ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

‎بەدرێژایی مێژووی بوونی کوردو حزبە کوردستانییەکان لە باشووردا ،هەرگیز وەك ئیستا ڕێزەکانی پرش و بڵاو نەبووە، فرە كۆێخایی و ڕیشسپێی بەم جۆرە نەبووە ، (بەپێی بنەمای ساڵ وەی وەیەو ھەر كەس بۆ خۆیە كار نەكراوە)، كەچی بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک بێ ئەوەی كار بە سادەترین بنەمای یەكڕێزی بكەن ،دروزنانە داوای یەكڕیزی دەكەن .

‎بەرژەوەندی ھەرێم و گەلەكەی ، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و دیموكراسیەت و ئازادییەكان و مافی مروڤ و باشتركردنی ژیان و گوزرانی خەڵك و بەشداریكردن و باوەڕ بوون بەدەستاو دەستكردنی دەسە ڵات، بنەماكانی یەكڕیزین ، كەواتە ئێوە لە كوێی ئەم بنەمایانەدان؟

‎ئاخر ئازیزم ، ئێوە بە دوو شاندی حزبی چوونەتە بەغدا ،بۆ پاراستی بەرژەوەندییەكانتان و وەرگرتنی پلەو پۆستی زیاتر بۆ حزبەكانتان ، لەم كاتەدا کە ئێوە لەبەغدا داوای پلەو پۆست دەكەن ،هەر هەمان کات بانگەشەی یەكڕیزی دەکەن و دەیفرۆشنەوە بەحزب و لایەنەكانی تر.

‎لە مێژە ئێوە داماڵڕوان لە ھەموو بنەما و پرەنسیپە نیشتمانییەكان . ئاخر ئێوە بە چ ڕویەکەوە داوای یەکڕێزی دەکەن لە کاتێکدا پەیوەندی مێژینەی بەھێزتان ھەیەو ھەبووە لە گەڵ ئەو ڕژێم و لایەنانەی کە دوژمنی گەلەكەمانن و دان بەمافەڕەواكانیدا نانێن. 

‎تكایە وەرنە ھۆش خۆتان ، دونیا گۆڕاوە ،بەسە هەڵپەڕین لەسەر ڕێتمی کۆن .تێبگەن کە ئاستەنگی و ئاڵوزییەكان زۆرتر بوونە و گرنگە ھەستی پێبكەن،بزانن و تێبگەن کە گەمەکانی ڕابردووتان باوی نەماوە و كاریگەری نییە ،بۆیە چیتر خەڵك چەواشە مەكەن ، چونكێ ناكرێت ئێوە ھوتاف بكێشن و حزبەكان چەپڵەتان بۆ لێبدەن.

  • 1