ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پرۆگرامەکانی خوێندن ،کە خۆی لە کۆمەڵێک زانستی جۆربەجۆردا دەبینێتەوە ،بەشێوەیەک رێکخراوەو چڕکراوەتەوە ،کەهەرکەسێک توانی قۆناغەکانی زانکۆ ببڕێت و بوارێکی پەروەردەیی تەواوکرد ، پسپۆڕی وەردەگرێت ، لەپاڵ ئەم زانستە ڕوتەدا ،کۆمەڵێک مەرج و بنەما کراونەتە پێوەر بۆ ئەوەی ئەو کەسەی ناونیشانی مامۆستا وەردەگرێت ،لەدوا ڕۆژدا بتوانێت ئەو مەعریفەیەی پێیەتی وەک خۆی بیگەێنێ .بۆیە پێویستە مامۆستا لەپاڵ دەوڵەمەندکردنی هزری خۆی لەبواری پسپۆرییەکەی خۆیدا ،هەوڵبدات رۆشنبیرێکی گشتی هەبێت لەبواری دەروونزانی و کۆمەڵناسی ،چونکە هەر قوتابیەک وەربگریت بەدەر نیە لە کەپتی دەروونی و کەپتی کۆمەڵایەتی ،بۆیە مامۆستا ئەرکێتی هەوڵی داماڵینی هەردوو کپتەکە بدات ،بەجۆرێک ئامادەی بکات ،وەستانێک بوەستێ ،وەستانی خۆی بێت لەدوا ڕۆژدا ، هەربوارێک کە خۆی تیا بینییەوە جۆرێک لەنەخشاندن و داهێنانی تیا بکات ...

گەر مامۆستا تەنیا خاوەن زانستێکی ڕوت بێت ،لەبوارەکانی کۆمەڵناسی و دەروونزانی دا ئاوڕێکی زانستی لەمەعریفەی خۆی نەدابێتەوە ،بۆئەوەی بیکاتە فاکتەرێک ، دەروبەری خۆی پێ بناسێتەو لەهەمان کاتدا ئاراستەی بکات .بێگومان ناتوانێت کارلەسەر گواستنەوەی زانستی رووتیش بکات بەو جۆرەی کەمەبەستەو پێویستە بیکات ،زۆرجار مامۆستا بەجۆرێک فێرخوازی تۆراندوە ببڕای ببڕ سەری نەکردۆتەوە بەقوتابخانەدا ،چونکە مامۆستا نەکۆمەڵگەکەی وەک پێویست ناسیوە ، نە شارەزایی دەرونیشی هەبوە بۆ ڕاستکردنەوەی باری دەروونی قوتابی ، بەتایبەت لە قۆناغی بنەڕەتی دا، چونکە لە قۆناغی یەک و دووی بنەڕەتیدا مندال تاکە هاوڕێی باوەڕپێکراوی دایکێتی ،کاتێک دێتە قوتابخانە بەرانبەر مامۆستایەک و ژینگەی قوتابخانەکە دەوەستێ، تەنیا لە ماڵ ناچێت ،بەڵکو لە ژینگەی نەخۆشخانە دەچێت کاتێک پێش چوونی بۆ ژینگەی قوتابخانە ، بۆ کوتان یان نەخۆشی تر چوە بۆی و ئازاری تیا بینیوە ،بۆیە زۆرجار مناڵ هەفتەیە بۆ دەهەفتەو زیاتر کە دێتە قوتابخانە هەر دەگرێ ،سڕی سەرکەوتنی مامۆستا لێرەدا دەردەکەوێت کە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ باری دەرونی وژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو قوتابیە بکات و گریانەکەی بوەستێنێ و بیکاتە هاوڕێی خۆی. لەم کاتەدا باشترین ڕێگە ئەوەیە مامۆستا لەگەڵ ئەوەی نوقڵ و شیرینی ببەخشێتەوە لەناو پۆل،لەگەڵ ئەوجۆرە قوتابیانە سەردانی ماڵەوەیان بکات ، وەک یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی ئەوان رەفتار بکات . بەمە هەنگاوێک زیاتر دەچێتە پێشەوە ،دەبێتە هاوڕێ و ناسیاوی قوتابیەکە، بەجۆرێک قوتابیەکە زۆرجار قسەی دڵی لای مامۆستاکەی دەکات .لەقوناغێکی تردا کە پێویستە مامۆستا بیکات ،خوێندنەوەی چیرۆکە بۆمنداڵان بۆ ئەوەی ئەو بڕوایە بدات بەهەموو منداڵان که هاوڕێی و دوستی یەک بەیەکیانە ،زۆر جار بە نواندن بیکات ،ئەوە هەر زۆر چاکە ،..ئەو کات ڕێک ناوەڕۆکی فەلسەفەکەی ئەفلاتون جێبەجێ دەکات بۆ ئەوەی قوتابی لێت تێبگات دەبێت ببێتە هاوڕێت ،چونکە ئەفلاتون دەڵێ : ( ناتوانم لە مامۆستاکەم بگەم تا نەبمە هاوڕێی ) . کەواتە درووست کردن و بونیادنانی هاوڕێیەتی لە نێوان فێرخوازو مامۆستا جگەلەوەی گواستنەوەی زانستی ناوپرۆگرامەکانی خوێندنە ،ڕەوینەوەی ترس و دڵە ڕاوکێی فێرخوازیشە ، بەجۆرێک لەدوا رۆژدا دەبێتە کەسایەتیکی زۆر بەهێزە ،کە تائاستێکی زۆر بەرز هەست بەچەپێنراوی کەسایەتی ئەوکەسە ناکەین ، نەوە دوای نەوە کۆمەڵگەیەکی بەهێز دەدەین بەدەستەوە ،مامۆستا کە ئەمە ئەرکی بێت ، سیستەمێکی تەندروستی سیاسی و پەروەردەیش ئاراستەی بکات ،بێگومان کۆمەڵگەیەکی ساخلەمی وەستاو بەمانا زانستیەکەی پێشکەش دەکات ،کەسوودو قازانجی گشتی هەبێت..

بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەو ناسەقامگیریە سیاسی و پەوەردەییەی ڕوی کردۆتە وڵات وهەندێک مامۆستا ئامادە نیە بۆ مامۆستایەتی لە ڕووەکانی (دەروونی ، جەستەیی ، رۆشنبیری )،بۆیە نەک کاریگەری دانانێت بەڵکو بەلێشاو فێرخواز دەست بەرداری خوێندن دەبێت . ئەمیش ناوەڕۆکی سیستەمی قوتابخانەکان بەیەک جاری بەتاڵ دەکاتەوە ..

٭ مامۆستا لە قوتابخانەی هەکاری - کەرکوک ..

  • 1