکردبوو هیچ زانیاریەکم لەبارەی ژیانی لادی وداب ونەریتیانەوە نەبوو. تەنیا لەلام راپەراندنی کارە حزبیەکەبوو وەمتمانە پێکردن و بوونی خزم وناسیاوی زۆر لەشاری هەڵەبجە. لەگەڵ کاک هاورێ حەسەن کەلەدوایا بوو بە هەڤاڵ حەسەن گەیشتینە دێی سیرەمێرگ هەواڵی بارەگای کاک عەلی عەسکەرێمان پرسی وتیان بچن بۆ ماڵی موختار کە بەرپرسی ئاوایە. کەگەیشتینە ماڵی موختار هاوری ئەحمەد لەوی دانیشتبو جامانەیەکی لەشێوەی ناوچەی هەولێر بەستبوو دەمانچەیەکی تۆپلی پچووکی بەکەمەرەوە بوو خۆی توندو تۆڵ لێ هەڵکێشابوو. دوای سڵاو ودانیشتین و پرسیاری کاک عەلی مان کرد. موختار وتی ئەبێ بچن بۆ ماوەت لەوێ ئەی بینن. قسەی زۆرمان کرد من لەکەم ئەزمونی خۆم روی دەمم ئەکردە هاوری ئەحمەد بۆچاوەرێ وەڵام ورێنمایمان بەڵام ئەو واخۆی دەرەخست وەک ئەوەی هەر نەشمان ناسێت. ئەو هەستاو ماڵاوای کرد.خاوەن ماڵەکە وتی ئەم پیاوە ئەفسەری سوپای عیراق بووە تازە رایکردوە بۆناو پێشمەرگە. من وبرادەرەکەم هەستاین وماڵەکامان بەجێ هێشت. کەدەرچوینەدەرەوە. کاک حەسەن وتی ئەوە ئەحمەدی حاجی مەحمودی حەلاقە. بەرپرسی جوتیارانە، من پێداگریم کرد لەسەر ئەوەی کە ئەوکەسە هاوری کەمالە و خەڵکی هەولێرە. وەک بەرلە ئێستا ئاماژەم بەوەدا لەماڵی ئێمە بە کاک کەمال ناسراوبو. وادیاربوو کاک حەسەن لە مێژەوە بو لەهەواڵی هاوری ئەحمەد بێ ئاگابو، بەرەو ماوەت ملی رێگامان گرت لەنەشارەزایمان هەر بەریگای ئوتومبیلا ئەرۆیشتینلەرێگامانا لەنزیک دێی مۆکەبە چەند چەکدارێکی پارتی دیمکراتی کوردستانمان بینی دانیشتبوون . سڵاومان لێ کردن وادیاربوو هەموویان خەڵکی شاری سلێمانی بوون کاک حەسەنیان ئەناسی لەناو ئەو چەندکەسەدا زیادی حاجی مەجید ی مسری بەکاک حەسەنی وت ئەگەر شیوعیەکان ببنە پێشمەرگەو لەسەنگەرا لەپێش منەوەبن من بەرلەوەی تەقە لەهیزی میری بکەم شویعیەکەی بەردەمم ئەکوژم. ئێوارەی ئەو رۆژە گەشتینە شارۆچکەی ماوەت،چوینەچایخانەیەک پرسیاری کاک عەلی مان کرد وتیان لە ئەشکەوتی گاجوتانە.ئێوە نەشارەزان و بەمشەوە رێگا هەڵەئەکەن، نان وچایەکمان خوارد و هەر لە جێگای خۆمان لێی نوستین. لەبەر بۆردومانی فرۆکە ئەبو بەیانی زوو ناو ماوت بەجی بهێلین وبەرەو ئەشکەوتی گاجوتان رۆشتین نامەکەمان بۆ کاک عەلی ناردە ژوورەوە .هەتا وەڵامەکەمان وەرگرت. خەڵکانێکی زۆرمان بینی و هەندێک بەندکراومان بینی کاریان پێ ئەکردن لەناویاندا کورێکی عەرەب پەرستیار بوو لەیەکی لەبنکە تەندروستیەکانی ناوچەی سلێمانی بەندیان کردبو تەنکە ئاویان پێ ئەهێنا بۆ ئەشکەوتەکە. وەڵامی نامەکەمان وەرگرت . لەوێوە بەرێکەوتین، بەڵام لەگەڕانەوەمانابەشارەزای تر بەرێ بڕو هەورازا، دەمەو ئێوارە گەیشتینەوە گوندی ئاڵەسیاو. کاک حەسەنوەڵامەکەی گەیاندە هاورێانی بەرپرس. رۆژی دوای لەگەڵ کاک حەسەن بەرێکەوتین بەرەوچیاکەی پشتی دێی قرگە ماڵە قرگەیەکان لەترسی خۆیان مەرو ماڵاتیان لەوچیایە هەواریان هەڵدابوو،چوینەماڵی کاکە حمە قرگەی نان و دۆیەکمان خوارد هەتا دوو ئێسترمان بۆ ئامادەکرا. کاکە حەمە باوکی شەهید زاهیر. کاکە حەمە لەبۆردمانی تراکتەرەکەی رێگای قرگە لە رێگای گەڕانەوەیانا لەگەڵ چەند کەسێکی تری دێکەیان لە شاری سلێمانیەوە فرۆکە بوردومانی کردن لەو روداوە دڵتەزێنەدا زوربەیان شەهیدبوو، بەسواری ئێستر بەرێکەوتین بەرەو رێگای هەڵەبجە. بێگومان ئێمە هەر رێگای ئوتومبیل مان ئەزان لەشەوا لە رێگاکە نزێک بوینەوە شەوەکەی تاریکە شەوبوو لەدورەوە رۆشنای چرایەک دیاربوو. کاک حەسەن وتی دەنگی زەنگی ملی ئێسترەکەت بێدەنگ بکە. رۆشنای چراکە نەما. بەمەزندەی خۆمان ئەوە دێی کانی پانکەیە. نەمان ئەزانی روناکیە کوژاوەکە ئەو ماڵی خەڵکی دێکەیە یان رەبایەی سەربازەکانی حکومەتە، ئەوەی راستیبێت ئێمە هیچمان نەئەبینی. بریارماندا چۆن هاتوین بەرێگای خۆمانابگەرێنەوەو