ئازیزم كریستینا، دەمێكە گوتوویانە مرۆڤ بە تەنیا لە دایك دەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت بە تەنیا بژیت، ئاخر فەیلەسووفێكی وڵاتی خۆمان دەڵێت مرۆڤ كائینێكی كۆمەڵایەتییەو ماركسیش دەڵێت گەورەترین سەرمایەیە، بۆیە دووریم لەتۆ بە ئاستێك پەرێشانی كردووم مەگەر چراخانو گەرمو گوڕی یادەوەری بتوانێت دەستو پێی سڕبوو وەگۆبنێتەوە.
ئێستا من كە ئەم نامەیە بۆ تۆ دەنووسم گەرمایەكی سوتێنەرو تاقەت پڕوكێنی سەرووی پلەی پەنجا بەجۆرێك شپرزەو هیلاكی كردووم مەگەر بۆنو بەرامەی ئەم وشانە ئارمم بكاتەوە كە من هەڵیاندەڕێژمە سەر رووپەڕی نامەو دەزانم چاوی تۆ دەیانخوێنێتەوە، ئێرە لە هەموو رووێكەوە وڵاتێكی تایبەتو خەڵكەكەشی سەیرو سەمەرەن، لێرە سەعات كات ناپێوێت، بەڵكو خەمو ناسۆریو چاوەڕوانی كات دەپێوێت، لێرە مەبەستم كوردستانەو كاتو ژیان دووباری قورسن بەسەر شانی مرۆڤەكانەوەو دەیانەوێت هەرچی زووە ئەو دووبارە لەسەر شانی خۆیان بهێننە خوارەوە، ئەی ئەوەنییە بەردەوام گوێبیستی كەسێك دەبیتو دەڵێت لەخوای بەزیاد بیت ئەوڕۆشمان بەڕێكرد، یان دەڵێت هەرچەند دەكەم رۆژم لێناڕواتو بۆیەش بۆ كات كوشتن پیاسەیەكی بازاڕم كرد، گوتم بەشێكی زۆر خەڵكەكەی سەیرو سەمەرەن، دەشێت گشتاندنی ئەو قسەیەم لە رووی مەنتیقو واقیعی چوارچێوەیەكی راستی وەرنەگرێتو هەڵەبێت، بەس كریستینای من بەڕاستی وایەو سەیرو سەمەرەن.
چەمكەكانی دیموكراسی، یەكسانی، ئازادی، مافی مرۆڤن، ئاستی هەموو ئەو چەمكانەی بەردەوام وێردی سەر زارو زمانی یەك بەیەكی خەڵكی كوردستانن، بەڵام تاكو تەرا نەبێت هیچ كامێك بە كردە كارناكەن بۆ وەدەستهێنانی هەریەك لەو چەمكانەو بگرە هەموویان چاوەڕێن هێزێك لە غەیبەوەو وڵاتێك لە دەرەوەو سەرۆكی وڵاتێكی زلهێزی جیهانی بێت ئەو چەمكانەیان لەسەر زەمینی واقیع بۆ بەدەست بهێنێت، خەڵكی ئەو وڵاتە بەشی هەرەزۆریان وەستای قسان كۆلەواری دەستاننو قسە لە هەموو شتێك دەكەن بەبێ ئەوەی هیچی لەبارەوە بزانن خۆیان بە هەڵگری دروشمی مافی مرۆڤ دەزانن، بەس كە دێتە سەر زەمینی واقیع سەدو هەشتا پلە دژی دروشمەكانی خۆیان رەفتار دەكەن.
كریستینای من: یەكێك لە برادەرە كوردە نزیكەكانم ناوی ئاشتییەو زۆرم خۆش دەوێتو بەردەوام باسی مافی ئافرەتم بۆ دەكات، كەچی بیستم ئەو رۆژە داركارییەكی زۆری هاوسەرەكەی كردووەو سەرو گوێلاكی سوركردووە بەخوێن، منیش بە عادیو توڕەییەوە پێم گوت ئاشتی كارێكی خراپت كردووە، تۆ بەردەوام لای من باسی مافی ئافرەت دەكەیت، كەچی بەوپەڕی دڵڕەقیو شێتگیرانە لە خێزانەكەت داوە، بەڵام ئاشتی وەڵامیدامەوەو گوتی كلارك من زۆر بڕوام بە مافی ئافرەت هەیە، بەڵام ئەو ئافرەتە سەگبابەی من هی ئەوەنییە مافی هەبێت.