ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەچوارچێوەی پرۆسەی کار و بەرهەمهێناندا، دوو بابەتی گرنگ هەیە کە پەیوەستە بەمافی کرێکارانەوە ئەویش (کاتی کارکردن و کرێی کرێکار) کە دەبێت لە هەلومەرجی کاردا لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕەچاو بکرێت، لەناو ئەم پرۆسەیەدا (هێزی کار)ی کرێکار سەرچاوە و هۆکاری سەرەکی دروستکردنی کاڵا و شمەکە و بێ توانای بیر و بازووی ئەم چینە و تەرخان کردنی کاتی کرێکار ناتوانرێ پرۆسەکە بە ئەنجام بگات.

لەدرێژایی مێژوودا چینی کرێکار کرێی کاری وەرگرتووە لە بەرانبەر ئەو کار و کاتەی تەرخانی کردووە بۆ خاوەنکار تەنیا لە قۆناغی کۆیلایەتیدا نەبێت کە نە کات دیاریکراوە بۆ کار و نە کرێ دراوە بە کرێکار تەنیا دابین کردنی ژیانێکی کولەمەگی بۆ دەستەبەر کراوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی و بەرەوپێش چوونی ژیان و ململانێی نێوان (کار و سەرمایە)دا کرێ و کاتی کار بووەتە بەشێکی گرنگ لەناو کێشمەکێشی نێوان (چینی کرێکار و چینی سەرمایەدار) و بەرئەنجامی ئەم ململانێیە و پێبەپێ بەهێزبوون و خەباتی مێژووی چینی کرێکار لەناو یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی کاری نیشتمانی توانراوە (8) کاتژمێر دیاری بکرێت بۆ کاری ڕۆژانە و کرێیەکی گونجاو کە ژیانێکی شایستە دابین بکات بۆ کرێکار، بەڵام چینی سەرمایەدار لەبەر چاوچنۆکی و هەڵپەی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین سەرمایە هەمیشە بە بەرنامە کاری کردووە بۆ ئەوەی بە کەمترین کات زۆرترین بەرهەم بەدەست بێنێت و کەمترین کرێ بدات بە کرێکار و ڕۆژانە یاسا و ڕێنماییەکان پێشێل دەکرێت و زیاتر لە (8) کاتژمێر کار بەکرێکار دەکەن و لە زۆر ناوەندی کاردا کرێی کەم دەدەن بە کرێکاران کە بەشی ژیانێکی پڕ لە کەرامەت ناکات لە کاتێکدا کە ئەم هەموو بەرهەم و سامانەی هەیە وەک فەیلەسوفی گەورە (کارڵ مارکس) لە شیکاری و وردەکاریەکانی ناو (کتێبی سەرمایەدا) خستوویەتیە ڕوو بەری رەنج و هێزی کاری کرێکار کە بەپێی (یاسای زێدەبایی -فائیڤ القیمه) سەرمایەدار لە کرێکاری دەدزێت، ئەم ناعەدالەتییە لەتەواوی جیهانی سەرمایەداریدا بەردەوامە و بەدیاری کراویش لەناو ئەو دەوڵەت و هەرێمانەی سروشتێکی سەرمایەداری وابەستەیی دواکەوتووانەی هەیە بە ناوەندە سەرمایەدارەکانەوە کە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی وابەستەی ڕەهای ئابووری هەیە بە سیستەم و سیاسەتەکانی جیهانی سەرمایەدارییەوە و بەو هۆیەوە چینی کرێکار ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبێت و کاری زۆر و کرێی کەمی پێ دەدرێت و هەژموونی سەرمایەدار بووتە مایەی ناڕەحەتی و بارگرانی بۆ ژیانی چینی کرێکار کە هێزی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانن، لە دۆخێکی وای پڕ لەستەمی چینایەتیدا پێویستە کرێکاران بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی چینایەتییان و بە هۆشیاری و ئاگایی سیاسییەوە خەباتی ڕۆژانە و پیشەیی سەندیکای ببەستنەوە بە خەباتی سیاسی و فکریەوە و لە بەرانبەر حکوومەتە سەرمایەدارەکان و خاوەنکاردا لەمەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنەدابن و هەر حزب و هێزێکی سیاسییش خۆی بەهەڵگری ئایدیای ڕزگاری چینی کرێکار دەزانی ئەمە سەرخەت و بەرنامەی رۆژانە و هەڵوێستە سیاسییەکانی بێت تا بتوانرێت کرێکاران لە چەوسانەوە و بێ مافی ڕزگار بکەن.

  • 1