ئێسترەکانمان گەیاندوە مالێ هاوری حەمە قرگەی. بەڵام پاڵوی یەکێ لەئێسرەکان ون بوبوو، لەبەرئەوەی نامەکە بەکاک حەسەن بوو هەر ئەویش چووە لای برادەران. هۆکاریگەرانەوەکەمانی خستە سەر من گوایە هاورێ عەلی ترساوە . لەو یەک دوو رۆژەدا بزوتنەوەکەی سەربازگەی رەشید رویدا بەسەر کردایەتی سەربازی پاڵەوان حەسەن سەریع. هەر لەو هەفتەیەدا 21 هاورێمان لە ناو شاری کەرکوک لەسێدارەدران، عەرەب و تورکە شۆڤێنیەکان بەدەوری لاشەکانیانا ئاهەنگیان ئەگێڕا، ئەو هاورێیانە شێخ مارف بەرزنجی و شێخ حوسەینی برای و نوری سەید وەلی و جەباری پیرۆزخان بون. دوای یەک دوو رۆژی تر لەگەڵ چەند برادەرێک گەراینەوە بۆناو سلێمانی یەکێک لەو هاورێیانە کاک لەتیف مەجید و وەستا جەزای سولتان بون. بەلای گردی مامە یارەدا خۆمان گەیاندە ماڵێک لەورۆژگارەدا تەنیا چەند ماڵێک لەوبەری سەدە کۆنەکەوە هەبوون کەئێستا بەشەقامی برایم پاشاوە ناونراوە. لەدەرگایەکمانداو داوامان لەخاوەن ماڵەکە کرد هەتا خۆر هەڵدێت لێرە ئەبین زۆر بەسوپاسەوە دەستی نارەزایەتی نەنا بەرومانەوە. دوای 15 رۆژ بەئەرکێکی تری حزبی لەگەڵ هاورێ وەستا جەزا سوڵتان لەسلێمانیەوە برەو مالومە بەرێکەوتین ئێوارەکەی چوینە ماڵی هاورێەک لەسەر شیوی جولەکان لەمالی عەبدوڵا حەیران . دایکی هاورێکەمان مردبو باوکێکی بەتەمەنیان هەبو هەر بۆڵە بۆڵیبوو، ماڵەکەیان خانویەکی پچوکبو هەرلەحەوشەکا خۆماندا بەزەویدا هەتا شەو درەنگ داهات ومانگ کەوتە ئەو دیو چیاوەو دنیا تەواو تاریکبوو، بەبێدەنگ بەناو ئاوەرۆکانی گەرەکی جولەکانا خۆمان گەیاندە دەرەوەی شار لەخوار قەسابخانەی شارەوە سەرەو ژوور لەرێگای سلێمانی هەڵەبجە پەرینەوە بەرەو دێی وێڵەدەر. لەسەر رێگاماندا لەناو کای خەرمانێک کوتراوا لێی نوستین. برادەرێکی خەڵکی گەرەکی مەڵکەندیمان بینی. بەچەند رۆژێک دوای کودەتاکەی 8 ی شوبات بەرلەوەی ئەوماڵەی تێیدابوین چۆڵیبکەین دوکانەکەی نزیکی ماڵەکەمانبو. بێگومان خۆی و ئەوانەی لەلای کۆئەبونەوە چاودێریان ئەکردین ئەو برادەرە دوکاندارە ناوی غەفوری حاجی عەوڵکەریمی وێلەدەریبوو سەر بەبرادەرانی پارتی دیمکرات بو ئەو رۆژانەی چەکدارەکانی پارتی لەشارەزور هێرشیان کردە سەر هاورێکانمان لە دێی ۆڵەسمت لەنزیک سەیدسادق کەلەو پەڵامارەدا هارێیەکمان شەهیدبوو کەلەناو شارۆچکەی سەید سادقا کاری دانسازی ئەکرد، هاوری مەلا رەوف هاتەماڵمان زەمیلەیەک دەرمان وپێوستیتی تر بەرێد بۆ برادەران لەشارەزور، من زەمیلەکەم بۆهەڵگرت و بەیەکەوە لەماڵ چوینە درەوە، هەر لەهەمان رۆژا باوکی دایکم لە هەڵەبجەوە هاتبوو . من و هاوری مەلا رەوف بەرودوا ئەرۆشتین . کابرایەکی شۆفێری پۆلیس ناوی سابیری عەزیز گۆمڵەی بوو دوامان کەوت هێندە لەماڵەکەمان دوور نەکەوتبوینەوە کچێکی درواسێ ودۆستی نزیکی خێزانەکەمان وهەواداری شیوعیەکان لەدوامانەوە هاواری لێ کردم کەئاورم دایەوە خۆشکە عەتیە بوو ( هونەرمەندی شانۆکار) دایکی ئارا وتی زمیلەکەم بدرێ و ئێوە برۆن. لەهەمان کاتا ئوتومبیلی هەڵەبجە هاتبوە بەرماڵەوە هەتا باوکی دایکم مەلا فەرەج لەگەڵ ئەو شتانەی پێیەتی کەهەندێک شەتڵی نەمام بو بەرەو هەڵەبجە بەرێتەوە. ساڵاری حەمەی ئەورەحما ن ئاغایان بانگ کردبو بۆ پشکنینی ئوتومبیلەکە. لەمزگەوتی دێی وێڵەدەرەوە سەرکەوتین. لەرێگەی سەرکەوتنەکەمانا چەکدارێک لەدوامانەوە هاواری کرد. وەرن مەرۆن . بەڵگەی ڕێگەپێدراوتان پێە. نەخێر. یان بەڵگە یان کەفیل. بێچگە لەپێشمەرگەی پارتی دیمکراتی کوردستان وبرادەرانی پارتی کەسێکی تر بۆینیە بەبێ بەڵگە نامەی رێگەپێدراو بەکوردستانا بگەرێت، من وتم ئەوە کاک غەفور ئەمان ناسێت. وتیان ئەو خۆی کەفیلی هەیە کەلەم ئاوایە ئەژی.