ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قسە لەسەر بەشیك لەم بابەتانەی رێگای كوردستانی ئازیزە ,كەبەشێكی بەرچاوی رۆژنامەكە و زۆربەی ژمارەكانی ,چ لەژێر ناونیشانی سەر وتار یا بابەتی سیاسی , بەناوی كەسییەوە بڵاودەكرێنەوە , گوتارەكانیش راستەوخۆ , یا وەك خاوەنەكانیان بە ئاراستەی گوتار و سیاسەتی حزب لێكدانەویان بۆ دەكرێت .لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەوبەرێزانەی بە بابەتی جۆراوجۆر و تەژی لەسوودو زانیاری رۆژنامەكە دەوڵەمەند دەكەن , بەو هاورێیانەشەوە كە دیدگا و بابەتەكانیان ئامانجی ئەم نووسینەن .

ئەم گوتارە , زیاتر لەژیر ناو و روانگەی قۆناخی رزگاری نیشتمانی نەك هەر باس , بەڵكو بەردەوام جەخت لە پێكهاتەكانی عێراق ونالەباریی باری ئەمنی وهەژموونی میلیشیات و گەندەلی و حكومرانی قووڵ و داگیر و دابەشكاریی عێراق دەكات, بەڵی , ئەم بابەتانەو زۆریتریش جێی بایەخن وكاریگەرییان بەسەر هەرێمی كوردستانەوە هەیە و,ئاریشە گەلێكن ,چارەسەركردنیان بەشیكە لەئەركی تێكۆشانی رزگاری نیشتمانی گەلەكەمان ,

سەرەرای ئەم راستییانە , وادەزانم لەم شیوازە گوتارە دا هیشتا خال نەخراوەتە سەرپیت و كاڵایەك نیە بەقەد باڵا و ئامانجە هەنووكەییەكانی تیكۆشان ناپێكێ , بەراورد بە ماڵە وێرانكراوەكەی هەرێمی كوردستان و پێداویستی وداواكارییەكانی خەڵك, جۆرێك لەبازدان وچاونووقان گیراوەتە بەر ,وەك ئەوەی دەسەڵاتی هەرێم خێلەكی و حكومەتی قووڵ نەبێت و لە رووی میلیشیاییش زۆر لەپێش بەغداوە نەبێ!!,دەبێ‌ بپرسین ئەرێ‌ برسیكردنی خەڵك و زەوتكردنی قوتی ڕۆژنەی و هەتكردنی ئازادییەكان وتیرۆركردن وهەرەشەی سەر رۆژنامەوانان وچالاكوانان و لە كونجی زیندان ئاخنینیان , میلیشیاكانی بەغدا پەیرەوی دەكەن ؟ ئەری ئەوە سی (30 ) ساڵە ئەم هەرێمە وخەڵكەكەی كێ نابووت و بەشبەشی كردوون ؟,گەر تۆزی نزیكتری كەینەوە , ئەرێ‌ جۆرێك لە گەمارۆی سەرحزبی شیوعی و شەری دەروونی وكڕینی كادیرەكانی , تەزویر ودزینی دەنگەكانی , حكومەتی قووڵی بەغدا پیادەی دەكات ؟, دیسان دەپرسین ئەرێ‌ لەرێی گوتاری رۆژنامەكەمان , دەمانەوێ‌ لە ماوەی نێوان كۆنگرەكانی حزب وخەباتی هەنووكەییدا خەڵك وهاورێیان بۆ نەمان یا سووككردنی هەژموونی شیعەگەرایی لە بەغدا جۆشدەین ؟, لە كاتێكا نە بارەگا و رێكخستنێك نە پەیوەندییەكی بەرچاویشمان نە لەئاستی فەرمی نە لەئاستی حزب ولایەنەكاندا لەگەڵ بەغدا نیە , لەهەرێمی كوردستان كاتیك بەبەرچاوی خەڵكەوە , هێزیكی كوتەك بەدەست هەڵدەكوتێتە سەرپەرلەمان و هیچ دامەزراوەیەكی بە ناو فەرمی وحكومی ناتوانێ‌ خاوەندارێتی لێبكات , رێككەوتنی پەنجا ساڵە وگرێبەستەكانی وزە وپەیوەندی لە گەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە و.. هتد وەڵامی ئەوپرسیارەی ئەوانە لە كوێوە ئاراستە دەكرێن وسەر بەكێن دەستدەكەوێ‌ ؟ بێگومان نەخیر.. 

واتا , دووركەوتنەوە وخۆلادان لە بابەتی سەرەكی لەسەر ئەرزی واقیعدا ,لە گوتاریكی وادا ,پشتگیری لەدەستدەدەین وجۆرێك لە خاوبوونەوە وساردی لێدەكەوێتەوە .

بوونی رەخنەو سەرنج لە هەمبەر گوتارێكی لەم جەشنەدا ,یا بە پێویستزانینی گوتاریك كە گوزارشت لە ویست و داخوازییەكانی شەقامی كوردستان بكات وراستەوخۆ كێشە بنەڕەتی ورۆژ انەییەكانی هەرێم بخاتەروو و ئاماژە بەلایەنی بەرپرس بكات وچارەسەری بابەتی , بێ سڵەمینەوە بخاتەروو ,گوتارێكی لەم شێوەیە كە لەئاستی داواكاریی خەڵك وگوتاری حزبێكی پڕ ئەزموونی بەرهەڵستكاربێت ,پێموانیە بە وتارێكی سۆزداریی و بە بەكارهێنانی سۆزی خەڵك پۆلین بكرێت , شیاو نیە بە بیانووی گوتاری پۆپۆلستی لە زەروورەت وبایەخی كەمبكرێتەوە ,راستە نكلۆڵی لە بوون و زیانی گوتارێكی لەم چەشنە لە بزووتنەوە جەماوەریی و ناڕەزاییەتییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ناكرێت .

بۆئەوەی گوتاری حزب یا ئەو دیدارە میدیایی و رۆژنامەوانییانەی پتر لەسەر سیاسەتی حزب هەژماردەكرێن , زیاتر مۆركێكی لۆكاڵی وبەرهەڵستكارانە وەربگرێت وپەسەندی هاورێیان و بنكەی حزبییمانبێت لەپێشدا , پێویستە وردتر تەرجەمەی سیاسەتی حزب بكات و داخوازییە هەنووكەییەكانی خەڵك لەسەر گۆرەپانی كوردستاندا بخاتەروو .

 

 

  • 1