ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بە پێی میتۆدی پەروەردە ،بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرپرشتارێکی بەردەوامی قوتابخانەیە ،بۆیە دەبێت هەموو فلتەرێکی پەروەردەیی ببڕێت ،ئینجا دەتوانێت ئاراستەکانی پەروەردەو پرۆگرامەکانی خوێندن هەڵسەنگێنێت ،وە مەرجیشە ساڵانە کێماسیەکانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە ڕێگەی مامۆستاکانی و بارودۆخی قوتابخانەکەی بداتە سەرووی خۆی ،لەیەکەی سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان ،ئینجا دەتوانێت گۆڕانی جەوهەری ئەنجام بدات  و ساڵێک بۆ ساڵێکی تری خوێندن و جیاوازی پەروەردەیی بخاتە ڕوو ،لەهەمان کات دا دەبێتە بەرچاو روونێکی زۆر چاک بۆ وەزیری پەروەردە و ،هەم بۆ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان و یەکەی سەرپەرشتیاری بۆ ئەوەی ئەو جێگەیەی پێویستە لە پڕۆگرامەکانی خوێندن بێتە گۆڕین،یان زیادکردن ،چونکە پڕۆگرامەکانی خوێندن پێویستە ساڵانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت ،هەندێک بابەت هەیە حەقی زانستی خۆی پێنەدراوە ،بەپی بارودۆخی کۆمەڵگە ئامادە نەکراوە ، بەتایبەت پڕۆگرامەکانی ( پەروەردەی ئیسلامی )و پرۆگرامەکانی( پەروەردەی نییشتیمانی) ،بەبڕوای من پێویستە ئەم دوو میتۆدی پەروەردەیە بەجۆرێک ڕێک بخرێت و دابڕێژرێت ،کە دەرگا لەبەردەم قوتابخانەکان بکاتەوە بۆ ئەوەی ،جۆرێک لە تێکەڵاو  بوون ئەنجام بدات بە تایبەت لەو شوێن و جێگایانەی جیاوازێ نەتەوەیی و ئایینی زەقی  تێدایە ، بۆ ئەوەی ڕووحی پێکەوە بوون ،یەکتر قەبوڵکردن بێتە ئاراوە . بۆ ئەم مەبەستە لەشارێکی وەک کەرکوک یان ئەو شارانەی هاوشێوەی کەرکوکن ،هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستە دەستە منداڵان ئاشنا بکرێن بە شوێنە ئایینیە جیاوازەکان وەک( مزگەوت و کەنیسە و حوسینیە و تەکیەکان و شوێنە ئایینیەکانی تر) ،بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بەئاگاداری پەروەردە ،ساڵانە چەند سەردانێک رێکبخات بۆئەوەی منداڵان شوێنی هەریەک لە پەرستگاکانی یەکتر ببێنن ،ئەمەش لە دوا ڕۆژدا دەبێتە هۆی ئەوەی گیانی یەکتر قەبوڵکردن زیاتربێت و ڕێزلە بیروباوەڕی یەکتر بگرن ،هەم لەسەر ئاستی نەتەوەیی وهەم لەسەر ئاستی ئایینی  ،دواڕۆژ کۆمەڵگەیەک فرە ڕەنگ دروست دەبێت ،گیانی پێکەوەیی زیاترلە نێوانیاندا بەرجەستە دەبێت .ئەوەی ئەمڕۆ کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی لە ناویاندا عێراقی گیرۆدەیەتی ،ڕەهایی بوونە ،واتە هەرکەس خۆی و بیروباوەڕەکەی بەڕەها دەزانێت ،ئەمەش جۆرێک لەبەریەک کەوتنی کۆمەڵایەتی هێناوەتە ئاراوە ،گەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بە مانای وشە ،کەسی شیاو وپەروەردەکار بن ،دەبێت ئەم جۆرە پێش نیارانە پێشکەش بکەن بۆ سەرووی خۆیان و ،بیکەنە ڕۆژەڤی پەروەردە ،بەمە دەتوانن تەکانێک بە کۆمەڵگەو پرۆسەی پەروەردەش بدەن ،جیاوازیک بخەنە ڕوو ،جەوهەری پەروەردەش هەر ئەم جۆرە تەکانە و ئەم جۆرە گۆڕانەی دەوێ ،نەک خۆ سەرقاڵ کردن بە ململانێیەک کە تەنیا کاری بەڕێوەبەری قوتابخانەو کاری ناوەندەکانی خوێندن نیە ،لەدەرەوەی پەروەردە و پڕۆگرامەکان هێنڕاوەتە ناو کایەکانی خوێندن لەهەموو ئاستەکان ،بەجۆرێک ڕەنگی هەر بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە دیارە کە چ ڕەنگێک ئاراستەی دەکات ، بەمەش چەندین فەرسەخ لە پەروەردەو پێگەیاندنی ساخلەم دووردەکەوینەوە ،لە دوا ڕۆژدا کۆمەڵگەیەکی شڵەژاو دەدەین بەدەستەوە .کە چاکردنەوەو بونیادنانەوەی زۆر ئەستەم دەبێت ..

٭مامۆستا لە قوتابخانەی هەکاری -کەرکوک .

  • 1