ئێمە دڵنیابوین کە کاک غەفور زمان بەدی کردوە . وتمان ئێمە شیوعین ئەرۆێن بۆڵای هاورێکانمان( لەو رۆژانەدا رێنمای لەحزبەوە دەرچوبوو لەبەردەم نەیارەکانا شیوعیەت بونی خۆتانیان بسەڵمێنن بۆئەوەی بزانن کە شیوعیەکان وحزبەکەیان هەرماوە. لێپرسراوی پێشمەرگەکان ناوی عەباس بوو خەڵکی ناوچەی هەوڵێر بوو لەشەری باڵی مەکتەبی سیاسی و باڵی بەرزاندا کوژرا. کاکی بەرپرس بە هاورێ وەستا جەزای سوڵتانی وت تۆ بەسمێڵتا دیارە شیوعێت بەڵام ئەم برادەرە چاوی رەشە شیوعی نیە. بۆ وەڵامدانەوەی کاکی لێپرسراو حەزم ئەکرد سمێڵێک وەک برا کاکەیەکان یان برا ئیزیدیەکانم هەبوایە ئەوەی لەویا سەرنجی راکێشام گوێنیەکیان دانابو زوو زوو ئەیانوت هاوەنەکە بەڵام لەراستیا لولەی زۆپابوو بۆ پروپاگەندە ئەو قسەیەیان چەند بارە ئەکردەوە، چونکە کاروانی ئوتومبیلە کانی سوپای عیراق لەسەر ڕێگا هەڵەبجەوە دیاربوو کە بەرەو هەڵەبجەو شارەزور ئەرۆشتن بەر لە نانی نیوەرۆ لەکێوەکەوە بەرەو رێگای دوو کانیان شۆڕ بوینەوە وەک دەستبەسەر پێشمەرگەیەکیان لەگەڵ ناردین. زوو زوو هەڵوێستەیەکی بۆئەکرد ئاماژەبو کەئەملاو ئەولانەکەین تاگەیشتینە چایخانەکەی بناویلە. لەوێ رادەستی بنکەی پێشمەرگەکراین. لێپرسراو حاجی باقی بەنگینەبو شاعیر وناسراوی ناو سلیمانی وخاوەنی چایخانەکەی ناو گەراجی ئەسحابەسپی.بەرێزەوە پرسیاری لێ کردین ئێوە چین وبۆکوێ ئەچن. بەهەمان شێوەی رێنمایەکەی حزب وەڵاماندایەوە. شیوعین وئەرۆین بۆ مالومە بۆ لای هاورێکانمان. هەرلەو بنکەیە دوو برادەری گەڕەکەکەی خۆمان لەوێ بون برایمی مام رەسوڵ ئەوی تریان وەستا محەمەدی حەسەنی نەوت فرۆش کە زۆر لەنزیکەوە یەکتریمان ئەناسی. کاک برایم وتی عەلی بەم وڵامەی ئێوە خەڵکانێکی بیر تەسک ئازارتان ئەدەن ئەبی ئاگاداری ئەوەبن، ئێمەلە وەستا محەمەدمان پرسی تۆ یەکی شییوعی چێ ئەکەیت لێرە. وتی حزب لێرە دایناوم. لەراستیا وانەبو گێڕی گۆڕیبوو. حاجی باقی وتی ئێوە بۆکوێ ئەرۆن سەربەستن. لەبناویلەوە بەشانی دێی سیتەکا ملی ڕێگامان گرتەبەر بەرەو رێگای ماوەت بەرەو مۆکەبە ولەوێوە بۆ ماڵومە.لەچەمەکەدا پێشمەرگەیەک رێی لێ گرتین داوای بەڵگەی تێپەرینی کرد. نیمانەو ئەرۆین بۆ مالومە. ئەی چی ئەکەن لێرەدا. ئێوە ئەتانەوێت برۆن بۆ رەبایەی سەربازەکانی میری . پێشمکەون بۆ مەخفەرەکەی ئەزمەر. مەخفەرەکە بەدەست پێشمەرگەوەبو. بەرپرەسەکەیان عەبدولوەهاب ئەتروشی بوو. گەیشتینە ناو مەخفەرەکە بەوەی باشبو عەبدولوەهاب لەوێ نەبو ئەگینا هەویرەکە ئاوی زۆری ئەکێشا. سڵاومان کردو دانیشتین چوار پێشمەرگەی لێبوو. دووانیان لەپۆلیسە راکردوەکانبو. یەکێکیان وەستا جەزای ئەناسی کەخانوی بۆ دروستکردوە بەڵام ناوەکەی لەبیر کردبوو، بەوەستا رەفیق ناوی ئەبرد. لە راستیا وەستا رەفیق باش وەستای کاک جەزابوبوو. چۆنی وباشیان کردو وتی من باش تۆ ئەناسم. برادەرێکی تری لێبو ناوی عومەری حەمە کەچەڵی پینەچی بوو لەشەقامی سابونکەران. منیش کاک عومەرم ناسیەوە، کەلە رۆژانی تاقی کردنەوەی قوتابخانەدا لەگەڵ سێ هاوەلی گەرەک و قوتابخانە لەپشت یاریگاکەی دار تەلەبەی سەر شەقامی برایم پاشا هاوەڵەکانم هەرسێکیان یەکی دوو پۆل لەپێش منەوەبون کاک برایمی رەحیم شەربەتچی وکاک بەهادین نوری غەفور و کاک ئەنوەری مام سادق. بەهۆی ئەوەوە مالی کاک ئەنوەر ودوکانی باوکی لەسابونکەرانبوو. لەگەڵ کاک عومەرا ناسیاریەکەیان زیاتربوو. لەوپێو دانگەدا منێش ئەو سەرەداوی ناسینەوەیەم خستەوە یادی کاک عومەر، ئەوێش پشتگیری کردین وتی ئەم دوانە پیاو خراپ نین. واتە سەربەحکومەتنین. کاریان راستبێت لەوێش رزگارمانبوو.لەوێوە بەرێکەوتین بەرەو کارێزەو کونەماسی بۆ شەوێ گەیشتینە چاێخانەکەی مۆکەبە. نان وچایەکمان خوارد بەونیازەی رۆژبێتەوەو بۆ مالومە بەرێکەوین. من وهاورێکەم هەردوکمان شارەزای رێگاکەنەبوین لەوەش زۆر دڵنیا نەبوین هاورێکانمان لەمالومە ماون یان بەرەو شوێنێکی تر براون. لەناو جایخانەکا دەنگەدەنگ پەیابو. کاک حوسەین بەخێربێن . حوسەینی فارس وعوسمانی ئامەبون. ئەمانەم هەربەناو بیستبو بەڵام ئەمزانی لەگەڵ کاک حوسەینی فارس سەرە داوێکی خزمایەتیمان هەیە لەرێگای کاسوکاری باوەژنی دایکمەوە لەخزمانی شارەزورە. چوومەڵایەوەو خۆم پێناساند. زۆر بەگەرمەوە کەوتە هەواڵ پرسینی دایکم وبراکانی دایکم لە باوەژنە شارەزوریەکەی، لەنێوان قسەکانیا وتی برادەرەکانتان لەدێی ماڵومەن و بەچایچیەکەی وت حسابی ئەم دوو کەسە لەسەر منە. ئەم یەکتر ناسینەوەیە ئەوەی بۆ رونکردینەوە کەبرادەرەکانمان دەستبەسەرن لەمالومە. هەر لەچایخانەکەدا نوستین. مشک بەناو گیرفانەکانمانا بۆ خواردن ئەگەڕان. بەیانی بەرەو مالومە بەرێکەوتین بۆ نیوەرۆ گەیشتینە ناو دێکە. لەناو مزگەوتی دێکەدا فەتاحا غای حمەئەمین ئاغای نۆرک پۆلێک پێشمەرەگەی لەدەوربوو . بەوەی کاک فەتاح خزمی باوکمە چومەلایەو قسەیەکم بۆکرد. هەرگرنگی نەدا بەخۆم وبەقسەکەشم. بەرەو لای بنکەی پێشمەرگەکان وهاورێکانمان رۆشتین هاورێکانمان هەمووی لەوێبوون بەرۆژ بێگارییان پێ ئەکردن. بارەگای مەکتەبی سیاسی لەوی نیشتەجێ بوون لەو بەرێزانەی لەوی ناسراوبون کاک رەسول سێوکانی بەرپرسی بەرێوە بردنی ئیشوکاری ناو بنکەکەبوو هەروەها ئەفسەر لەسوپای عیراق کاک نوری مەلامارف ودڵشادی کوری هەروەها کاسایەتیەکی بەناوبانگی هەولێری بەرێز عەونی یوسف لەماوەی دانوساندا ماوەیەک وەزیری حکومەتی عیراق بوو لەسەر لستی پارتی. لەمەکتەبی سیاسی پارتی بۆسوکایەتی پێکردن داوای هاورێ ئەحمەد مارف ی نانەوایان کرد. کەچوو بۆلایان پیان وتبوو ئەبێ بێت ڵێرە چێشت لێنەریمان بۆبکەیت. کاک ئەحمەد داواکەیانی رەتکردبوەوەو بە تورویەوە گەرایەوە. ئەو رۆژەی لەوێ بوین لەگەڵ هاورێکانمان براین بۆ بێگاری بودروست کردنی گۆماوێک . لەوکاتەدا کاک عەونی یوسف بەلامانا رۆشت وبەمنی وت ئیشکردن خۆشە منێش وتم بەبێگاری نەبێت . هاورێیان وەڵامی نامەکانیان دایەوەو لەگەڵ گەردو گوڵی بەیانیا بەدزیەوە دێی مالومەمان بەجێ هێشت بەرەو دێی ئاڵەسیا و نیوەرۆ گەیشتینە ناو دێ وچوینە لای شێخ جەعفەری شێخ عەبدولکەریمی قادرکەرەمی-- بەرزنجی کاک جەعفەر میوانی کاک شێخ لەتیف بوو . شێخ جەعفەر وتی بێگومان برسیتانە . بەجوتە وتمان زۆر زۆر کاک جەعفەر ساوەرێکی بەرۆنەکەرە لێناو چەپکێ تەرە پیازی لەماڵە جوتیارێک وەرگرت . ئەو خواردنەم هەرگیز لەیاد ناچێتەوە . کاک جەعفەر وتی ئەڵێن دوو لەهاورێکانمان ویستویانە لەسلێمانیەوە دەربچن لەو کاتەدا گیراون ( هاورێ زەکێ بابان و کاک ئەنوەری عوسمان ) هەر بۆئەو رۆژە دەمەو عەسر من و هاوری جەزاو پیاوێکی خزمی شێخ لەتیف (ژن برای) لەئاڵەسیاو دەرچوین و لەهیچ دێیەک نزیک نەبوینەوە. لەرێگای سوورەوە بەپشتی چیای گۆیژەدا سەکەوتین و شۆربوینەوە بەرەو رێگای هەڵەبجەو لەوێشەوە بەرەو چایخانەکەی کانی ماسی لەسەر رێگای قەرەداخ. لەچایخانەکە خەڵکی ترو کاروانچی لێبو لەمقۆ مقۆی ئەودابون چۆن خۆیان بکەن بەناوشارا. کاروانچیەکان بارە تەماتەیان بۆ ناو شار ئەبرد بەنیوە نهێنی ونیوەئاشکرا بەرتیلیان ئەدا بەسەربازەکانی رەبیەکان. ئێمە بەناو ئاوەرۆی سلێمانیدا چەند جارێک نزیک قەسابخانەکە ئەبوینەوەو ئەگەراینەوە دواە. هەتا لەدوا هەمینجارا خۆما گەیاندە ناو ماڵەکانی یەکەم گەرەکی سلێمانی کەجولەکانبوو. دنیا زیاتر رۆشنبوبوەوە. خۆمان گەیاندە ماڵە شیوعیەک. بەڵام وتیان ناتوانین جێگاتان بکەینەوە چونکە دوو شەو لەمەوبەر دووهاورێ گیراون. کەئەو ماڵەمان بەجێ هێشت دنیا بەتەواوی روناک بوەوە. کۆڵانەو کۆڵان بەرەو باخی شێخ لەتیفی دانساز رۆشتین. چوینە ماڵی یەکێ لەخزمە نزیکەکانی باوەژنی دایکم ئێمە بەناوی خاڵۆکانمەوە پێمان ئەوت خاڵۆژن( بەئامە دەمخوار ناسرابوو) ئەو رۆژگارەی ماڵیان لەدێی کەماڵانی بناری شارەزوربوە دزی راوناوەو دزەکان تەقەیان ڵێکردوە فیشەکەکە بەر چەناگەی کەوتووە. هەردوو کورەکەی(کاک عەلی شەریف ومحەمەدشەریف وسێ کچەکەی فاتمەو رەحمەو عایشە ومناڵەکانیان تێکۆشەری ناسراوی شارەکەبون هەموویان لە رێکخراوەکانی حزبی شیوعیدابون. شتەقەدەغەکانمان لەوێ داناو رامانسپارد ئەو شتانەمان بە پورەفاتمەدا بۆ بگەێنێتە ماڵەوەمان یەکێک بولە کچەکانی خۆی وژنێکی چاڵاکی رێزەکانی حزبی شیوعی بوو. خۆمان گەیاندوە گەرەکی مەڵکەندی. لەو هات و چونەمانا لەنا شارەوە بۆ ئاڵەسیاو هەر جارەو ئەچووینە ماڵی برادەرێک ولە گەرەکێکی سلێمانیەوە لەوانەی لەیادما ماون (کاک مەحمودی پاقلەو هاوری جەلالی ربیعەو وەستا رەزا نوری.وهەندێ لەو هاورێیانەی لەسلێمانیەوە گەیانماندنە دێی ئاڵەسیاو هاوری شەهید رەوفی حاجی قادر بووکە لەناو شاری سلێمانیا بەدەسیسە تیرۆر کرا. ئەفەسەری سوپا کاک محەمەد شەهێن عەونی و شەهید کاک فارس رەحیم(دکتور فارس)و کاک نەورۆزی سدیق شاوەیس و شخ عەلی هاوژینه‌كه‌ی هاورێ جەیران و کاک غەفور(عەریف لەسوپای عیراق وەستا نوری و نوری کاکەخان بوون، دوو کەسەکەی دواهەمین هەر زوو گەرانەوە بۆ ناو شار. بەهەردوو هاورێ ئەحمەد و هاورێ رەوفی حاجی قادر کەلە رۆژانی کودەتاکەی 8ی شوباتا لە کۆماری بولگاریاوە گەرابوەوە کەچوو بۆ پەیمانگەی کادیران، بەهەردووکیان لەناو دەوەنە بەروەکانا چاڵێکی 2 X2م هەڵکەند بۆ نووستن وخۆشاردنەوە.،من بەشەو بۆ نووستن ئەگەرامەوە ناو دێکە. بەشەو لەسەرما خۆم ئەکرد بەژێر ئەو راخەرەی کە کاک شیخ جەعفەر پخەفەکەی لەسەر رائەخست. لەبەر ئەوەی بەیانیان لەو ماڵەوە کەلەلایەن شیخ لەتیفەوە راسپیرابون نان و دۆ و شەکرو چاو ئاوم ئەبرد بۆ هاورێیانی ناوچاڵەکە . رۆژێک هاورێ شیخ سەعیدی شیخ حوسەین بەرزنجی لەگەل هاوری حوسەین مەرجانی کەبۆ چاوساغی و رێنمای لەهەڵەبجەوە لەگەڵ شیخ سەعید هاتبوو . شیخ سەعید وتی هاورێ چاو ساغەکەم شەو کوێرە هەروەها وتیان ئەگەر ئەو دوو هاورێیەی بەنیازبون بگەنە هەڵەبجە.واتە من و کاک حەسەنە رەش ئەگەر بگەیشتنایەتە ئەوێش هیچیان دەست نەئەکەوت لەبەر ئەوەی هاورێیانی هەڵەبجە لەوناشارا نەبون هەتا ئازوقەو کەلوپەلیان بۆ ئامادەبکەن. دوای دوو رۆژ لەگەیشتنی هاورێان نەورۆز وشیخ عەلی رەزا وغەفور گەیشتن. بەرێنمای برایەکی جوتیار کەلەلایەن کاک شیخ لەتیفەوە راسپێرا، هاوریان ئەحمەد حەلاق و نەورۆز و شێخ عەلی و غەفور وبەندە بەرێکەوتین بەرەو دێکانی پشتی سەرچنار. کاکی جوتیار هەتا گەیشتینە ئەو شوێنەی ئەو شارەزای هەبوو لەسەرکەوتن ودابەزینی بەرزی ونزمیەکاندا چەند چارێک کەوت وهەستایەوە. لە دوعاخوازیدا پرسیاری لێکردم وتی تۆ خەڵکی کوێت وتم خەڵکی ناوشاری سلێمانی وتی برواناکەم ئەم رۆشتن و سەرکەوتنە خێرایە هی خەڵکی شار نیە. هەر پێنجمان بەرێکەوتین لەدێی پیسکەنی کەیەکێکە لەدێکانی سەرچنار پشومانداو کەوتینەوە رۆشتن بەرەو رێگای ئوتومبێلی نیوان سلێمانی و دوکان بێجگە لەباڵندە هیچ بەدی نەئەکرا. لەناکاوئوتومبیلێک لە جۆری جێب ی لاندرۆڤەری کورت بۆمان وەستا خانمێک وشۆفێرەکەی بوو وتیان بەرەو کوێوە ئەچن هاوری ئەحمەد وەڵامیدایەوە، بەرەو کەلکەسماق. فەرمویان لی کردین. لەگەڵ خۆیانا هەتا سنووری دێی چەرمەگا بردینیان. لەویا وتیان ئێمە بەرەو ئەم دێیە ئەروێن داوای لێبوردن ئەکەین، ئێمە دابەزین. هاوری ئەحمەد وتی ئەو خانمە نەسرین خانە خیزانی حاجی برایمی چەرمەگایەو کچی عەلی بابیراغای شاعیرە. جادەو جادە بەرێکەوتین تاگەیشتینە کارێزی سەعید لەخوار دێی قەرەچەتان. پشویەکی باشماندا . بەڵام مێشولە هەراسانی کردبوین وەکو لەلایەن حکومەتی بەعس و‌هاوشێوەکانیانەوە راسپێردرابن. هەر بەو راستە رێگایەدا جادەو جادە گەیشتینە کۆتەڵ لەسەر حەوزەکەی دێی دولکان هەتا رۆژبوەوە نوستین. هەندێ تریمان کردەوە لەو مێوی کەی بەباڵای دار توەکەی سەر حەوزەکەدا هەڵگەڕابو. دەستمانکردەوە بەرۆشتن بەرەو ئەو چەند دێیەی لەسەرێگاکا بوون (جارسەنەو کانی خان) دێکان لەترسی پەلاماری سەربازی حکومت چۆڵکرابون. لەبەردەم دێێ کانی خان رێگاکەیان بەپانی دوو مەترو بەقوڵی مەترونێوێک برێ بو بۆئەوەی رێگا لە ئوتومبیل و زرێپۆشی سەربازی بگرن. لەوسەر رێگایە هەندێک شتی نوێم بەدی کرد وەک لولەی گواستنەوەی ئاودێران بەبەرزیەوەو ژووری پچووکی لەبەردی نەقاری دروستکراو. لەبەردەم دێی جارسەنە سێ جوتیارمان بینی. هاورێ شیخ عەلی توانای رێکردنی نەمابو. گوێدرێژێکمان بۆ بەکرێ گرت هەتا سەر زێی دوکان. خاوەن گوێدرێژەکە پرسیاری کرد ئێوە پێشمەرگەن. هاورێ ئەحمەد حەلاق هەربە شێوە زاری هەولێری وەلامیدایەوە. ئەنگۆ پێشمەرگەن ئێمەش پێشمەرگەین. ئەنگۆ حزبینە ئێمەش حزبینە. لەرێگا لەهاورێ ئەحمەدم پرسی کەلەلای من هەر بەکەمال ناسراوبوو بەڵام لەبەر ئەوەی لەماڵی خۆمان پێکەوە لەژوورێکا ئەنوستین هەر پێم ئەوت کاکە. بۆچی وەڵامی ئەو جوتیارەت بەو شێوەیە دایەوە خو ئێمە نەسەر بەپارتین ونەپێشمەرگەی پارتین. هاورێ وتی مەبەستم حزبی خۆمان وپێشمەرگەی خۆمانە واتە حزبی شیوعی. کەگەیشتینە سەر زێی دوکان( زێی پچووک) بنکەی پێشمەرگەکانی کوێخا سمایلی تەلانی لێبوو. داوای بەڵگەی ڕێپێدراویان لێ نەکردین هەرچەند بەڵگەکانمان ساختەبون سەیریانکردو رێگەیانداین و بەسواری کەڵەک لە زێ پەرینەوە بەرەو دێی سارتکەو دێی کەڵکەسماق لەناو دێ چەند گوند نشینێکمان بینی چاک وخۆشیمان لێ کردن کەدەستیان ئەخستە ناو دەستمانەوە بۆ تەوقەکردن ئەیان وت یاکەریم ویارەزا. دوای چەند رۆژێک بەهەمان رێگادا بەرەو بەکرەجۆ وسلیمانی گەرامەوە. لەیەکی لە رۆژەکانی مانگی ئەیلولی هەمان ساڵا بەفەرمانی حزب بۆگەیاندنی پۆستەو هەندێک پێویستی تر. من و هاورێ وەستا جەزا سوڵتان برۆین بۆ دێی کەڵکەسماق کە هەر لەدوای کودەتای بەعسیەکانەوە شیوعیەکان بنکەی خۆیان لێ دانا بو لەبەر ئەوە پەیوەندیەی لەنێوان شیوعیەکان وماڵی مامە رەزادا هەبوو هەروەها لەباری جوگرافیەوە کەوتۆتە نێوان شاری سلێمانی وشاری کۆیەو شاری رانیەوە، بێگومان سەفەرەکانمان هەر بەپیاده‌ بوو. ئێوارەیەک لەگەڵ هاوری جەزا رۆشتین بۆ بەکرەجۆو چوینە ماڵی کوێخا محەمەد کەسەر بەرێبازی هەقەبوو. هەواداری حزبمانبوو. یەکێک بولەو چەندان خیزانەی لەدوای دروستکردنی بەنداوی دوکان ماڵ ودێکانیان بوون بەژێر ئاوی بەنداوەکەوە . خێزانەکانیان گواستنەوە بۆ چەند ناوەچەیەکی ترو حکومەتی ئەوکاتەی پاشایەتی خانوی بۆکردن لەشێوەی کۆمەڵگە زۆرەملیەکانی سەردەمی رژێمی بەعس. بەکرەجۆ کەبەرلەوەی ئەو خیزانانەی تیاجێگیربکرێت کێڵگەیەکی کشتۆکاڵی بوو سەر بە وەزارەت کشتوکاڵ هەروەها لەدێی چوارقورنە وژاراوەو هەیاسی لەبازیان. ئەو هاورێیانەی ئامانەتەکانیان بۆ گەیاندبوینە ماڵی کوێخا محەمەد کۆرانی وەستا عەبدوڵا وکاک عەلی سور. کەهەموویان لە فەرمانگەی کشتوکاڵی بەکرەجۆو سلێمانی کاریان ئەکرد. کورانی وەستا عەبدوڵا چوار برا بون کاک بەکرو کاک محەمەدو کاک عوسمان وکاک ئەحمەد. ئێمە لەماڵی کوێخا محەمەد لەچاوەرێی خۆر ئاوابونابوین مامۆستا حەمەساڵح قەرەچەتانی خۆی کرد بەماڵا. ئەچووەوە بۆ قەرەچەتان بۆ سەردانی ماڵی باوکی. کەخۆر ئاوابو ماڵەکەو دێی بەکرەجۆمان بەجێ هێشت. هەر بە رێگای دوکانا بەسیانەمان ملی رێگامان کرت هەتا ئاستی بەردەم دێی قەرەچەتان لەویا مامۆستا حەمەساڵح جیابوو ئەو بەرەو قەرەچەتان رۆشت ومن وکاک جەزا جادەو جادە بەرە کۆتەڵ لەدرەنگانێکی شەوا گەیشتینە کۆتەڵ. کۆمەڵێک پێشمەرگەی پ. د. ک.مان بینی بەلۆریەکەوە هاتبون دار ببەنەوە بۆ بنکەکەیان لەدێی زێویی پیرەمەگرون. پرسیاریان لێ کردین بۆکوێ ئەرۆن و بەڵگەی رێپێدراوتان پیە. نەخێر. ئەی ئەم شتانە چیە پێتان هی خۆمانە. یەکەمجار وتیان باشە برۆن. سەد مەترێک لێیان دورکەوتبوینەوە. هاتن بەدواماناو بانگیان کردینەوە. لەگەرانەوەمانا بۆ لای ئەوان من چوار فیکەی لێدانم لەگیرفانابوو بۆ پاسەوانی شەو. سووک فریمدا چۆنکە فێکەکان کانزای و بریسکەدار بون چەکدارەکان هەڵیانگرتەوەو لەناوخۆیانا بەشیانکرد. نامەکان لای هاورێ جەزابون، ئەوێش لایخۆیەوە فرێیدابون. شتەکانی تر ریکۆردێک بۆ تۆمارکردنی هەواڵ وبابەتی سیاسی کەبە پاتری کاری ئەکرد لەگەڵ کۆمەڵێک حەب ودەرمانی پزیشکی. پێشمەرگەکان هەتا بەرەبەەیان من وکاک جەزایان لەلای خۆیان هێشتەوە و ئێمەیان لەگەڵ خۆیان بەسواری لۆری برد بۆ بنکەکەیان لە دێی زێوێی پیرەمەگرون وەک دەستبەسەر، رێکەوت هەر ئەو شەوە چەند هاورێەکی خۆمان لەهەمان رێگاوە بۆ سەردان وپشو لەکەڵکەسماقەوە بەرەو سلێمانی ئەگەرانەوە. نامەکانیان دۆزیبوەوەو گەیاندبویانەوە بەجێگەی خۆی لەپیرەمەگرون. دوای نانی بەیانی بەپاسەوانی دوو پێشمەرگەی گەنج لەوەئەچوو خەڵکی ناوچەی کەرکوکبن ناردینیان بۆ بنکەی چەمی رێزان. ئەوکاتە رێگای چەمی رێزان بەرلەوەی بگەیتە دێی سابوراوا بەلای چەپا لای ئەدا. لەرێگا داوامان لەدوو پێشمەرگەکە کرد دوێنی شەو لەکاتی رێگریان لە روشتنمان نامەیەکی پزیشکمان ون کردوە کەئەبی بیگەێنینە نەخۆشەکە. رێگای من بدەن برۆمەوە بۆ ئەو شوێنەی دوێنی شەو، بەدوزینەوەو نەدۆزینەوەی ئەگەرێمەوە لاتان. ئەگەر گومانی لەنەگەرانەوەم ئەکەن ئەوە هاورێکەم لەلاتانە. دوای رەزامەندیا لەکارێزی سەعیدەوە بەراکردن ونیوە راکردن گەیشتمە ئەو شوێنەی دوێنی شەو. چەند گەڕام وپشکنینم کرد نەمدۆزیەوە. بەهەمان شیوەی رۆشتنەکەم گەرامەوە بۆ لای هاوری جەزاو دوو برادەرە پێشمەرگەکە. لەو رۆشتن وگەرانەوەیەمدا ئارەقێکی زۆرم کردبوەوە سەرمامبوو یەکێ لەودوو پێشمەرگەیەی پاسەوانمانبون کوڵەباڵەکەی خۆی دامی بۆ ئەوەی سەرمام نەبێت بۆ شەوێ گەیشتینە دێی عەواڵ هەر لەو دێیە ماینەوەو بەیانی بەرێکەوتین بەرەو چەمی رێزان. لەعەسرا گەشتینە بنکەکە. دوای هەندێ پرسیارو وەڵام براین بۆ بەندیخانە. بەندیخانەکەیان ئەشکەوتێکی گەورەبو. چەند کەسێکی تری زیندانی کراوی لێبوو. دواینان خەڵکی هەولێربوون وشیوعی بوون یەکێکیان بەتەمەنبو ناوی شێخە شەلبوو ئەوتریان گەنجێکی قوتابی ناوەندیبوو ناوی محەمەدبوو. لەگەڵ چەند جاشێک وپیاوێکی کەرکوکی بەتۆمەتی سیخوری گرتبویان ناوی نەبێ بوو، هەروەها گەنجێکی خەڵکی سلێمانی عوسمانی ناوبوو ناسراوبوو بەعوسمانی قوتابخانەی مەیتەم خزمایەتی هەبوو لەگەڵ کاک عەبدوڵای سەید شەریف کەلەشەقامی سابونکەران کەبابخانەی هەیەو کاک تەهای بلەی خلە. هەموویان چاوەرێیان ئەکرد ئەبران بۆ ماوەت. بەیانیان لەئەشکەوتەکەوە ئەچوینە خوارەوە بۆ چەمەکە. یەکێک لەبەندکراوەکان تەنەکەی میزەکەی هەڵەگرت ولەخوارەوە ئەی رشت وئەبو هەریەکەو تەنەکەیەک ئاو بهێنێتە سەرەوە بۆ کاربەرێکەرەکان. لەوانەی لەوێ بینیمن وناسیمنەوە مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین و یاسین مستەفا( ناسروا بەیاسینی مچە) برای مامۆستا عومەری مچەو کەمالی سەعید ساقی. کەمال لەهەمان ئەو قوتابخانەیەبوو لەگەڵ خۆم بەڵام ئەو هاو پۆلم نەبوو دوو پۆل لەپێش منەوەبوو، کەمال لەوێ دستبەسەربوو. خۆی بەیەکی لەپارتیەکان ئەزانی لەچەقۆ وەشێن وشەڕ کەرەکانیانبوو، کەماڵ تورکمانێکی خەڵکی کەرکوک بوو باوکی لەسەردەمی پاشایەتیا رەیس عورەفای پۆلیسبو لەسلێمانی. ئەشکەنجەی زۆری سیاسیەکانی ئەدا. لەخۆپیشاندانێکی ئەو رۆژگارەدا بەفیشەکێک لاقی شەل ئەکەن، ئەوە بوە کوژانەوەی رۆڵی وگەرانەوەی بۆکەرکوک دەست بەسەرکردنی کەمال لەپای ئەوەبوو برادەرانی پارتی لەناو قوتابخانەی کشتوکاڵی بەکرەجۆ راپۆرتیان لەسەر نوسیبوو لەبارەی دەست پیسیەکەیەوە. بیگومان ئێمە هەرکە براین بۆ بەندیخانە(ئەشکەوتەکە) ریکۆرد ودەرمان وحەبەکانیان لێ وەرگرتین. لەدوای سێ رۆژ پاسەوانی بەندیخانە بە ئێمەیان وەت من وهاورێ جەزا ئێوە بۆ ئاو هێنان دەرمەچن. لەدوای سێ رۆژی تر ئێوارەیەک کەمالی سەعید ساقی هات بەدوای من وهاورێکەما بۆ لای بەرپرسی بنکە لەریگای چوونەکەمانا بەکاک جەزام وت ئەگەر نامە فرێدراوەکانمان دۆزرابێتەوە، یان لە بارەی هەڵس وکەوت وچاڵاکیمانەوە پرسیاریان لە رێکخرەوەکانی سلێمانیان کردبێت ئێستا سەد شەق بەپولێک ئەبێت. بەڵام لەراستیا وتیان فەرمو ئەوە شتەکانتانە برۆن ئێوە ئازادن. هەر ئەو ئێوارەیە بەرلەوەی چەمی رێزان بەجێ بهێڵین کەمال نامەیەکی دامی کە بیگەێنم بە جەلال عەلی قوتابی هەمان قوتابخانەوە برادەری نزیکی وهاوپۆلی کەمال بوو، من وهاورێکەم شارەزای ناوچەکەنەبوین پرسیاری نزیک ترین رێگامان کرد بۆ کەلکەسماق ئاماژەیان پێدان بەپشتی ئەشکەوتەکەدا سەرکەون بەرەو دێی عەسکەر. بەهەمان ئاماژە بەرێکەوتین شەو گەیشتینە ناو دێی عەسکەر چوینە بنکەی پێشمەرگەکان لەلای ئەوان نانمان خواردو هەرلەلای ئەوان نوستین. پێشمەرگەکان چەند گۆرانیەکیان بەریکۆردەکە تۆمار کرد. بەیانی زوو بەریکەوتین بۆ سەر زێی پچووک لەبەرامبەر دێی کلێسە وەستابوین کەڵەکەکە بگاتە ئەمبەرەوە هاوری ئەحمەد حەلاق و ئەبوحکمەت(یوسف حەنا) بەسەر کەڵەکەکەوە بۆ لای ئێمە پەرینەوە کەگەیشتنە لای ئێمە دوای هەواڵپرسین وتیان ئەی هاورێکەی سێیەمتان کوا. وتمان ئەو هاورێیە حەمەساڵح قەرەچەتانی بو لەبەر دێی قەرەچەتانا لەئێمە جیابوەو لەگەڵ ئێمە نەبووە. ئەبو حکمەت لەئێمە جیابوەوەو بەلایەکی ترا رۆشت بوئەنجامدانی کاری حزب. بەڵام ئێمەبە سیانە بەهەمان کەڵەک پەرینەوە بۆ دێی کلێسە و چوینە ماڵی هاورێ پیرداود، ئەو هاورێیە پیشەی لباد دروستکردنبوو. لەماڵی ئەوان نان و تەماتەمان خواردو بەرێکەوتین بەرەو بنکەی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی لە دێی کەڵکەسماق. ئەوشەوە لەوێ ماینەوەو بۆ رۆژی دوای لە عەسرا بۆ گەرانەوە چەند نانێکمان لەگەڵ خۆمان هەڵگرت و لەناو باخ هەنجیرەکانی کەڵکەسماق نان وهەنجیرمان خوارد . دوو برادەری تری خۆمان بونە هاوەڵی رێگای گەرانەوەمان گەیشتینە دێی سارتکە برادەریکی گوند نشینی سارتکەی بۆ بەهاوەڵمان ئەچوو لەسلێمانی موچەکەی وەرگرێت کەلە قوتابخانەی دێکە خزمەتگوزاربوو. گەیشتینە سەر زێی پچووک لەسەر رۆخی زێکە بنکەی پێشمەرگەکانی کوێخا سمایلی تەلانبوو ساباتیان لێ دروستکردبو بۆحەوانەوەیان . کوێخا سمایل پیاوێکی زۆر باشبو رێگری نەئەکرد لەپەرینەوەی شیوعیەکان بۆ کەڵکەسماق. جادەو جادە بەرێگادا هاتین هەتا گەیشتینە نزیک بەکرەجۆ. لەناو بەکرەجۆ هاورێکانمان جیابونەوە ئێمە من وهاوری جەزا چوینە ماڵی هاورێ بەکری وەستا عەبدوڵا. لەبنکەی کەڵکەسماق هاورێ ئەحمەد حەلاق نامەیەکی شیوعیانەت دامی بیگەێنمە دایکم هەرلەماڵی کاک بەکر نامەکەم لەجلەکانی بەرما شاردەوەو بەجێبێکی لاندرۆڤەر بەرەو سلێمانی گەراینەوە لەبازگەی باخی بەختیاری داوای پێناسەیان لێ کردم . پێناسەی قوتابخانەم نیشاندان. کەگەیشتینەماڵەوە سەرسامبون. ئەوشەوەی لەکۆتەڵ گیراین ونامەکانمان فرێدابو هەروەها برادەرەکانمان کەلە رێگایەوە بەرەو سلێمانی هاتبونەوە بەرێکەوت نامەکانیان دۆزیبوەوە. لەلای برادەران وامەزندە کرابو کە ئێمە کوژراوین. ئەم هەواڵی کوشتنەیان بەدایکم نەدرابوو تەنیا بەپەروینی خوشکمیان وتبو وەلەناو خێزانەکەمانا هەر ئەو ئەم هەواڵەی زانێبو، برادەران وتبویان گومانمان لەمان ونەمانیان هەیە، لەسلێمانی قوتابخانەکان کرابونەوەو پشوی هاوین تەواو بوبوو. ئەوساڵە قوتابخانەی ئامادەی کشتوکاڵ لەبری بەکرەجۆ لەناو سلێمانی دەوامی ئەکرد. بەشی خوێندن لە قوتابخانەی خانەی مامۆستایانبوو لەسەری سابونکەران و بەشی ناوخۆیەکەی لەخانوی قوتابیان(دارگلبە) بەڵام ئەوانەی خەڵکی ناو سلێمانی بوون لەماڵی خۆیان ئەنوستن وپارەی خواردنیان وەرەگرت، کەچوم بۆقوتابخانە نامەکەی کەمالی سەعید ساقیم دایە دەست جەلال عەلی.

  • 1